riklam

ئیسپانیا چه‌ند بڕیارێك دژی داعش ده‌رده‌كات

تاراوگە‌‌ 08:28 PM - 2015-03-26
په‌رله‌مانی ئیسپانیا چه‌ند بڕیارێك دژی داعش و له‌به‌رژه‌وه‌ندی داهاتووی عیراق و سوریا ده‌رده‌كات

په‌رله‌مانی ئیسپانیا چه‌ند بڕیارێك دژی داعش و له‌به‌رژه‌وه‌ندی داهاتووی عیراق و سوریا ده‌رده‌كات

له‌میانه‌ی هه‌وڵ و په‌یوه‌ندییه‌كانی نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئیسپانیاو له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتارانی ئیسپانیا، به‌تایبه‌ت له‌ رێگه‌ی په‌رله‌مانتار ئایتۆر ئێستێبان سه‌ر به‌ گروپی باسك، له‌ كۆمیته‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌، په‌رله‌مانتارانی سه‌ر به‌م كۆمیته‌یه‌ی په‌رله‌مانی ئیسپانیا رۆژی 25/3/2015 دوای پێشنیاركردن و تاووتوێكردن، توانیان ببنه‌ هۆكاری ره‌زامه‌ندی دوو گروپی سه‌ره‌كی پارتی سۆسیالیسته‌كان PSOE و هه‌روه‌ها گروپی پارتی پۆپیولاری فه‌رمانڕه‌وا PP. كه‌ جوڵه‌یه‌كی په‌رله‌مانیی سه‌باره‌ت به‌ شه‌ڕی داعش و بابه‌تی جینۆسایدو هاوكاری و له‌به‌رچاوگرتنی رۆڵی تایبه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و داواكاری بۆ دابه‌شكردنی یه‌كسانی داهاته‌كان له‌ عیراقدا تێبپه‌ڕێنن. كه‌ ئه‌مه‌ش گرنگی یاسایی خۆی ده‌بێت و تیایدا داوا له‌ حكومه‌تی ئیسپانیا ده‌كرێت كه‌ ره‌چاوی چه‌ند خاڵێك بكات له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیدا.

له‌سه‌ر داواكاری گروپی په‌رله‌مانی باسك، په‌رله‌مانی ئیسپانیا ئه‌م هه‌نگاوانه‌ ده‌رده‌كات دژ به‌ ده‌وڵه‌تی ئیسلامی و هه‌روه‌ها بۆ پشتگیریكردنی داهاتوویه‌كی دیموكرات له‌ عیراق و سوریا. كه‌ هه‌نگاوه‌كان داوای پابه‌ندبوون ده‌كات به‌رامبه‌ر دانیشتوانی سیڤیل و داوا له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌كات له‌ بارودۆخی كه‌مه‌ نه‌ته‌وایه‌تییه‌كان بكۆڵێته‌وه‌، دووربكه‌وتنه‌وه‌ له‌ پێشێلكردنی مافه‌كانی مرۆڤ و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ ئازاردان و هه‌ر پێشێلكارییه‌ك كه‌ له‌ رابردوو بووبێت، یان له‌ داهاتوودا ئه‌نجامبدرێت..  خاڵه‌كانیش ئه‌مانه‌ن:

1- هه‌موو هه‌نگاوێك بگرێته‌به‌ر كه‌ له‌توانایدایه‌، بۆ به‌دواكه‌وتن و سزادانی كاره‌كانی به‌ناو (ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌ عیراق و شام/ داعش)، كاره‌كانی جینۆسایدو تاوان دژ به‌ مرۆڤایه‌تی، به‌تایبه‌ت له‌ دۆخی یه‌زیدییه‌كان، ئاشوری و كلدانه‌كان و كه‌مه‌نه‌ته‌وایه‌تی و ئاینزا بچوكه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.
2- هاوكاریكردی یه‌كه‌ كاراكانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، له‌نێوانیاندا ئه‌نجومه‌نی ئاسایش له‌ تێڕوانین له‌ بارودۆخی كه‌مه‌ نه‌ته‌وایه‌تییه‌كان و كه‌مایه‌تییه‌ ئایینیه‌كان له‌ عیراق و سوریا، به‌ مه‌به‌ستی پاراستنی سه‌رمایه‌و ئایین و هه‌مه‌ڕه‌نگی، وه‌ جه‌ختكردنه‌وه‌ی تایبه‌ت له‌سه‌ر ئه‌و هه‌نگاوانه‌ كه‌ هه‌ن بۆ به‌رگرتن له‌ به‌كارهێنانی سزاو پێشێلكردنی مافه‌كانی مرۆڤ له‌ رابردوو و له‌ داهاتوودا، هه‌روه‌ها رووخاندنی میراتی كلتوری و هونه‌ری هه‌رێمه‌كه‌.
3- بره‌ودان به‌ دۆسیه‌ی هاوته‌ریبی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان تا بگاته‌ ئامانچ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌ له‌سه‌ر بابه‌تی روخاندنی میراتی كه‌لتوری مرۆڤایه‌تی له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌، كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی سیستماتیكانه‌ به‌ڕێوه‌چووه‌.
4- په‌یوه‌ست بوون به‌ پاراستنی دانیشتوانی سیڤیلی به‌ركه‌وتوو به‌تایبه‌ت بره‌ودان به‌ كاری مرۆیی بۆ ئاواره‌كان له‌ لوبنان، توركیا، ئوردون، به‌تایبه‌ت بۆ هه‌رێمی ئۆتۆنۆمی كوردستان، كه‌ رێژه‌ی ئاواره‌كان به‌رامبه‌ر دانیشتوان، زۆر زیاتره‌ وه‌ك له‌ شوێنه‌كانی تر.
5- دانپێدانان به‌و كارانه‌ی كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارێتی لوبنان، توركیا، ئوردون، به‌تایبه‌ت ده‌سه‌ڵاتدارێتی هه‌رێمی ئۆتۆنۆمی كوردستان كردوویانه‌، كه‌ ناوچه‌كه‌یان گۆڕیوه‌ به‌ تاكه‌ شوێن له‌ عیراق كه‌ تیایدا پێكه‌وه‌ ژیانی باوه‌ڕه‌كان و كه‌مه‌ نه‌ته‌وایه‌تییه‌كان ئه‌مڕۆ تیایدا ئاساییه‌، ته‌نانه‌ت له‌نێوه‌ندی شه‌ڕیشدا.
6- بره‌ودان به‌ زیادكردنی هه‌وڵه‌كانی ئیسپانیا له‌ هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌دا له‌ هه‌موو بواره‌كانه‌وه‌.
7- په‌یوه‌ست بوون به‌ داهاتوویه‌كی دیموكراتی له‌ عیراق و سوریاو دڵنیابوون له‌ سه‌قامگیریه‌كی راستیانه‌ی ئاشتی له‌ ناوچه‌كه‌.
8- داواكردنی به‌جێگه‌یاندنی ئه‌ركی رێككه‌وتنه‌ ئابوری و سه‌ربازییه‌كان كه‌ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی عیراقه‌وه‌ گیراوه‌ته‌به‌ر، له‌نێوانیاندا دابه‌شكردنی یه‌كسانی داهاته‌كانی نه‌وت.
9- سه‌رزه‌نشتكردنی هه‌ر كارێك كه‌ ببێته‌ هۆی پێشێلكردنی مافه‌كانی مرۆڤ له‌ ناوچه‌كه‌، ئایا داعش ئه‌نجامی دابێت، یان میلیشیای سه‌ر به‌ حكومه‌ت یان هه‌ر گروپێك یان حكومه‌تێك كارده‌كات له‌ كێشه‌كانی سوریا و عیراق.

جێی باسه‌، ئیسپانیا ئێستا ئه‌ندامی كاتی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، كه‌ ئه‌مه‌ش قورسایی خۆی ده‌بێت له‌سه‌ر هه‌ر هه‌نگاوێكی زیاتر دژ به‌ داعش یان هه‌ر پێشێلكارییه‌ك یان هاوكارییه‌ك له‌ شه‌ڕی تیرۆردا.

PUKmedia  تایبه‌ت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket