riklam

نامه‌ی مه‌لا به‌ختیار بۆ شه‌هیدی سه‌ركرده‌ عه‌بدولڕه‌زاق

بیروڕا 02:24 PM - 2015-03-29
مه‌لا به‌ختیار و شه‌هید عه‌بدولڕه‌زاق

مه‌لا به‌ختیار و شه‌هید عه‌بدولڕه‌زاق

لە.. هاوسەنگەرێكی هێشتا شەهیدنەكراوەوە
بۆ هاوڕێیەكی شەهیدكراو
هاوڕێم عەبدولرەزاق !

تۆ شەهیدیت‌و من هێشتا شەهیدنەكراوم. هەرچەندە من پێش تۆ، رێگەی پێشمەرگایەتی‌و شەهیدبونم گرتەبەر. بەڵام دڵنیام تۆ لەناو ئارامگای نەمریدا، ئاسودەیت. دڵنیابە، من هێندەی تۆ، ناخم ئاسودە نییە.

هاوڕێم !
بیرمە.. لەگەڵ هاوڕێ‌ ئازیزەكەی هەردووكمان، شەهید ئازاد هەورامی، سەرەتای مانگی (12)ی 1975، لە كەركوكی نەهامەتی دوای هەرەسی (1975) كە یەكمانبینی، هێشتا تەنها هەرسێكمان، شادەماری رێكخستنمان بەدەستەوە بوو، تۆ هاوڕێی شەهید:
- بەرپرسیاری هەولێر بوی.
- ئازاد هەورامی.. هاوڕێی شەهیدی ترمان، بەرپرسیاری كەركوك.
- منیش، هاوڕێیەكی شەهیدنەكراوتان.. بەرپرسیاری خانەقین‌و گەرمیان..

هاوڕێ‌ عەبدولرەزاق.. تۆ، كێوی ورە بویت. تۆ، مێشی فاشی میوانت نەبوو. تۆ.. باشم بیرە، چەند مانگێك بوو، دوای رێكخستنەكانی كۆمەڵە، دابڕابویت‌و چاوەڕوانی بەستنەوەی شارەكانت دەكرد.
شەهید ئازاد.. ناخی پڕ بوو لە داخی لێقەومانی بێ‌پەنا. نەیدەزانی كۆمەڵە هێشتا ساوایەو ساڵەهای بەبەرەوە ماوە پێبگرێ‌. بەسەرسوڕمانەوە لێی دەپرسیت:
- كۆمەڵە بۆ سەركردایەتیەكەی جێیهێشتین؟
- كۆمەڵە بۆ.. دەستی بە شۆڕش نەكرد؟
- كۆمەڵە بۆ.. چەكی نییە، پارەی نییە، شوێنی خۆشاردنەوەی نییە؟

هاوڕێم عەبدولرەزاق !
ئیتر لەورۆژەوە، گەرچی جاروبار، بیرمان لەسەر شۆڕش كردن‌و نەكردن، رەخنەگرتن‌و نەگرتن، هەڵسەنگاندن‌و هەڵنەسەنگاندن، جیاواز بوو، بەڵام بیرمە، خۆشتدەویستم. بیرمناچێتەوە خۆشمدەویستی.
تۆ.. شەهید، بەهەموو شتێك رازی نەبوی. بەڵام پێچەوانەی بۆچونەكانت، هەموو بڕیارەكانت جێبەجێ‌ دەكرد. چونكە پەروەردەكراوی كۆمەڵە بویت. هەر تۆ بویت، یەكەمین مەفرەزەی كۆمەڵەی دەشتی هەولێرت پێكەوەناو هاوكاری شەهید عەلی ساڵحت كرد لەگەڵ شەهید محەمەد عەجەم‌و شەهید عەلی‌و ئاسۆ ئاوماڵ، لەگەڵ شەهید نامیق تەقتەقی.. پاشان لەگەڵ شەهیدان ئەحمەد سماقەو شەهید ئەحمەد قەمبەر.. هەروا، شەهیدان شاخەوان، رێباز، نەبەز و شەهید فاروق.. مەفرەزەی كۆمەڵەتان پێكهێنا. ئەوان لە شاخ‌و تۆش لە شار هاوكاری شەو و رۆژیان بویت.

هاوڕێم.. شەهید عەبدولرەزاق !
ئەركی شۆڕش‌و رێكخستن.. وایە، هاوڕێی خۆشەویست، یان بەزیندویی، بەشێوەیەكی كاتی، یان بە شەهیدبون، بۆ هەمیشەیی، لێكدادەبڕێ‌.
تۆ گیرایت‌و زیندانی كرایت.. منیش چومە شاخ‌و جاروبار هەندێك لە قسەكانت، بۆ ماوەیەكی دیاریكراو، هاتنەدێ‌. بەڵام، ماوەكە كورتخایەن بوو. كۆمەڵە باڵای كرد، من تۆم نەبینیەوە، لە دووەمین كۆنفرانسی كۆمەڵەدا نەبێ‌. لە كۆنفرانسەكەشدا، هەر چاكخوازو هەر برای برایەتی بوی. پاشان، كۆمەڵەو بزوتنەوە بوون بە جمگی شۆڕش‌و یەكێتی. بەڵكو پێكەوە یەكێتیان پاراست‌و سەرخست. پێكیشەوە، خوێنی شەهیدانمان.. شیهاب‌و هاوڕێكانی لە زیندان.. عەلی عەسكەری‌و هاوڕێكانیشی لە شۆڕش، قەڵبەزەی كاروانی شەهیدان بون. هەروەها.. پێكڕاو تێكڕا.. هەتا راپەڕین گەیشتینە جێ‌.

هاوڕێم !
یەك چیرۆكین.. بەڵام بەسەرهاتەكەشمان جیایە. من‌و تۆ هەتا ئێستاش یەك رێگاین، من، هەر خۆم بە چەپ‌و بە دیموكرات‌و بە دادپەروەرخواز دەزانم. دڵنیام تۆ مابای، هەمان رێگات دەبوو، بەدووریشی نازانم، هەروەكو یەكەمین كۆبونەوەی كەركوك‌و كۆبونەوەكانی تر لە هەولێر، لەگەڵ شەهیدان ئاراس، محەمەد زەنگەنە، مەلا غەفور و مەنگوڕی.. پێكەوە دانیشتینایەو دیسان جاروبار، بیرمان لێكهەڵببەزایە.. ئای كە چەند خۆشە، بیر لەیەك هەڵببەزێ‌، بەڵام رەوشت‌و گەوهەری شۆڕشگێڕانە هەر یەك بێ‌.. نەك رەوشت‌و گەوهەر پەرش‌و بڵاو، بەڵام بەرواڵەت بیر یەكگرتوو.. نەفرەت لە بیری یەكگرتووی رواڵەت ئامێز.

هاوڕێم !
تۆ.. لە رزگاركردنی كەركوكدا شەهید بوی. دڵنیابە، دوای (12) ساڵ من لە خانەقین بە دەرپەڕاندنی (54) هەزار تەعریب، تۆڵەم كردیتەوە.

هاوڕێم !
تۆ شەهیدیت. ئێمەش زیندوین. بەڵام ئاسودەبە كەركوكەكەت ئازادەو ئێستا تەقتەق وەكو چلەكان بەستراوەتەوە بە كەركوكیش. ئێستا سێگردكانی زێدی كۆنیشت، چاوێكی لە كەركوكە.

بنو هاوڕێم ..
دیسان دەیڵێم: تۆ نەمریت‌و هەتاهەتایە بە كێلی بەرزت دیارە ئاسودەیت..
بەڵام من‌و هاوڕێكانم.. تاقیكردنەوەی سەختمان لەبەردەمدایە.. بتوانین وەكو تۆ، زیندویەكی ئاسودەو شەهیدنەكراوێكی پڕ لە دڵەڕاوكێ‌ نەبین.
بەڵێ‌.. تاقیكردنەوەی سەختی.. یەكێتی لەكاتی نەخۆشی رابەرمان مام جەلال.. تاقیكردنەوەی بەدیهێنانی باقی ئامانجە دوورەكانی نەتەوەكەمان.

هاوڕێم !
تۆ بڵێی.. هەموومان چونیەك لەخۆمان ببورین بۆ یەكێتی، هەتا یەكێتی، ئامانجە بەدینەهاتوەكانی تریش.. بەئەندازەی خۆی بەدیبێنێ‌.
تۆ بڵێی.. وەكو سەرەتای شۆڕش. وەكو پەروەردەی ناو كۆمەڵەو یەكێتی.. جیاواز بین، بەڵام یەك گیان‌و یەك هەڵوێست‌و یەك سەنگەری شەهیدانی وەكو عەبدولرەزاق بین؟
تۆ بڵێی..؟ بەهیوام.

مەلا بەختیار
27/3/2013

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket