riklam

بزووتنەوەكانی ״تیرۆر״ لەحەفتاكانەوە بۆ ئەمڕۆ

بیروڕا 12:04 PM - 2015-03-04
بزووتنەوەكانی ״تیرۆر״ لەحەفتاكانەوە بۆ ئەمڕۆ

بزووتنەوەكانی ״تیرۆر״ لەحەفتاكانەوە بۆ ئەمڕۆ

دەستەی ئێزگەكانی بەریتانیا (بی بی سی) زنجیرەیەك بابەتی مێژوویی سەرهەڵدانی بزووتنەوەكانی سەلەفیەتی جیهادی بڵاوكردەوە، تیایدا بەڕوونی باس لەدەركەوتن و شوێنی گەشەكردنیان دەكات، هەروەها چۆن توانیان بەچەند دەیەیەك پێشبكەون لەدوای هەفتاكانی سەدەی رابردوەوە تاكو ئێستا، هەر لە» محەمەد عەبدولسەلام فەرەج»ەوە تا دەگاتە سەركردەی تیرۆریستی ئێستایان «ئەبوبەكر ئەلبەغدادی».

حەفتاكان: ״شۆڕشگێڕەكان״
ڕەگوڕیشەی بزووتنەوەكانی سەلەفیەتی جیهادی دەگەڕێتەوە بۆ كۆتایی هەفتاكانی سەدەی ڕابردوو، بەدیاریكراویش لەمیسرەوە سەرهەڵدەدات، كاتێ كۆمەڵێ چەكدار پێكهێنران بەئامانجی لێدانی رژێمەكانی دەسەڵاتی جیهانی عەرەبی، ئەو كاتیش نامیلەكەیەكی بەناوبانگیان دەركرد بەناونیشانی «الفریضة الغائبة» كە وەكو رێنومایی وابوو بۆ ئەو بزووتنەوانە.

نووسەری ئەو نامیلەكەیە كە بەڕەگەز میسریەو ناوی محەمەد عەبدولسەلام فەرەج-ە لەنامیلكەكەیدا بەموسڵمانان دەڵێ: «زۆر پابەندن بەفەریزەكانی ئایینەوە، بەڵام فەریزەیەكی بنەڕەتیان فەرامۆش كردوە كە ئەویش جیهادە»، ئەم بیرمەندە ئیسلامیە داوا دەكات كە بایەخ بەشەڕ بدەن، دەڵێ: «دوژمن نزیكە»، لێرەدا مەبەستی رژێمەكانی دەسەڵاتی ئەو وڵاتانەن كە زۆرینەی موسڵمانن، داوا دەكات كە شەڕ بەرپا بكرێ دژبە دووژمنانی دەرەكی یان «دووژمنانی دوور». هەر ئەوكاتیش كۆمەڵێك پێكهێنران لەخەڵكانی جیهادی و وەكو كودەتاچی رۆڵیان دەگێڕا، هەر ئەوەش بوو كە محەمەد ئەنوەر ساداتیان تیرۆركرد لەساڵی 1981.

هەشتاكان: ״جیهادی ئەفغانی״
دوای ئەوەی جیهادیەكانی میسر سادات-یان تیرۆركرد، كەوتنە بەردەم هەڕەشەو گرتن، بۆیە هەڵهاتن بۆ دەرەوەی میسر، ئەفغانستان ئەو كات باشترین شوێن بوو بۆ ئەوان، كە دواتر بووبە گۆڕەپانی جیهاد، ئەوكاتیش ئەمریكاو وڵاتانی كەنداوی عەرەبی هانی گەنجە موسڵمانەكانیان ئەدا تاكو بچن دژبە یەكێتی سۆڤێت و حكومەتی كۆمۆنیستی ئەوكاتی كابول بجەنگن.

فەتواكانی «عەبدوڵڵا عەزام»ی فەلەستینی ئوردنی هاندەر بوون بۆ ئەو مەبەستە. گەنجەكانی هاندا بە «جیهادكردن فەرزە لەسەر هەموو موسڵمانێك، ئەگەر هاتوو زەوی موسڵمانیان داگیر كردبوو».

نەوەدەكان: ״ئەلقاعیدە״
بناغەی ناوی»القاعدە» دەگەڕێتەوە بۆ وتارێكی «عەبدوڵڵا عەزام» كە لەیەكێك لەگۆڤارەكانی لەئەفغانستان دەردەچوو، بڵاوی كردەوە، بەناونیشانی: «القاعدة الصلبة»، لەو وتارەدا داوای دامەزراندنی قاعیدەیەك دەكات بۆ «موسڵمانان» لەئەفغانستان، ئەوەی عەزام دەیویست، رێك پێچەوانەكەی بوو لەدروستكردنی قاعیدە كە خۆی لەساڵی 1989 كوژرا بەئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژكراو، هەتاوەكو ئێستاش كەس خۆی نەكردوە بەساحێبـی كوشتنەكەی، لەو ڕۆژەوە فیكرەی جیهادی جیهانی بوو، ناونیشانی سەرەكی چالاكیەكانی قاعیدە، دوای سەركەوتنیش بەسەر هێزەكانی سۆڤێت لەئەفغانسان ئەو گروپە خۆیان پڕچەك كرد.
هەندێك كەس هەوڵیاندا ئەم سەركەوتنە بەسەر هێزە گەورەكانی دونیا بگوێزنەوە بۆ وڵاتانی خۆیان، هەربۆیە شوێنە گەشتوگوزاریەكانی میسر كرانە ئامانج، هەروەها لیبیاش ئەو شەپۆلە توندڕەوەی رووبەڕووی بوویەوە، تەقینەوەكان گەیشتنە سعودیا، زۆرێك لەشانەی نوستوو لەئوردن-ەوە رێكدەخران.

وڵاتی جەزائیر یەك دەیە رووبەڕووی توندوتیژی مەرگ و خوێن بوویەوە، ئەوە سەرەڕای ئەوەی پەیوەندی بەئیسلامیەكانەوە هەبوو، كاتێ دەسەڵاتیان وەرگرت پاش بردنەوەیان لەهەڵبژاردنی سەرەتای نەوەتەكان لەو وڵاتەدا، بەڵام ئەوانەی گەڕابوونەوە لەئەفغانسان و سەرەڕای ئەوەی بەشداریشیان لەهەڵبژاردنەكە نەكردبوو، پێشتر هەڵسابوون بەپێكهێنانی گروپی چەكدار.

هەندێكیان لەوانەی لەئەفغانسانەوە گەڕابوونەوە دەیانویست هەمان ئەزمونی ئەفغانی دووبارە بكەنەوە لەشوێنانیتر، ئەوەبوو بەشداری شەڕیان كرد لەبۆسنەو تاجیكستان و چیچان.

هەردوو فیكرەی «جیهادی» و «كودەتا» لەمیسر بوون بەتەواوكەری یەكتر. لەگەڵ فیكرەكانی ئەفغانستان ئاوێتەی یەكیتر بوون. سەرئەنجامێكی نوێ هاتە ئاراوە، ئەویش «سەلەفیەتی جیهادیەكان» بوو، ئەمەش دوای ئەوەی پراكتیزە كرا لەلایەن ئەیمەن ئەلزەواهیری بەڕچەڵەك میسری و سەرۆكی ئێستای قاعیدەو سەركردەی پێشووی قاعیدە، ئوسامە بن لادن-ی ملیۆنێرەوە.

ئیتر ئەوەبوو ساڵی 1998 بڕیاریاندا بەدامەزراندنی «بەرەی ئیسلامی جیهانی بۆ شەڕكردن دژبە یەهودیی سەلیبیەكان»، سەرەتاش ئەلقاعیدە بە»جیهادی جیهانی» دەستیان پێكرد، هەر لەوساڵەدا جیهادیەكان هەردوو باڵوێزخانەی ویلایەتە یەكگتروەكانی ئەمریكایان تەقاندەوە لەكینیاو تەنزانیا، پاش سێ ساڵیش جیهادیەكان كەشتیەكی سەربازیی ئەمریكیان تەقاندەوە لەكەنارەكانی ئاوی یەمەن.

هەزارەی دووەم: ״تەقینەوەكانی ئەیلول״
لەبەرەبەیانی 11ی سێبتەمبەر»ئەیلول»دا چوار فڕۆكەی شارستانی كە جیهادیەكان دەستیان بەسەرداگرتبوو، هێرشیان كردە سەر بینا سەرەكیەكانی نییۆرك و واشنتن-ی پایتەختی ولایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا.

ئەو تەقینەوانەش بوونە هۆی كوژرانی نزیكەی سێ هەزار كەس، دواتریش بوە مایەی هێرشكردنە سەر ئەفغانستان و راوەدوونانی ئەوكەسانەی تێوەگلابوون لەو هێرشەی 11ی سێبتەمبەر.

دواتر جیهادیەكانی قاعیدە شێوازێكیتری نوێیان داهێنا ئەویش مەشقو راهێنان بوو بەلاوانی جیهادی و ناردنە دەرەوەیان لەئەفغانستانەوە بۆ وڵاتانی خۆیان بەمەبەستی هەڵسانیان بەكردەوی تەقینەوە، وەكو ئەوەی لە»بالی» ی ئەندۆنیسیا ساڵی 2203 رویدا، هەروەها «دارولبەیزا» ساڵی 2003، و «مەدرید» ساڵی 2004 ، و «لەندەن و عەمان» لەساڵی 2005.

هەروەها سعودیاش كەوتە بەردەم پەلاماری جیهادیەكان لەنێوان ساڵانی 2003 بۆ 2007 ، بەڵام دوای پەلاماری ئەمریكا بۆ عیراق لەساڵی 2003 نەوەیەكی نوێی چەكدار سەریهەڵدا كە ئەبو موسعەب زەرقاوی بەڕەچەڵەك ئوردنی رابەرایەتیانی ئەكرد، هەربۆیە قاعیدە لەعیراقدا یاخود بوترێ لەبیلادی رافەدەین نمونەیەكی رادیكالایانەی لەبزووتنەوەی جیهادی دەستپێكرد.

ئەوەبوو كوشتن و سەربڕین تۆمارئەكران و لەڕێی ئەنتەرنێتەوە بڵاوئەكرانەوە، هەروەها كردەوە خۆكوژیەكان و ڕفاندنیش، زەرقاوی لەبۆردومانێكی سوپای ئاسمانی ئەمریكا ساڵی 2006 كوژرا.

لقەكانی ״ئەلقاعیدە״
لەدوای ساڵی 2008 رێكخراوی تیرۆریستی ئەلقاعیدە هەڵسان بەتێكەڵكردنی هاوپەیمانێتی نوێ لەناوخۆدا، ئەوەبوو لقەكانی ئەم رێكخراوە تیرۆریستیە لەزۆر شوێن كرانەوە، لەعیراقدا ئەم رێكخراوە دەناسرێ بە»دەوڵەتی ئیسلامی لەعیراق»دا.

لەیەمەن جیهادیەكان یەكیانگرت لەژێر ناوی»قاعیدە لەجەزیرەی عەرەب»، هەروەها لەجەزائیر جیهادیەكان دەنگیان بەقاعیدەدا و ناوی رێكخراوەكەیان گۆڕی بۆ «قاعید لەوڵاتانی رۆژئاوای ئیسلامی»، پانتایی چالاكیەكانیشیان فراوانكردەوە بۆ كەنارەكانی بیابانەكانی باشوور.

هەروەها بزووتنەوەی لاوانی جیهاد لەسۆماڵ پەیوەندیان بەقاعیدەوە كرد پاش كوشتنی سەركردەی ئەو رێكخراوە ئوسامە بن لادن لەپرۆسەیەكی سەربازی تایبەتدا لەساڵی 2011.

״بەهاری عەرەبی״و سوریا
كوشتنی بن لادن بۆ قاعیدە وەك رووبەڕووبونەوەیەك وابوو بۆ بزووتنەوە جیهادیەكان، بەڵام رووبەڕووبوونەوەی گەورە بەهاری عەرەبی بوو.

ئەو بزووتنەوە خۆپیشاندانیانەی جیهانی عەرەبی كە بوونە مایەی رووخاندنی چەند رژێمێكی بەهێز لەناوچەكە وەك تونس و میسر و یەمەن ئایدۆلۆژیەتی جیهادیەكانی خستە پەراوێزەوە.

بەڵام بەرزبونەوەی دەنگی توندوتیژی لەزۆر شوێنی جیهانی عەرەبیەوە سەریهەڵدا، بەتایبەتی لەسوریا، قورساییەكیتری بەخشیەوە بەو بزووتنەوانە، سوریاش بوە ناوچەیەكی سەرنجڕاكێش بۆ جیهادیەكان لەسەرانسەری جیهانەوەو چەندین بزووتنەوەی جیهادی چەكداری لەخۆی كۆكردەوە.

ئەو رێكخراوانەش ململانێ كەوتە نێوانیانەوە بەتایبەتی لەنێوان»جبهة النصرة» كە پەیوەندیان بەقاعیدەوە هەبوو لەگەڵ «داعش» كە ئێستا ناوچەیەكی فراوانیان لەژێر دەستدایا لەسوریاو عیراق، چەندجارێك ئەو رێكخراوانە ناوی خۆیان گۆڕیەوە، دووەم شاری گەورەی عیراقیان بەناوی موسڵ داگیركرد لەحوزەیرانی 2014، سەرەتای بناغەی ئەم رێكخراوەش دەگەڕێتەوە بۆ رێكخراوی ئەلقاعیدە لەبیلادی نەهرین .

ئەو فراوانبوونەوەیەش پاڵی بەو رێكخراوەوە ناوە كە ئیعلانی خیلافەت بكەن لەوشوێنانەی كە دەستیان بەسەردا گرتوە، وێنەكانی سەربڕینی رۆژنامەنووسان، بونە مایەی ئەوەی كە سوپای ئاسمانی ولایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی بریاربدەن بەلێدانی ئەو رێكخراوە تیرۆریستیە.

لەوڵاتی میسریش بەم دواییە كۆمەڵێكی توندڕەو خۆیان راگەیاند بەناوی»انصار بیت المقدس» كە چالاكیەكانیان لەپارێزگاكانی باكووری سینا بوو، ئەوانیش پەیوەندیان بەرێكخراوی داعش-ەوە كردو پەیمانیان بۆ ئەبو بەكر ئەلبەغدای راگەیاند.

 

ئه‌سعه‌د جه‌باری‌

له‌ كوردستانی نوێ وه‌رگیراوه‌

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket