riklam

سیستمی حوكمڕانی لەپڕۆژە دەستووری هەرێمی كوردستاندا

kurdistani 10:47 AM - 2014-12-14
توێژینەوەیەكی یاسایی-شیكاری رامیارییە ‌

توێژینەوەیەكی یاسایی-شیكاری رامیارییە ‌

سیستمی حوكمڕانی لەپڕۆژە دەستووری هەرێمی كوردستاندا
توێژینەوەیەكی یاسایی-شیكاری رامیارییە ‌



ئەم توێژینەوەیە لەلایەن خوێندكار (موبارەك عەزیز حەمەد)ەوە پێشكەشە بە (بەشی زانستە رامیارییەكان)ی كۆلیجی یاساو رامیاری زانكۆی سلێمانی كراوە، وەك بەشێك لە پێداویستیەكانی بەدەستهێنانی پلەی بەكالۆریۆس لەزانستە رامیارییەكان.

بەشی یەكەم

پێشەكی
سیستمی حوكمڕانی ئالیەتێكە بۆ ڕێكخستنی پەیوەندیەكان لە نێوان دەزگاكانی دەوڵەتدا كە دەبێتە ڕەگەزێكی گرنگ بۆ دروست بوونی كیانی كۆمەڵگە. سیستمی حوكمرانیش بەردەوام بە یەك شێواز نەبووە، چونكە بارودۆخی كۆمەڵایەتی و ئابووری و گوزەرانی ژیانی گەلان وەك یەك نییە، بۆیە بەپێی قۆناغەكانی پێشكەوتنی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی چەندین جۆری سیستم تاقی كراونەتەوە، لەم سەردەمەشدا چەند سیستمێكی نوێنەرایەتی هەن كە لەسەر پرەنسیپی جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان بنیاتنراون، هەر یەكێك لەو سیستمانەش تایبەتمەندی و رواڵەتی خۆی هەیە كە جیای دەكاتەوە لە سیستمەكانی تر.
پڕۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستانیش سیستمی پەرلەمانی وەرگرتووە لە چوارچێوەی دەوڵەتی عیراقی فیدراڵدا وەك هەرێمێك كە سیستمە حكومڕانییەكەی پەرلەمانی كۆمارییەو پشت بە فرە لایەنی سیاسی و پرنسیپی لێك جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان دەبەستێت. دەستوور بەڵگەنامەیەكی حوكمڕانی كردنە كە دەست واڵایی (صلاحیە)ی سەرجەم دەسەڵاتەكانی حوكمرانی دیاری دەكات و سنوورێكیش بۆ ئەو دەسەڵاتانە دادەنێت، بەم پێیەش پڕۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان مایەی تێڕامانە سەبارەت  بە جۆری سیستمی حوكمڕانی و چۆنیەتی دابەشكردنی دەسەڵاتەكان لە پڕۆژەكەدا.
گرنگی توێژینەوە
مشتوومڕو گفتوگۆیەكی زۆر هەیە لەسەر پڕۆژەی دەستووری هەرێم سەبارەت بە گەڕانەوەی بۆ پەرلەمان و گۆڕانكاریكردن لە سیستمەكەی بۆ سیستمێكی پەرلەمانی. بۆیە گرنگە جۆری سیستمەكە لەپڕۆژەكەدا دەربخەین، لەڕێگەی ڕوونكردنەوەی تایبەتمەندی و پەیوەندی نێوان دەسەڵاتەكانی تا لەو میانەیەوە ئەو ئاستەنگانە دەستنیشان بكەین كە بوونەتە ڕێگر لە بەردەم سیستمەكەی بەوەی كە سیستمێكی پەرلەمانی بێت.
كێشەی توێژینەوە
كێشەی سەرەكی توێژینەوەكە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بۆچوون و ڕا جیاوازانەی كە لەسەر پڕۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان هەیە. بەهۆی جۆری سیستمەكەی، ئایا سیستمی حوكمڕانی لە پڕۆژەكەدا سیستمێكی پەرلەمانییە یان سیستمێكی سەرۆكایەتییە یاخود.. هتد؟ كامەیان بۆ بارودۆخ و ژینگەی سیاسی  و كۆمەڵایەتی و ئابووری هەرێمی كوردستان جێگیر و گونجاو ترە؟ لەم پێناوەشدا هەوڵ دەدەین بە پێی توانا بە شێوەیەكی زانستی و بابەتیانە لێكدانەوەو هەڵسەنگاندن بۆ پڕۆژەكە بكەین.
ئامانجی توێژینەوە
بۆ شیكردنەوەو هەڵسەنگاندنی جۆرەكانی سیستمی حوكمرانی بەهۆی ناساندن و دەرخستنی بنەماو تایبەتمەندیەكانیان، دواتر لێكۆڵینەوە لە پڕۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان ــ عیراق. بۆ ڕوونكردنەوەی ناوەڕۆكی پڕۆژەكە، بە مەبەستی دەستنیشان كردنی جۆری سیستمكەی ئەویش لە ڕێگەی شیكردنەوەو لێكدانەوەی ئەو دەق و بڕگانەی كە بوونەتە بەربەست و ڕێگر لە بەردەم هەبوونی سیستمێكی پەرلەمانی لە پڕۆژەكەدا.
گریمانەی توێژینەوە
سیستمی حكومڕانی لەپڕۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستاندا ڕوون نییە هەرچەندە بە پەرلەمانی ناوبراوە، بەڵام لەناوەڕۆكدا بەلای سیستمی سەرۆكایەتیدا دەڕوات و دەبێتە سیستمێكی حكومڕانی پەرلەمانی لادەر.
بۆ سەلماندنی ئەو گریمانەیە توێژینەوەكە چەند پرسیارێك دەوروژێنێ:
١ـ ئایا هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم ڕاستەوخۆ لەلایەن گەلەوە كاریگەری هەیە لەسەر سروشتی سیستمی حكومڕانی پڕۆژەكەو بە پێچەوانەی سیستمی پەرلەمانیە؟
٢ـ تایبەتمەندیەكانی سیستمی پەرلەمانی لە پڕۆژەكە تا چەند بوونیان هەیە؟ ئەگەر بوونیان هەیە بە چ شێوەیەك رێكخراون؟
٣ـ ئایا نەتوانراوە هاوسەنگی و یەكسانی لە نێوان دەسەڵاتی یاسادانان و دەسەڵاتی جێبەجێكردن ڕابگیرێ لە چۆنیەتی دابەشكردنی دەسەڵاتەكان لە نێوانیاندا؟
٤ـ دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم لەپڕۆژەكە تا چەند لەگەڵ  دەسەڵاتەكانی سەرۆكی دەوڵەت یان هەرێم لە سیستمێكی پەرلەمانی دێتەوە؟ 
میتۆدی توێژینەوە
لەم توێژینەوەیەدا  تیشكمان خستۆتە سەر  جۆررەكانی سیستمی حوكمڕانی بەگشتی، لەم ڕوانگەشەوە پڕۆژەی دەستووری هەرێم خراوەتە بەر باس و لێكۆڵینەوە. جا بۆئەوەی بگەین بە ئەنجامێكی ڕاست ودروست ئەوا پێویستمان بە بەكارهێنانی زیاتر لە میتۆدێك هەیە؛
ــ میتۆدی مێژووی: بۆ خستنەڕوو و ناساندنی جۆرەكانی سیتمی حوكمرانی، هەروەها بۆ بەدوا داچوونی روداو و دەرئەنجامەكان سەبارەت بە دروستبوونی پەرلەمان و قۆناغەكانی نووسینەوەی پڕۆژەی دەستووری هەرێم. وا پێویستی كرد میتۆدی مێژوویی بەكاربهێنین.
ــ میتۆدی شیكاری رامیاری: بۆ ئەوەی لە سایەی ئەم توێژینەوەیە بتوانین بنەماو تایبەتمەندیەكانی جۆرەكانی سیستمی حوكمرانی ڕوون بكەینەوە، هەروەها بۆ ئەوەی  بتوانین لە سروشتی سیستمی حوكمڕانی پڕۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان تێبگەین، پەنامان بردۆتە بەر میتۆدی شیكاری رامیاری.
ــ میتۆدی دامەزراوەیی: بۆ ناسینەوەو شیكردنەوەی دامەزراوە دەستوورییەكانی سیستمی حوكم لە سیستمە جیاوازەكاندا (پەرلەمانی- سەرۆكایەتی- ئەنجوومەنی- تێكەڵاو)، لە ڕێگایی ئەركەكانیانەوە، توێژینەوەكە وا پێویستی كرد پەنابەرینەبەر میتۆدی دامەزراوەیی. 
پێكهاتەی توێژینەوە
ئەم توێژینەوەیە  لە دوو بەشی سەرەكی پێكهاتووە كە بەم شێوەیە دابەش كراوە:
بەشی یەكەم جۆرەكانی سیستمی حوكمرانی كە دابەشكراوە بە سەر چوار باسی سەرەكیدا، لە باسی یەكەم دا سیستمی پەرلەمانی شیكراوەتەوە  كە لە دوو داخوازی پێكهاتووە، لە داخوازی یەكەم ناساندنی سیستمی پەرلەمانی و داخوازی دووەم تایبەتمەندیەكانی ئەو سیستمە روونكراوەتەوە.
باسی دووەم تەرخان كراوە بۆ سیستمی سەرۆكایەتی ئەمیش دوو داخوازی لە خۆ گرتووە، داخوازی یەكەم باس لە ناساندنی سیستمی سەرۆكایەتی دەكات و لە داخوازی دووەمیشدا تایبەتمەندیەكانی سیستمی سەرۆكایەتی روونكراوەتەوە. لە باسی سێیەم دا سیستمی كۆمەڵی خراوەتەروو  كە دوو داخوازی لەخۆ گرتووە، داخوازی یەكەم تەرخانكراوە بۆ ناساندنی ئەم سیستمەو لە داخوازی دووەم دا تایبەتمەندیەكانی روونكراوەتەوە. لە باسی چوارەمیش سیستمی تێكەڵاو شیكراوەتەوە كەلە دوو داخوازی پێكهاتووە، داخوازی یەكەم تەرخانكراوە بۆ ناساندنی سیستمی تێكەڵاوو لە داخوازی دووەمدا تایبەتمەندیەكانی ڕوونكراوەتەوە.
بەشی دووەم كە بەشی كۆتاییە بەندە بە سیستمی حوكمرانی لە پرۆژە دەستووری هەرێمی كوردستاندا كە دابەش بووە بۆ دوو باسی سەرەكی، باسی یەكەم تایبەتە بە پەرلەمانی كوردستان و قۆناغەكانی نووسینەوەی پڕۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان، كە لە دوو داخوازیدا خراوەتە ڕوو.
باسی دووەمیش دوو داخوازی لەخۆ گرتووە، لە یەكەمیاندا تایبەتمەندیەكانی سیستمی حوكمڕانی لە پڕۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان شیكراوەتەوە و لە داخوازی دووەمیش چۆنیەتی دابەشكردنی دەسەڵات لە پڕۆژەكە باس كراوە. لە كۆتایی توێژینەوەكەش چەندین  دەرئەنجام  و راسپاردە خراونەتە ڕوو.

 

 موبارەك عەزیز حەمەد

 

PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket