riklam

كۆمه‌ڵه‌ی كلتوری شاری دیورن ده‌سته‌ی كارگێڕی نوێ هه‌ڵده‌بژێرێت

تاراوگە‌‌ 11:31 AM - 2015-01-29
به‌رنامه‌ی داهاتووی كۆمه‌ڵه‌كه‌یان داڕشت

به‌رنامه‌ی داهاتووی كۆمه‌ڵه‌كه‌یان داڕشت

له‌ شاری دیورنی رۆژئاوای ئه‌ڵمانیا، كۆمه‌ڵه‌ی كوردی كارو چالاكییه‌كانی هه‌ڵده‌سه‌نگینێت و له‌ پرۆسه‌یه‌كی دیموكراسیدا ده‌سته‌یه‌كی نوێی كارگێڕی هه‌ڵده‌بژیرێت و به‌رنامه‌ی داهاتووی خۆی داده‌ڕێژێت.

رۆژی 24-1-2015 كۆمه‌ڵه‌ی كوردی له‌ شاری دیورنی رۆژئاوای ئه‌ڵمانیا كۆنفرانسی نوێكردنه‌وه‌ی خۆی ئه‌نجامداو دوای هه‌ڵسه‌نگاندن و پێداچوونه‌وه‌و خوێندنه‌وه‌ی راپۆرتی گشتی و كارو چالاكییه‌كانی، به‌رنامه‌ی داهاتووی كۆمه‌ڵه‌كه‌یان داڕشت.

كۆمه‌ڵه‌ی كوردی شاری دیورن كۆمه‌ڵه‌یه‌كی دانپێدانراوه‌و له‌به‌ر رۆشنایی یاسای ئه‌ڵمانیدا ساڵانێكه‌ وه‌ك نموونه‌ی رێكخراوێكی ئه‌كتیف كارده‌كات و رۆڵ و كاریگه‌ری خۆی هه‌بووه‌و توانیوێتی ببێته‌ پردێك بۆ به‌یه‌كگه‌یشتنی كوردو نه‌ته‌وه‌كانی ترو تێكه‌ڵبوون و ئاوێته‌بوون به‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌ڵمانی و ئاڕاسته‌كردنی نه‌وه‌ی نوێ و خێزانه‌كان به‌ره‌و پێكه‌وه‌ ژیان و لێبورده‌یی و سوود وه‌رگرتن له‌ یاساكانی ئه‌ڵمانیاو رێزگرتن له‌ كلتووره‌كان و خوێندنه‌وه‌ بۆ یه‌كتری و دیالۆگ و ئایین و نه‌ته‌وه‌كان.

له‌و كۆنفرانسه‌دا رێز له‌ شه‌هیدانی سه‌ربه‌رزی نه‌ته‌وه‌كه‌مان نراو هاوسۆزی بۆ ئاواره‌كانی رۆژئاوا ده‌ربڕاو پشتگیری هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ شه‌ڕی دژی داعشدا به‌ ئه‌ركی هه‌نوكه‌یی هه‌موو تاكێكی كورد زانرا.

هه‌ر له‌ كۆنفرانسه‌كه‌دا هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ر بایه‌خی كۆمه‌ڵه‌كه‌و پێگه‌و كاریگه‌رییه‌كانی وه‌ك رێكخراوێكی خزمه‌تگوزاری و كلتووری كرایه‌وه‌و گه‌شه‌پێدان و پێشخستن و فۆرمه‌له‌كردنه‌وه‌شی بووه‌ ئامانج و په‌یامی كۆنفرانسه‌كه‌.

دڵسۆز مه‌جید له‌ په‌یوه‌ندییه‌كدا له‌گه‌ڵ PUKmedia ئامانجی كۆنفرانسه‌كه‌ی خسته‌ڕوو و رایگه‌یاند: ئێمه‌ دوو ساڵ جارێك له‌به‌ر رۆشنایی په‌یڕه‌وی كۆمه‌ڵگه‌دا كۆنفرانسی كۆمه‌ڵه‌كه‌مان سازده‌كه‌ین، بێگومان (كۆمه‌ڵه‌ی كوردی دیورن) ساڵانێكه‌ رۆڵێكی گه‌وره‌ی بینیوه‌و له‌و شاره‌دا به‌ رێكخراوێكی ئه‌كتیف له‌ به‌رچاوی پێكهاته‌ی نه‌ته‌وه‌كانی ترو ئه‌ڵمانه‌كاندا ناسراوه‌و له‌به‌ر رۆشنایی یاسای ئه‌ڵمانی و به‌رنامه‌ی دانپێدانراوی خۆیدا كاره‌كانی به‌ڕێوه‌ده‌بات، ساڵانی رابردووش به‌رده‌وام ئه‌وه‌ی سه‌لماند كه‌ ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه‌ چ رۆڵێكی بینیوه‌ له‌ پرسه‌ نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كاندا، به‌وشێوه‌یه‌ی له‌ هه‌موو چالاكییه‌كاندا به‌شداری كردووه‌و كاریگه‌ری خۆی نواندووه‌، چ له‌ به‌رنامه‌ی رێكخراوه‌كه‌دا، چ له‌ به‌شداریكردن له‌ رێپێوان و خۆپیشاندانه‌كاندا، كه‌ بۆ پشتگیری كوردستان ئه‌نجامدراوه‌ چ له‌ كۆكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ك و یارمه‌تی بۆ ئاواره‌كان و ناساندنی كورد به‌ نه‌ته‌وه‌كانی جیهان و پیشاندانی رووه‌ جوانه‌كانی ژیان و خه‌بات و شارستانی گه‌له‌كه‌مان.

وتیشی: كۆمه‌ڵه‌كه‌مان زۆربه‌ی رۆژانی شه‌ممه‌ له‌ شاره‌كانی دوسلدورف و ئێسن و كۆڵن به‌شداری ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ی كردووه‌ كه‌ دژی داعش و بۆ پشتگیری شه‌ڕی روبه‌ڕووبونه‌وه‌ی تیرۆرو پێشمه‌رگه‌و شه‌ڕڤانانی كۆبانێ و خۆڕاگریان ئه‌نجامدراوه‌.

تیشكی خسته‌سه‌ر هه‌ندێك له‌و كارانه‌ی كه‌ له‌ماوه‌ی رابردوودا به‌دیاریكراوی ئه‌نجامیان داوه‌و له‌توانایاندایه‌ ئه‌نجامی بده‌ن، له‌وانه‌ كۆمه‌ڵه‌ی كلتوری كوردی دیورن ئه‌ندامه‌ له‌ ئینستیوتی ( Auslandische Frauen im Kreis Düren)ی ئه‌ڵمانیدا، هه‌روه‌ها له‌ (فلشیلینگه‌ براتوون) تایبه‌ت به‌ هاوكاری ئه‌و خه‌ڵكه‌ كۆچبه‌رانه‌ی تازه‌ دێنه‌ ئه‌ڵمانیاوه‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌ به‌رده‌وام هاوكاریان ده‌كات، هه‌روه‌ها چه‌ند گروپێكی چالاكی هونه‌ریمان دروستكردووه‌ تا به‌رده‌وام بتوانن تواناكان له‌خۆبگرن و چالاكییه‌كان هه‌مه‌ڕه‌نگ و فره‌ڕه‌نگ و فره‌ده‌نگ بكه‌ن، وه‌ك دروستكردنی گروپی موزیكی لاوانی شاری دیورن، هه‌روه‌ها گروپی كلتوورو فۆلكلۆری كوردی و راهێنانی منداڵان بۆ شانۆ.

راشیگه‌یاند: ئه‌م كارو چالاكییانه‌ی ئاماژه‌مان پێكردووه‌ له‌ماوه‌ی ساڵی رابردوودا توانیومانه‌ ئه‌نجامی بده‌ین و به‌رده‌وامیش ده‌بین له‌سه‌ری، خۆشحاڵیشین كه‌ یه‌كێك بووین له‌و رێكخراوانه‌ی زۆرترین چالاكیمان ئه‌نجامداوه‌، ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ی هه‌موو مانگێك جارێك چه‌ندین گه‌شت و خوانی كوردی و نه‌ته‌وه‌كانی تر ئاماده‌كراوه‌.

جێی باسه‌، له‌میانه‌ی گفتوگۆی چڕوپڕو كاره‌كانی كۆنفرانسی كۆمه‌ڵه‌ی كلتووری دیورن ماوه‌ی نێوان كۆنفرانس و كۆنفرانسێكی تری له‌ دوو ساڵه‌وه‌ به‌كۆی ده‌نگ كرایه‌ پێنج ساڵ و دواتر له‌ هه‌ڵبژاردنێكی تردا ده‌رگای خۆكاندیدكردن كرایه‌وه‌و دوای یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان (دڵسۆز مه‌جید) بۆ جارێكی تر به‌كۆی ده‌نگ به‌ لێپرسراوی كۆمه‌ڵه‌كه‌ هه‌ڵبژێردراو ده‌سته‌ی نوێی هاوكاری كه‌ پێكهاتوون له‌ هه‌ریه‌ك له‌ (وه‌لید مه‌جید به‌ ده‌نگی دووه‌م و ڤیان و له‌تیف رێكان.. له‌گه‌ڵیدا ده‌ستبه‌كاربوون).

له‌ كۆتایی كۆنفرانسه‌كه‌دا وێڕای پیرۆزبایی له‌ ده‌سته‌ی كارگێڕی نوێ، سوپاس و پێزانینیش ئاڕاسته‌ی هه‌موو ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی كۆمه‌ڵه‌كه‌ كرا كه‌ شه‌ونخونیان بۆ كۆكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ك و هاوكاری بۆ ئاواره‌كان كێشابوو.

PUKmedia   شه‌هاب عوسمان  -  ئه‌ڵمانیا

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket