riklam

کورد له‌ باکوور ته‌نیا به‌یه‌کگرتوویی ده‌توانێ 10%ی هه‌ڵبژاردن تێپه‌ڕێنێ

چاوپێکەوتن 11:15 AM - 2015-02-23
ئه‌گه‌ر کورد یه‌کگرتوو بێ رێژه‌که‌ تێده‌په‌رێنێ

ئه‌گه‌ر کورد یه‌کگرتوو بێ رێژه‌که‌ تێده‌په‌رێنێ

یوسف زۆزانی: کورد له‌باکووری کوردستان ته‌نیا به‌یه‌کگرتوویی ده‌توانێ رێژه‌ی لەسه‌دا ده‌ی هه‌ڵبژاردن تێپه‌ڕێنێ

 

له‌به‌رنامه‌ی دیداری تایبه‌تی رادیۆی ده‌نگی گه‌لی کوردستاندا، یوسف زۆزانی، سه‌باره‌ت به‌ چه‌ند پرسێکی هه‌ستیاری ناوچه‌که‌و باکووری کوردستان به‌تایبه‌ت دوا، هه‌روه‌ک باسکردنی پیلانگێڕییه‌که‌ی گرتنی عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان‌و ده‌رهێنانی په‌که‌که‌ له‌لیستی تیرۆرو هه‌وڵه‌کانی به‌ڕێز مام جه‌لال له‌ پڕۆسه‌ی ئاشتی له‌باکووری کوردستان‌و پێی وایه‌ که‌: ئێستا توركیا دەیەوێت سكرتارییەتێك بۆ ئۆجه‌لان دابنێت، ئەمە هەنگاوێكە. دوای ئەوە لەوانەیە بڵێن با لە زیندان نەبێت.

 

یوسف زۆزانی سەبارەت بەوردەكارییەكانی ئەو پیلانگێڕییەو مەبەست لەگێڕانی پیلانەكە، بەمجۆرە دوا: دیارە توركیا هەوڵێكی زۆری دەدا تاكو عەبدوڵڵا ئۆجه‌لان بگرێت یان تیرۆری بكات، بەڵام هەوڵەكانی سەری نەدەگرت، چونكە پێیان وابوو ئەگەر ئۆجه‌لان نەمێنێت، ئەوا شۆڕشی كوردەكان لەباكوور لەناو دەچێت. دەوڵەتانی ئەوروپا بۆ بەشداری كردنیان لەو پیلانگێڕییە، هەندێك مەرجیان بۆ توركیا دانابوو، بۆ نموونە دوای گیرانی ئۆجه‌لان، توركیا لەسێدارەی نەدات‌و، هەوڵیش بدرێت بۆ چارەسەری مەسەلەی كورد، بەڵام حساباتی توركیا جیاواز بوو. ئامانجی توركیا لەناوبردنی شەخسی ئۆجه‌لانیش‌و بزووتنەوەی پەكەكەش بوو. كەچی پەكەكە سەلماندی كە بەبێ سەركردەكەشی هەر دەتوانێت درێژە بەخەباتی خۆی بدات، هەرچەندە عەبدوڵڵا ئۆجه‌لان سەركردەیەكی زۆر كاریگەرو كاریزما بوو.

 

تاكو ماوەیەك توركیا نەیدەهێشت كەس هیچ هەواڵێكی ئۆجه‌لان بزانێت، بۆ ئەوەی لەبزووتنەوەكەی داببڕێت، بەڵام پەكەكە تووشی هیچ گرفتێك نەبوو، بگرە زۆر لەجارانیش بەهێزتر بوو. پەكەكە سیاسەتێكی رێكوپێكی داڕشت، لەسەر دوو هێڵ درێژەیان بەخەبات دا: یەكەم، وتیان عەبدوڵڵا ئۆجه‌لان هەر سەرۆكمانەو هیچ چارەسەرێكیش بەبێ ئەو ناكرێت. دووەم، هەم شەڕیشیان دەكردو هەم كاریشیان بۆ ئاستی دەكرد. تەنانەت ئەگەر لەبیرتان بێت، چەند مەفرەزەیەكیشی لەگەریلاكان ناردەوە بۆ توركیا، وەكو دەستپێشخەریی بۆ ئاشتی، بەڵام توركیا هیچ وەڵامێكی ئەرێنی نەبوو و تەنانەت ئەو وەفدەشی دەستگیر كرد. بەبۆچوونی من، گرتنی عەبدوڵڵا ئۆجه‌لان لەبەرژەوەندی بزووتنەوەی كوردو خەباتی چەند ساڵەی پەكەكەو گەریلادا بوو.

 

لەدرێژەی قسەكانیدا، زۆزانی باسی لەوە كرد كە عەبدوڵڵا ئۆجه‌لان بەپێچەوانەی رەخنەی هەندێك لایەن كە دەیانووت لەهەڵوێستەكانی پاشەكشەی كردووە، توانی گوتارێكی سیاسی نوێ بهێنێتە كایەوە، واتە هەستی بەگۆڕانی هەلومەرجەكان كردبوو، بۆیە دەبوایە رای گشتی توركیاو هەموو جیهان بكاتە بەردەنگی خۆی كە كورد میللەتێكە ئاشتیخوازەو لایەنگری شەڕ نییە. دەبوایە نەرمی زیاتر لەهەڵوێستەكانیدا بنوێنێت. لەهەمووی گرنگتر ئەوە بوو كە پرسی كوردی بەستەوە بەمەسەلەی نەبوونی دیموكراسیەت لەتوركیا، ئەمەش ئەنجامی باشی لێكەوتەوە، ئێستا بەهۆی خەباتی كوردەوە، زۆربەی كەمە نەتەوەو مەزهەبەكانی تریش دەستكەوتی دیموكراتی باشیان بەدەست هێناوە.

 

هه‌وڵه‌کان به‌رده‌وامن 

لەبارەی مانەوەی پەكەكە لەلیستی تیرۆری رۆژئاوادا، ئەو سیاسەتمەدارە كوردە رایگەیاند كە ئێستا هەوڵێكی زۆر هەیە بۆ دەرهێنانی ناوی پەكەكە لەو لیستەو، پێشم وایە كە ئەوروپا نیازێكی وای هەیە، چونكە لەم رۆژانەی دواییدا بینیتان كە لەكۆشكی سەرۆكایەتی كۆماری فەرەنسا، فرانسوا هۆلاند چاوی بەنوێنەرەكانی پەیەدە كەوت. هەموو دنیا پەیەدەی بە بەشێك لەپەكەكە دەزانی. ئەمە دەرگایەكە بەڕووی پەكەكەدا كراوەتەوە. ئەمڕۆ هەمووان بۆیان روون بۆتەوە كە هیچ چارەسەرێك بۆ مەسەلەی كورد بەبێ پەكەكە ناكرێت.

 

یوسف زۆزانی ئەوەشی نەشاردەوە كە رۆڵی سەرۆك مام جەلال لەچارەسەری پرسی كورد لەباكووری كوردستان، حاشاهەڵنەگرەو تەنانەت سیاسی‌و رووناكبیرە توركەكانیش بەگرنگییەوە وەسفی دەكەن. مام جەلال سەرەتا دەیویست توركیا بهێنێتە سەر ئەو باوەڕەی كە بەشەڕ لەگەڵ كوردەكان ناگاتە هیچ ئەنجامێك، ئەگەر توركیا مەسەلەی كوردی چارەسەر بكردایە، دەوڵەتانی نەیاری توركیاش نەیاندەتوانی یاری بەو پرسەوە بكەن. توركوت ئۆزاڵ هەمیشە بە مام جەلالی دەوت من گەیشتوومەتە ئەو قەناعەتە، تەنها پێویستە قەناعەت بەژەنەڕاڵەكانی سوپاو پەكەكەش بهێنین. بۆیە مام جەلال توانی قەناعەت بە ئۆجه‌لان-یش بهێنێت بۆ ئەوەی یەكلایەنە ئاگربڕ رابگەیەنێت. بەڵام بەداخەوە لەگەڵ مردنی ئۆزاڵ گورزێكی گەورە بەر هەوڵەكانی مام جەلال كەوت. هەرچەند ئەو پڕۆسەی ئاشتییە كە ئێستا هەیە، هەر لەئەنجامی هەوڵەكانی مام جەلال لەگەڵ حزبەكەی ئەردۆغان هاتۆتە كایەوە.

 

ئه‌گه‌ر کورد یه‌کگرتوو بێ رێژه‌که‌ تێده‌په‌رێنێ

سەبارەت بەو هەڵبژاردنەی كە بڕیارە لەمانگی حوزەیراندا لە توركیا بەڕێوە بچێت، یوسف زۆزانی پێی وابوو: ئەگەر كورد بتوانێت یەكگرتوو بێت‌و بەرنامەیەكی رێكوپێك بۆ هەڵبژاردن دابنێن، رێژەی 10% تێدەپەڕێنن. بەڵام دەنگدەری كورد دابەش بوون، بەشێكی لەگەڵ ئەردۆغان-ن، بەشێك لەگەڵ حكومەتن، هەندێكیش دابەش بوون بەسەر چەند حزبێكی بچووكی كوردیدا. ئەگەر هادەپ بتوانێت بەرنامەیەكی رێكوپێك دابنێت، تاڕادەیەك حزبایەتی بەلاوە بنێت‌و هەندێك تەنازولات بۆ حزب‌و كەسایەتییە جیاجیاكان بكات، سەركەوتنێكی گەورە بەدەست دەهێنن. بەڵام ئەگەر رێژەی 10%ی دەنگەكان نەهێنن‌و نەچنە پەرلەمان، پڕۆسەی ئاشتیش دەكەوێتە مەترسییەوە. ئەو نەبوونی یەكدەنگییە لەنێوان كوردەكانی باكووریشدا، وایكردووە كە زۆربەی دەنگی كورد بفەوتێت یان بۆ لایەنەكانی دیكە بچێت.

 

پڕۆسه‌ی ئاشتی‌و ئازادکردنی ئۆجه‌لان

لەكۆتایی وتەكانیدا، زۆزانی باسی لە مەسەلەی ئازادكردنی عەبدوڵڵا ئۆجه‌لان كرد و وتی: ئەوە ناكرێت لەلایەك دانوستانی لەگەڵدا بكەن‌و پرسی كوردی لەگەڵدا تاوتوێ بكەن، لەلایەكیش لەزیندان بیهێڵنەوەو پێی بڵێن تیرۆریست. ئێستا توركیا دەیەوێت سكرتارییەتێك بۆ ئۆجه‌لان دابنێت، ئەمە هەنگاوێكە. دوای ئەوە لەوانەیە بڵێن با لە زیندان نەبێت، لەشوێنێكی تردا لەژێر چاودێری بێت. واتە وردە وردە بەرەو خواستی ئازادكردنی دەچێت، بەڵام ئەمەش پەیوەندی بە پرۆسەی ئاشتییەوە هەیە كە تاچەند بەرەو پێش دەچێت. چەندی پرۆسەكە بەرەو پێشتر بچێت، ئازادكردنی ئۆجه‌لانیش هێندە نزیكتر دەبێت. جگە لە ئازادكردنیشی هیچ چارەسەرێكی دیكە نییە.

 

 

 

له‌ كوردستانی نوێ وه‌رگیراوه‌

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket