ئه‌مستردام.. دڵسۆز و به‌رزان شیعر بۆ كۆبانێ ده‌چڕن
kurdistani 07:08 PM - 2014-11-25كۆڕی دوو شاعیر
رۆژی یه‌كشه‌ممه رێكه‌وتی 23-11- 2014 سه‌عات 16.00ی پاشنیوه‌ڕۆ، له ئێواره كۆڕێكی تایبه‌تی یانه‌ی كوردی "میدیـــا" ئه‌مستردامدا، به هاوكاری ناوه‌ندی ده‌ره‌وه‌ی ڕێكخراوه دیموكراتیه‌كان و به ئاماده‌بوون ژماره‌یه‌كی ده‌ستبژێر له نوسه‌ران و روناكبیران و هونه‌رمه‌ندانی كورد، هه‌ردوو شاعیری ناسراوی كورد، به‌رزان هه‌ستیار و دڵسۆز حه‌مه، به به‌شداری هونه‌رمه‌ندی میوزك حه‌مه به‌كری كلارنێت، به چه‌ند ئاوازێكی مۆسیقای شیرینی كورده‌واری چه‌پێك شیعری هه‌مه چه‌شنه و چه‌ند پارچه شیعرێكی نوێی تایبه‌تی خۆیان بۆ كۆبانێ پێشكه‌ش كرد، كه ته‌عبیری له پشتگیری و هاوسۆزی خۆیان، له‌گه‌ڵ كچان و كوڕانی ڕۆژئاوا له كۆبانێ ئه‌كرد، پاش ئه‌و خۆڕاگرییه‌ی درێژخایه‌نه‌ی ماوه‌ی دوو مانگه، ئه‌و قاره‌مانانه دژی شه‌مشه‌مه‌كوێره‌كانی تاریكی (چه‌ته‌كانی داعش) به‌رگری ئه‌كه‌ن و ڕۆژانه داستانی پاڵه‌وانێتی نوێ تۆمار ئه‌كه‌ن.
سه‌ره‌تا سه‌ردار فه‌تاح ئه‌مین، به خێرهاتنی ئاماده‌بووان كرد و به ده‌قیقه‌یه‌ك وه‌ستان بۆ گیانی پاكی شه‌هیدانی كۆبانێ و شه‌نگال و جه‌له‌ولا و گشت شه‌هیدانی كوردستان، كۆره‌كه‌ی ده‌ست پێكرد و ئاماژه‌ی به ته‌مه‌نی بیست پێنج ساڵه‌ی "میدیــــا"دا، كه ئه‌م مانگه 25 ساڵ به‌سه‌ر دامه‌زراندنی یانه‌ی كوردی "میدیــــا"دا تێپه‌ڕ ئه‌بێت و ساڵانه ئه‌زموونێكی پڕبه‌خششی له كار و چالاكیی رۆشنبیری و كۆمه‌ڵایه‌تی به كۆچبه‌رانی كوردی هۆڵه‌ندا پێشكه‌ش كردوووه، جێگه‌ی باسه "میدیـــا" وه‌ك ڕێكخراوێكی سه‌رتاسه‌ری له‌سه‌ر ئاستی هۆڵه‌نده، هه‌میشه كاری هه‌مه‌جۆری كردووه و له كۆمه‌ڵێك شاری هۆڵه‌نده لق و به‌شی هه‌بووه، وه‌ك تیمێكی یه‌كگرتوو، لیژنه‌كانی هاوكاری یه‌كدی بوون، تا ئێستا ڕێكخراوی "میدیـــا" توانیوێتیی چالاكی هه‌مه‌ڕه‌نگی كۆمه‌ڵایه‌تی و كلتوری ئه‌نجام بدات و له پرسه نه‌ته‌وایه‌تی و نیشتمانیه‌كاندا، هه‌میشه ئاماده‌گی به‌رچاوی هه‌بووه و هه‌رگیز كه‌مته‌رخه‌م نه‌بووه.
پاشان له لایه‌ن (دڵسۆز حه‌مه)ه‌وه، وه‌ك شاعیرێكی ژنی به ئه‌زموون و خاوه‌ن ده‌نگی تایبه‌تی خۆی، كه ده‌نگێكی ژنانه‌ی ئازا و دیاره و له دوای ڕاپه‌ڕینی ساڵی 1991 خۆی به جه‌ماوه‌ری شیعری كوردی ناساندووه، دڵسۆز تا ئێستا خاوه‌نی دوو كۆمه‌ڵه شیعری چاپكراوه، به ناونیشانی (له پایزێكدا ده‌مخوازێت- 2009 و تاقانه یار 2012)، له چاپكراوه‌كانی ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م.
دڵسۆز له دایك بووی ساڵی 1968 ده‌رچووی كۆلێجی ئه‌ندازیاری به‌شی بیناسازی زانكۆی موسڵه، دایكی سێ منداڵی چاوگه‌شه، یه‌كێكه له قه‌ڵه‌مه دیار و ناسراوه‌كانی بواری نوسین و ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردی، له زۆربه‌ی گۆڤار و رۆژنامه و بڵاوكراوه كوردیه‌كاندا، شیعر و نوسینه‌كانی خۆی بڵاوكردۆته‌وه، له‌سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنیه‌وه وه‌ك شاعیر تا ئێستا، شێوازێكی تایبه‌تی خۆی هه‌بووه، له یه‌كه‌م نوسینیه‌وه، توانی وه‌ك نوسه‌رێكی وورده‌كار و به‌سه‌لیقه و شاعیرێكی ژنی ئازا‌و یاخی خۆی بناسێنێ. له‌م كۆڕه‌دا خاتوو دڵسۆز چامه‌یه‌كی تایبه‌تی به شه‌ڕڤانانی كۆبانی به ناونیشانی (كوبانی ناسنامه‌مه) پێشكه‌ش كرد، به‌جۆرێك سه‌رنجی ئاماده‌بووانی ڕاكێشابوو، كشومات هه‌موو گیانیان ببوو به گوێ و هه‌ستی بیستن.
ئێستا ئیتر
كه له چوارڕێیانی غه‌ریبیدا ده‌وه‌ستم
كه له وێستگه‌ی ئازارێكدا رێكه‌وتی پرسیارێك ده‌كه‌م،
كه له سنوری ڕه‌نگێكه‌وه ده‌په‌ڕمه‌وه بۆ یه‌كێكی تر
كه له‌گه‌ڵ ئازارێكی تر
له‌گه‌ڵ شه‌قام وله‌گه‌ڵ دره‌خت وله‌گه‌ڵ خه‌یاڵێكی تردا
بۆ یه‌كه‌مجار یه‌ك ده‌ناسین ،
كه ده‌ڵێم : كوردم
كه‌س پێم ناڵێت : كورد ؟ كورد كێیه؟
ئێستا (كۆبانی) به‌ناوبانگترین ئازاره و
ناسنامه‌یه بۆ مانای كوردبون و خۆڕاگری و
كوردبون و ئازاره‌كانی .
ئێستا ئیتر
وه‌ختێ به پردی زمان و
به‌سه‌رشه‌قامی دڵته‌نگی و
به تونێلی هاواردا ڕێكه‌وتی هاوارێكی تر ده‌كه‌م
ڕێكه‌وتی بایه‌كی دیل كراو‌و
شیعرێكی تازه به‌ربووی زیندان و
په‌نجه‌ره‌یه‌كی ئاسیایی.
تیزماڵكێكی ئه‌سمه‌ری ئه‌فریقا و
ڕێكه‌وتی شه‌قامێكی قژزه‌ردی ئه‌وروپی ده‌كه‌م و
ده‌ڵێم : من كوردم
خه‌ڵكی (كۆبانێ)
هه‌رهه‌مووی ده‌ستی هاوسۆزی بۆ ده‌ستی خۆراگریم
درێژ ده‌كا
باوه‌ش ده‌كاته‌وه بۆ جه‌سته‌ی خوێناویم .
ئێستا ئیتر
له شه‌مه‌نده‌فه‌ر و
سه‌ركه‌شتی و
له به‌ر قاوه‌خانه‌و كتێبخانه و
له ناو ئاپورای بازاڕ و
له‌ناو خه‌ڵكی زه‌رد وسوور وخه‌ڵكی سپی وئه‌سمه‌ر وخه‌ڵكی دنیا هه‌رهه‌مووی
كه ده‌ڵێم كوردم،
كه ده‌ڵێم خه‌ڵكی كوبانیم
كه‌س ناڵێت ، كورد ؟ كورد كێیه ؟؟
كه‌س پێم ناڵێت ، كوردستان ؟
ئاڕاوه‌سته ، كوردستان ؟
له‌سه‌رنه‌خشه له كوێدایه كوردستان ؟
كوردستان ؟ كامه ؟ ئه‌وه‌ی توركیا یان هی عێراق ؟
ئێستا ئیدی كوبانی ناسنامه‌یه بۆ كوردستان و
كوردستانیش ناسنامه بۆ ده‌گمه‌نترین دیرۆكی سوتان و خۆڕاگری
(كۆبانی )..شارێك بچوك بچوك به له‌شولار
گه‌وره گه‌وره به داستانی نه‌چ نه‌دان وخۆڕاگری
شارێك هه‌ژار وه‌كو جانتا و وه‌كو گیرفانی ئاواره
به‌ڵام سه‌ری له‌سه‌ر عه‌رشی خوا و
له ئاستی خۆراگریدا هه‌موو پایته‌خت وفیرعه‌ون و شاره ڕێكپۆش و زۆر تێره‌كانیش هاتنه سه‌رچۆك
چه‌ند خۆشه كوردبوون
چه‌ند خۆشه خه‌ڵكی (كۆبانێ) بوون،
چه‌ند خۆشه خاكی به‌رپێی شه‌رڤانێكی ئه‌وێنده‌ر بم
چه‌ند خۆشه ئه‌و خوێنه‌ی له‌شی منیش
هه‌ر ئه‌و ڕه‌نگ وبۆن و خوێنه‌یه
كه له جه‌سته‌ی ته‌واره شه‌هید و
ته‌واره شه‌ڕڤانه‌كانه‌كانی ئه‌وێیه ؛؛؛؛؛؛؛؛؛؛
چه‌ند خۆشه كوردبوون.
پاشان شاعیری ناسراو به‌رزان هه‌ستیار، كه به تایبه‌ت له ئه‌ڵمانیاوه، بانگێشت كرابوو، گه‌شتێكی به ناو دیوانه شیعریه‌كانی خۆیدا كرد و چه‌پكێكی هه‌ڵبژارده‌ی له كۆدیوانه‌كه‌ی خوێنده‌وه، كه به ناونیشانی (نه‌وه‌یه‌ك به ته‌نیشت نیگه‌رانی و گوناه و خه‌ونه‌وه) ساڵی 2013 مه‌ڵبه‌ندی گشتی یه‌كێتیی نووسه‌رانی كورد، بۆی چاپكردووه و كه بریتییه له دیوانه چاپكراوه‌كانی و پێشتر به ناوه‌كانی (نه‌وه‌یه‌ك پیره منداڵ- ساڵی 2000 سلێمانی ، به ته‌نیشت فه‌نا بوونه‌وه، ساڵی 2005 ده‌زگای ئاراس- هه‌ولێر، ساڵێك له نیگه‌رانی و گوناهه‌كانی دڵنیایی2008 ده‌زگای ئاراس- هه‌ولێر و من خه‌ون دامئه‌گیرسێنێ ساڵی 2012 چاپی كردوون).
به‌رزان هه‌ستیار
له به‌شێك له شیعری " نوێژێكی ته‌ڕ.. ته‌ڕ وه‌ك ئاونگ "ئه‌ڵێ
خودایه بهێڵه منداڵان.....
له بن سه‌یوانه ئارامه‌كانی ڕووناكییدا....
مورووه‌كانی عه‌شق و سه‌فا بهۆننه‌وه
چیمه‌نێكیان بۆ ڕاخه ، دوور له چاوی به‌دی ئێمه....
ئه‌و گه‌مانه‌ی تێدا بكه‌ن...
ئێمه‌ی گه‌وره له خه‌ونیشا نایانبینین ؛
خوداوه‌ندا ئێمه زۆرین ، زۆرین ، زۆر
ده‌ریاكانمان بۆ پڕكردووی له قه‌وزه‌ی فیتنه‌و
چیاكانیش گوڵزارێكن له فه‌ساد ،
خوداوه‌ندا تازه ده‌ست له ئێمه بشۆ
لێگه‌ڕێ ئه‌و وردیلانه....
كه له جه‌نگه‌كان دێینه‌وه میزمان پیا بكه‌ن.
ده‌رباره‌ی ئه‌م شاعیره نوسه‌ری ناسراو به‌ختیار عه‌لی ئه‌ڵێ:
له ساڵی هه‌شتاكاندا نه‌وه‌یه‌كی ئه‌ده‌بی ده‌ركه‌وت، كه‌وه‌ك نه‌وه‌ی شه‌سته‌كان كه‌وتنه نێو دوو جیهان و دوو سه‌رده‌می زۆر جه‌نجاڵه‌وه. وه‌ك چۆن نه‌وه‌ی شه‌سته‌كانی ئه‌ده‌بی كوردی، له نێوان نه‌وه‌ی ساڵانی پێشتر و شۆڕشی ئه‌ده‌بی حه‌فتاكاندا بوون به ژێره‌وه و ئاوڕێكی گه‌وره له ئه‌ده‌بیاتیان نه‌درایه‌وه، نه‌وه‌ی هه‌شتاكانیش به‌جۆرێك له جۆره‌كان كه‌وتنه به‌ر به‌رداشی شۆڕشی ئه‌ده‌بی حه‌فتاكان و ئه‌م گۆڕانكاریانه‌ی ساڵانی نه‌وه‌د ڕوویاندا و مافی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان له خوێندنه‌وه و پێداچوونه‌وه و ڕه‌خنه وه‌رنه‌گرت.
چه‌ند جوانه نیشتیمان،
بێ ئه‌وه‌ی ئارایشت بكات ،....
له‌گه‌ڵما دێته ئاهه‌نگ و
سه‌ما ئه‌كات و گۆرانیش ئه‌ڵێت ،
له ناكه‌س به‌چه‌یی كوڕه‌كانی نه‌بێت ،...
شه‌رم له ساده‌یی خۆی و
له بێكه‌سیی خۆی و
له نابووتیی خۆی ناكات ؛
له‌وه‌ته‌ی هه‌یه نیشتیمان ،
وه‌كو دایكم.....
هه‌ر خه‌ریكی منداڵ بوون و
گسكدان و
قاپ شۆرین و
جل شتن و
میوان به‌ڕێ كردنه،
وه‌ك نه‌نكیشم .....
ده‌سته‌كانی ئه‌له‌رزن و
چاوانی ، كز ،
له نێوه‌ندی شه‌قامێكی قه‌ره‌باڵغدا
هۆڕنی ماشێنه‌كان كاسی ئه‌كه‌ن و
كه‌س نییه بیگه‌یه‌نێته سه‌ر شۆسته‌كه
*******
به‌رزان یه‌كێكه له‌و ده‌نگانه‌ی هه‌شتاكان كه‌وه‌ك زۆربه‌ی ئه‌وانی دی به‌ر ئه‌م فه‌رامۆشییه كه‌وت. من له‌سه‌ره‌تاوه ئاگاداری ئه‌زموونی شیعری به‌رزانم، له سه‌ره‌تاوه تا ئه‌مڕۆ ئه‌م ئه‌زموونه گواستنه‌وه و گۆڕانی زۆری به‌خۆیه‌وه بینیوه. له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا له‌و نه‌غمه لیریكییه ڕۆمانسییه‌ی سه‌ره‌تا ته‌واو دووركه‌وته‌وه و پتر ڕووی له قووڵبوونه‌وه و تێڕامان له پووچی و بێهوده‌یی كردووه. ئه‌وه‌ی له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا نوسیوێتی سه‌دای غه‌مێكی ناوه‌كی و ڕوحیی دوورودرێژه، كه جۆرێك له نیرۆنییه‌تی به شیعره‌كانی به‌خشیوه .
به‌رزان هه‌ستیار له چامه‌ی نیشتمانێك مات وه‌ك خۆم ئه‌ڵێ:
نیشتیمانه بێ ده‌رگاكه‌م ،
نیشتیمانه به‌ره‌ڵڵاكه‌م ،
نیشتیمانه فریشته‌كه‌م ،
نیشتیمانه نورانییه‌كه‌م ،.....
هه‌موو ڕۆژێك ئه‌یبه‌نه به‌ر ده‌روازه‌كه‌ی به‌هه‌شت و
ناشهێڵن بچێته ژوورێ،
ڕۆژ نییه نه‌یگه‌یه‌ننه به‌ر قاپیی دۆزه‌خ و
سووتانی خۆی پیشان نه‌ده‌ن ؛
نیشتیمانه وه‌حشییه‌كه‌م، ئه‌لف و بێ جیا ناكاته‌وه و
ئه‌درێسی خۆی له‌به‌ر نییه،
هه‌موو ڕۆژێك له كۆڵانه‌كه‌ی خۆشمانا ون ئه‌بێت و
ئه‌بێت دراوسێ حیزه‌كان بیهێننه‌وه.
له‌م كۆڕه‌دا شاعیر ئه‌م چامانه‌ی خۆی خوێنده‌وه(به ته‌نیشت فه‌نابوونه‌وه، ئێواره‌یه‌ك بۆ خۆكوشتن، مردن لێره وایه قوربان، خودایه بمبه‌خشه به لافاو، چه‌ند به‌شێك له قه‌سیده‌ی ساڵێك له نیكه‌رانی، هه‌موو شتێك و دوعا و لێوان لێوم له وه‌ڕسی، خاڵی خاڵی له بارانی ڕوانین... ئه‌مشه‌و.
به‌رزان و خۆكوشتن دووانه‌یه‌كی ئه‌زلیین و لێك نابنه‌وه، فه‌نتازیا و نهێنی مردن و ئه‌و خۆكوشتنه جوانه‌ی به‌رزان مه‌نفایه‌كه بۆ " عه‌ده‌م " هه‌ڵئه‌چێ.
هیچ ئه‌سه‌رێكت نییه ،
فریای بینینی ئه‌م خۆكوشتنه جوانه‌م ناكه‌ویت
پێ ڕاناگه‌یت ئه‌و خوێنه ببینیت ،
ئه‌و خوێنه‌ی له ئارام گرتندا پیس بووه
چۆن له برینه‌كانمه‌وه
به زه‌رده‌خه‌نه‌وه هه‌ڵپه‌ی جێهێشتنم ئه‌كات
بمبه‌خشه تۆ خۆت دوا كه‌وتیت
ده‌نا من ده‌مێكه ئه‌ڵێم
ئێواره‌یه‌ك له نێو حه‌وشه‌ی ماڵه‌كه‌مدا
ڕێك به‌رامبه‌ر خۆرئاوابوون ...
خوێنێك ئه‌ڕێژم له ڕه‌نگی یاقووت ،
شیعره‌كانم له‌سه‌ر یه‌ك سه‌فته ئه‌كه‌م و
پێیان ئه‌ڵێم ئه‌گه‌ر ئازان
به‌م ته‌ڵه شقارته‌یه بوێرن ،
گه‌ر به جه‌رگن مه‌هێڵن ئه‌و گولله‌یه
له ده‌می ده‌مانچه‌كه‌مه‌وه ده‌رچێ
ئه‌گه‌ر شه‌ره‌فتان تیا ماوه
ئه‌م ساتی خۆ كوشتنه‌م بنووسنه‌وه ؛
خه‌تای خۆت بوو چاوه‌كه‌م
زۆر دره‌نگ كه‌وتیت ؛
ئیسماعیل حه‌مه ئه‌مین ده‌رباره‌ی هه‌ستیار ئه‌ڵێ:
شاعیر هه‌وڵی ده‌سته‌مۆكردنه‌وه‌ی جیهان ئه‌دات، له ڕێگه‌ی ووردكردنه‌وه‌ی بۆ سه‌ر ڕه‌گه‌زه خاوه‌كانی، نه‌خشه‌یه‌كی له‌به‌ر ده‌ستدایه و له‌سه‌ره‌تادا ئه‌یه‌وێت خۆی خاوه‌نی هه‌موو سه‌ره‌داوه‌كانی ژیان و چاوره‌نوسه‌كان بێت، كه‌چی زۆر ناخایه‌نێت، ئه‌بێت ئێمه به دووی شاعیردا بگه‌ڕێین، ئه‌وه ده‌قه شیعریه‌كه‌یه، كه فیگۆری شاعیر له نێو خۆیدا ونئه‌كات:
ئه‌مه ئه‌و ساته‌یه ...
جارێ تر دووباره نابێته‌وه
ئه‌مه ئه‌و خۆكوشتنه‌یه ...
وه‌كو قیامه‌ت یه‌ك جار ڕوو ئه‌دات
ئه‌و خوێن به‌ربوونه‌یه
هیچ ده‌مارێك به خۆیه‌وه نه‌بینیوه ؛
له‌م خۆرنشینه‌دا
له‌گه‌ڵ نه‌هاتنی تۆدا
لێزمه‌ی خۆكوشتن داوه‌ت ئه‌كه‌مه ماڵه‌كه‌م
له‌گه‌ڵ دیار نه‌بوونی تۆدا
له‌رزینی گولله‌یه‌ك گه‌رم ئه‌كه‌مه‌وه و
ئه‌ویش داخبوونی من ئه‌كات به سه‌هۆڵ
چه‌قۆیه‌ك سوور..سوور ئه‌كه‌م و
ئه‌ویش ئه‌مكات به زه‌عفه‌ران
ده‌مێكه شه‌ونمی ئه‌م خۆكوشتنه ...
تكاوه‌ته سه‌ر گه‌ڵاكانی هه‌ناوم..
شایانی باشه كۆڕه‌كه به‌سه‌ركه‌وتووی كۆتایی هات و له لایه‌ن یانه‌ی كوردی میدیــــا" ی ئه‌مستردامه‌وه 13 دیاری ئاماده‌كرابوو، پێشكه‌ش به به‌رزان هه‌ستیار و دڵسۆز حه‌مه و حه‌مه به‌كری كلارنێت كرا، وه‌ك ڕێزلێنانێك، ئاماده‌بووانی كۆڕه‌كه بانگ‌كران كه پێسكه‌شیان بكه‌ن، كه بریتیی بوون له لێپرسراوی ئۆرگانه‌كانی ی.ن.ك (كۆمیته و ڕێكخراوه دیموكراتیه‌كان) و لیژنه‌ی سه‌رپه‌رشتی "میدیـــا" هۆڵه‌ندا و ئه‌و كه‌سایه‌تیانه‌ی ڕۆڵیان هه‌ر له سه‌ره‌تاوه له دامه‌زراندن و چالاكردنی "میدیـــا"دا، له هۆڵه‌ندا.
PUKmedia
هەواڵی زیاتر
-
د. بڕیار رەشید: تەوتینی مووچە لەهەرێم بە ئاسانی دەکرێت
08:31 PM - 2024-04-18 -
كونسوڵی روسیا: یه‌كێتی هێزێكی كاریگه‌ره
04:42 PM - 2024-04-18 -
وتەبێژی یەکێتی: حکومەت و پەرلەمانێکی کارامان دەوێت
02:20 PM - 2024-04-18 -
جه‌زای سه‌ید مه‌جید وه‌ك لێپرسراوی بەشی كارگێڕیی رێكخستن دهسبهكاربوو
01:21 PM - 2024-04-18
ئەمانەش ببینە
داهاتی هەفتەی رابردووی سلێمانی زیاتر لە 7 ملیار دینارە
09:09 AM - 2024-04-19
ئەنجومەنی سەرکردایەتی: پاراستن و بەهێزکردنی هەرێم تەنها بەهەڵبژاردن دەبێت
05:05 PM - 2024-04-18
سەرۆک بافڵ: یەکێتی ئامادەی هەڵبژاردنە
03:49 PM - 2024-04-18
کۆمسیۆن وادەی بانگەشەی هەڵبژاردن دیاریدەکات
10:29 AM - 2024-04-18
زۆرترین خوێنراو
-
پێشمەرگەی دێرین سەردار محەمەد بەسەردەکرێتەوە
ی ن ک 01:01 PM - 2024-04-19 -
پەرلەمانتارە غائیبەکان 160 ملیۆن دینار سزادران
عیراق 10:43 AM - 2024-04-19 -
داهاتی هەفتەی رابردووی سلێمانی زیاتر لە 7 ملیار دینارە
کوردستان 09:09 AM - 2024-04-19 -
د. بڕیار رەشید: تەوتینی مووچە لەهەرێم بە ئاسانی دەکرێت
کوردستان 08:31 PM - 2024-04-18 -
ئەنجومەنی سەرکردایەتی: پاراستن و بەهێزکردنی هەرێم تەنها بەهەڵبژاردن دەبێت
کوردستان 05:05 PM - 2024-04-18 -
كونسوڵی روسیا: یه‌كێتی هێزێكی كاریگه‌ره
کوردستان 04:42 PM - 2024-04-18 -
سەرۆک بافڵ: یەکێتی ئامادەی هەڵبژاردنە
کوردستان 03:49 PM - 2024-04-18 -
وتەبێژی یەکێتی: حکومەت و پەرلەمانێکی کارامان دەوێت
کوردستان 02:20 PM - 2024-04-18