راگه‌یاندنی منداڵان
ریپۆرتاژ 11:26 AM - 2015-02-22گۆڤاره‌كانی منداڵان
به‌شی یه‌كه‌م.. گۆڤاره‌كانی منداڵان
مه‌به‌ست له واتای گشتی راگه‌یاندن: (گه‌یاندنی هه‌واڵ و زانیارییه بۆ كه‌سانی تر، به هۆی...)
راگه‌یاندنی منداڵانیشن، به‌شێكی گرنگه له راگه‌یاندنی گشتی، له‌ڕێی چه‌ند هۆیه‌كه‌وه ده‌گه‌یه‌نرێته منداڵان، هۆیه‌كانیش وه‌كو : (رۆژنامه‌ی منداڵان، گۆڤاری منداڵان، گۆڤار‌و رۆژنامه‌و په‌خشنامه‌ی قوتابخانه، رادیۆ، ته‌له‌فزیۆن، سینه‌مای منداڵان، ئینته‌رنێت، شانۆی منداڵان) هه‌ریه‌كه‌ش له‌م هۆیانه لقیان لێده‌بێته‌وه، هه‌ریه‌كه‌شیان شێوازی ته‌كنیكی و هونه‌ریی خۆیان هه‌یه بۆ گه‌یاندنیان به منداڵان.
راگه‌یاندنی منداڵان بابه‌تێكی زۆر گرنگ و فراوانه.. بۆ ئه‌وه‌ی به‌ته‌سه‌لی له جۆر‌و له لق و له هۆیه‌كانی بدوێین پێویستی به شاره‌زایی و به لێكۆڵینه‌وه‌و توێژینه‌وه‌یه‌كی وردی زانستییانه هه‌یه.. پێویسته كه‌سانی پسپۆر‌و شاره‌زا خۆیان له‌م ده‌ریا قوڵ و به‌رینه بده‌ن و به سه‌ركه‌وتووی لێی بپه‌ڕنه‌وه.. تائێستا له جیهاندا به زمانه‌كانی هه‌موو گه‌لان، به سه‌دان كتێبی زل و لێكۆڵینه‌وه‌و ماسته‌رنامه‌و دكتۆرانامه ده‌رباره‌ی راگه‌یاندنی منداڵان نووسراون و چاپكراون، ئێمه له‌م چاوخشاندنه‌دا زۆر به‌كورتی باس له چه‌ند هۆیه‌ك له هۆیه‌كانی راگه‌یاندنی منداڵان ده‌كه‌ین.. (رۆژنامه‌ی منداڵان) زاراوه‌یه‌كی گشتییه.. مه‌به‌ستمان له‌و رۆژنامه‌و له گۆڤاره گشتییه‌كانه كه تایبه‌تن به منداڵان.
رۆژنامه چییه.. ؟ به‌پێی وته‌ی (بۆرك)ی ئینگلیزی: (رۆژنامه ده‌سه‌ڵاتی چواره‌مه).. رۆژنامه رۆڵێكی سه‌ره‌كی و گرنگی هه‌یه له چاره‌نووسی گه‌لان و له رۆشنبیری كردن و له وریاكردنه‌وه‌ی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵ.. گه‌لان هه‌ر له‌كۆنه‌وه دركیان به گرنگی رۆژنامه كردوه.. رۆژنامه‌ی راستی ئاوێنه‌یه‌كه بۆ گوزارشته له قسه‌و له خواسته‌كانی گه‌ل.. رۆژنامه به خۆراكی رۆژانه داده‌نرێت، كاریگه‌ری ئه‌رێنی هه‌یه له رۆشنكردنی هۆشی خه‌ڵكی و ئاگاداركردنه‌وه‌یان له رووداو و له هه‌واڵی زانیاری و له باسوخواسی ژیانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌ده‌بی و هونه‌ری.
رۆژنامه‌ی رۆژانه‌ی، كه رۆژانه ده‌ربچێت و بابه‌ته‌كانی تایبه‌تبن به منداڵان، له كوردستان و له زۆربه‌ی وڵاتانی جیهانیشدا بوونی نییه.. ته‌نها له وڵاته زۆر پێشكه‌وتووه‌كاندا هه‌یه كه خاوه‌نی داموده‌زگایه‌كی زۆر‌و خێرای راگه‌یاندن و چاپه‌مه‌نی و بڵاوكردنه‌وه‌ن.. به سه‌دان پسپۆران و نووسه‌ران و هونه‌رمه‌ندان و كادیرانی پێشكه‌وتووی بواری نووسین و په‌روه‌رده‌و ده‌روونناسی منداڵان و رۆشنبیران و هونه‌رمه‌ندانی منداڵان كاریان تێدا ده‌كه‌ن و سه‌رپه‌رشتی رۆژنامه‌كانی رۆژانه‌ی منداڵان ده‌كه‌ن.. بوودجه‌یه‌كی زه‌به‌لاحیشیان له‌به‌رده‌ستدایه، هه‌روه‌ها منداڵه‌كانیان رۆژانه ده‌یانخوێننه‌وه‌و ئاستی رۆشنبیری و تێگه‌یشتنیان به‌رزه.. به‌زۆریش به‌خۆڕایی و به‌خێرایی و ئاسانی رۆژنامه‌كانیان پێده‌گه‌یه‌نن.. له ئه‌مڕۆدا ئه‌و توانا‌و پێویستییانه له زۆربه‌ی وڵاتاندا نین.. به‌ڵام هه‌ندێك له‌و رۆژنامه رۆژانه‌ی كه بۆ گه‌وره‌كان ده‌رده‌كرێن لاپه‌ڕه‌یه‌ك یا گۆشه‌یه‌كیان له رۆژنامه‌كانیاندا بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌تی منداڵان ته‌رخانكردوون، یا هه‌ندێ گۆڤار‌و رۆژنامه‌ی گشتی پاشكۆیه‌كی رۆژانه یا هه‌فتانه یا دوو هه‌فتانه یا مانگانه یا وه‌رزی بۆ منداڵان ده‌رده‌كه‌ن، كه بابه‌ته‌كانیان له‌لایه‌ن گه‌وره‌كانه‌وه ده‌نووسرێن و ئاماده ده‌كرێن و ده‌رده‌هێنرێن.. له ئه‌مڕۆژدا به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئینته‌رنێته‌وه چه‌ندین سایت و ماڵپه‌ڕی تایبه‌ت به منداڵان هه‌ن، كه رۆژانه یا هه‌فتانه بابه‌تی هه‌مه‌ڕه‌نگه بۆ منداڵان له رۆژنامه‌ی ئه‌لیكترۆنیدا بڵاوده‌كه‌نه‌وه.
له‌به‌رئه‌وه‌ی كه راگه‌یاندنی منداڵان، به‌شێكی كارتێكه‌رو زۆر گرنگه له رۆشنبیری و له ئه‌ده‌بی منداڵاندا، زۆر به‌كورتی باس له چه‌ند هۆیه‌كی راگه‌یاندنی منداڵان ده‌كه‌ین:
گۆڤاره‌كانی منداڵان
گۆڤاره‌كانی منداڵان، ئه‌و گۆڤاره نووسراو و چاپكراوانه‌ن كه به‌پێی قۆناغه‌كانی ته‌مه‌ن و گه‌شه‌كردنی منداڵان له‌لایه‌ن گه‌وره‌كانه‌وه، بابه‌ته‌كانیان به‌تایبه‌تی بۆ منداڵان ده‌نووسرێن و ئاماده ده‌كرێن و ده‌رده‌هێنرێن و چاپ ده‌كرێن، ده‌شێ منداڵان خۆشیان له هه‌ندێ گۆشه‌و بابه‌تی سوك و كورت و ئاساندا به‌شداریان تێدا بكه‌ن.. هه‌رچۆنێك بێت، گۆڤاره‌كانی منداڵان له‌لایه‌ن گه‌وره‌كانه‌وه ئاماده ده‌كرێن و ده‌رده‌هێنرێن.. به مه‌به‌ستی هێنانه‌نه‌دی ئامانجه‌كانی په‌روه‌رده‌و ئاماده‌كردن و ئاڕاسته‌كردنی منداڵه چاوگه‌شه‌كانی ئه‌مڕۆمانن، بۆ ژیانێكی باشتر‌و خۆشترو بۆ دواڕۆژێكی گه‌شترو شیواتر.. بۆ پێگه‌یاندنی نه‌وه‌یه‌كی به‌خته‌وه‌رتر له نه‌وه‌ی ئه‌مڕۆمان.
گۆڤاری منداڵان، یه‌كێكه له هۆیه گرنگه‌كانی راگه‌یاندنی منداڵان.. ناوه‌ندو سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگه له سه‌رچاوه‌كانی رۆشنبیریكردنی منداڵان.. كه به زمانێكی ساكار‌و شیرین، به شێوازێكی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری ناسك و جوان، بابه‌ته‌كانی ئاماده ده‌كرێن و ده‌ڕازێنرێنه‌وه، ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه‌ش وایكردووه كه له‌گه‌ڵ سه‌رچاوه‌كانی تری رۆشنبیری منداڵاندا، جیاوازیان هه‌بێت، چونكه گۆڤاره‌كانی منداڵان به‌ئاسانی ده‌توانن سه‌رنجی منداڵان رابكێشن و منداڵان چێژ له خوێندنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كانیان وه‌ربگرن و به سه‌یركردنی وێنه جوان و ره‌نگاوڕه‌نگه‌كانیان دیده‌یان رۆشن بكه‌ن، واش له منداڵان بكه‌ن كه هۆگرو هاوڕێی هه‌میشه‌ی گۆڤاره‌كانی منداڵان بن و لایان شیرین ببن.
(عه‌بدولفه‌تاح ئه‌بو ئه‌لمه‌عال) ده‌ڵێت: "گۆڤاره‌كانی منداڵان، ئه‌و گۆڤارانه‌ن كه تایبه‌تن به ئه‌ده‌ب و زانیاری و رۆشنبیری منداڵان.. كه له‌لایه‌ن كه‌رتی گشتی یا تایبه‌تییه‌وه سه‌رپه‌رشتییان ده‌كه‌ن"
(عه‌بدولته‌واب یوسف)یش له باره‌ی گۆڤاری منداڵانه‌وه ده‌ڵێت: "ئه‌و گۆڤارانه‌ن كه ئاڕاسته‌ی منداڵ ده‌كرێن له‌لایه‌ن گه‌وره‌كانه‌وه ده‌رده‌كرێن بۆ رۆشنبیریكردنی منداڵان، ئه‌مانه له گۆڤاره‌كانی قوتابخانه‌كان زیاتر بڵاوده‌كرێنه‌وه"
گۆڤاره‌كانی منداڵان ناوه‌ندێكی گرنگن بۆ پاراستن و بۆ گواستنه‌وه‌ی رۆشنبیری و به‌ها و دابونه‌ریته ره‌سه‌ن و جوانه‌كانی كۆمه‌ڵ بۆ نه‌وه‌ی داهاتوو.. هۆیه‌كی زۆر گرنگیشن له هۆیه‌كانی په‌روه‌رده‌كردن و فێركردن و ئاراسته‌كردنی ناڕاسته‌وخۆی منداڵان - گۆڤاره‌كانی منداڵانی كورد - هۆو هانده‌رێكی گرنگیشن بۆ گۆشكردنی مندان به‌هه‌ستی كوردایه‌تی و به كوردستانپه‌روه‌ری و به خۆشه‌ویستی مرۆڤایه‌تی.. هۆیه‌كی گرنگن بۆ ئاشناكردنی منداڵان به مێژووی پڕ له سه‌روه‌ری گه‌له‌كه‌مان و به جوگرافیا‌و به سروشتی جوانی كوردستان.. هۆیه‌كن بۆ ناساندنی سه‌ركرده‌و كه‌ڵه تێكۆشه‌ران و ناوداره نه‌مره‌كانی گه‌له‌كه‌مان به منداڵه چاوگه‌شه‌كانمان.. هۆیه‌كی زۆر گرنگیشن بۆ فێركردنی منداڵانی كوردمان، به خۆشه‌ویستی و شانازیكردن به به‌رگریكردن و به پاڵه‌وانێتی و گیانفیدایی پێشمه‌رگه‌و گه‌ریلا قاره‌مانه‌كانی كوردستان، كه بوونه‌ته هێماو سیمبولی ئازایه‌تی و پاڵه‌وانێتی له هه‌موو جیهاندا.. گۆڤاره‌كانی منداڵان، گه‌شه به به‌هره‌و حه‌زو ئاره‌زووه‌كانی منداڵان ده‌كه‌ن و ئاسۆی بیر‌و ئه‌ندێشه‌یان فراونترو گه‌شتر ده‌كه‌ن.. سامانی وشه‌و رسته‌و فه‌رهه‌نگی زمانه‌وانیشیان زه‌نگینترو ره‌نگینتر ده‌كه‌ن.
له‌به‌ر گرنگی و هه‌ستیاری رۆڵی گۆڤاره‌كانی منداڵان، گۆڤاره جیهانییه‌كانی منداڵان له‌لایه‌ن كه‌سانی شاره‌زاو پسپۆر، له بواری نووسین و ئه‌ده‌ب و رۆشنبیری و په‌روه‌رده‌و ده‌روونناسی و هونه‌ری منداڵان و هونه‌ری وێنه‌كێشانی بابه‌ته‌كانی منداڵانه‌وه، ده‌نووسرێن و ئاماده ده‌كرێن و سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێن و ده‌رده‌هێنرین.. گه‌لێ مه‌رج و پێویستی هونه‌ری و شێوه‌ی چاپكردن له ده‌رهێنانی گۆڤاره‌كانی منداڵاندا ره‌چاوده‌كه‌ن، وه‌كو: جۆری كاغه‌زه‌كان، قه‌واره‌ی لاپه‌ڕه‌كان، دیزایینی به‌رگ و قه‌واره‌ی پیته‌كان، گونجانی وێنه‌و ره‌نگان، تیراژ‌و نرخی گۆڤاره‌كان...هتد.
پێویسته له كوردستانی ئێمه‌شدا، ئه‌ركی نووسین و ئاماده‌كردن و سه‌رپه‌رشتیكردن و چاودێری و زمانه‌وانی و وێنه‌كێشانی بابه‌ته‌كان و رازاندنه‌وه‌و ده‌رهێنانی گۆڤاره كوردییه‌كانمان بۆ منداڵانی كورد، به نووسه‌ران و هونه‌رمه‌ندان و رۆشنبیران و شاره‌زایانی زمانزانانی كوردی و شاره‌زایانی قۆناغه‌كانی هه‌راشبوونی منداڵان بسپێردرێن، له‌ژێر چاودێری و ئاماده‌كردنی نووسه‌رانی شاره‌زای بواری ئه‌ده‌ب و رۆشنبیری منداڵاندا بن.. به‌داخه‌وه له ئه‌مڕۆدا به‌شێك له گۆڤاره كوردییه‌كانمان بۆ منداڵان، كه‌سانێك به‌ڕێوه‌ی ده‌بن و بابه‌ته‌كانیان ئاماده ده‌كه‌ن، كه‌سانێكی نابه‌ڵدن له بواری ئه‌ده‌ب و رۆشنبیری و قۆناغه‌كانی گه‌شه‌كردن و زمانی نووسین بۆ منداڵان، ره‌نگه وابزان كه ئه‌مه كارێكی ئاسان و هه‌ڕه‌مه‌كییه، ئه‌مانه بوونه‌ته هۆی لاوازی و كاڵوكرچی و ئاست نزمی بابه‌ته‌كانی گۆڤاره‌كانی منداڵانی كورد، له‌ڕاستیدا به‌شێكیان له ئاستی پێویست و ئاره‌زووه‌كانی منداڵاندا نین.. كورد وته‌نی با - نان به نانه‌واو گۆشت به قه‌ساب – پسپێرین.
سوودو ئامانجه‌كانی گۆڤاره‌كانی منداڵان:
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه گۆڤاره‌كانی منداڵان هۆیه‌كی سه‌ره‌كی و گرنگی رۆشنبیری منداڵانن.. هه‌موو منداڵێكیش له ناخیدا، هه‌ستێكی شاعیرانه‌ی ناسكی هه‌یه، ده‌توانێت به جوانی وێنه‌ی هه‌موو ئه‌و شتانه ده‌وروبه‌ری، كه سه‌رنجی راده‌كێشن.. له ناخیدا بیانكێشێت.. به‌كورتی و به‌چڕی له‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌دا باس له گرنگترین سوودو ئامانجه‌كانی گۆڤاره‌كانی منداڵان ده‌كه‌ین:
1- گۆڤاره‌كانی منداڵان هۆ و سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگن بۆ رۆشنبیریكردنی منداڵان له‌ڕێی ئه‌و بابه‌ته ئه‌ده‌بی و زانستی و زانیارییه هه‌مه‌ڕه‌نگه ئاسانانه‌ی بڵاویان ده‌كه‌نه‌وه.
2- له‌ڕێی ئه‌م گۆڤارانه‌وه، هه‌ندێك له كێشه‌و له خووه ناپه‌سه‌نده‌كانی منداڵان كه له قۆناغه‌كانی ژیانیاندا فێریان بوونه چاره‌سه‌ر ده‌بن، وه‌كو: له خۆبایی بوون، خۆپه‌رستی، خۆهه‌ڵكێشان، درۆ، بێزاری، كه‌للـه‌ڕه‌قی، لاساری، ... هتد.
3- ئه‌و منداڵانه‌ی گۆڤاره‌كانی منداڵان ده‌خوێننه‌وه، رۆشنبیرترو زیره‌كترو هۆشیارترو زۆرزانترو به‌هره‌دارتر ده‌بن.. ئاسۆی رۆشنبیرییان فراونتر ده‌بێ، زانیاری و زانستی گشتییان زه‌نگینتر ده‌بێ.
4- منداڵان له‌سه‌ر ئه‌وه رادێن كه بوێرانه‌و به راشكاوی، به‌زاری و به نووسین، به دروستی راوبۆچوونه‌كانی خۆیان ده‌رببڕن و گوزارشت له توانا‌و له به‌هره‌كانیان و له هزری خۆیان بكه‌ن.
5- توانانی بیركردنه‌وه‌و داهێنان و تازه‌گه‌ریان گه‌شه ده‌كه‌ن.
6- منداڵان به خوێندنه‌وه رادین و تێده‌گه‌ن كه ته‌نها سه‌یركردنی ته‌له‌فزیۆن و سینه‌ما به‌س نییه.
7- ئه‌و منداڵانه‌ی كه گۆڤاری منداڵان ده‌خوێننه‌وه، توانای زمانه‌وه‌نیان و ده‌ربڕینیان گه‌شه‌ده‌كه‌ن.
8- له‌ڕێی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و بابه‌ته به‌سوودانه‌ی كه حه‌زیان لێیانه، زیاتر زاخاوی بیر‌و هۆشیان ده‌ده‌ن و ئاسۆی ئه‌ندێشه‌و سه‌رنجدانیان فراونتر ده‌كه‌ن.
9- خولیا‌و به‌هره‌و ئاره‌زووه‌كانیان گه‌شه‌ده‌كه‌ن، وه‌كو: وێنه‌كێشان، جواننوسین و نه‌خشه‌سازی.
10 نه‌ریت و به‌ها جوانه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی كۆمه‌ڵگاكه‌یان لا دروست و شیرین ده‌بێت.
11- ئاشنای دابونه‌ریت و به‌ها جوانه‌كانی گه‌له‌كه‌یان ده‌بن و ده‌یانپارێزن.
12- له كێشه نه‌ته‌وایه‌تی و نیشتمانییه‌كان ده‌گه‌ن و چاویان ده‌كرێته‌وه، كه گه‌وه‌ره‌ش بن.. ئه‌م كێشانه ده‌بنه جێی بایه‌خدانیان. 13- سۆز‌و هاوبه‌سته‌بوونیان "ئینتیمابوونیان" بۆ نیشتمانه‌كه‌یان ده‌بێت، هه‌ست به‌وه ده‌كه‌ن كه به‌رگریكردن له نیشتمانه‌كه‌یان و له به‌ها پیرۆزه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌یان، ئه‌ركێكی پێویست و پیرۆزی ئه‌ستۆیان ده‌بێت.
14- هیواو گه‌شبینیان پێده‌به‌خشن.. بۆ هێنانه‌دی هیواو خۆزگه‌و خه‌ونه شیرینه‌كانیان.. بۆ هێنانه‌دی ژیانێكی خۆشترو داهاتوویه‌كی گه‌شتر.
15- منداڵان به مافه ره‌واكانیان ئاشنا ده‌كه‌ن.
16- گۆڤاره‌كانی منداڵان، هانده‌رێكی باشن بۆ ئه‌وه‌ی منداڵان خوبده‌نه خوێندنه‌وه‌و لێی دانه‌بڕێن و خوی پێوه‌بگرن.
17- له گۆڤاره‌كانی منداڵانه‌وه، منداڵان فێری ئه‌وه ده‌بن كه رێزگرتن له سه‌روه‌ری یاسا بگرن.
18- گۆڤاره‌كانی منداڵان ره‌وشتی به‌رزو جوان له‌دڵی منداڵاندا ده‌ڕوێنن، وه‌كو: برایه‌تی، یه‌كێتی، هاوڕێتی، ئازایه‌تی، به‌رخودانی، به‌رگری، خۆڕاگری، هاوكاری، هه‌ره‌وه‌زی، دڵسۆزی، سۆزداری، هێمنی، رێزگردن، راستگۆیی، ناپاكی نه‌كردن، خۆشه‌ویستی، رێزگرتن له یاسا، پاراستنی ژینگه، چاكه‌خوازی، دادپه‌روه‌ری، جیاوازی نه‌كردنی ره‌گه‌زی، هه‌ست و باوه‌ڕی به‌رزی مرۆڤایه‌تی، ئه‌مانه‌و گه‌لێ ئامانج و به‌های به‌رزو پیرۆزی تر.
19- گۆڤاره‌كانی منداڵان، كاتی په‌رژانی منداڵان پڕده‌كه‌نه‌وه.
20- گۆڤاره‌كانی منداڵان بزووتنه‌وه‌ی نووسین بۆ منداڵان زیندووده‌كه‌نه.. هه‌ل بۆ نووسه‌رانی بواری ئه‌ده‌بی منداڵان ده‌ڕه‌خسێنن بۆ ئه‌وه‌ی نووسینه‌كانیان بڵاوبكه‌نه‌وه‌و له‌ڕێی بابه‌ته جوانه‌كانیانه‌وه، خۆیان به منداڵان ئاشنا بكه‌ن.
21- گۆڤاره‌كانی منداڵان ده‌رگایه‌كی ئه‌فسووناوین، به‌ڕووی جیهانی فراوانی خوێندنه‌وه‌و فێربووندا.. منداڵان سه‌ربه‌ستن و به ئازادی و به ئاره‌زووی خۆیان، گوڵبژێری بابه‌ته‌كانی گۆڤاره‌كان ده‌كه‌ن و ده‌یانخوێننه‌وه.. له خوێندنه‌وه‌داشدا پشت به خۆیان ده‌به‌ستن.
22- منداڵان له‌ڕێی خوێندنه‌وه‌ی گۆڤاره‌كانی منداڵانه‌وه، ئاگاداری هه‌واڵه‌كان و باسی گه‌له‌كه‌یان و نیشتمانه‌كه‌یان و جیهان ده‌بن.. ئاگایان له داهێنانه تازه‌كانی ته‌كنه‌لۆژیای سه‌رده‌مه‌كه‌یان ده‌بێت.
23- به كه‌له‌پوری ره‌سه‌ن و به مێژوو و به سه‌روه‌رییه‌كانی گه‌له‌كه‌یان، ئاشانا ده‌بن.
24- منداڵان وا ئاڕاسته ده‌كه‌ن كه لاوانی داهاتوون و ده‌بنه بڕبڕه‌پشی نیشتمانه‌كه‌یان و ئه‌مانن له داهاتوودا ده‌بنه ده‌سه‌ڵاتدارو كاروباری گه‌ل و نیشتمانه‌كه‌یان به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن.
25- گۆڤاره‌كانی منداڵان، منداڵان راده‌هێنن، كه ره‌خنه بگرن و ره‌خنه‌ش قبوڵ بكه‌ن.
جۆره‌كانی گۆڤاره‌كانی منداڵان:
گۆڤاره‌كانی منداڵان ده‌بنه چه‌ند جۆرێكه‌وه، گرنگترینیان سێ جۆرن: (گۆڤاری گشتی و گۆڤاری تایبه‌تی و گۆڤاری كۆمیكس) كه به‌كورتی باسیان ده‌كه‌ین:
1- گۆڤاری گشتی: ئه‌مجۆره گۆڤاره باوترین و بڵاوترین گۆڤاری منداڵانه له هه‌موو جیهاندا، گۆڤاری گشتی منداڵان به بابه‌تی هه‌مه‌چه‌شنه‌و هه‌مه‌ڕه‌نگه‌ی ئه‌ده‌بی و زانیاری و هونه‌ری و زانستی خۆش، به زمانێكی ناسك و ئاسان و شیرین ده‌ڕازێنرێته‌وه.. وه‌كو چیرۆكی، زنجیره چیرۆكی وێنه‌دار، چیرۆكی سه‌ركێشی، زانست و زانیاری گشتی، هۆنراوه‌ی كورت و ناسك، وێنه‌ی فۆتۆگرافی منداڵان... هتد.. بێگومان وێنه كێشراوه ره‌نگاوڕه‌نگه‌كانیش به‌شێكی سه‌ره‌كی و گرنگی گۆڤاره‌كانی منداڵانن.. گۆنجانی بابه‌ته‌كان و وێنه‌كان پێكه‌وه‌و ده‌رهێنانی گۆڤاره‌كه به شێوه‌یه‌كی جوان و سه‌رنجڕاكێش، ده‌بێته كارێكی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری به‌سوود بۆ منداڵان.. ده‌بێته گۆڤارێكی رازاوه‌و قه‌شه‌نگ.. ده‌بێته هاوڕێ و به خۆشه‌ویستی منداڵان.. پێویسته له گۆڤاری گشتیدا ره‌چاوی قۆناغه‌كانی هه‌راشبوون و فه‌رهه‌نگی زمانی منداڵان و خواست و ئاره‌زووه‌كانی منداڵان له‌به‌رچاو بگیرێن و بابه‌ته‌كانیش نامۆ نه‌بن و له ژیان و ژینگه‌ی منداڵانه‌وه دوور نه‌بن، پێویسته بابه‌ته‌كانی كورت و ئاسان بن تا منداڵان له خوێندنه‌وه‌یان بێزار نه‌بن.
گۆڤاری گشتی منداڵان به پێی ماوه‌ی ده‌رچوونیان ده‌بنه: گۆڤاری مانگانه، گۆڤاری دوو هه‌فتانه، گۆڤاری وه‌رزی، هه‌ندێ گۆڤاریش هه‌ن ساڵی جارێك ده‌رده‌كرێن، وه‌كو ئه‌و گۆڤاره گشتییانه‌ی كه له قوتابخانه‌كاندا ده‌رده‌كرێن، كه له شێوه‌ی كتێبێكی بابه‌ت هه‌مه‌جۆره‌دان.
هه‌ندێ رۆژنامه‌و گۆڤاری مانگانه كه بۆ گه‌وره‌كان ده‌رده‌چن، پاشكۆیه‌كی رۆژانه، یا هه‌فتانه، یا مانگانه بۆ منداڵان ده‌رده‌كه‌ن و به بابه‌تی هه‌ڕه‌نگه‌ی ئاسان و خۆش ده‌یانڕازێننه‌وه.
له ئه‌مڕۆدا ژماره‌ی ئه‌و گۆڤاره بابه‌ت گشتییانه‌ی كه له هه‌موو جیهاندا بۆ منداڵان ده‌رده‌چن، زیاتر له (5500) گۆڤاری لۆكاڵی و جیهانین.. ته‌نها له فه‌ره‌نسا مانگانه (105) گۆڤاری گشتی بۆ منداڵان ده‌رده‌كرین و به هه‌زاران ژماره‌یان لێ بڵاوده‌كه‌نه‌وه.
2- گۆڤاری تایبه‌تی: گۆڤاری تایبه‌تی بابه‌تی ئه‌و گۆڤارانه‌ن كه بابه‌ته‌كانیان هه‌مه‌ڕه‌نگه‌و گشتی نین، به‌ڵكو تایبه‌تن به بوارێكی تایبه‌تی ئه‌ده‌ب و رۆشنبیری یا هونه‌ری یا وه‌رزشی بۆ منداڵان.. بۆ نموونه گۆڤاری منداڵان هه‌یه تایبه‌ته به هۆنه‌ری (سینه‌ماو فیلمی منداڵان) یا ( شانۆی منداڵان) یا ( گۆڤاری زانیاری بۆ منداڵان).. (گۆڤاری وه‌رزشی بۆ منداڵان).. (گۆڤاری كۆمیدی)..(گۆڤاری ئاینی بۆ منداڵان)... هتد، ئه‌مه‌و له زۆر له وڵاتانی جیهاندا گۆڤاری تایبه‌تی بۆ خاوه‌ن پێداویستییه تایبه‌تییه‌كانیش ده‌رده‌كرێن بۆ (نابینا‌كان، لاڵه‌كان، كه‌ڕه‌كان).. له وڵاتی (ژاپۆن) گۆڤارێكی مانگانه بۆ ته‌مه‌نی منداڵانی دووساڵان ده‌رده‌كه‌ن.
3- گۆڤاری كۆمیكس: به‌و گۆڤارانه ده‌ڵێن كه بۆ منداڵان ده‌رده‌چن و بابه‌ته‌كانی، چیرۆكه‌كانی، به زنجیره وێنه‌ی كێشراو له‌گه‌ڵ سیناریۆی كورتدا بڵاوده‌كاته‌وه، واتا سیناریۆ و وێنه‌كان پێكه‌وه‌ن.. سه‌رهه‌ڵدانی (گۆڤاری كۆمیكس) ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی (1796) ز، كه هونه‌رمه‌ندی وێنه‌كێش (هوگراس) له گۆڤاری (كۆمبس) دا، كه سه‌رپه‌رشتی بابه‌تی لاپه‌ڕه‌كانی منداڵانی ده‌كرد، چیرۆكه‌كانی به (سیناریۆی كورت و وێنه ده‌ستكرد) ده‌كێشاو ده‌یڕازانده‌وه.. له‌وه‌دوا بوو به رێباز‌و چه‌ندین گۆڤار به‌مشێوه‌یه ده‌ركران و له ئه‌مڕۆشدا ده‌رده‌كرێن.
هه‌ندێ له توژێنه‌ران ده‌ڵێن، كه گۆڤاری كۆمیكس له سه‌ده‌ی نۆزده‌میندا له‌سه‌ر ده‌ستی وێنه‌كێشه (وه‌ته‌ری)یه‌كان سه‌ریهه‌ڵداوه.. له ئه‌مڕۆشدا چه‌ندین گۆڤاری كۆمیكس ده‌رده‌چن، بۆ نموونه گۆڤاری: (میكی ماوس)، دوناڵدوك، ته‌ڕه‌زان، سۆپه‌رمان، پیاوی ئاسنین)...هتد.
بێجگه له‌وجۆره گۆڤارانه‌ی كه باسمانكردن، قوتابخانه‌كانیش گۆڤار‌و بڵاوكراوه‌ی سه‌ر دیوار ده‌رده‌كه‌ن، به‌ڵام بڵاوبوونه‌وه‌یان سنووردارن و تا راده‌یه‌ك تایبه‌تین به‌و قوتابخانانه‌ی كه ده‌ریان ده‌كه‌ن.. پێویسته ئه‌و راستییه‌ش فه‌رامۆش نه‌كه‌ین، له زۆربه‌ی وڵاتاندا، له سه‌ره‌تادا گۆڤاره‌كانی منداڵان له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌رو مامۆستاكانی قوتابخانه‌كانه‌وه به هاوكاری قوتابییه‌كان گۆڤاره‌كان ئاماده ده‌كران و ده‌رده‌هێنران و بڵاوده‌كرانه‌وه.. به زۆری بابه‌ته‌كانیان په‌روه‌رده‌یی و فێركاری و زانیاری گشتی و رێنمایی ئامۆژگاری بوون بۆ قوتابیان.
چه‌ند پێویستییه‌ك له گۆڤاره‌كانی منداڵاندا:
1-پێویسته باس و رووداو و بابه‌ته‌كانی گۆڤاره‌كانی منداڵان، له چوارچێوه‌ی شاره‌زایی و توانا‌و هۆشی منداڵاندا بن.
2- پێویسته هه‌ڵبژاردنی بابه‌ته‌كان له‌سه‌ر بنا‌ما‌ی پێویستییه‌كانی منداڵان و له‌به‌رچاوگرتنی سیاكۆلۆژی و بایۆلوژی منداڵاندا بن.
3- له ئامۆژگاری وشك و رێنمایی سواو و ئاڕاسته‌ی توندوتیژی و ده‌مارگیری به‌دووربن.
4-گوزارشت له بیر‌و له كێشه‌كانی منداڵان بكه‌ن.
5-بیرۆكه‌ی بابه‌ته‌كانی ته‌واو و روون و ئاشكرابن.
6- وشه‌و رسته‌كانی ئاسان و كورت و باوبن، به‌لای منداڵانه‌وه به‌كارهێنرابن و لێیان تێبگه‌ن.
7- زمانی په‌تی كوردی له داڕشتنی بابه‌ته‌كانی گۆڤاره‌كانی منداڵاندا به‌كاربهێنن.
8-نابێت بابه‌ته‌كان درێژبن و منداڵان به خوێندنه‌وه‌یان وه‌رستبن و ته‌واویان نه‌كه‌ن.
9- پێویسته بایه‌خ و گرنگییه‌كی زۆر به رازانه‌وه‌ی به‌رگی یه‌كه‌م و دووه‌می گۆڤاره‌كان بدرێن.
10- كێشانی وێنه‌ی ره‌نگاوڕه‌نگی گونجاو له‌گه‌ڵ ناوه‌ڕۆكی بابه‌ته‌كاندا، زیاتر بابه‌ته‌كان خۆشه‌ویست و ئاسانترو شیرین ده‌كه‌ن له‌لای منداڵان.
بایه‌خی وێنه له گۆڤاره‌كانی منداڵاندا:
وێنه چ فۆتۆگرافێ بێت یا وێنه‌ی به‌ده‌ست كێشراوبێت له‌لایه‌ن وێنه‌كێشانه‌وه بۆ رازاندنه‌وه‌و روونكرنه‌وه‌ی بابه‌ته نووسراوه‌كانی گۆڤاره‌كانی منداڵان، زمانێكی هونه‌رییه وه‌كو زمانی قسه‌كردنه.. وێنه هۆیه‌كی گرنگی گوزارشت كردنه‌و بنه‌مایه‌كی سه‌ره‌كی و گرنگی گۆڤاره‌كانی منداڵانه.. وێنه‌و نووسین ته‌واكه‌ری یه‌كترین، بایه‌خی وێنه‌ی جوان و ره‌نگاوڕه‌نگ، له بایه‌خی وشه‌ی ناسك و شیرین كه‌متر نییه.. گرنگی چێژی وێنه‌و دیزایین و ره‌نگ و تابلۆكان له كتێب و له گۆڤاره‌كانی منداڵاندا، ئه‌وه‌نده‌ی ناوه‌ڕۆك و داڕشتن گرنگ و بایه‌خدارو كاریگه‌رن.. وێنه‌ی قه‌شه‌نگ و جوان و ره‌نگاوڕه‌نگ زۆر گرنگن و ده‌توانن زۆر له كه‌موكوڕی و لاوازییه‌كانی نووسینه‌كان و داڕشتنیان داپۆشن.. كه‌واته وێنه ته‌نها بابه‌تێك نییه له بابه‌ته‌كانی رازاندنه‌وه له ده‌رهێنانی گۆڤاره‌كانی منداڵان، به‌ڵكو بابه‌تێكی بنه‌ڕه‌تی و سه‌ره‌كییه له گۆڤاره‌كانی منداڵان.. وێنه بایه‌خێكی رۆشنبیری و راگه‌یاندن و گه‌یاندنی گه‌وره‌و گرنگی هه‌یه.. هه‌ندێ جار وێنه‌كان زیاتر له خودی نووسینه‌كان، ناوه‌ڕۆكی بابه‌ته‌كان روون و ئاسان ده‌كه‌نه‌وه.. ئاسانتریش مه‌به‌سته‌كان به‌ده‌سته‌وه ده‌ده‌ن.. زیاتر سه‌رنجی منداڵان راده‌كێشن و تام و چێژێكی زیاتر به خوێندنه‌وه‌ش ده‌به‌خشن و خۆشییه‌كی زیاتریش به دیده‌و ده‌روونی منداڵان ده‌گه‌یه‌نن.. منداڵان له‌ڕێی وێنه‌ی ره‌نگاوڕه‌نگی جوانه‌وه، چێژی هونه‌ری و هه‌ستی جوانیان لا دروستده‌بن.. چونكه وێنه‌ی ره‌نگاوڕه‌نگ كارتێكردنێكی گه‌وره‌ی هه‌یه له بنیاتنانی هۆش و هه‌ست و چێژی منداڵاندا.
ده‌بینین له به‌شێكی زۆری گۆڤاره‌كانی منداڵاندا، بۆ راهێنانی دیده‌و بۆ زاخاودانی بیر‌و هۆشی منداڵان، بۆ تیژی سه‌رنجدانیان.. دوو وێنه‌ی ره‌نگاوڕه‌نگی له‌یه‌كچووی جیاواز یا له دوو وێنه زیاتر، بڵاوده‌كه‌نه‌وه.. منداڵان خۆشی و زۆر ده‌بینن له دۆزینه‌وه‌ی جیاوازییه‌كانی نێوان وێنه‌كان.
(ماری بارڵت) ده‌ڵێت: "زۆربه‌ی منداڵان، پێش چوونه قوتابخانه، له ته‌مه‌نی دوو ساڵییه‌وه، شاره‌زاییان له وێنه هه‌یه، له‌وانه‌یه كتێبی وێنداری تایبه‌تیان هه‌بێت، لێوه‌ی فێرده‌بن و ئاماژه به وێنه‌ی شته ناسراوه‌كان به‌لایانه‌وه ده‌ده‌ن، بۆ نموونه، وێنه‌ی: منداڵ، تۆپ، پشیله،..."
مێژووی داهێنانی گۆڤاره‌كانی منداڵان:
گۆڤاری منداڵان هونه‌رێكی ئه‌ده‌بی تازه بابه‌ته، مێژووی سه‌رهه‌ڵدانی له زۆربه‌ی وڵاتانی جیهاندا، بۆ قۆناغێكی نزیك ده‌گه‌ڕێته‌وه.. بۆ یه‌كه‌مین جار له جیهاندا، له سه‌ده‌ی هه‌ژده‌میندا، له وڵاتی (فه‌ره‌نسا) له‌دایكبوو.. یه‌كه‌مین گۆڤاری منداڵان له نێوان ساڵانی (1747-1791) له (فه‌ره‌نسا) دا به‌ناوی (هاوڕێی منداڵان)ه‌وه ده‌رچوو.. به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌م گۆڤاره نووسه‌رێكی ئه‌ده‌بدۆستی منداڵان بوو، ناوی خۆی ئاشكرا نه‌كرد، به‌ناوی خوازراوی (هاوڕێی منداڵان)ه‌وه گۆڤاره‌كه‌ی ده‌ركرد.. كه به زمانێكی ئاسان و شیرین و به شێوازێكی ناسك و ره‌وان بابه‌ته‌كانی داده‌ڕشتن. ده‌ركردنی ئه‌م گۆڤاره هه‌نگاوێكی ده‌ستپێكی تازه بوو له بواری راگه‌یاندن و ئه‌ده‌بی منداڵاندا، هانده‌رێكی باشیش بوو بۆ نووسه‌رانی ئه‌ده‌بی منداڵان.. ئه‌م گۆڤاره چه‌ندین چیرۆكی منداڵانی له وڵاتانی تره‌وه وه‌رگرت و وه‌ریگێڕایه سه‌ر زمانی فه‌ره‌نسی و پێشكه‌شی به منداڵانی فه‌ره‌نسا كرد.. (هاوڕێی منداڵان) توانی بۆشاییه‌كی گه‌وره له حه‌زو ئاره‌زووه‌كانی منداڵان پڕبكاته‌وه، چێژێكی زۆریان له خوێندنه‌وه‌ی بابه‌ته هه‌مه‌ڕه‌نگ و خۆش و به‌سووده‌كانی وه‌رده‌گرت.. به‌ڵام له سه‌ره‌تادا به زۆری منداڵانی رۆشنبیری چینی برجوازی توانای كڕین و خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م گۆڤاره‌یان هه‌بوو.. له‌به‌ر گرانی نرخه‌كه‌ی، به‌شێكی زۆری منداڵان كه‌مده‌رامه‌تی فه‌ره‌نسا توانای كڕینیان نه‌بوو، بێبه‌ش بوون له خوێندنه‌وه‌ی.
هه‌ندێك له‌و كه‌سانه‌ی كه باس له مێژووی سه‌رهه‌ڵدانی گۆڤاری منداڵان ده‌كه‌ن، ده‌ڵێن یه‌كه‌مین گۆڤاری منداڵان له جیهاندا، له ساڵی (1830) دا له فه‌ره‌نسا ده‌رچوو.. به‌ڵام به‌شێكی هه‌ره زۆری سه‌رچاوه‌كان زۆرتر جه‌خت له‌سه‌ر مێژووی نێوان ساڵانی (1747-1791) ده‌كه‌نه‌وه.
له (وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا) شدا رۆژنامه‌نووس (جۆزیف پولیتزه‌ر) به‌ڕێوه‌به‌رو سه‌رنووسه‌ری رۆژنامه‌ی (ورڵد: جیهان) له ساڵی (1898) دا پاشكۆیه‌كی تایبه‌تی ئه‌م رۆژنامه‌یه‌ی بۆ منداڵان ده‌رده‌كرد، له‌م پاشكۆیه‌دا به زنجیره وێنه‌یه‌كی كێشراوی جوان، كه وێنه‌كێشی به‌ناوبانگی ئه‌مریكی (ئۆتكوڵت) ده‌یكێشان، له‌گه‌ڵ سێناریۆدا، له شێوه‌ی چیرۆكدا، گه‌شته‌كانی منداڵێكی سه‌ركێشی ئه‌مریكی له شه‌قامه‌كانی شاری (نیویۆرك) ده‌گێڕایه‌وه.. ده‌رچوونی ئه‌م پاشكۆیه له‌و سه‌رده‌مه‌دا به بابه‌تێكی تازه‌ی ئه‌ده‌بی ناوزه‌ندكرا.. دوابه‌دوای ئه‌م پاشكۆیه له ئه‌مریكادا چه‌ندین گۆڤاری گشتی و تایبه‌تی بابه‌ت هه‌مه‌ڕه‌نگه بۆ منداڵان ده‌ركران.
له وڵاتی (ئینگلته‌را) شدا خاتوو (په‌ری) له ساڵی (1915) دا یه‌كه‌مین گۆڤاری له ئینگلته‌را بۆ منداڵان ده‌ركرد به‌ناوی (باخچه‌ی قوتابخانه)ه‌وه.. ئه‌و چێژ‌و خۆشی و سووده‌ی منداڵانی ئینگلته‌را له خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م گۆڤاره وه‌ریانده‌گرت، له كتێبه ته‌ڵقین ئاسایی و وشكه رێنمایی و ئامۆژگارییه‌كانی قوتابخانه‌دا نه‌بوون.
له (یه‌كێتی سۆڤیه‌تی) ی پێشوودا گۆڤاره‌كانی منداڵان بریتیبوون له‌و گۆڤارانه‌ی كه پارتی كومۆنیست ده‌ریده‌كردن، گرنگترینیان گۆڤاری (پێشڕه‌وان) بوو كه به بیری سۆشیالیستی و به هزری كۆمۆنیستی منداڵانیان گۆش و ئاڕاسته ده‌كرد.. هیچ لایه‌نێكی تر مافی ئه‌وه‌ی نه‌بوو كه گۆڤار بۆ منداڵان ده‌ربكات.
له (ئه‌فریقا) دا یه‌كه‌مین گۆڤاری منداڵان له ساڵی (1944) دا له وڵاتی (نه‌یجیریا) ده‌رچوو كه پاشكۆیه‌كی مانگانه‌ی رۆژنامه‌ی (نه‌یجیریای تازه) بوو.
له ئه‌مڕۆدا ژماره‌ی ئه‌و گۆڤاره مانگانانه‌ی كه له وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكادا بۆ منداڵان ده‌رده‌چن، نزیكه‌ی (450) گۆڤاری مانگانه‌ن، له ئینگلته‌راشدا زیاتر له (109) گۆڤار بۆ منداڵان ده‌رده‌چن، له (ئه‌ڵمانیا)شدا (خانه‌ی مزو بۆ چاپه‌مه‌نی) به‌ته‌نها مانگانه (18) گۆڤار بۆ منداڵان ده‌رده‌كات.
گۆڤاره‌كانی منداڵان له وڵاتانی عه‌ره‌بیدا:
له (وڵاتانی عه‌ره‌بی) دا بۆ یه‌كه‌مین جار له وڵاتی (میسر) دا یه‌كه‌مین گۆڤار بۆ منداڵانی عه‌ره‌ب به ناوی (روضه المدارس: باخچه‌ی قوتابخانه‌كان)ه‌وه له نێوان ساڵانی (1870-1877) دا مانگی دوو جار ده‌رده‌چوو، سه‌رنووسه‌ری ئه‌م گۆڤاره (عه‌لی فه‌همی) بوو، له‌لایه‌ن نووسه‌ری ناسراوی میسری (روفاعه ته‌هتاوی)ه‌وه سه‌رپه‌رشتی ده‌كرا.. ئه‌م گۆڤاره له به‌رهه‌مهێنانی قوتابیان بوو، بابه‌تی چیرۆك و شیعر‌و زانیاری له‌خۆگرتبوو.. گۆڤاری (السندباد: 1952) له‌لایه‌ن نووسه‌ری بواری منداڵان (محه‌مه‌د سه‌عید ئه‌لعوریان)ه‌وه دامه‌زراو به‌ڕێوه‌ی ده‌برد.. له ساڵی (1893) دا سه‌ركرده‌ی نیشتمانی میسری (مسته‌فا كامیل) گۆڤارێكی بۆ منداڵان ده‌رده‌كرد به‌ناوی (المدرسه: قوتابخانه)ه‌وه.. مسته‌فا كامیل به بابه‌تی ئه‌ده‌بی و نیشتمانی و زانیاری ده‌یڕازانده‌وه.. هه‌ر له میسر ئه‌م گۆڤارانه‌ش بۆ منداڵان ده‌رده‌چوون، گۆڤاری (سه‌میر 1897، ئه‌نیس 1898، المدرسه: قوتابخانه 1903، الاولاد: منداڵان 1923)
له (سوریا) له (9-4-1913) دا گۆڤاری (الناشئه: تازه پێگه‌یشتوو) له (دیمه‌شق) دا بۆ منداڵان ده‌رچوو.. له مانگی جۆزه‌ردانی ساڵی (1946) دا گۆڤارێكی منداڵان به‌ناوی (الطفل: منداڵ) ه‌وه له شاری (حه‌له‌ب) ده‌رده‌چوو.. كه به یه‌كه‌مین گۆڤاری منداڵان له سوریا ناوده‌برێت، له ساڵی (1947) دا له شاری (دیمه‌شق) دا گۆڤاری (العندلیب - بولبول) بۆ منداڵان ده‌رچوو.. له (1-2-1969) دا گۆڤاری (ئوسامه) ده‌رچوو، كه سه‌رنووسه‌رو ده‌رهێنه‌ره‌كه‌ی شاعیر‌و چیرۆكنووسی ناسراوی بواری ئه‌ده‌بی منداڵان (زه‌كه‌ریا تامر) بوو.
تائێستادا له وڵاتانی عه‌ره‌بیدا نزیكه‌ی (100) گۆڤاری بۆ منداڵان ده‌رچوونه‌و بڵاوكراونه‌ته‌وه، ئه‌مانه‌ی خواره‌وه ناوی هه‌ندێك له‌و گۆڤارانه‌ن كه له وڵاتانی عه‌ره‌بیدا ده‌رچوونه، یان ده‌رده‌چن:
له میسر: (سمیر: 1897)، (انیس الصغیر: 1898)، (مجله المدرسه: 1903) ، (سندباد: 1952)، (كروان: 1964)، (میكی: 1956)، (صندوق الدنیا: 1977)، (المسلم الصغیر: 1982)، (الفردوس: 1990)، (علا‌ءالدین: 1994)، (البلبل: 1998)، (خطوه)، (زمزم)، (سه‌میری بچكوك: 1956)... چه‌ند گۆڤارێكی تریش..
له سوریا: (الطفل: 1946، العندلیب: 1947، اسامه: 1969، الطلیعی: 1983، القمر الصغیر، نیلوفر)
له سعودیه: (الروضه، حسن، باسم: 1987، الشبل، الرواد، سنان، فراس، اطفال الیمامه)
له كوه‌یت: (العربی الصغیر: 1986، سعد: 1969، براعم الایمان: 1980، سدره، إفتح یا سمسم، سلام، شاهین، العصافیر)
له لوبنان: (سامر: 1979، احمد، بساط الریح، سندباد، توته توته: 2000، هزار، گرزان، اسامه، لولو، سوبرمان، الوطواط)
له ئوردن: (فراس، سامر، وسام، براعم عمان)
له قه‌ته‌ر: (حه‌مه‌دو سحر: 1987، مشاعل، زهرات و زهور، راشدو نوره)
له تونس: (عرفان: 1966، الشیماء، شهلول: 1984، قوس قزح: 1984)
له مه‌غریب: (ازهار، براعم، مناهل الاطفال)
له یه‌مه‌ن: (الهدهد، اسامه، الطفوله)
له جه‌زائیر: (جریدتی، امقیدش)
له سودان: (الصبیان: 1946، مربود)
له ئه‌بوزه‌بی: (ماجد: 1979، فرسان)
له دبه‌ی: (خالد)
له ئیمارات: (ماجد: 1979)
له لیبیا: (الامل)
له عومان: (البراعم)
له فه‌له‌ستین: (ینابیع)
له ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بیشدا، ئه‌م گۆڤارانه بۆ منداڵان به زمانی عه‌ره‌بی ده‌رده‌كرێن: (السنابل - له ئه‌مریكا، مرحبا - له ئیتالیا، ئه‌م گۆڤارانه‌ش له به‌ریتانیا له له‌ندن ده‌رده‌چوون: باسم 1986، فراس 1996، الرواد 1996، بناه المستقبل، سامر، احمد، سندباد، بساط الریح)
گۆڤاره‌كانی منداڵان له عیراق:
مێژووی داهێنانی گۆڤاری منداڵان له عیراقدا بۆ سه‌رده‌مێكی نزیك ده‌گه‌ڕێته‌وه، لێره‌دا، مه‌به‌ستمان له عیراق، ناوه‌ڕاست و باشووری عیراقه، چونكه باشووری كوردستان به‌شێك نه‌بووه له عیراق و به غه‌درو به زۆر‌و به پیلانێكی ده‌وڵه‌ته زلهێزه‌كان لكێنرا به عیراقه‌وه.. ئه‌مانه ناوی ئه‌و گۆڤارانه‌ن كه له عیراق ده‌رده‌چوون، له‌وانه گۆڤاری (مجلتی) و (المزمار) ئیستاش ده‌ده‌چن..
1- گۆڤاری (التلمیذ العراقی: قوتابی عیراقی) یه‌كه‌مین گۆڤاری منداڵانه كه به زمانی عه‌ره‌بی له عیراقدا ده‌رچوو، یه‌كه‌مین ژماره‌ی له مانگی ئوكتۆبه‌ری ساڵی (1923) دا ده‌رچوو، گۆڤارێكی قوتابخانه‌یی په‌روه‌رده‌یی بوو هه‌فتانه بوو، خاوه‌نی ئیمتیاز (سه‌عید فه‌هیم) بوو، به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌شی (مسته‌فا عه‌لی ئه‌فه‌ندی) بوو.
2- گۆڤاری (الكشاف العراقی: دیده‌وانی عیراق) له (15-6-1924) دا یه‌كه‌مین ژماره‌ی لێ ده‌رچوو، خاوه‌نه‌كه‌ی (مه‌حمود نه‌دیم) بوو، گۆڤارێكی زانیاری و ئه‌ده‌بی و رێنمایی بوو، به‌تایبه‌تیش زۆربه‌ی بابه‌ته‌كانی په‌یوه‌ندییان به دیده‌وانییه‌وه هه‌بوو، مانگی دووجار ده‌رده‌چوو.
3- گۆڤاری (المدرسه: قوتابخانه) یه‌كه‌مین ژماره‌ی له (15-5-1926) دا ده‌رچوو، خاوه‌نه‌كه‌ی (مه‌حمود نه‌دیم) بوو.
4- رۆژنامه‌ی (التلمیذ: قوتابی ) له ساڵی (1929) دا یه‌كه‌مین ژماره‌ی لێ ده‌رچوو.
5- گۆڤاری (الطلبه: قوتابی، خوێندكار) یه‌كه‌مین ژماره‌ی له مانگی یانواری ساڵی (1932) دا ده‌رچوو، خاوه‌نه‌كه‌ی (عه‌باس فه‌زڵی خه‌ماس) بوو.. گۆڤارێكی رۆشنبیری گشتی هه‌فتانه بوو.
6- گۆڤاری (الفتوه: نه‌وجه‌وانان) له ساڵی (1934) دا ده‌ده‌چوو.
7- گۆڤاری (دنیا الاطفال: دنیای منداڵان) یه‌كه‌مین ژماره‌ی له مانگی جۆزه‌ردانی (1945) دا ده‌رچوو، له‌لایه‌ن زه‌كی حه‌سه‌نی (عه‌مو زه‌كی) و (حه‌مید ئه‌لمحه‌ل)ه‌وه ده‌رده‌كرا.
8- گۆڤاری (روضه الاطفال: باخچه‌ی منداڵان) له نێوان ساڵانی چله‌كان بۆ په‌نجاكان ده‌رده‌چوو.
9- گۆڤاری (سند و هند) له ساڵی (1958) دا یه‌كه‌مین ژماره‌ی ده‌رچوو.
10- گۆڤاری (صندوق الدنیا: سه‌نووقی دنیا) یه‌كه‌مین ژماره‌ی له مانگی گوڵانی (1959) دا ده‌رچوو، خاوه‌نه‌كه‌ی (حه‌مید ئه‌لمحه‌ل) بوو.
11- گۆڤاری (جنه الاطفال: به‌هه‌شتی منداڵان) یه‌كه‌مین ژماره‌ی له ساڵی (1960) دا ده‌رچوو، خاوه‌نی ئیمتیاز (سه‌لمه محه‌مه‌د ئه‌لنائیب) بوو، به‌ڕێوه‌به‌رو ده‌رهێنه‌ره‌كه‌شی پارێزه‌ر (ناسر كه‌ماله‌دین) بوو، له‌لایه‌ن (عه‌مو زه‌كی) یه‌وه سه‌رپه‌رشتی ده‌كرا.
12- گۆڤاری (المدارس: قوتابخانه‌كان) یه‌كه‌مین ژماره‌ی له نیوه‌ی یه‌كه‌می ساڵی (1961) دا ده‌رچوو، گۆڤارێكی وه‌رزی بوو له‌لایه‌ن (هاشم خه‌یات)ه‌وه ده‌رده‌هێنرا.
13- گۆڤاری (مجلتی: گۆڤاره‌كه‌م) یه‌كه‌مین ژماره‌ی له مانگی گوڵانی (1963) دا ده‌رچوو.. گۆڤارێكی مانگانه‌ی گشتی بوو، له‌لایه‌ن كۆمپانیای نیشتمانی بۆ رۆژنامه ده‌رده‌كرا.
14- گۆڤاری (الف لیله‌ولیله: هه‌زارو یه‌ك شه‌و) یه‌كه‌مین ژماره‌ی له (مانگی یانواری ) ساڵی (1964) دا ده‌رچوو.. رێییان پێدا كه له قوتابخانه‌كاندا بڵاوبكرێته‌وه.
15- گۆڤاری (الظریف: زه‌ریف) یه‌كه‌مین ژماره‌ی له ساڵی (1968) دا ده‌رچوو، گۆڤارێكی هه‌فتانه بوو، خاوه‌ن و سه‌رنووسه‌رو ده‌رهێنه‌ره‌كه‌ی خاتوو (رابیحه جومه‌یلی) بوو.. به‌ڕێوه‌به‌ركه‌شی (ئیبراهیم شێخلی) بوو.
16- گۆڤاری (الجیل الجدید: نه‌وه‌ی تازه) یه‌كه‌مین ژماره‌ی له ساڵی (1968) دا ده‌رچوو، له‌لایه‌ن (عه‌مو زه‌كی)ه‌وه ده‌رده‌كرا.
17- گۆڤاری (مجلتی: گۆڤاره‌كه‌م) یه‌كه‌مین ژماره‌ی له (24-12-1969) دا ده‌رچوو.. گۆڤارێكی هه‌مه‌ڕه‌نگه‌ی گشتی مانگانه‌یه، له سه‌ره‌تادا له‌هه‌ر ژماره (10000)ی لێ چاپده‌كرد.. له دواییدا گه‌یشته (250000) دانه له‌هه‌ر مانگێكدا.. كه‌چی له ئێستادا مانگانه (7000) دانه‌ی لێ چاپده‌كه‌ن.. ده‌رچوونی گۆڤاری (مجلتی) وه‌رچه‌رخانێك بوو له بواری گۆڤاری منداڵان و گه‌شه‌كردنی رۆشنبیری و ئه‌ده‌بی منداڵان له عیراقدا.
18- گۆڤاری (المزمار: زوانا) له پێشا رۆژنامه‌یه‌كی رۆژانه بوو بۆ منداڵان، یه‌كه‌مین ژماره‌ی له مانگی دێسه‌مبه‌ری (1970) دا ده‌رچوو.. له دواییدا بوو به (المزمار) بوو به گۆڤارێكی هه‌فتانه‌ی گشتی بۆ منداڵان، بۆ هه‌ر ژماره‌یه‌كی (10000) دانه‌یان لێ چاپده‌كرد، تا گه‌یشته (250000) بۆ هه‌ر دانه‌یه‌ك.. ئێستاش ده‌رده‌چێت، به‌ڵام مانگی (7500) دانه‌ی لێ چاپده‌كه‌ن، (د.جه‌مال ئه‌لعه‌تابی) سه‌رپه‌رشتی نووسین و ده‌رهێنانی ئه‌م گۆڤاره‌ی ده‌كرد.
19- هه‌ریه‌كه له‌م رۆژنامانه لاپه‌ڕه‌یه‌ك یا پاشكۆیه‌كی تایبه‌تیان بۆ منداڵان ده‌رده‌كرد له‌وانه‌ش: (رۆژنامه‌ی الصباح: به‌یانی)، (رۆژنامه‌ی طریق الشعب: رێگای گه‌ل)
له ساڵی ده‌رچوونی هه‌ندێ له گۆڤاره‌كانی منداڵاندا، له سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه بۆ سه‌رچاوه‌یه‌كی تر، كه‌می جیاوازی هه‌یه.. بۆ نموونه، گۆڤاری (التلمیذ العراقی: قوتابی عیراقی) له هه‌ندێ سه‌رچاوه‌دا نووسیوێتی له ساڵی (1922) ده‌رچووه، به‌ڵام به‌شێكی تری سه‌رچاوه‌كان له‌وانه‌ش، د.جه‌میل حه‌مداوی ساڵی (1923) به راست ده‌زانێت.. هه‌روه‌ها له گۆڤاره عه‌ره‌بییه‌كانی تردا بۆ منداڵان، كه‌مێك جیاوازی له ساڵه‌كاندا هه‌یه.
گۆڤاری ئه‌لیكترۆنی بۆ منداڵان:
شۆڕشی ته‌كنۆلۆجیاو داهێنان و پێشكه‌وتن به‌رده‌وامه‌و وه‌ستانی نییه، رۆژ له‌دوای رۆژ شتی تازه‌ترو سه‌یرو سه‌مه‌ره‌تر داده‌هێنرێن و ده‌یانبینین و ده‌كه‌ونه خزمه‌تی مرۆڤه‌وه.. تیشكی داهێنان و پێشكه‌وتن، بواری راگه‌یاندن و رۆژنامه‌و گۆڤاریشی گرتووه.. له ئه‌مڕۆدا له جیهاندا ژماره‌یه‌كی زۆری رۆژنامه‌و گۆڤار‌و كتێبی ئه‌لیكترۆنی ده‌رده‌چه‌ن و بڵاوده‌كرێنه‌وه.. له ئه‌مڕۆدا گۆڤاری ئه‌لیكترۆنی و گۆڤاری كاغه‌ز له ململانێدا، دڵنیام سه‌ركه‌وتن بۆ گۆڤاری ئه‌لیكترۆنی ده‌بێت.. ئاخۆ دوای ده ساڵی تر ده‌بێت چ گۆڕانكاری و چ تازه‌گه‌رییه‌ك له‌م بواره‌و له هه‌موو بواره‌كانی تردا رووبده‌ن.. چونكه ئاره‌زووه‌كان و پێویستییه‌كانی مرۆڤ بۆ پێشكه‌وتن و داهێنان ناوه‌ستێت؟
با له باسه‌كه‌مان دوورنه‌كه‌وینه‌وه، شه‌پۆلی ئه‌لیكترۆنی نه‌مانباته قووڵایی ده‌ریای پان و به‌رینی ئه‌لیكترۆنییه‌وه.. كه بۆ نابه‌ڵه‌دێكی وه‌كو ئێمه، نه‌توانین به باشی و دروستی مه‌له‌ی تێدا بكه‌ین.
گۆڤاری ئه‌لیكترۆنی منداڵان، ئه‌و گۆڤارانه‌ن كه له‌سه‌ر تۆڕی ئینته‌رنێتدا بڵاوده‌كرێنه‌وه، له شێوه‌ی گۆڤارێكی چاپكراودا، كه له‌سه‌ر په‌رده‌ی كۆمپیوته‌ری ئه‌لیكترۆنی، به وێنه‌و ده‌نگ و ره‌نگ و وێنه‌ی جۆڵاو بڵاوده‌بنه‌وه.. یاخود ده‌قی وێنه‌و كۆپی گۆڤاره‌چاپكراوه‌كانن.
تائیستا ژماره‌یه‌كی زۆری سایت و ماڵپه‌ڕی ئه‌لیكترۆنی كوردیمان هه‌یه كه به زمانی كوردی بابه‌ته‌كانیان بڵاوده‌كه‌نه‌وه.. به‌ڵام به‌داخه‌وه كه زۆربه‌یان بابه‌ته‌كانی منداڵان په‌راوێز ده‌كه‌ن و به شایانی بایه‌خپێدان و بڵاوكردنه‌وه نازانن.. هه‌ڵبه‌ته خاوه‌نی ئه‌م سایت و ماڵپه‌ڕانه ئه‌وه نازانن كه منداڵان هه‌موو شتێكن و گرنگترین سامان و سه‌رمایه‌ی گه‌له‌كه‌مانن و زۆر له سامانی نه‌وت و زێڕیش به‌نرخترو گرنگترن.. كوردیله‌كانی ئه‌مڕۆمانن كه هیوای داهاتووی كورد‌و كوردستانن.. چاره‌نووس و داهاتووی گه‌له‌كه‌مان له راده‌ی چۆنییه‌تی گۆشكردن و په‌روه‌رده‌كردن و رێنمایی و ئاڕاسته‌كردنی ئه‌مڕۆی منداڵه‌كانماندا به‌دیده‌كرێن.. چی بچانین ئه‌وه دروێنه ده‌كه‌ین.
گه‌لی جیاوازی له نێوان گۆڤاری كاغه‌زو گۆڤاری ئه‌لیكترۆنیدا هه‌یه، بۆ نموونه ته‌نها باس له دوو جیاوازی ده‌كه‌ین، له‌ڕووی داراییه‌وه گۆڤاری كاغه‌ز پاره‌یه‌كی باشی ده‌وێت بۆ درێژه‌دان و پێشكه‌وتن و جوانتر رازانه‌وه‌ی.. به‌ڵام گۆڤاری ئه‌لیكترۆنی هه‌روه‌كو ئه‌وه‌یه كه به‌خۆڕایی بێت.. نووسه‌ر به ئه‌وپه‌ڕی ئازادییه‌وه‌و به‌بێ سانسۆر ده‌توانێت له گۆڤاره ئه‌لیكترۆنییه‌كاندا راوبۆچوون و نووسینه‌كانی خۆی بڵاوبكاته‌وه، به‌ڵام ئه‌م ئازادییه‌ی له گۆڤاری كاغه‌زدا سنوورداره.
هیوادارم، ئه‌و دڵسۆزانه‌ی توانا‌و شاره‌زاییان له دامه‌زراندنی ماڵپه‌رو سایتی منداڵاندا هه‌یه‌و ده‌توانن سه‌ركه‌وتوو بن له به‌ڕێوه‌بردن و درێژه‌پێدانی، دڵسۆزی خۆیان بنوێنن و خۆیان لای منداڵانی كوردمان و لای نووسه‌رانی بواری رۆشنبیری و ئه‌ده‌بی منداڵان شیرین بكه‌ن و ده‌ستپێشكه‌ری بكه‌ن بۆ كردنه‌وه‌ی ماڵپه‌ڕێكی ئه‌لیكترۆنی تایبه‌ت به منداڵانی كوردمانـ پێشڕه‌و و ده‌ستپێشكه‌ر بن بۆ ده‌رهێنانی گۆڤارێكی كوردی ئه‌لیكترۆنی بۆ منداڵانی كوردمان.. دڵنیابن له‌وه‌ی كه زۆر نووسه‌رو رۆشنبیری بواری ئه‌ده‌بی منداڵان، زۆر خه‌مخۆری منداڵان هه‌ن، پێشوازی و ده‌ستخۆشیتان لێده‌كه‌ن و هاوكارتان ده‌بین و به‌شداری له سه‌ركه‌وتن و له پێشكه‌وتنی پرۆژه‌یه‌كی پێویستی وادا ده‌كه‌ین.. سه‌ره‌تای هه‌موو كارێكیش بیرۆكه‌و قسه‌كردنه.. ئینجا نه‌خشه‌دانان و جێبه‌جێكردنه.. ده‌ڵێن (بڕینی ماوه‌ی هه‌زار كیلۆمه‌تر.. به هه‌نگاوێكی سه‌ره‌تا ده‌ستپێده‌كات)
خوێنه‌رانی دڵسۆز: (به‌شی دووه‌م)یشم نووسیوه كه ده‌رباره‌ی (گۆڤاره كوردییه‌كانی منداڵانی كورد)ـه.. كه له هه‌فته‌ی داهاتوودا به‌رچاوتان ده‌كه‌وێت...
ره‌زا شوان - نه‌رویج
هەواڵی زیاتر
-
سەرۆک بافڵ بەشداری پرسەی هەڤاڵ عەلی شامار تێکۆشەری دێرین دەکات
07:37 PM - 2024-04-23 -
کوردێک دەبێتە بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی وەبەرهێنانی سەلاحەدین
04:11 PM - 2024-04-23 -
فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لەسەر مەزاری مام کۆتایی بە ئەرکەکەی هێنا
12:02 PM - 2024-04-23 -
لێپرسراوی نوێی مەڵبەندی چەمچەماڵی یەکێتی دەستبەکار دەبێت
10:52 AM - 2024-04-23
ئەمانەش ببینە
PUKMEDIA به‌شێك له‌گفتوگۆكانی كۆبوونه‌وه‌ی سودانی و بلینكن بڵاوده‌كاته‌وه
03:28 PM - 2024-04-23
قوباد تاڵەبانی داوای لابردنی گەمارۆی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی دەکات
11:33 AM - 2024-04-23
ئەمڕۆ خەڵاتی زێرینی بلە دابەشدەکرێت
09:29 AM - 2024-04-23
سەرۆککۆماری عیراق و تورکیا: کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەربکرێن
03:19 PM - 2024-04-22
زۆرترین خوێنراو
-
سەرۆک بافڵ بەشداری پرسەی هەڤاڵ عەلی شامار تێکۆشەری دێرین دەکات
کوردستان 07:37 PM - 2024-04-23 -
پرسەنامەی شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ بۆ خانەوادەی مامۆستا جەمال هیدایەت
پرسەنامە 06:36 PM - 2024-04-23 -
خەڵاتی زێڕینی بلە بە 10 کەسایەتی نمونەیی بەخشرا
کوردستان 04:30 PM - 2024-04-23 -
کوردێک دەبێتە بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی وەبەرهێنانی سەلاحەدین
کوردستان 04:11 PM - 2024-04-23 -
PUKMEDIA به‌شێك له‌گفتوگۆكانی كۆبوونه‌وه‌ی سودانی و بلینكن بڵاوده‌كاته‌وه
کوردستان 03:28 PM - 2024-04-23 -
فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لەسەر مەزاری مام کۆتایی بە ئەرکەکەی هێنا
کوردستان 12:02 PM - 2024-04-23 -
قوباد تاڵەبانی داوای لابردنی گەمارۆی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی دەکات
کوردستان 11:33 AM - 2024-04-23 -
لێپرسراوی نوێی مەڵبەندی چەمچەماڵی یەکێتی دەستبەکار دەبێت
ی ن ک 10:52 AM - 2024-04-23