riklam

وێنە..مەراسیمی رێزلێنان لە نازم كەركوكی فەرماندەو تێكۆشەری دێرین

kurdistani 07:59 PM - 2014-11-28
مه‌راسیمی رێزلێنان له‌نازم كه‌ركوكی

مه‌راسیمی رێزلێنان له‌نازم كه‌ركوكی

ئێوارەی ئەمڕۆ 2014/11/28 بەئامادەبوونی هەڤاڵانی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی، فەرماندەو پێشمەرگە دێرینەكان، هەڤاڵانی ئۆرگانەكانی یەكێتیی، لێپرسراوانی حزبی‌و حكومی، هاوڕێ‌ ‌و هاوسەنگەرو هەڤاڵان، خانەوادە‌و كەسوكارەكەی، مەراسیمێكی رێزلێنان، بۆ فەرماندەو پێشمەرگەو تێكۆشەری دێرین، نازم كەركوكی، لەهۆڵی رۆشنبیری شاری سلێمانی، بەڕێوەچوو.

لەو مەراسیمەدا، مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، وتارێكی پێشكەشكردو، تیایدا ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، كە: بۆ مرۆڤ ئاسان نییە لەكاتێكی ئاوادا قسە بكات، ئاسان نییە كە بە بەرچاوی خۆتەوە پارچەیەك لەجەستەت ببڕن‌و ئیتر بۆ هەتاهەتایە بڵێی نایبینمەو‌و وتیشی: لەمەراسیمێكی ئاوادا كە زیندویەك شەهید دەكەین‌و شەهیدێك زیندوو دەكەینەوە، قسەكردن زۆر قورسە. بۆ ئێمەو مانان قورسە، بۆ كاكە نازم خۆی، بۆ خێزانی، بۆ منداڵەكانی، كەسوكاری، هاوڕێ‌‌و هەڤاڵە هەرە نزیكەكانی، كە نازمیان لەرۆژگاری تەنگانەدا، لەپارتیزانی، لەهەڵمەتدا، لەپاكێتیدا، لەقارەمانێتیدا، لەبەرگەگرتنی هەورازو نشێودا، لەو رۆژگارانەی كە میللـەت لەبەرداشی زەمانەدا دەهاڕا، لەو رۆژگارانەی مان‌و نەمانمان لەغەرغەرەدابوو، لەو رۆژگارانەی كەس نەیدەزانی دوای سەعاتێكی تر چی بەسەر دێت! لەو رۆژگارانەی ئەنفال، كیمیاباران، هەڵمەتە یەك لەدوای یەكەكانی سیاسەتی جینۆساید، لەكوردستاندا دەسەپا، كوردستانیش بەم هەمو گەورەییەی، بەم هەموو مەزنییەی، لەم دنیایەدا كەس ئاوڕی لێنەدایەوە، لەم رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەدا، كەس چاوێكی كزیشی لێی نەبوو. لەڕۆژگارێكی ئاوادا، قارەمانەكانی وەكو نازم كەركوكی، بەبێ‌ گوێدانە ئەوەی چاویان لێمانە یان نا. حەق دەبینن یان نا. غەدرمان لێدەكرێت یان نا. بەتاوانی بێدەنگی تاوانەكان دادەپۆشن یان نا. لەرۆژگارێكی ئاوادا، نازمی كەركوكی، لەگەڵ هەڤاڵەكانی، لەرۆژگارەكاندا كە ئاسان نەبوو بڵێیت پێشمەرگەم، پێشمەرگەبوو. لەرۆژگارێكدا ئاسان نەبوو، كۆڵنەدەیت، كۆڵی نەدا. لەڕۆژگارێكدا ئاسان نەبوو، تروسكاییەك ببینی، كە پێشمەرگە بڵێ‌ ئەم تروسكاییە بەرەو سەركەوتنم دەبات، ئەو تروسكاییەش نەبوو. نازم چۆكی دانەدا. دێوەزمەی فاشییەكان، ئەنفالەكان، كیمیابارانەكان، كاروانێك لەشەهیدان، پێنج هەزار گوندی سەربڕاو، (183) هەزار ئەنفالكراو، یا سیاسەتی تەعریب لەكەركوك، تەرحیل لەكەركوك، تەبعیس لەكەركوك، لەتەهجیر لەكەركوك، نازم كەركوكی جۆش ئەدا، نەك كۆڵی پێدەدا.

جەختیكردەوە: دەبێ‌ تێكۆشەر ئاوابێ‌. قارەمان دەبێ‌ ئاوابێ‌. خۆڕاگر دەبێ‌ ئاوابێ‌. لەپاڵیشیدا، كەسێك بەدرێژایی تەمەنی سیاسی‌و پێشمەرگایەتی، پێش‌و پاش راپەڕین، لەكاتێكدا لەشۆڕشدا فەرماندەبیت‌و فەرماندەر خۆت بیت لەو ناوچانەی فەرماندەری بویت، كەس لێت نیگەران نەبوبێ‌، لەدوای راپەڕین، بەپرسیارێتی سەربازی گەورەت هەبووبێ‌، دەسەڵاتت هەبوبێ‌، توانات هەبوبێ‌، پێگەو پایەت لەناو حزبەكەت‌و حكومەتەكەتدا هەبێ‌، نە لەشۆڕشدا بەهەموو دەسەڵاتەكانی كە هەتە، نە لەدوای راپەڕین‌و دامەزراندنی حكومەت، بەو هەموو پێگەو پایەیەی كە هەتە، یەك كەس لێت نیگەران نەبووبێ‌. یەك كەس نازم كەركوكی قەرزاری نییە. فلسێكی گیرفانی كەسی دەرنەهێناوە، ماڵی حەرامی كەسی هەڵنەگرتووە. بێزی نەهاتووە شەرەفی پێشمەرگایەتی بگۆڕێتەوە بەدەستكەوتی زەمانە. ویژدان لەلای زۆر گرنگتر بووە لەگیرفان. ئەمە ئەخلاقە. ئەمە پێناسەی راستەقینەی پێشمەرگەی شۆڕشگێڕە، ئەمە ئەخلاقە بەرزەكەی یەكێتییە، ئەوەی پاراستویەتی، سەری بڵندە، ئەوەی نەی پاراستووە، لەناخی خۆشیدا، ویژدانێكی زیادی تێدایە.

لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، لەبەشێكی تری وتارەكەیدا، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، كە: نازم كەركوكی لایەنە ئیجابییەكەی خوی چاكەی لەخۆیدا هێشتەوەو پاراستی، پەرەی پێداو ئێستاش كە هەموو ئەم حەشیمەتەی لێرە دانیشتوین، بەگەورەو بچوكمانەوە، بەهاووڵاتییەكی ئاسایی‌و بەرپرسیارەوە، ئێمە قەرزارباری نازم كەركوكین. میللەتەكەمان شانازی بەنازم كەركوكییەوە دەكات. بۆ؟ چونكە كەسێك توانیبێتی لەژیانی خۆیدا، لایەنە جوانەكەی مرۆڤایەتی خۆی بپارێزێت، لەبەر هیچ هۆیەك نەیدۆڕاندبێت، ئەو مرۆڤە مایەی گەورەكردنە. مرۆڤ ئەگەر ئاگای لەخۆی نەبێ‌، زۆر لاوازە بەرامبەر، دەستكەوتەكانی ژیان. بەڵام كە ئاگای لەخۆی بوو، پەرژینی پاراستنی مرۆڤایەتی خۆی پاراست، ئەوا ئەو مرۆڤە زۆر بەهێزە. وزە بەهێزەكانی مرۆڤایەتی خۆی لەناو خۆیدا، جوان بەهێز كردووە بۆیە دەتوانێ‌، لاوازی خۆی لەبەرامبەر دەستكەوتەكانی ژیاندا بپارێزێ‌. ئەركەكانی خۆی لەبەرامبەر خودی خۆیدا بپارێزێ‌. بەردەوامی خەباتی مێژووی خۆی لەبەرامبەر دەستكەوتە تایبەتی‌و رۆژگارەكاندا بپارێزێ‌. نازم كەركوكی ئاوها بوو.

راشیگەیاند كە: بێگومان ئەم خەسڵەتانەش لەتێكۆشەرێكی وەكو كاكە كەركوكیدا، بەشێكی پەیوەندی بەپەروەردەی خێزانی‌و كەسایەتی خۆیەوەیەتی، بەشەكەی تریشی پەیوەندی بەیەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، قوتابخانەی یەكێتیی، فەلسەفەی یەكێتیی‌و رابەری یەكێتی نیشتمانیی كوردستان، جەنابی مام جەلالیشەوە هەیە‌و وتیشی: ئومێدەوارین، ئێمەو مانانیش كە لێرە دانیشتوین بەتایبەتی بەرپرسیارەكان، بەمردنی ئاسایی بڕۆین، یا وەكو فەرماندە ئازاكانمان كە لەشەڕگەكانی داعشگاكانەوە دێنەوە، هەندێكیان شەهیدبوون‌و هەندێكیان ئێستا لێرە بەسەربەرزی لەگەڵمان دانیشتون، پێشمەرگەكان، هاوسەنگەرەكانی كاكە نازم، چ ئەوانەی لێرەن‌و چ ئەوانەی لێرەنین، سەربەرزی ئەو سەنگەرانەن، كە قارەمانانە داعشەكانیان دەشكاند، دەبێ‌ بزانین ئێمەش، یان لەسەر گۆڕەكاندا، هەیە قسەمان لەسەر دەكات، یان لەهۆڵەكاندا، لەسەر شەهیدبوون‌و چلەو لەساڵڕۆژدا، كەقسەش دەكرێ‌، قسەی باشمان بۆ بكرێ‌. باشە. قسەی باشیش بەپێی كردەوەكانمانە.

وتیشی: ئەگەر سەد قسە لەمە جوانتر بۆ نازم بڕازێنمەوە، نازم خۆی هەڵینەگرتایە، لەماهیەتی نازمدا نەبوایە، ئێستا بەشی زۆرتان نەك باوەڕتان بەقسەكانم نەدەكرد، بەڵكو بەپیاوێكی چەواشەكاریشتان دەزانیم. بەڵام چونكە نازم‌و ماهیەتی نازم، هەڵیدەگرێ‌ ئەم قسانەی بۆ بكەیت، ئێستا هەمووتان بەویژدانەوە گوێ‌ دەگرن‌و جارێكی تر بەویژدانەوە، سەرگوزشتەی ژیان‌و پێشمەرگایەتی نازم، لەویژدانتاندا دەهێنن‌و دەبەن‌و داخ‌و كەسەرێكی زۆرتری بۆ دەخۆن‌و جەختیشیكردەوە كە "پەروەردە خێزانییەكەی نازم جێگەی شانازییە، هەروەك پەروەردە سیاسییەكەشی جێگەی شانازییە". دوپاتیشیكردەوە: یەكێتیی دەمێنێ‌‌و رێبازەكەی نازمیش دەمێنێ‌. هاوسەنگەرەكانی دەمێنن‌و لێپرسراوێتی مێژوویی رانەپەڕیوی لەمەودوای حزبەكەی نازمیش ماوە. دەبێ‌ نازمیش دڵنیا بكەین، كە ئێمەی لێرە دانیشتوین، هەموومان، ئەوانەشی لێرەدانەنیشتون، یەكێتین، لێپرسراوان، كادران لەئۆرگانەكاندا، دەبێ‌ نازم بەویژدانەوە دڵنیابكەین، كە یەكێتیی ناو یەكێتیی دەپارێزین‌و یەكێتیش بەرەو سەركەوتنی زیاتر دەبەین.

لەبەشێكی تری وتارەكەیدا، مەلا بەختیار، ئاماژەی بەپەیڕەو پرۆگرامی یەكێتیی كردو رونیكردەوە كە بەمەبەست پەیڕەو پرۆگرامم هێناوە، بۆ ئەوەی بچینەوە سەردەقەكان، ئینجا بێینەوە سەر ئەركەكان، پاشان بجوڵێنەوە بۆ لەمەودوامان. لەو رووەشەوە ئاماژەی بەدروشمی سێهەمین كۆنگرەی یەكێتیی كرد، كە "بەرەو گۆڕانگاری‌و چەسپاندنی یەكێتیی ناو یەكێتیی"ە‌و وتیشی: بەشێكی دروشمەكە كە گۆڕانكارییە، لەسیاسەتماندا، لەهەڵبژاردندا، لەشەڕدا، لەناسینی دوژمنەكانماندا، لەململانێكانماندا، لەپاراستنی هەیبەتی یەكێتیی، دەنگەكان دابەزی بێ‌ یان بەرزبووبێتەوە، لەحكومەتی كوردستان، لەپەرلەمانی كوردستان‌و عیراق، لەسەرۆكایەتی كۆمار، لەهەڵوێستمان بەرامبەر بەداعش، بەرامبەر بەرۆژئاواو باكوری كوردستان، خەباتە نەتەوەییەكە، دیموكراسی، ئازادی، قوربانی، لەمبارەوە دەتوانم بڵێم یەكێتیی بەشێویەكی گشتی، پرنسیپی گەوهەری گۆڕانكاری لەدەستنەداوە، بەڵام بۆ یەكێتیی ناو یەكێتیی، ماومانە‌و ئەركمانە.

لەو روانگەیەشەوە‌و هەر لەدرێژەی وتارەكەیدا، مەلا بەختیار، بەو پرسیارەی كە یەكێتیی لەمێژووی خۆیدا چیكردووە؟ كە شایانی ئەوەبێ‌ یەكێتیی ناو یەكێتیی بۆ بپارێزین‌و بەئاماژەكردن بۆ (17) خاڵی ناو پەیڕەو پرۆگرامی یەكێتیی، مێژووی پڕ سەروەریی، دەستكەوت‌و داهێنانەكانی وەبیرهێنایەوەو وتی: ئەم حزبەی ئێوەو نازم، كە تەمەنی خۆی پێبەخشیوە، ئەم دەستەكەوتانەی بەدەستهێناوە، كە لەپێشەكی پەیڕەو پرۆگرامی یەكێتییدا نوسراوە‌و وتیشی: ئەمە یەكێتییەكەی ئێوەو بەری رەنجی نازم كەركوكی‌و هەڤاڵەكانی هاوسەنگەرەكانی بووە.

راشیگەیاند: ئەم مێژووە، كە هیچ مێژوویەك هاوتای نییە، ئەم دەستكەوتانە كە هیچ دەستكەوتێك هاوتای نییە، گوناه نییە خۆمان نەكەین بەقوربانی ئەم مێژووەو بەدیهێنانی باقی ئەركەكانی مێژوویی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان‌و وتیشی: ئەگەر ئێستا كاكە نازم بتوانێ‌ یەك رستە بڵێ‌، تەنها ئەوەندەمان پێدەڵێ‌ كە "هەڤاڵینە، یەكێتیی ناو یەكێتیی بپارێزن".

لەكۆتایی وتارەكەشیدا، مەلا بەختیار، جەختیكردەوە: كە لەدوائەنجامدا تێكڕا هەڤاڵان، ئەوانەی لێرەن‌و لێرەنین، خۆشەویستی مام جەلال، كێلی شەهیدەكان، ململانێكان‌و ئەركەكانی یەكێتیی، وایان لێدەكات ئەو ئاواتەی تۆ بەدیبهێنن‌و ئێمەش كۆڵنادەین.

PUKmedia فۆتۆ: ئەكرەم ئەنوەر
 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket