riklam

شتاینمایه‌ر: پێگیدا زیان ناوبانگی ئه‌ڵمانیا ده‌گه‌یه‌نێت

جیهان 05:53 PM - 2015-01-26
پێگیدا زیان به‌ ناو و ناوبانگی ئه‌ڵمانیا ده‌گه‌یه‌نێت

پێگیدا زیان به‌ ناو و ناوبانگی ئه‌ڵمانیا ده‌گه‌یه‌نێت

فرانك شتاینمایه‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا رایگه‌یاند: بزوتنه‌وه‌ی(پێگیدا)و دژایه‌تی ئیسلام له‌سه‌ر ئاستی جیهان زیان به‌ناو و ناوبانگی ئه‌ڵمانیا ده‌گه‌یه‌نێت.

خۆپیشاندان دژبه‌ئیسلام بوونی ئه‌وروپا به‌رده‌وامی هه‌یه‌و ئه‌مڕۆش به‌دروشمی(دریسدن بۆهه‌موان)خۆپیشاندانی پێچه‌وانه‌ ده‌كرێ و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیاش ڕایگه‌یاند ئاماده‌نین دانوسان و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌دا بكه‌ین كه‌خۆیان ناو ناوه‌ سه‌ركرده‌و دژی ئیسلام ده‌وه‌ستنه‌وه‌.

دوای ئه‌وه‌ی دوشه‌ممه‌ی ڕابردو پۆلیسی ئه‌ڵمانیا به‌هۆكاری ئه‌گه‌ری كاری تیرۆریستی و ئه‌و زانیاریانه‌ی كه‌ له‌به‌رده‌ستیان بوو رێگای نه‌دا بزوتنه‌وه‌ی(پێگیدا)ی دژبه‌ ئیسلامبونی ئه‌وروپا له‌كاتی خۆیدا خۆپیشاندان بكات و دوای ئه‌وه‌ی كه‌(لوتس باخمان)دامه‌زرێنه‌ری ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ش ده‌ستی له‌كار كێشایه‌وه‌(پێگیدا)بڕیاری به‌رده‌وامی خۆپیشاندانه‌كانیداو ڕۆژانی دووشه‌ممه‌ی خۆپیشاندانه‌كانی به‌یه‌كشه‌ممه‌ گۆڕی وئێواره‌ی 25-1-2015 له‌شاری درێسدنی ئه‌ڵمانیا له‌سێزده‌هه‌مین خۆپیشانداندا زیاتر له‌ 17 هه‌زار كه‌س له‌لایه‌نگرانی پێگیدا كۆبونه‌وه‌و له‌نزیكیشیانه‌وه‌ 5 هه‌زاركه‌س له‌دژی ئه‌وخۆپیشاندانه‌ به‌دروشمی(دریسدن بۆهه‌موان)به‌هه‌مان شێوه‌ خۆپیشاندانیانكردو ئه‌مه‌ش بوه‌ هۆی چه‌ند پێكدادانێكی بچوك و پۆلیسیش ناچار په‌نای بۆهێزی زیاتر بردوو توانی كۆنترۆلی ره‌وشه‌كه‌ بكات و نه‌هێڵێ كێشه‌ی گه‌وره‌ی لێبكه‌وێته‌وه‌.

رۆژنامه‌ی بیڵدی ئه‌ڵمانی و كه‌ناڵه‌كانی تری راگه‌یاندن به‌گشتی له‌زمانی فرانك شتاینمایه‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیاوه‌ به‌رله‌خۆپیشاندانه‌كه‌ ئه‌وه‌ی ره‌تكرده‌وه‌ كه‌هیج جۆره‌ دیالۆگو دانوسانێك له‌گه‌ڵ سه‌رانی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌دا بكه‌ن كه‌دژایه‌تی ئیسلام ده‌كات و رایگه‌یاند من ئاره‌زووی قسه‌كردنم نییه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی كه‌خۆیان كردووه‌ به‌سه‌ركرده‌..!!

شتاینمایه‌ر وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا هۆشداریشیدا كه‌بزوتنه‌وه‌ی پێگیدا له‌سه‌ر ئاستی جیهان زیان به‌ناو و ناوبانگی ئه‌ڵمانیا ده‌گه‌یه‌نێ..ئه‌نجیلا مێركلی ڕاوێژكاری ئه‌ڵمانیاو سه‌رۆكی ئه‌ڵمانیاش چه‌ندینجار دووپاتیان كردۆته‌وه‌ ئه‌ڵمانیا بۆهه‌موانه‌و ئیسلام به‌شێكه‌ له‌كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌ڵمانی وڕێگه‌ به‌دیارده‌ی ڕه‌گه‌زپه‌رستی و دوژمنایه‌تیكردنی ئاین ونه‌ته‌وه‌و پێكهاته‌ جیاجیاكان نادرێ..شایانی باسه‌ بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ 26-1-2015 له‌شاری دریسدنی ئه‌ڵمانیا به‌دروشمی(دریسدن بۆهه‌موان)وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌ك به‌رامبه‌ر به‌پێگیدا ئاهه‌نگێكی گه‌وره‌ به‌به‌شداری هه‌زاران كه‌س سازبكرێ وزۆربه‌ی حزب وكه‌سایه‌تی ورێكخراوه‌كانی كۆمه‌لگای مه‌ده‌نی ئه‌ڵمانی ومافی مرۆڤ وفراكسیۆن و نوێنه‌ری حكومی وگه‌وره‌ هونه‌رمه‌ندان تیا به‌شداربن.

سه‌رچاوه‌كانی شاری دریسدن  ئه‌و خۆپیشاندانه‌ به‌ 40 هه‌زاركه‌س مه‌زه‌نده‌ ده‌كه‌ن و لاشیان وایه‌ په‌یامێكی تری پێكه‌وه‌ ژیان وخوێندنه‌وه‌یه‌ بۆپێكهاته‌و ئاین و پاراستنی ئه‌ڵمانیا وه‌ك ولاتی پێكه‌وه‌ ژیان و كرانه‌وه‌و مافه‌كانی مرۆڤ .

PUKmedia شه‌هاب عوسمان-ئه‌ڵمانیا


ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket