riklam

هه‌فته‌ی شانۆی كوردی ده‌ستپێده‌كات

ئەدەب وهونەر 04:19 PM - 2015-03-29
تا 2/4/2015 به‌رده‌وامده‌بێت

تا 2/4/2015 به‌رده‌وامده‌بێت

به‌ ئاماده‌بوونی خالید دۆسكی وه‌زیری رۆشنبیری و لاوان و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی دیوان و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی هونه‌رو به‌ڕێوه‌به‌ری شانۆی هه‌ولێرو ژماره‌یه‌ك له‌ هونه‌رمه‌ندو هونه‌ردۆستانی شاری هه‌ولێر، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شانۆی هه‌ولێر به‌بۆنه‌ی رۆژی جیهانی شانۆ هه‌فته‌ی شانۆی كوردی ده‌ستپێكرد.

له‌ ده‌ستپێكی هه‌فته‌ی شانۆی كوردیدا، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شانۆی هه‌ولێر سیمینارێكی بۆ خالید دۆسكی وه‌زیری رۆشنبیری و لاوان سازكرد.

له‌ سیمیناره‌كه‌دا، وه‌زیری رۆشنبیری و لاوان بواری شانۆی به‌ گرنگ وه‌سفكردو رایگه‌یاند كه‌ وه‌زاره‌تی رۆشنبیری گرنگی زۆری به‌ شانۆ داوه‌، ئه‌مه‌ش له‌ رێگه‌ی كردنه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شانۆ له‌ سه‌رجه‌م شاره‌كان. وتیشی: شانۆ رۆڵێكی گرنگی هه‌بووه‌ له‌ قۆناغه‌ جیاوازه‌كانی شۆڕش و تێكۆشانه‌كانی كورد هاوشانی پێشمه‌رگه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش حكومه‌ت وه‌ك پێویست گرنگی به‌و بواره‌ نه‌داوه‌ به‌وه‌ی تائێستا نه‌خراوه‌ته‌ پلانی ستراتیژی حكومه‌ت، وه‌زاره‌تی رۆشنبیریش روئیایه‌كی دیاری بۆ بواره‌كانی هونه‌رو خزمه‌تكردنی بواره‌ هونه‌رییه‌كان نه‌بووه‌، له‌ ئێستاشدا وه‌زاره‌ت سه‌رقاڵی دانانی پلانێكی ستراتیژی و تۆكمه‌و فراوانه‌ بۆ بواره‌كانی وه‌رزش و هونه‌رو رۆشنبیری به‌گشتی.

وه‌زیری رۆشنبیری راشیگه‌یاند: پێویستمان به‌ شه‌ڕی فكری هه‌یه‌ له‌دژی داعش و بیری توندڕه‌وی و سه‌له‌فیه‌ت، چونكه‌ ئه‌گه‌ر بتوانرێت شه‌ڕی تیرۆر به‌ چه‌ك بكرێت، به‌ته‌نها ناتوانرێت بنه‌بڕ بكرێت و گومانی تێدا نییه‌ به‌ ناوێكی تر سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه‌، چونكه‌ تائێستا بیری توندڕه‌وی و تیرۆرستی به‌ چه‌ندین ناو ده‌ركه‌وتوون، به‌لاَم تاكه‌ چاره‌سه‌ر بۆ له‌ناوبردنی تیرۆرو توندڕه‌وی شه‌ڕی فكره‌، هاوشانی چه‌ك.

هه‌روه‌ها وه‌زیری رۆشنبیری و لاوان ستایشی رۆڵی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی شانۆو شانۆكارانی كرد كه‌ له‌گه‌ڵ بوونی قه‌یرانی دارایی توانیویانه‌ كاری باش پێشكه‌شبكه‌ن، به‌تایبه‌ت سازكردنی كۆڕو سیمینار به‌گشتی و سیمینارو كۆڕی ره‌خنه‌ئامێز به‌تایبه‌تی، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای سازكردنی هه‌فته‌ی شانۆی كوردی به‌بۆنه‌ی رۆژی جیهانی شانۆ.

له‌ درێژه‌ی بابه‌ته‌كه‌یدا وه‌زیری رۆشنبیری وتیشی: له‌هه‌وڵداین كه‌رتی تایبه‌ت بهێنینه‌ ناو بواری هونه‌ری، چونكه‌ پێمانوایه‌ موزیك به‌شێك بێت له‌ هونه‌ر، هه‌ربۆیه‌ ئێمه‌ وه‌ك وه‌زاره‌ت كه‌رتی تایبه‌ت ده‌توانێت به‌رهه‌می هونه‌ری به‌ كوالێتی باشتر پێشكه‌شبكه‌ن و ئه‌مه‌ش به‌ هه‌نگاوێكی گرنگ ده‌زانین بۆ به‌ره‌وپێشچوونی بواری هونه‌ری.

له‌ كۆتایی سیمیناره‌كه‌شدا وه‌زیری رۆشنبیری گوێبیستی ره‌خنه‌و پێشنیاری هونه‌رمه‌ندان و شانۆكارانی ئاماده‌بوو بوو، به‌ڵێنی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی پێدان به‌پێی توانای وه‌زاره‌ت و به‌ تێپه‌ڕبوونی كات هه‌ر له‌ دروستكردنی هۆڵ و شوێنه‌ هونه‌رییه‌كان و گواستنه‌وه‌ی چالاكییه‌كان له‌ شاره‌كان بۆ شارۆچكه‌و لادێكان.

جێی باسه‌، هه‌فته‌ی شانۆی كوردی له‌ 29/3/2015 ده‌ستیپێكردووه‌و تا 2/4/2015 به‌رده‌وامده‌بێت.

PUKmedia  راگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket