riklam

داعش چەند چەكداری هەیە؟

بیروڕا 10:59 AM - 2015-03-03
 ‌ سۆران علی‌

‌ سۆران علی‌

ستراتیژی دژەتیــرۆر لەبەر رۆشنایی ژمارەدا

پاش زیاتر لەدوو ساڵ لەراگەیاندنی (داعش) وەك رێكخراوێكی عەقائدی توندڕەوی دڕندە و زیادبوونی هەژموونی لە سوریا و عیراق، هێشتا ژمارەی چەكدارانی بە یەكێك لەو نهێنیانە ماوەتەوە كە سیاسەتمەداران و چاودێرانی ئەمنی و سەربازی سەرسام كردووە و مەزەندەیەكی ورد و دروستیان لەوبارەیەوە پێ نییە، هەر بۆیە پێشبینی و تێڕوانینیان جیاوازییەكی زۆر گەورەی تێدا بەدی دەكرێت كە لە زۆر جێگادا جیاوازییەكە هێندە زۆرە دەگاتە دەیان هەزار كەس، بەم پێیەش تێڕوانینەكان بۆ شێوازی رووبەڕووبوونەوەی و رێگاچارەكانی بچووككردنەوە و كۆتاییپێهێنانی، پەرت و دەستەوسانن.
ئەم ناڕوونییە و بڵاوكردنەوەی ژمارەی زۆر گەورە لەبارەی كوژراوانی داعش لە شەڕەكاندا، پرسیاری جددی و گەورەی لای خەڵك دروستكردووە، ئایا داعشێك كە بەر لە داگیركردنی موسڵ ژمارەی چەكدارانی لە چەند هەزار كەسێك تێنەدەپەڕی، چۆن لەماوەی چەند مانگێكدا بەو رادەیە زیادی كرد و ئێستا باس لە دەیان هەزار چەكدار دەكرێت؟ قەبارەی راستەقینەی هێزی چەكداری داعش لە چ ئاستێكدایە؟ كردنەوەی ئەو هەموو بەرەیەی شەڕ چەند هێزی چەكداری پێویستە و ئایا داعش بە ستراتیژی ترس و تۆقاندن ماوەتەوە یاخود بە هێز و زۆری چەكدارانی؟ زیانە گیانییە رۆژانەكانی داعش چ كاریگەرییەكیان لەسەر رێكخراوەكە هەبووە و پاش ئەو هەموو زیانە گەورەیە چۆن توانیویەتی تائێستا بەرگە بگرێت و بمێنێتەوە؟ ئەمانە ئەو پرسیارانەن كە تائێستا نەتوانراوە وەڵامی تەواویان بدرێتەوە و راستی قەبارەی هێزی داعش و تواناكانی ئاشكرا بكرێن.

زیانە زۆرەكانی داعش
جەنەراڵ لوید ئۆستن فەرماندەی ناوەندی هێزەكانی ئەمریكا لە دوایین لێدوانیدا لەمیانی سەردانیدا بۆ عیراق رایگەیاند كە لەوەتەی گورزە ئاسمانییەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لە عیراق و سوریا كە بەسەركردایەتی وڵاتەكەی لە مانگی ئابی ساڵی 2014 دەستیان پێكردەوە، تائێستا بوونەتە هۆی كوژرانی هەشت هەزار و 500 چەكداری ئەو رێكخراوە، لە كاتێكدا ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمریكا لە عیراق لە كۆتایی مانگی كانوونی دووەمی 2015دا رایگەیاندبوو كە لە سەرەتا هێرشە ئاسمانییەكانەوە لە عیراق و سوریا، نزیكەی شەش هەزار چەكداری داعش كوژراون.
پێشتریش ئەوە راگەیەندرابوو كە شەڕڤانانی یەپەگە و هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزەكانی سوپای ئازادی سوریا لە میانی ئازادكردنەوەی شاری كۆبانی رۆژئاوای كوردستاندا، زیاتر لە سێ هەزار و 700 چەكدرای داعشیان كوشتووە و شەڕی ئازادكردنەوەی ناوچەكانی دەوروبەری شارەكەش بەردەوامەوە و لە پێشڕەویدان و داعش لە پاشەكشە و شكستدایە.
ئەمە لە كاتێكدایە كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان كۆی زیانە گیانییەكانی لە شەڕی دژ بەداعش لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2014 تا سەرەتای مانگی شوباتی 2015 بە نزیكەی هەزار شەهید و زیاتر لە چوار هەزار و 500 بریندار راگەیاند، ئەگەرچی كۆی زیانەكانی داعش لە بەرەكانی شەڕ لەگەڵ هەرێمی كوردستان رانەگەیەندراوە، بەڵام هەموو بەڵگەكان و واقعی شەڕگەكان ئەوە دووپات دەكەنەوە كە زیانەكانی داعش لەو بەرانەدا زۆر لە زیانەكانی پێشمەرگە زیاتر و گەورەترن و پێدەچێت چەندین هێندەی ئەو ژمارەیە بن. لەمڕووەوە بەپێی ئامارە ناڕەسمییەكان تەنیا لە مانگی كانوونی یەكەمی 2015دا لە بەرەكانی شەڕ لە سنووری پارێزگای نەینەوا زیاتر لە سێ هەزار و 500 چەكداری داعش كوژراون.
لە بەرەكانی دیكەی شەڕیش لە ناوەڕاست و خۆرئاوای عیراق كە تێیاندا هێزەكانی سوپا و حەشدی شەعبی رووبەڕووی داعش دەبنەوە، پێشڕەوی باش بەدەست هاتوون و زیانی گەورە لە تیرۆریستان دراوە و بەپێی ئامارێكی ئاژانسی (كل العراق) كە لە تشرینی دووەمی 2014 ئامادەی كردووە، تەنیا لەماوەی پێنج مانگی دوای داگیركردنی موسڵ زیانەكان بە نزیكەی 16 هەزار كوژراو دەخەمڵێندرێت و ژمارەكەش لە بەرزبوونەوەی بەردەوامدایە.

مەترسی پشت ئامارەكان
ئەم ئامارانە لەلایەك دڵخۆشكەرن بۆ كۆمەڵانی خەڵك و ئاماژەی گەشبینی دەنێرن سەبارەت بە نزیكبوونەوەی سەركەوتنی پێشمەرگە و شكستی تەواوی داعش، لەلایەكیش مایەی نیگەرانی و رەشبینین سەبارەت بە درێژەكێشانی شەڕی دژ بەداعش و بەردەوامبوونی هەژموون و دەسەڵاتی لە ناوچەیەكی بەرفراوانی عیراق و سوریا، بگرە پەلكێشانیشی بۆ ناوچە و وڵاتی دیكەش.
زانیارییەكان سەبارەت بە زیان و كوژراوانی داعش لە عیراق و سوریا هەرچەندە رەسمی و پشتڕاستكراوەش نین، بەڵام بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ بەڵگەن لەسەر قەبارە و زۆریی چەكدارانی و ئەو پشتیوانییە ماددی و مرۆییەی لە ئاستی جیاجیادا لێی دەكرێت، بەدیوێكی تریشدا گومان دەخەنە سەر راستی و دروستی هەر هەواڵێك تائێستا سەبارەت بە ژمارەی هێز و چەكدارانی داعش بڵاوكرابێتەوە، ئەگەرچی ئەو زانیارییانە لە بنەڕەتیشدا ورد نین و بە تەواوی پشتیان پێ نابەسترێت.

خەمڵاندنەكان لەهەڵكشاندان
ئاژانسی هەواڵگری ئەمریكا (CIA) لەدوا مەزەندەكانیدا ژمارەی چەكدارانی داعشی بە 20 هەزار بۆ 31 هەزار و 500 چەكدار خەمڵاندووە، ئەمەش جیاوازییەكی زۆری لەگەڵ مەزەندە سەرەتاییەكانی ئەو ئاژانسەدا هەیە كە ژمارەیانی بە 10 هەزار بۆ 20 هەزار چەكدار پێشبینی كردبوو، واتە بەم پێیە چەكدارانی رێكخراوەكە سێ هێندەی جاران زیادیان كردووە.
ئەم بۆچوونە بە نزیكەیی كۆكە لەگەڵ راپۆرتێكی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كە ئاماژەی بۆ ئەوە كردبوو 15 هەزار چەكداری بیانی پەیوەندییان بە داعشەوە كردووە لە عیراق و سوریا. هەروەها كۆكە لەگەڵ راپۆرتێكی رۆژنامەی (واشنتۆن پۆست)ی ئەمریكا و راپۆرتێكی سەنتەری نێودەوڵەتی بۆ لێكۆڵینەوە لە توندڕەوی و توندوتیژی سیاسی (ICSR) كە هەردووكیان ژمارەی چەكدارە بیانییەكانی ناو داعشیان بە زیاتر لە 20 هەزار كەس خەمڵاندووە.
هەر نزیك لەم ژمارەیە لیژنەی هەواڵگری ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا مەزەندەی 30 هەزار بۆ 40 هەزاری بۆ ژمارەی چەكدارانی داعش داناوە، كە ئەمەش لەگەڵ چەند بۆچوونێكی دیكەدا نزیكە، لەوانە سەركردەیەكی پێشووی داعش كە رۆژنامەی (زەمان)ی توركیا لێی گواستۆتەوە گوایە داعش 23 هەزار چەكداری لە سوریا و 17 هەزار چەكداری لە عیراق هەیە. هەروەها نزیكیشە لە مەزەندەكەی روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ كە ژمارەیانی بە 50 هەزار چەكدار داناوە.
لێرەشەوە بە بەراوردێكی خێرای نێوان مەزندە پێشبینیكراوەكان و زانیارییەكانی تایبەت بە زیانە مرۆییەكانی داعش، لەدەستدانی رێژەیەكی زۆری توانای مرۆیی و چەكداریی رێكخراوەكە پێشبینی دەكرێت كە نزیك دەبێتەوە لە رێژەی (40%)ی توانای گشتی.
بەڵام ژمارە مەزەندەكراوەكان لەچەند پێشبینییەكی دیكەدا بەڕادەیەكی زۆر بەرزبوونەتەوە، بۆ نموونە ڤالیری گیراسیمۆڤ سەرۆكی دەستەی ئەركانی گشتی روسیا ژمارەكە بە 70 هەزار چەكدار دەخەمڵێنێت، هەروەك بنیامین ناتانیاهو سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ (CNN)ی عەرەبی ژمارەی چەكدارانی داعشی بە دەیان هەزار پێشبینی كرد. لەوش زیاتر هاشم هاشمی كە پسپۆڕێكی عیراقییە لەبواری ئەمنی و سەربازیدا، پێیوایە ژمارەی چەكدارانی داعش 100 هەزار كەس دەبێت، دێڤید جارتنشتاین روس توێژەری دیاری دامەزراوەی بەرگری لەپێناوی دیموكراسیدا پشتیوانی ئەو بۆچوونانە دەكات كە ژمارەی چەكدارانی داعش لەنێوان 100 هەزار بۆ 200 هەزار كەس مەزەندە دەكەن و پێیوایە ئەو ژمارانە بۆ رێكخراوێك بیەوێت دەست بەسەر عیراق و سوریادا بگرێت، لۆجیكین.
لە هەموو رایەكان زیادەڕۆتریش، بۆچوونی دكتۆر فوئاد حسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانە كە لەمیانی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ رۆژنامەی (ئیندیپێندنت)ی بەریتانی لە 16ی تشرینی دووەمی رابردوو، باسی ئەوەی كردبوو كە داعش سەدان هەزار چەكداری هەیە. بەهەمان شێوە جێب بوش كاندیدی چاوەڕوانكراوی كۆمارییەكانی ئەمریكا بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتی رایگەیاندبوو داعش 200 هەزار چەكداری هەیە، بەڵام دواتر یاریدەدەرێكی روونیكردەوە كە بوش مەبەستی 20 هەزار بووە نەك 200 هەزار.

واقعیترین مەزەندە
داگیركردنی موسڵ لە 10ی حوزەیرانی 2014 و هەرەسهێنانی سوپای عیراق لە ناوچەكە، فاكتەری سەرەكی بوون بۆ بەرفراوانبوونی دەسەڵاتی داعش، تا سەرەتای ئابی هەمان ساڵ چەند پارێزگایەك و سنوورێكی زۆری خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە، ئەمەش یەكێك بوو لە هۆكارە راستەوخۆ و كاریگەرەكان بۆ پەیوەندیكردنی هەزاران چەكدار بە رێكخراوەكەوە لەو ناوچانەی دەكەونە ژێر دەسەڵاتی و رووبەرەكەیان بە بەپێی هەندێك بۆچوون دەكاتە سێیەكی خاكی عیراق و سێیەكی خاكی سوریا و بە 250 هەزار كیلۆمەتر چوارگۆشە دادەنرێت و ژمارەی دانیشتوانیان 10 بۆ 12 ملیۆن كەس دەبێت. هاوكات هاتنی بەلێشاوی بیانییەكان لە زیاتر لە 80 وڵاتی جیهانەوە، وەك فاكتەرێكی سەرەكی دیكەی زیادبوونی ژمارەی چەكدارەكانی داعش لەقەڵەم دەدرێت.
لەگەڵ ئەوانەشدا هێشتا بەوردی ژمارە و قەبارەی چەكدارانی داعش لەلای جیهان بە شاراوەیی ماوەتەوە، بەڵام بەگوێرەی ئەو ناوچە بەرفراوانەی كەتۆتە ژێر دەسەڵاتی رێكخراوەكە و ئەو بەرە جیاجیایانەی شەڕ كە تێیدا دەجەنگن، رەنگە مەزەندەی 20 هەزار تا 50 هەزار چەكدار لۆجیكی و واقیعی نەبێت، لەبەرامبەریشدا گەورەكردنی لەرادەبەدەری داعش و وێناكردنی وەك هێزێكی چەند سەد هەزار چەكداری، رەنگە زیادەڕەوییەكی روونی پێوە دیاربێت، بەتایبەتی كە مەكینەی میدیایی رێكخراوەكە لەسەرجەم ئەو وێنە و دیمەنە ڤیدیۆییانەی بۆ پیشاندانی هێزی گەورەی داعش بڵاویان دەكاتەوە، نەیتوانیوە تێڕوانینێكی وا بچەسپێنێت و دەربخات كە قەبارەی هێزی دەیان هەزار چەكداری پێوە دیاربێت و لە باشترین حاڵەتدا هێزێكی بۆ پیشاندراوە كە بەهەموو پێوەرێك لە چەند هەزار چەكدارێك تێپەڕ ناكات. بە واتایەكی تر لەوانەیە مەزەندەیەكی مامناوەند لەنێوان هەردوو بۆچوونەكەدا قبوڵكراو و نزیكتربێت لە راستییەوە.

سیناریۆ مەترسیدارەكە
بەهەرحاڵ، ژمارەكان ئەوە روون دەكەنەوە كە لەگەڵ ئەو هێرشە ئاسمانیانەی دەكرێنە سەر داعش و ئەو گورزانەی لە هەموو بەرەكاندا بەری دەكەون و ئەو ناوچانەی لەبندەستی دەردەهێنرێن، كەچی هێشتا ژمارەی چەكدارانی نەك كەمی نەكردووە بەگرە بەسوود وەرگرتن لە هاتنی بیانییەكان و پەیوەندیكردنی كەسانێك لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتییەوە، بەرەو زیادبوو چووە و وەك زانیاری دەزگا هەواڵگرییەكان ئاشكرایان كردووە، لە دوای دەستپێكردنی گورزە ئاسمانییەكانەوە چوار هەزار بیانی لە مانگی ئەیلولی 2014 وە پەیوەندییان بە ریزەكانییەوە كردووە، تەنانەت ئێستا یەكێك لە مەترسیدارترین سیناریۆكان خۆی لەوەدا دەبینێتەوە كە ژمارەی كوژراوانی داعش بگاتە ئاستی هاوتابوون لەگەڵ ژمارەی ئەو چەكدارە نوێیانەی پەیوەندی پێوە دەكەن، كە ئەمەش مانای ئەوەیە هێزی رێكخراوەكە كەم نابێتەوە و هاوسۆزی زیاتر بەدەست دەهێنێت.

گۆڕینی ریشەیی ستراتیژ
لەبەر رۆشنایی ئەوانەی باسكران، دەردەكەوێت كە سەركەوتن لەم جەنگەدا تەنیا بەڕێژەی ژمارەی كوژراوانی تیرۆریستان ناپێورێت، بەڵكو كاتی ئەوە هاتووە ستراتیژی رووبەڕووبوونەوەی داعش لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و بە تایبەتی ئەمریكا، گۆڕانكاری ریشەیی تێدا بكرێت و قورسایی كاریگەرییەكەی بخرێتەسەر چۆنێتی رێگرتن لە هاتن و پەیوەندیكردنی زیاتری بیانییەكان بەپلەی یەكەم، پاشان وشككردنی سەرچاوە داراییەكانی، ئینجا مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو هۆكارانەی پاڵنەرن بۆ پەیوەندیكردنی خەڵكی ناوچەكان بە رێكخراوەكە و هەوڵدان بۆ گەمارۆدان و بەرە بەرە بچووككردنەوەی و دواجار كۆتاییپێهێنانی یەكجاری.

 

 ‌ سۆران علی‌

له‌ كوردستانی نوێ وه‌رگیراوه‌

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket