riklam

وەزیری خوێندنی باڵا:ریزبەندی بۆ زانكۆ حكومی و ئەهلیەكان دادەنێین

کوردستان 04:12 PM - 2015-03-03
دەبێت سەرجەم زانكۆكان سەنتەری لێكۆڵینەوە وەك مەرجێك بكەنەوە

دەبێت سەرجەم زانكۆكان سەنتەری لێكۆڵینەوە وەك مەرجێك بكەنەوە

وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، 29 زانكۆی حكومی و ئەهلی لە هەرێمی كوردستان هەیە، بۆ دانانی ریزبەندی نیشتمانی بۆ زانكۆ حكومی و ئەهلیەكان، دەبێت هەر زانكۆیەك پابەندبێت بەپێوەرەكانی وەزارەت كە بۆی دیاریكراوە. وتیشی ئامانج لەڕیزبەندی كردنی زانكۆكان دروستكردنی كیبڕكێیە لەنێوان زانكۆكان و بەرزكردنەوەی ئاستیان.

ئەم جەختكردنەوەی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ  2015/3/3 لەمیانی بەسەركردنەوەی زانكۆی زاخۆ هات كە بەیاوەری سەرۆكی زانكۆی سۆران سەردانی شاری زاخۆی كردو لەگەڵ ئەنجومەنی زانكۆی زاخۆ كۆبۆوەو دواتریش چەند پرۆژەیەكی كەمپی نوێی زانكۆی زاخۆی بەسەركردەوە كە لەقۆناغی جێبەجێ‌ كردن دایە.

وەزیری خوێندی باڵاو توێژینەوەی زانستی سەرەتا پرۆژەی دروستكردنی بەشە ناوخۆی كچان و كوڕان-ی لە كەمپی زانكۆ بەسەركردەوە كە بەبودجەی نۆ ملیار دینار دروستدەكرێت و لە 98%ی كارەكانی بەكۆتا هاتووەو پێكهاتووە لەشوێنی هەزار خوێندكاری كوڕو كچ، دواتر باڵەخانەی سەرۆكایەتی زانكۆی زاخۆ-ی بەسەركردەوە كە 90%ی كارەكانی تەواو بووە بەبودجەی حەوت ملیار و 100 ملیۆن دینار دروستدەكرێت.

هەر لەسەردانەكەیدا بۆ كەمپی زانكۆی زاخۆ وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سەردانی فاكەڵتی و چەند بەشێكی زانكۆكەی كرد كە پێكهاتووە لە سێ فاكەڵتی زانست و زانستە مرۆڤایەتییەكان و ژینگە.  بۆ ئەمەش د.یوسف گۆران دوپاتیكردەوە وەزارەتەكەمان گرنگی زۆر دەدات بەزانكۆ تایبەتەكان بەو پێیەی ئاستی زانست و خوێندن لەم زانكۆیانە هیچی كەمتر نیە لە زانكۆی شارەكان. داواشی لە خوێندكاران كرد ببن بەپێشەنگ بۆ زانستەكەیان و ئاستی زانستی زانكۆكەكان بەرزبكەنەوە.

پاشان د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەئامادەبوونی سەرۆكی زانكۆی زاخۆ سەرپەرشتی كۆبونەوەیەكی ئەنجومەنی زانكۆی زاخۆ-ی كرد، لەكۆبونەوەكەدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی باسی لەگرنگی زانكۆی زاخۆ بۆ خەڵكی زاخۆ و بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی لەكوردستان كرد. بۆ ئەمەش تیشكی خستەسەر چەند پرۆژەیەكی وەزارەتەكەی بۆ پێشخستنی ئاستی زانكۆكانی كوردستان بەتایبەت بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی مامۆستاو خوێندكاران لە زانكۆكان بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەكانی كۆمەڵگا و ناوەندەكانی خوێندن.

 بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی كوالێتی زانكۆكانیش وتی: رێنمایمان دەركردوە دەبێت سەرجەم زانكۆكان سەنتەری لێكۆڵینەوە وەك مەرجێك بكەنەوەو نابێت لە ئاستی راگرایەتی كەمتربێت.

بۆ ریزبەندی زانكۆكانیش، د.یوسف گۆران وتیشی: بەمەبەستی بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی زانكۆكان ریزبەندی نیشتمانی بۆ سەرجەم زانكۆ حكومی و ئەهلییەكان دەكەین، بەو پێیەش كێبڕكێ لەنێوان زانكۆكان دروست دەبێت بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی و ئەكادیمیان و پێشخستنی پرۆسەی خوێندن.

لەتەوەرێكی تری كۆبونەوەكەی ئەنجومەنی زانكۆی زاخۆ وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی جەختی لەسەر بەهێزكردنی زمانی ئینگیزی كردەوە لە زانكۆكان بەو پێیەی دەبێت زمانی دەستەبەركردنی زانست بێت،  بۆ ئەمەش وتی: دەبێت مامۆستایان و خوێندكارانیش لەسەر فێربوونی زمانی ئینگلیزی رابهێنرێن و سەنتەرەكانی زمانیش لە زانكۆكان رۆڵێكی كاراو دیاریان دەبێت بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی زمانی ئینگلیزی.

PUKmedia

 

331113332015_6.jpg

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket