riklam

هەموو بۆچوونەكان دێنەوە بۆ لای یەكێتی

بیروڕا 11:06 AM - 2015-03-02
.

.

هەموو رێگاكان دەچنەوە رۆما، ئەوە وتەیەكی رۆمانی بەناوبانگەو دەڵێن: پێش ئەوەی رۆما ببێتە پایتەختی ئیمپراتۆریەتی رۆمانی،  بۆ بنیاتنانی ئیمپراتۆریەتەكەی هەوڵی گرتنی ناوچەكانی دەوروبەری داوە بەڵام بەهۆی خراپی رێگاوبانەوە تووشی زەحمەت بووە تا گەیشتۆتە ئەو شارە، بۆیە لە‌و شارانەی دەیگرتن تا رۆما رێگای دروستكردووە، كە لەكۆتاییدا رێگاكانی هەموو ئەو شارانە دەگەیشتەوە رۆما. ئەم پەندە ئاماژەیەكی تریش ئەدات، هەرچەند رێگا‌و چارەسەرەكان جیاواز بن بەڵام هەر هەمان وەڵامی هەیە.
 لەم پەندە رۆمانییەوە دێمەوە بۆ كوردستان، رۆژو زەرورەتی زەمانە لەدوای نسكۆی 1975 بووە هۆی لەدایكبوونی حزبێك بەناوی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئەم حزبە لەوكاتەوە رێگایەكی زۆر سەختی بڕیوە كە هەمووی بەرزو نشێوییەكی زۆری تیابووە، هەر لەكارەساتی هەكارییەوە تائەمڕۆ رێگاكان لەبەردەمیدا پڕبووە لەئاستەنگی ناوخۆیی‌و دەرەكی‌و ناوچەیی‌و نێودەوڵەتیش. بۆیە هەمیشە لەهەر هەنگا‌و‌و بڕیارێكیدا سەدان بەردو كەڵەك كەوتۆتە بەر پێیەكانی، بەڵام چونكە ئامانجی سەركەوتن‌و یەكێتی خاكی نیشتمانی كوردستان بووە هەر سەركەوتووە. بێمەوە سەر كرۆكی مەبەستەكەم‌و باس لەڕابردوو ناكەم تەنها چەند ساڵیك دەگەڕێمەوەو سەرنج دەخەمە سەر چەند فاكتێك لەوانە:

ماوەی سەرۆكایەتی سەرۆكی هەرێم
بەپشتیوانی یەكێتی لەهاوینی 2013 ماوەی سەرۆكایەتی سەرۆكی هەرێم بۆ 2 ساڵ درێژكرایەوە، بێگومان لەو سەردەمەدا پێویست بوو، چونكە یەكێتی لەبەرامبەردا پشتگیری هەمواركردنەوەی رەشنووسی دەستووری هەرێمی كوردستانی بەدەستهێنا، وێڕای ئەوەش هیچ حزب‌و لایەنیك كاندیدی نەبوو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێ بۆ هەرێم، هەربۆیە وەك چارەسەرێك بۆ نەهێشتنی فەراغی ئیداری لەوكاتەدا بریارەكەی یەكێتی دروست‌و گونجاو بوو. لەم كاتەدا هەندێك حزب هانی جەماوەریاندا دژ بەیەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و بەسەرۆكی هەرێمیان دەوت ماوە بەسەرچوو. بەڵام لەئێستادا لەیەكێتیی نیشتمانیی كوردستان زیاتر هاوكاری سەرۆكی هەرێمن‌و پێدەچێت لەوپەڕی قەناعەتەوە ئەو بڕیارەی یەكێتییان پێباش بووەو لەوانەشە بۆ ولایەتی سێیەم ئەوان بریاری لێبدەنەوە.

پەیوەندی هەرێم‌و بەغدا 
لەسەردەمی ویلایەتی مالكیدا، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ ئاسایی كردنەوەی پەیوەندی نێوان هەولێرو بەغدا بووە نەك لەبەر خاتری مالكی، بەڵكو لەبەر بەرژەوەندییە سیاسی‌و ئابووری‌و دبلۆماسییەكانی هەریمی كوردستان. یەكێتی بروای بەوەبووە كە بەرژەوەندییەكانی كورد بەڕێگای بەغدادا ئەڕوات نەك توركیا، بەڵام ئەو بیركردنەوە سیاسییەی یەكێتی پشتگوێخراو ئەنجامەكەی ئەوەیە كە ماوەی یەك ساڵ زیاترە خەڵكی كوردستان باجەكەی ئەدات. لەبەرامبەریشدا تۆمەتی ناڕەوا لەلایەن هەموویانەوە ئاراستەی یەكێتی ئەكراو ئۆباڵی ئەو هەژموونە سیاسی‌و ئابوورییەی كوردستانیان دەخستە ئۆباڵی یەكێتی‌و دەستە چەورەكەیان بەیەكێتی ئەسڕی. بۆچوونە هەڵەكان تا گەیشتە ئەوەی لەنزیكترین كاتدا ریفراندۆم بكرێت‌و بریاری سەربۆخۆیی كوردستان ڕابگەیەنرێت بەپشتیوانی توركیا، بەڵام حەقیقەتەكان هێدی هێدی دەركەوتن‌و توركیا پشتی لەهەرێم كرد، ناچار لەئێستادا هەموو حزبەكان دەڵێن نابێت بەغدا پشتگوی بخرێت‌و تەنانەت فرۆشتنی نەوتەكەش  لەبەرامبەر بودجەی 17% بێت. كەواتە دیسانەوە یەكێتی لەپێشنیاری (نابێ بەغدا پشتگوێ بخرێت) ڕاست دەرچوو و هەمووان هاتنەوە سەر دروستیی ئەو بۆچوونەی یەكێتی.

شەڕی داعش
كاتێك داعش شاری موسڵی گرت، یەكێتی خۆی بۆ دژی داعش ئامادە كرد‌و وتی داعش دۆستی كەس نییە لەناوچەكەدا، بەڵام لەهەندێ كەناڵ‌و لەهەندی لێدواندا وتیان یەكێتی بەخۆڕایی پێشمەرگە بەشەڕ ئەدات‌و شەر بۆ بەغدا ئەكات، بەڵام یەكێتی وتی داعش دوژمنێكەو هاتۆتە سەر سنوورمان بۆیە سەنگەرەكانی خوار كەركوك‌و ناوچەكانی تری قایمكردو جەلەولای رزگاركردو وتی تاحەمرین ناوەستین‌و ئەبێت ئاڵای كوردستان لەسەر حەمرین هەڵبكەین بۆ ئەوەی داعش لەكەركوك‌و شارەكانی تر دوور بخەینەوە، ئەوەبوو داعش لە 3ی ئابدا شنگالی داگیر كردو كارەساتی جینۆسایدی خوڵقاند. یەكێتی جەلەولای رزگاركرد وتیان شەر بۆ مالكی ئەكات، بەڵام ئەوە دیسانەوە لەهەندێ كەناڵ‌و لێدواندا ئەڵێن پیویستە حەویجە پاك بكرێتەوە چونكە مەترسی بۆسەر ناوچەكە هەیەو بۆتە ئارمگاو مۆڵگەی داعش، ئەوەتا ئەڵێن ئەبێت پیشمەرگە بەشداربێت لەپاككردنەوەی شاری موسڵ چونكە بوونی داعش مەترسییە بۆسەر گوێرو مەخموورو هەولێری پایتەخت.

چەندین بۆچوون‌و بەرنامەی تری یەكێتی كە لەسەرەتادا بەموزایەدەو بەهەڵەی سیاسی لەقەڵەمدراوە لەكۆتاییدا گەڕاونەتەوە سەر هەمان بۆچوون، چونكە لەبەرژەوەندی خەڵكی كوردستاندا بووە نەك بەرژەوەندی حزبایەتی یەكێتی. هەربۆیە هەموو رێگاكان دەچنەوە رۆما.

 

جەمیلە شێخ مەحمود

له‌ كوردستانی نوێ وه‌رگیراوه‌

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket