رێژه‌ی ماره‌بڕین له دادگا‌و ده‌ره‌وه‌ی دادگاكان
ریپۆرتاژ 10:23 AM - 2015-01-18ماره‌بڕین له‌ده‌ره‌وه‌ی دادگا یاسا ئه‌و كرداره‌ی به تاوان له قه‌ڵه‌مداوه یان سه‌رپێچی؟
ئایا دادگاكانی هه‌رێم چه‌ند ماره‌بڕینی رێپێداوه؟ له‌ماوه‌ی سێ ساڵی رابردوودا رێژه‌ی ماره‌بڕین و ماره‌بڕین له ده‌ره‌وه‌ی دادگاكانی هه‌رێم چه‌ند بووه؟
یه‌كێك له كۆڵه‌كه سه‌ره‌كییه‌كانی پێكهێنانی خێزان بریتییه له ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیری له‌سه‌ر بنه‌مای سۆز‌و خۆشه‌ویستی و رێزگرتن، جا شێواز‌و چۆنییه‌تی ئه‌نجامدانی ئه‌و پرۆسه‌یه ره‌نگه له كۆمه‌ڵگایه‌ك بۆ یه‌كێكی تر جیاوازبێت، گرنگ ئه‌وه‌یه هه‌ر وڵاتێك به‌مه‌به‌ستی رێكخستنی ئه‌و پرۆسه‌یه جگه له دابونه‌ریت و ئه‌ركه ئایینیه‌كان یاسای تایبه‌تی بۆ داناوه، ئه‌گه‌ر سه‌یری هه‌رێمی كوردستان بكه‌ین ئه‌وا ئه‌نجامدانی ئه‌و پرۆسه‌یه له‌لایه‌ن زۆرینه‌ی دانیشتوانی پشت ده‌به‌ستێت به شه‌ریعه‌تی ئیسلامی له‌سه‌ر ده‌ستی كه‌سایه‌تییه ئایینیه‌كان و هه‌روه‌ها له‌ڕووی یاساییه‌وه پشت ده‌به‌ستێت به یاسای باری كه‌سی عیراقی، له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا ئه‌گه‌ر لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر ئاستی پابه‌ندبوونی هاووڵاتیان به یاسای باری كه‌سی بۆ گرێبه‌ستی هاوسه‌رگیری بكه‌ین ئه‌وا ده‌بینین كێشه‌و گرفت هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وبابه‌ته چونكه رۆژانه ئه‌و دۆسیانه روبه‌ڕووی دادگاكانی هه‌رێم ده‌بێته‌وه، سه‌باره‌ت به ماره‌بڕین له ده‌ره‌وه‌ی دادگاكان و هه‌روه‌ها هاوسه‌رگیری دووه‌م و چه‌ندین گیروگرفتی تر كه شاره‌زایان پێیانوایه ماره‌بڕین له ده‌ره‌وه‌ی دادگاكان به یه‌كێك له كرداره‌كانی توندوتیژی دژی ئافره‌تان و ژنان هه‌ژمار ده‌كرێت چونكه ئه‌و ده‌ره‌نجامانه‌ی دێته‌كایه‌وه ره‌نگه ئافره‌ته‌كه زۆرترین زیانی پێبگات له‌ڕووی ماددی و مه‌عنه‌وییه‌وه، له‌پاڵ ئه‌مانه‌شدا رێژه‌ی رێپێدانی دادگاكان به هاوسه‌رگیری دووه‌م له ماوه‌ی 3 ساڵی رابردوودا ده‌خه‌ینه‌ڕوو.
له‌وباره‌یه‌وه كورده عومه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ئافره‌تان سه‌ر به وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له لێدوانێكیدا وتی: ئه‌گه‌ر چاوێك بخشێنینه‌وه به ساڵانی رابردوو ده‌بینین ئه‌و دیارده‌یه له ئاستێكی به‌رزدا بوو، به‌وه‌ی كه ماره‌بڕین له ده‌ره‌وه‌ی دادگاكانی هه‌رێم په‌ره‌ی سه‌ندبوو ئه‌وه‌ش خۆی له‌چه‌ند خاڵیك گرتبووه‌وه كه ئه‌مانه‌ن:
یه‌كه‌م: پیاوان به‌مه‌به‌ستی ماره‌بڕین بۆ ژنی دووه‌م روویان ده‌كرده دادگاكانی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم وه‌كو دادگاكانی مه‌خموورو گوێرو كه‌ركوك، كه به‌ڕاستی ئه‌و دیارده‌یه نیگه‌رانی كردبووین، بۆیه هه‌ستاین به خستنه‌ڕووی چه‌ندین به‌ڵگه ئاگاداری وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێم-مان كرده‌وه‌و وه‌زاره‌تیش هه‌ماهه‌نگی له‌َگه‌ڵ ئه‌و دادگایانه دروستكرد‌و به‌خۆشحاڵییه‌وه ده‌توانین بڵێین له ئێستادا ئه‌و دیارده‌یه بنبڕ بووه.
دووه‌م: ئه‌و كه‌سانه‌ی ماره‌بڕینیان ئه‌نجامده‌دا له ده‌ره‌وه‌ی دادگاكان به‌هۆی ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نی شیاوی هاوسه‌رگیریان نه‌بووه واته هێشتا ته‌مه‌نی 18 ساڵی ته‌واو نه‌كردووه، بۆیه په‌نا ده‌به‌نه‌به‌ر ماره‌بڕین له ده‌ره‌وه‌ی دادگاكان.
سێیه‌م: ماره‌بڕین له ده‌ره‌وه‌ی دادگاكان له‌لایه‌ن ئه‌و پیاوانه‌ی كه هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ كچانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم ئه‌نجامده‌ده‌ن بۆ نموونه هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ كوردانی پارچه‌كانی تری كوردستان یان عه‌ره‌ب.
چواره‌م: ئه‌نجامدانی ماره‌بڕین له ده‌ره‌وه‌ی دادگاكان له‌لایه‌ن ئه‌و كه‌سانه‌ی كه له گوند‌و دێهاته دووره ده‌سته‌كاندا ده‌ژین و رووناكه‌نه دادگاكان، به‌ڵكو هه‌ر له‌نێو خۆیان له‌سه‌ر ده‌ستی مامۆستایانی ئایینی ئه‌وكاره ئه‌نجامده‌ده‌ن.
پێنجه‌م: ده‌توانین بڵێین هۆكارێكی تری ئه‌نجامدانی ماره‌بڕین له ده‌ره‌وه‌ی دادگا كه‌می ئاستی هۆشیاری و رۆشنبیری ئه‌و كه‌سانه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی له ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی ماره‌بڕین رووبكاته دادگاكانی هه‌رێم.
ئه‌گه‌ر له میانه‌ی ئه‌و راپۆرته‌ماندا پشت به كۆمه‌ڵێك ئامار‌و داتا ببه‌ستین ئه‌وا ده‌توانین چه‌ندین داتای جیاواز بخه‌ینه‌ڕوو به پشتبه‌ستن به‌و زانیارییانه‌ی كه به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پلان و ئاماری سه‌ر به ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری له هه‌رێمی كوردستانی عیراق ساڵانه ده‌یخاته‌ڕوو له‌سه‌ر ئه‌و مامه‌ڵانه‌ی كه ساڵانه له دادگاكانی هه‌رێم ئه‌نجامده‌درێت و تیایدا چه‌ندین زانیاری وردی ژماره‌یی ئاشكرا كراوه له‌نێویدا كۆی ماره‌بڕین و په‌سه‌ند كردنی ماره‌بڕینی ده‌ره‌وه‌ی دادگاكانی هه‌رێم و رێپێدانی ژنهێنانی دووه‌م له شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌خۆده‌گرێت.
له‌مڕووه‌وه كورده عومه‌ر-ی به‌ڕێوه‌به‌ر كه ئه‌و ئاماره‌ی له‌به‌رده‌ست بوو به‌مشێوه‌یه زانیارییه‌كانی خسته‌ڕوو و وتی: مامه‌ڵه‌كانی ماره‌بڕین له ساڵی 2012 له شاری هه‌ولێر (20275) و له شاری سلێمانی (15917) و له شاری كه‌ركوك- گه‌رمیان (5961) و له شاری دهۆك (13849) ماره‌بڕین كۆی گشتی ده‌كاته (56002) مامه‌ڵه‌ی ماره‌بڕین له ماوه‌ی ساڵی (2012)، له ساڵی 2013 له شاری هه‌ولێر (18354) و له شاری سلێمانی (14911) و له شاری كه‌ركوك- گه‌رمیان (6114) و له شاری دهۆك (13370) ماره‌بڕین كه كۆی گشتی ده‌كاته (52749) مامه‌ڵه‌ی ماره‌بڕین له ماوه‌ی ساڵی (2013)، له مانگی 1ی ساڵی (2014) تا مانگی 9ی هه‌مان ساڵ رێژه‌ی ماره‌بڕین له شاری هه‌ولێر (12550) ماره‌بڕین و له شاری سلێمانی (10711) ماره‌بڕین و له گه‌رمیان (4064) ماره‌بڕین و له شاری دهۆك (8363) ماره‌بڕین ئه‌نجامدراوه كه كۆی گشتی ده‌كاته (35688) ماره‌بڕین، له‌ماوه‌ی 9 مانگی ساڵی 2014 دا هه‌روه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری ناوبراو ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد به‌هۆی نه‌بوونی ئاماری 3 مانگی ئه‌و ساڵه بێگومان ئه‌و رێژانه به‌رزتر ده‌بێته‌وه.
ئه‌گه‌ر بێینه سه‌ر ماره‌بڕین له ده‌ره‌وه‌ی دادگاكانی هه‌رێم كه یه‌كێكه له ته‌وه‌ره‌كانی ریپۆرتاژه‌كه‌مان، ئه‌وا به‌پێی هه‌مان ئامار به‌مشێوه‌یه‌ی خواره‌وه له ساڵه‌كانی 2012 و 2013 به‌راوردی ده‌كه‌ین به ساڵی 2014 و ئاستی به‌رزبوونه‌وه یان كه‌مبوونه‌وه‌ی ئه‌و دیارده‌یه.
رێژه‌ی ماره‌بڕین له ده‌ره‌وه‌ی دادگاكانی هه‌رێم له ساڵی 2012 له شاری هه‌ولێر (1859) ماره‌بڕین و له شاری سلێمانی (1163) ماره‌بڕین و له گه‌رمیان (532) ماره‌بڕین و له شاری دهۆك (1297) ماره‌بڕین بووه‌و كۆی گشتی ده‌كاته (4851) ماره‌بڕین، ئه‌گه‌ر بێینه سه‌ر ساڵی 2013 ئه‌وا ده‌بینین به شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌و رێژه‌یه كه‌متر بووه، واته له‌م ساڵه‌دا له شاری هه‌ولێر (1308) حاڵه‌تی ماره‌بڕین و له شاری سلێمانی (956) ماره‌بڕین و له گه‌رمیان (278) ماره‌بڕین و له شاری دهۆك (971) ماره‌بڕین و كۆی گشتی ده‌كاته (3513) ماره‌بڕینی ده‌ره‌وه‌ی دادگاكانی هه‌رێم، ئه‌گه‌ر به‌هه‌مانشێوه سه‌یری ئاماره‌كانی 9 مانگی ساڵی 2014 بكه‌ین ئه‌و ژماره كه هێشتا كه‌متر بووه واته له شاری هه‌ولێر (885) ماره‌بڕین و له شاری سلێمانی (663) ماره‌بڕین و له گه‌رمیان (171) ماره‌بڕین و له شاری دهۆك (891) ماره‌بڕین بووه كه كۆی گشتی ده‌كاته (2610) ماره‌بڕینی ده‌ره‌وه‌ی دادگاكان، له‌وباره‌یه‌وه كورده عومه‌ر ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد كه هۆكاری كه‌مبوونه‌وه‌ی ئه‌و رێژه‌یه ره‌نگه بگه‌ڕێته‌وه بۆ زیاتربوونی هۆشیاری هاووڵاتیان له‌سه‌رئه‌وه‌ی په‌نا ببه‌نه‌به‌ر دادگاكان بۆ ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی ماره‌بڕین، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێشتا ئه‌و رێژانه ماون و پێویسته كه‌مبكرێته‌وه‌و هاووڵاتیان له دادگاوه ماره‌بڕین ئه‌نجامبده‌ن.
وتیشی: زۆر كه‌یسمان هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته كه خێزان هه‌یه هاوسه‌رگیریان له دادگا نه‌كردووه، بۆیه ده‌بینین دوای ماوه‌یه‌كی زۆر كاریگه‌ری له‌سه‌ر منداڵه‌كانیان ده‌بێت به‌وه‌ی كه هیچ ئه‌وله‌ویه‌تێكی ره‌سمیان نییه‌و توشی گرفت ده‌بن، چونكه ئه‌وكاته منداڵه‌كان ناتوانن له خوێندنگا بخوێنن و له‌لایه‌كی تر كاتێك ژنه‌كه روبه‌ڕووی پێشێلكردنی ماف یان ته‌لاق یان توندوتیژی ده‌بێته‌وه له‌لایه‌ن پیاوه‌كه‌وه، ئه‌وا لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار واته دادگاكان ناتوانن به‌هیچ شێوه‌یه‌ك به‌رگری له‌و ئافره‌ته بكه‌ن، چونكه هاوسه‌رگیریه‌كه‌یان ره‌سمی نه‌بووه، ئێمه‌ش وه‌كو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كه‌مان به‌هه‌مانشێوه ناتوانین قسه‌مان هه‌بێت له‌سه‌ر هه‌ق و مافی ئافره‌ته‌كه، بۆیه ئه‌مانه‌و چه‌ندین گرفتی تر پێویسته بۆ ماره‌بڕین هاووڵاتیان په‌نا ببه‌نه‌به‌ر دادگاكان.
ئه‌گه‌ر بێینه سه‌ر ته‌وه‌ره‌یه‌كی تری ماره‌بڕین بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ماره‌بڕینیان له دادگاكانی هه‌رێم ریگه‌پێدراوه بۆ هاوسه‌رگیری دووه‌م ئه‌گه‌ر سه‌یری ئاماری ساڵی (2012) بكه‌ین ئه‌وا به‌مشێوه‌یه‌یه، رێپێدان به ژنهێنانی دووه‌م له شاری هه‌ولێر (21) و له شاری سلێمانی (18) و له گه‌رمیان (هیچ) و له شاری دهۆك (14) بووه، كۆی گشتی ده‌كاته (53) ماره‌بڕین بۆ ژنهێنانی دووه‌م، له ساڵی (2013) دا له شاری هه‌ولێر (39) و له شاری سلێمانی (16) و له گه‌رمیان (1) و له شاری دهۆك (6) ماره‌بڕین، كه كۆی گشتی ده‌كاته (62) ماره‌بڕین بۆ ژنهێنانی دووه‌م، كه‌واته ده‌بینین رێژه‌كه به‌رزبووه‌ته‌وه‌و له مانگی 1 تا مانگی 9ی ساڵی (2014) له شاری هه‌ولێر (20) و له شاری سلێمانی (14) و له گه‌رمیان (1) و له شاری دهۆك (7) ماره‌بڕینی ژنهێنانی دووه‌م بووه، كه كۆی گشتی ده‌كاته (42) رێپێدان به ژنهێنانی دووه‌م، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ش له‌به‌رچاو بگیرێت كه ئه‌مه ئاماری 9 مانگه ره‌نگه له ئاماری 3 مانگی ئه‌و ساڵه‌دا ژماره‌كان به‌رزی زیاتر به‌خۆوه ببینێت.
ئه‌گه‌ر له‌ڕووی یاساییه‌وه تیشك بخه‌ینه‌سه‌ر ماره‌بڕین له ده‌ره‌وه‌ی دادگا‌و ئاخۆ یاسا ئه‌و كرداره‌ی به تاوان له قه‌ڵه‌مداوه یان به سه‌رپێچی، له‌وباره‌یه‌وه عیزه‌دین عه‌بدوڵڵا راوێژكاری یاسایی له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی توندوتیژی دژی ئافره‌ت روونیكرده‌وه كه دوای لێكۆڵینه‌وه‌و به‌دواداچونم له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته، بۆمده‌ركه‌وت كه ماره‌بڕین له ده‌ره‌وه‌ی دادگاكان سه‌رپێچییه نه‌ك تاوان، چونكه ئه‌و ماره‌بڕینه‌ی كه له‌لایه‌ن مه‌لاوه ئه‌نجامدراوه له‌ڕووی شه‌رعییه‌وه هیچ گرفتێكی نییه به‌ڵام له‌ڕووی یاساییه‌وه سه‌رپێچییه له ده‌ستوورو یاسای باری كه‌سی له عیراق.
وتیشی: ئه‌گه‌ر پیاو و ئافره‌تێك له ده‌ره‌وه‌ی دادگا ماره‌بڕین ئه‌نجامبده‌ن ئه‌وا له‌ڕووی یاساییه‌وه ناتوانرێت بوترێت چیتر ئه‌وانه نابێت ژن و مێرد بن یان لێك جیابكرێنه‌وه له‌به‌ر رێزگرتن له پیرۆزی په‌یوه‌ندی هاوسه‌رگیری و په‌رته‌وازه نه‌بوونی شیرازه‌ی خێزان، بۆیه بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌وه یاسا هه‌ستاوه به سزادانی كه‌سی به‌رپرس ئه‌ویش پێبژاردن واته (غه‌رامه).
سه‌باره‌ت به‌بڕی ئه‌و پێبژاردنه‌ی كه له ئاكامی سزای سه‌رپێچیكار دروستده‌بێت ئه‌و راوێژكاره یاساییه ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد كه بڕی پێژماردنه‌كه به‌پێی یاسای باری كه‌سی عیراقی ده‌بێت له یه‌ك ملیۆن دیناری عیراقی به‌ره‌و سه‌ر بێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌و یاسایه له‌و حاڵه‌ته‌دا وه‌كو خۆی جێبه‌جێ ناكرێت واته پێبژاردنه‌كه له‌و بڕه‌یه پاره‌یه‌ی كه یاسا دیاریكردووه زۆر كه‌متر وه‌رده‌گیرێت، بۆیه پێویسته به‌پێی یاسا مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ دۆسیانه بكرێت.
عیزه‌دین عه‌بدوڵڵا راوێژكاری یاسایی له كۆتاییدا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد كه پێویسته تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگاكه‌مان له‌میانه‌ی ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیری كه پرۆسه‌یه‌كی پیرۆزه، جگه له‌لایه‌نه شه‌رعیه‌كه‌ی هه‌روه‌ها پێویسته له‌ڕووی یاساییشه‌وه ئه‌و پرۆسه‌یه ئه‌نجامبده‌ن بۆ پاراستنی مافه یاساییه‌كان و هه‌روه‌ها له پێناو دابینكردنی دواڕۆژێكی گه‌ش بۆ منداڵه‌كانیان و بۆ ئه‌وه‌ی خێزانێكی ته‌ندروست و بێ كێشه‌و گرفت بێته‌كایه‌وه.
PUKmedia كرێكار ته‌حسین - هه‌ولێر
هەواڵی زیاتر
-
داهاتی هەفتەی رابردووی سلێمانی زیاتر لە چوار ملیار دینارە
01:31 PM - 2024-03-29 -
وەفدێکی نەتەوەیەکگرتووەکان سەردانی نوسینگەی سلێمانی جێگری سەرۆک وەزیرانی کرد
05:41 PM - 2024-03-28 -
وادەی پێشکەشکردنی ناوی کاندیدان بۆ پەرلەمانی کوردستان درێژکرایەوە
11:57 AM - 2024-03-28 -
خاتوو شاناز بۆ خانمانی راگەیاندنکار: جیاوازیتان ناکەم و سەرکەوتنی هەمووتانم دەوێت
11:58 PM - 2024-03-27
ئەمانەش ببینە
کوردستان 10:23 AM - 2024-03-29 نێروەیی: روسیا وەک سەرۆک و سەرکردەیەکی کوردستانی و عیراق پێشوازی لە سەرۆک بافڵ دەکات
سەرۆک بافڵ بۆ نوێنەری سەرۆکی روسیا: چارەسەری ئاشتیانە پەیڕەو دەکەین
10:31 PM - 2024-03-28
سەرۆک بافڵ و سێرگی لاڤرۆڤ: پەیوەندییەکان پەرەیان پێبدرێت
08:34 PM - 2024-03-28
سەرۆککۆمار بۆ وەزیری دارایی: پەلەبکرێت لەخەرجکردنی مووچەی هەرێم
03:46 PM - 2024-03-28
وته‌بێژی یه‌كێتی: خۆمان و لیست و ناوی كاندیدمان بۆ هه‌ڵبژاردن ئاماده‌كردوه
12:56 PM - 2024-03-28
زۆرترین خوێنراو
-
داهاتی هەفتەی رابردووی سلێمانی زیاتر لە چوار ملیار دینارە
کوردستان 01:31 PM - 2024-03-29 -
نێروەیی: روسیا وەک سەرۆک و سەرکردەیەکی کوردستانی و عیراق پێشوازی لە سەرۆک بافڵ دەکات
کوردستان 10:23 AM - 2024-03-29 -
سەرۆک بافڵ بۆ نوێنەری سەرۆکی روسیا: چارەسەری ئاشتیانە پەیڕەو دەکەین
جیهان 10:31 PM - 2024-03-28 -
سەرۆک بافڵ و سێرگی لاڤرۆڤ: پەیوەندییەکان پەرەیان پێبدرێت
کوردستان 08:34 PM - 2024-03-28 -
وەفدێکی نەتەوەیەکگرتووەکان سەردانی نوسینگەی سلێمانی جێگری سەرۆک وەزیرانی کرد
کوردستان 05:41 PM - 2024-03-28 -
سێ (D) یەکەی مام
بیروڕا 04:57 PM - 2024-03-28 -
سەرۆککۆمار بۆ وەزیری دارایی: پەلەبکرێت لەخەرجکردنی مووچەی هەرێم
کوردستان 03:46 PM - 2024-03-28 -
پرسەنامەی قوباد تاڵەبانی بۆ خانەوادەی ئەحمەد خدر
پرسەنامە 03:03 PM - 2024-03-28