riklam

لەماوەی سێ ساڵدا 3794 پڕۆژە لە سلێمانی جێبەجێكراون ‌

kurdistani 12:48 PM - 2014-12-14
زیاتر لە 3 تریلیۆن دیناریان تێچووە

زیاتر لە 3 تریلیۆن دیناریان تێچووە

زیاتر لە 3 تریلیۆن دیناریان تێچووە
لەماوەی سێ ساڵدا، سێ هەزارو 794 پڕۆژە لەسلێمانی جێبەجێكراوە ‌


كاتێك دەوترێت سلێمانی پێشەنگی شارەكانی عیراقە لەڕووی خزمەتگوزاری‌و دابینكردنی ژیانی پڕ خۆشگوزەرانی بۆ دانیشتووانەكەی، هەر لەخۆوە نییەو قسەیەكی بێ دۆكیۆمێنت نییە، بەڵكو بەڵگەو داتاو ژمارەو دۆكیۆمێنتەكان ئەو شایەتییە دەدەن.

لەچەند رۆژی رابردوودا، كوردستانی نوێ راپۆرتێكی گشتگیری لەسەرئاستی خزمەتگوزارییەكانی سلێمانی بڵاوكردەوە، كە لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە ئامادەكراوەو وەك لایەنێكی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەڕاستی پێشكەوتنی سێكتەرەكانی خزمەتگوزاری لە سلێمانی دابوو. ئەمجارەش چەندین داتای تر دەخەینەڕوو، كە ئاستی گەشەكردنی پارێزگاكە زیاتر رووندەكاتەوەو سەرجەم ژمارەكانیش لەلایەنی پەیوەندیدارەوە ئامادەكراون.


كارو پڕۆژە ستراتیژییەكانی (2013)
بودجەی تەرخانكراو بۆ پارێزگای سلێمانی لەساڵی 2013دا، یەك تریلیۆن‌و 797 ملیارو 919 ملیۆن‌و 700 هەزار دینار بووە.
 بەپێی داتاكان، سەرجەم بودجە تەرخانكراوەكانی پارێزگاو وەزارەتەكان بۆ پارێزگای سلێمانی، كە لەپارێزگاوە كاری بۆ كراوە، بریتیبووە لە؛ یەك تریلیۆن‌و 440 ملیارو 860 ملیۆن‌و 650 هەزار دینار بۆ (1,275) پڕۆژە. توانراویشە كار بۆ جێبەجێكردنی (1,007) پڕۆژە بكرێت بەبڕی   ( 1,178,930,515,272 )  یەك تریلیۆن‌و 178 ملیارو 930 ملیۆن‌و 515 هەزارو 272 دینار، ئەوەش دەكاتە (81%)ی بودجەی تەرخانكراو.
جگە لەو بودجانە، لەسەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بڕی 357 ملیارو 59 ملیۆن‌و 50 هەزار دینار تەرخانكراوە بۆ (231) پڕۆژە، كە كاری بانگەوازو پڕۆسەی تەندەرین‌و سپاردن‌و گرێبەستەكانی سەرجەمی هەر لەدیوانی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران ئەنجام دەدرێت.
هەروەك توانراوە لەسەر وەفری بودجەی پڕۆژە ئیحالەكراوەكانی ساڵی (2012)، جگە لەپڕۆژەكانی ناو پلانەكە، (233) پڕۆژەی تر بەبڕی 34 ملیارو 924 ملیۆن‌و 52 هەزارو 150 دینار كاری بۆ بكرێت‌و بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە، كەبریتیبووە لەپڕۆژەی گرنگ‌و پێویست‌و لەناكاوی سێكتەری (ئاو) بەپلەی یەكەم‌و كارەباو ئاوەڕۆو رێگاو نۆژەنكردنەوەی بینای فەرمانگەكان‌و مزگەوتەكان‌و كڕینی كەلوپەلی پێویست.
پڕۆژە پڕ بایەخەكان
*قۆناغی یەكەمی شەقامی (100)م  بەدرێژی (33) كم، كە لەبازگەی تاسڵوجەوە دەستپێدەكات تا بازگەی عەربەت، پاش سپاردنی بە سێ‌ كۆمپانیای توركی (كۆر+ ئیتنتاش+ ئیلیتبا)  بەبڕی 469 ملیارو 900 ملیۆن دینار بەماوەی (3) ساڵ، خرایە بواری جێبەجێكردنەوە.
*تەواوكردنی كاری دیزاینی پاڵاوتنی ئاوەڕۆی سلێمانی‌و دابینكردنی سەرچاوەی ئاوی زیاتری خواردنەوەو چاككردنی تۆڕەكانی ئاوی سلێمانی، كە بۆ ئەنجامدانی گرێبەستی جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیە لەگەڵ كۆمپانیای (بای وەتەر)ی بەریتانی، ئاڕاستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران كراوە بۆ پەسندكردن‌و رەزامەندی.
*پڕۆژەی ریسایكلینی خۆڵ‌و خاشاكی شاری سلێمانی، كە سپێردراوە بەكۆمپانیای (لاڤارج)ی فەرەنسی، لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار خرایە بواری جێبەجێكردنەوە.
* كاری بانگەوازی جێبەجێكردنی پڕۆژەكان ئەنجامدراوە بۆ ئەو (20) ملیار دینارەی، كە بۆ ژێرخانی پایتەختی رۆشنبیری تەرخانكرابوو لەسەر بودجەی وەزارەتی رۆشنبیری‌و لاوان، كە بریتیبووە لە (12) پڕۆژە.
*پڕۆژەی (رێكخستن‌و بەڕێوەبردنی ماستەرپلانی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی)  خرایە بواری جێبەجێكردنەوە بەبڕی ملیارێك‌و 759 ملیۆن دینار  لەسەر بودجەی سزاكانی هاتوچۆ.
*پڕۆژەی (پۆست كۆد)، كە لەسەر بودجەی وەزارەتی پۆستەو گەیاندن خرایە بواری جێبەجێكردن‌و ئێستا لەتەواوكردندایە. ئەم پڕۆژەیە بەگوێرەی ستاندەری جیهانی بۆ گەیاندنی پۆستە بۆ سەرجەم هاووڵاتیانی شاری سلێمانی كاری بۆ كراوە بەهاوئاهەنگی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی بەجۆرێك لەگەڵ ماستەرپلاندا یەك بگرێتەوە.
*پڕۆژەی چارەسەری ئاوی قورس‌و پاڵاوتنی ئاوی دوكان لەسەر بودجەی شارەوانی‌و گەشتوگوزار خرایە بواری جێبەجێكردنەوە. ئەم پڕۆژەیە گرنگی لەوەدایە كاریگەریەكی راستەوخۆی دەبێت بۆ سەر ئاوی خواردنەوە، كە یەكێكە لەهەرە پڕۆژە گرنگەكان بۆ شاری سلێمانی لەڕووی تەندروستی‌و ژینگەو گەشتو گوزارەوە، هەروەها پاككردنەوەی ئاوی خواردنەوەی شاری سلێمانی.
*تەواوكردنی كاری دیزاینی خزمەتگوزاری (كۆمپلیمێنتەری)ی ناوچەی پیشەسازی عەربەت، كە (3000) دۆنم دابینكراوەو بەشێكی زۆری لەڕێگەی وەبەرهێنەرەكانەوە دەكرێتە كارگەی پیشەسازی گەورەو جۆراوجۆر وەك (دروستكردنی ئۆتۆمبێل, ئاسن...هتد).
*تەواوكردنی ماستەرپلانی سلێمانی (2020)، كە (20,000) دۆنم زەوی لەخۆرهەڵاتی سلێمانی بۆ دابینكراوە, كاری خزمەتگوزارییەكانی لەسەر بودجەی پارێزگای سلێمانی جێبەجێ دەكرێت، بەمەش زۆربەی پێشانگاو كۆگاو شوێنی پیشەسازیی بچوك‌و شوێنی پیشەوەرەكانی پەرش‌و بڵاون لەناوشاری سلێمانی، دەخرێنە ئەو ناوچەیەو رێكدەخرێتەوە.
*هەوڵەكان بۆ هێنانی براندی جیهانیی ئۆتێلی پێنج ئەستێرە بۆ شاری سلێمانی سەریگرت‌و گەشتە ئەنجام وەك ئۆتێلی (شیراتۆن  لەشوێنی كارگەی چیمەنتۆ, حیات ریجنسی لەناو پاركی هەواری شار, هیلتۆن لەناوشاری سلێمانی, دروستكردنی ئۆتێلی پێنج ئەستێرە لەچەمی قلیاسان تەنیشت ماجدی مۆڵ)، كە وەك چەند پڕۆژەیەكی گەورەی وەبەرهێنان بۆ پارێزگای سلێمانی ئەژمار دەكرێت. سەرەڕای كردنەوەی هۆتێلی پێنج ئەستێرەیی شاری جوان.
*دەستبەكاربوون لەپڕۆژەی (پاركی نێرگز) لەشوێنی (بەنزینخانەی چاڵەكە)، كەپڕۆژەیەكی گەشتوگوزارییەو جگە لە گەشتوگوزار، رووبەرێكی سەوزایی باش لەخۆدەگرێت لەگەڵ دروستكردنی پاركێكی ئۆتۆمبێل بۆ بینای دادگای سلێمانی، كەدەكەوێتە نزیك شوێنی ناوبراو، كە لەڕێگەی وەبەرهێنان‌و لەلایەن كەرتی تایبەتەوە خرایە بواری جێبەجێكردنەوە.
دروستكردنی شۆستەو ئاوەڕۆ بۆ شەقامی سەرەكی سلێمانی-تاسلوجە بۆ رێكخستنەوەو جوانكردن‌و فراوانكردنی شەقامەكە خرایە بواری جێبەجێكردنەوە تا لەداهاتوودا ببێتە شەقامێكی بازرگانی‌و بۆ ئەم بابەتەش ماستەرپلانێكی بۆ ئامادە دەكرێت.
*كاری تەواوكردن‌و جێبەجێكردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی ناو پاركی هەواری شار لە شەقام‌و شۆستەو سیاج بۆ پاركەكەو سەوزكردن‌و دروستكردنی دەریاچەیەك بەبڕی زیاتر لە 22 ملیار دینار خرایە بواری جێبەجێكردنەوە.
*پەسەندكردنی پلانی پڕۆژەكانی دەزگای ئاوەدانكردنەوەی كوردستان، كە چەند پڕۆژەیەك خراوەتە بواری جێبەجێكردن‌و سەرجەمیان نزیكەی (10,000)  یەكەی نیشتەجێبوونە بۆ خەڵكی كەمدەرامەت‌و فەرمانبەران.
*هەڵمەتی دروستكردنی بەنداو لەسنووری پارێزگای سلێمانی دەستیپێكرد پاش تەواوكردنی چەندین پڕۆژەی دیراسەكردن‌و لێكۆڵینەوەو دیزاینكردنی دروستكردنی بەنداو وەك بەنداوی؛ (دێوانە, چەق چەق, خێوەتە...هتد) لەسەر بودجەی وەزارەتی كشتوكاڵ‌و سەرچاوەكانی ئاو.
*ئامادەكاریی كراوە بۆ دروستكردنی (100) خوێندنگا لەچوارچێوەی هەڵمەتی دروستكردنی خوێندنگاكان بۆ چارەسەری كێشەی كەمی خوێندنگاكان.
*لەبواری تەندروستیدا؛ لەسەر بودجەی وەزارەتی تەندروستی، كە لەپارێزگاوە كاری بۆ كراوە، ئەم پڕۆژانە خراونەتە بواری جێبەجێكردنەوە: دیزاین‌و دروستكردنی نەخۆشخانەی (200) قەرەوێڵەیی  منداڵان‌و مناڵبوون لەسلێمانی بەبڕی 31 ملیار دینار، دیزاین‌و دروستكردنی نەخۆشخانەی (200) قەرەوێڵەیی  رۆماتیزم‌و چارەسەری سروشتی لەسلێمانی بەبڕی 31 ملیارو 500 ملیۆن دینار، دروستكردنی نەخۆشخانەی (120)  قەرەوێڵەیی لەسلێمانی بەبڕی 46 ملیارو 827 ملیۆن دینار، دیزاین‌و دروستكردنی نەخۆشخانەی (50)  قەرەوێڵەیی لەچەمچەماڵ بەبڕی 7 ملیارو 800 ملیۆن دینار، دابینكردنی ئامێرو كەلوپەلی پزیشكی بۆ نەخۆشخانەی (100) قەرەوێڵەیی چاندنی بەشەكانی لەش لەسلێمانی بەبڕی 37 ملیار دینار، دابینكردنی ئامێرو كەلوپەلی پزیشكی بۆ نەخۆشخانەی (120) قەرەوێڵەیی شێرپەنجە لەسلێمانی بەبڕی 46 ملیارو 827 ملیۆن دینار.
*پڕۆژەی ئاوی (دوكان- خەلەكان) بەبڕی زیاتر لە 13 ملیارو 513 ملیۆن دینار.
*پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بۆ یەكە نیشتەجێبووەكانی ناوچەی قولەرەیسی، كە سپێردراوە بەدوو كۆمپانیا بەبڕی زیاتر لە 22 ملیارو 700 ملیۆن دینار خرایە بواری جێبەجێكردنەوە.
*گەیاندنی ئاوی سەرەكی بۆ ناوچەی قولەرەیسی‌و راپەڕین لە سلێمانی لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی‌و گەشتوگوزار بەبڕی 9 ملیارو 467 ملیۆن دینار.
*جێبەجێكردنی پڕۆژەی فراوانكردنی رێگای دەباشان-ئەزمڕو رووناككردنەوەی رێگاكە بەبڕی 7 ملیارو 260 ملیۆن دینارو فراوانكردنی شەقامی جەواهیری‌و رێكخستنەوەی شەقامەكانی شوێنە گەشتیارییەكانی سەرچنارو نزیك تاڤگە بەبڕی زیاتر لە 600 ملیۆن دینار.
*بە دوو سایدكردنی سەرجەم رێگاكانی نێوان سلێمانی‌و قەزاو ناحییەكان.
پڕۆژەكانی بودجەی گەشەپێدانی هەرێمەكان‌و پارێزگای سلێمانی
توانراوە لەسەر وەفری بودجەكانی پڕۆژە ئیحالەكراوەكانی ساڵی (2013) جگە لەپڕۆژەكانی ناو پلانەكە، (163) پڕۆژە بەبڕی 30 ملیارو 357 ملیۆن‌و 220 هەزار دینار كاری بۆ بكرێت‌وبخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
*پڕۆژەی دروستكردنی یەكتر بڕی شەقامی (دابان-هەندرێن)، بەبڕی زیاتر لە 19 ملیارو 350 ملیۆن دینار خراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە.
*جێبەجێكردنی پڕۆژە خزمەتگوزاریەكانی ئاو,ئاوەڕۆ, قیرتاوكردنی شەقام‌و دروستكردنی شۆستە (كۆمپلیمێنتەری) بۆ چەندین گەڕەكی تازە لەسنووری شارەوانی سلێمانی بەبڕی زیاتر لە 15 ملیارو 200 ملیۆن دینار, لەسەرجەم شارەوانییەكانی تری قەزاو ناحییەكانی پارێزگای سلێمانی بەبڕی زیاتر لە 100 ملیارو 855 ملیۆن دینار.
*دروست كردنی چەندین باخچەو پارك لە سەرجەم سنووری پارێزگای سلێمانی بەبڕی زیاتر لە 10 ملیار دینار.
*جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی سێكتەری ئاو بەبڕی زیاتر لە 20 ملیارو 550 ملیۆن دینار.
*جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی سێكتەری تەندروستی بەبڕی زیاتر لە 10 ملیارو 510 ملیۆن دینار.
*جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی سێكتەری رێگاوبان بەبڕی زیاتر لە 24 ملیارو 100 ملیۆن دینار.
*جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی سێكتەری پەروەردە بەبڕی زیاتر لە 22 ملیارو 710 ملیۆن دینار.
*جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی سێكتەری رۆشنبیری‌و هونەرو وەرزش‌و لاوان بەبڕی زیاتر لە 12 ملیار دینار.
*جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی سێكتەری شوێنەوار بەبڕی زیاتر لە 10 ملیار دینار.
*جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی سێكتەری كەشناسی‌و بوومەلەرزەو ژینگە بەبڕی زیاتر لە 2 ملیارو 800 ملیۆن دینار.
*جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی سێكتەری كشتوكاڵ‌و ئاودێری‌و ڤێتەرنەری بەبڕی زیاتر لە 16 ملیار دینار.
*جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی سێكتەری ناوخۆ بەبڕی زیاتر لە 11 ملیارو 750 ملیۆن دینار، كە پڕۆژەكانی دروستكردنی (بینای پۆلیس، پۆلیسی دارستان، پۆلیسی هاتوچۆ، بنكەكانی ئاگركوژانەوە، بینای قائیمقامییەت‌و بەڕێوەبەری ناحییەكان)  لەخۆ دەگرێت.
*جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی سێكتەری كارەبا بەبڕی زیاتر لە 7 ملیارو 500 ملیۆن دینار، جگە لەپڕۆژەكانی بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی كارەباو داهاتی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كارەبای سلێمانی.
*جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی سێكتەری گواستنەوەو گەیاندن‌و فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی‌و گەشتوگوزارو دادو ئاوەدانكردنەوەو كەسوكاری شەهیدان‌و ئەنفالكراوان‌و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی‌و ئەوقاف‌و كاروباری ئایینی بەبڕی زیاتر لە 16 ملیار دینار، جگە لەبودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتەكانیان.
پلانی ساڵی (2014)
پلانی پڕۆژەكانی ساڵی 2014 لەچوارچێوەی بودجەی گەشەپێدانی هەرێمەكاندا بەهاوكاری رێكخراویUNDP  ئامادەكراوە. پلانەكە 560 پڕۆژە لەخۆ دەگرێت. لەو پلانەدا بەپلەی یەكەم گرنگی بەبواری خزمەتگوزاری دراوە، هاوكات چەند پڕۆژەیەكی گرنگ لەخۆ دەگرێت لەوانە؛ دیزاینی ناوچە گەشتیارییەكان، یەكتربڕێك لەسەر شەقامی مەلیك مەحمود لەنزیك گۆڕستانی شێخ ئەحمەدی هندی، جوانكاری بۆ شەقامی سالمی سلێمانی، رێكخستن‌و جوانكاریی سەرای سلێمانی، دروستكردنی باخچەی رووەكی‌و كۆمەڵێك پڕۆژەی گرنگ، بەڵام پلانەكە هێشتا تەسدیقی كۆتایی نەكراوەو ئەگەری گۆڕانكاری هەیە. بۆیە باسكردنی وردەكارییەكەی هەڵدەگرین بۆ كاتێكی تر.
پرۆژەكانی 2010-2013
جێگەی خۆشحاڵییە، ئامارەكان‌و راپرسییەكان پێمان دەڵێن؛ سلێمانی گەشەكردنێكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوەو لەزۆر بوارداپێشەنگی شارەكانی عیراقەو خۆی لەئاستی شارە پێشكەوتووەكانی جیهان دەدات.ئەمەش بەهەوڵ‌و هیممەتی سەرجەم بەڕێوەبەرو كارمەندانی دڵسۆزی حكومەت‌و خەڵكی دڵسۆزی سلێمانی هاتووەتەدی. بەشێوەیەكی گشتیی كۆی هەموو ئەو پڕۆژانەی لەماوەی 2010-2013 جێبەجێكراون، 3794 پڕۆژەیە، كە بەگوژمەی 3 تریلیۆن‌و 474 ملیارو 22 ملیۆن‌و 625 هەزارو 901 دینار جێبەجێكراون.
دوا سەرنج
ئەگەرچی ئیدارەی پارێزگای سلێمانی چەردەیەك پڕۆژەی لەبەرنامەدا دانابوو كە لەساڵی 2014دا جێبەجێیان بكات، بەڵام بەهۆی ئەو تەنگژە داراییەی لەئەنجامی سیاسەتی چەوتی حكومەتی عیراقەوە رووی لەهەرێمی كوردستان كرد‌و بووە مایەی ئەوەی كە نەك تەنها كوردستان بەڵكو لەعیراقیشدا بودجەی 2014 پەسەند نەكرێت‌و سەرباری نەبوونی بودجە، هەرێم رووبەڕووی بڕینی مووچەی فەرمانبەرانیش بۆوە، ئەمەش وایكرد كە بەشی هەرەزۆری پڕۆژەكان لەكوردستان‌و سلێمانی پەكی بكەوێت‌و جگە لەچەند پڕۆژەیەكی كەم نەبێت، هەموو پڕۆژەكانی دیكە لەكاركردن وەستان‌و ساڵێكی تەواو لەئاوەدانكردنەوەو گەشەپێدان بەهەدەرچوو، چونكە ئەو داهاتە سنووردارەی حكومەتی كوردستان مووچەی فەرمانبەرانیشی بەشێوەیەكی باش پێ دابین نەكرا چ جای جێبەجێكردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاریی‌و ستراتیژی.

PUKmedia له‌ كوردستانی نوێ-ه‌وه‌

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket