riklam

ئه‌ڵمانیا.. چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی رۆژئاوا خه‌ڵاتده‌كرێن

kurdistani 12:26 PM - 2014-11-25
له‌ساڵیادی كۆچی دوایی جگه‌رخوێن چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی رۆژئاوا خه‌ڵاتده‌كرێن

له‌ساڵیادی كۆچی دوایی جگه‌رخوێن چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی رۆژئاوا خه‌ڵاتده‌كرێن

كۆبانی و به‌رخودانی رۆژئاوا ئه‌گه‌رچی دیواره‌كانی دابه‌شبوونی روخان و هه‌ست و سۆزو سه‌نگه‌ره‌كانی تیكه‌ڵ به‌یه‌ك كردو به‌ خوێن جارێكیتر مێژووی ئازایه‌تیان نووسیه‌وه‌، خه‌باتی كوردستانی له‌ ده‌ره‌وه‌ش شێوازی تری جۆراوجۆری له‌خۆگرتوو وه‌ك ده‌رهاویشته‌یه‌كی بارودۆخه‌كه‌و چڕكردنه‌وه‌ی چالاكییه‌كان كوردستانیان به‌تایبه‌تی حزب و لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كانی رۆژئاواو باكورو باشورو رۆژهه‌ڵات به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ یه‌كتر هه‌ر رۆژه‌ی له‌ شارێك و له‌ شه‌قام و له‌ هۆڵێك چالاكییه‌كانیان پێشكه‌شده‌كه‌ن.

له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا رۆژی 23-11-2014 له‌ شاری هانۆڤه‌ری ئه‌ڵمانیا به‌بۆنه‌ی 30 ساڵه‌ی كۆچی دوایی شاعیری شۆڕشگێرو ئازادیخوازو نووسه‌رو تێكۆشه‌رو سیاسه‌تمه‌داری ناسراوی كورد جگه‌رخوێن، پارتی پێشڕه‌وی كورد له‌ سوریا كۆڕێكی رێزلێنانی تایبه‌تی به‌ به‌شداری ژماره‌یه‌ك له‌ كوردستانیانی هه‌رچوار پارچه‌و حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان سازكرد، كه‌ له‌ناویاندا كه‌رتی هانۆڤه‌ری كۆمیته‌ی رێكخستنی ئه‌ڵمانیای یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانیش به‌شداربوون.

سیمیناره‌كه‌ به‌ چه‌ند ساتێك وه‌ستان بۆ گیانی پاكی شه‌هیدان و پێشكه‌شكردنی سرودی ئه‌ی ره‌قیب ده‌ستیپێكردو نوێنه‌ری حزب و لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان به‌بایه‌خه‌وه‌ له‌ سیمیناره‌كه‌یان روانی و پێگه‌و رۆڵی كه‌سایه‌تی سیاسی و ئه‌ده‌بی و رۆژنامه‌نووسی ناسراوی كورد جگه‌رخوێن به‌رز نرخیندرا.

له‌میانه‌ی وتارو گفتوگۆكاندا به‌گشتی لایه‌نه‌كانی خه‌باتی سیاسی و به‌رهه‌مه‌كانی جگه‌رخوێن له‌ بواری شیعرو نوسین و زمانه‌وانی و رۆژنامه‌نووسیدا خرایه‌ به‌رچاو و نموونه‌ی چه‌ند شیعرێكی پیشكه‌شكراو وه‌ك كه‌سێكی نیشتمانپه‌روه‌ر كه‌ خاوه‌نی چه‌ندین وێستگه‌ی گرنگی خه‌باته‌ هه‌ڵسه‌نگێندرا.

لای خۆشیه‌وه‌ به‌ختیار تاهیر به‌رپرسی كه‌رتی هانۆڤه‌ر له‌میانه‌ی به‌شداریكردنیدا وێڕای سوپاس و پێزانین بۆ ئه‌و پێشوازییه‌ گه‌رمه‌ی كه‌ لێیانكرا، به‌بایه‌خه‌وه‌ روانیه‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی له‌ نێوان پارتی پێشڕه‌وی كورد به‌تایبه‌تی و حزبه‌كانی رۆژئاواو یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستاندا هه‌یه‌و كۆڕی یادی 30 ساڵه‌ی رێزلێنانی جگه‌رخوێنیشی به‌رز نرخاندو ئه‌و بۆنه‌یه‌شی كرده‌ ده‌رفه‌تێك و له‌ روانگه‌ی دیدو بۆچوونی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه‌ خوێندنه‌وه‌ی بۆ چه‌مكی ئه‌ده‌ب و پێگه‌و كه‌سایه‌تییه‌كان كردو پێیوابوو ئه‌دیبان و نوسه‌ران ئه‌وانه‌ی له‌ به‌ره‌ی گه‌لدا توانیویانه‌ به‌ به‌خشینی به‌رهه‌م و داهێنانه‌كانیان خزمه‌ت بكه‌ن، ئه‌وانه‌ دواجار ده‌بنه‌ موڵكی میللـه‌ت و مێژووی ئه‌ده‌ب و رۆشنبیری، له‌وڕووه‌شه‌وه‌ وتی: بۆیه‌ ناكرێت له‌ چوارچێوه‌یه‌كی قه‌تیسكراودا بچوكبكرێنه‌وه‌و له‌ روانگه‌ی حزبیه‌وه‌ سه‌یریان بكرێن، چونكه‌ ئه‌دیبان و نوسه‌ران موڵكی خۆیان و حزبه‌كانیان نین هێنده‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ موڵكی میللـه‌ته‌كه‌یانن.

له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه‌ هیوادارین جگه‌رخوێنیش یه‌كێكی تر بێت له‌و شاعیرانه‌ی به‌ گه‌وره‌یی بهێڵرێته‌وه‌و موڵكایه‌تی داهێنان و خه‌باتی رۆشنبیری و شیعری نه‌خرێته‌ ئه‌و چوارچێوه‌ ته‌سكه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌میشه‌ لای گه‌له‌كه‌مان گیانی نه‌مری به‌ زیندووێتی بمێنیته‌وه‌، هه‌روه‌ها وتیشی: ده‌كرێت له‌مجۆره‌ كۆڕو كۆبونه‌وانه‌دا نوسه‌ران و رۆشنبیران تیشك بخه‌نه‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌كانی و هه‌ڵیبسه‌نگێنن.

به‌رپرسی رێكخستنه‌كانی هانۆڤه‌ر نموونه‌ی به‌وه‌ هێنایه‌وه‌ كه‌ له‌ شۆڕشی نوێدا به‌ رابه‌رایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان دروشم و ئازادی بۆ نوسه‌ران به‌رزكرابووه‌وه‌، ئه‌وه‌ دروشم و هه‌ڵوێستی مام جه‌لال بوو، له‌وڕووه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئازادی ئه‌دیباندا ده‌كراو شاعیری هه‌ره‌گه‌وره‌ی گه‌له‌كه‌شمان شێركۆ بێكه‌سی به‌ نموونه‌ی ئه‌و شاعیرانه‌ هێنایه‌وه‌ كه‌ هه‌موو میللـه‌ته‌كه‌مان شانازی پێوه‌ ده‌كات نه‌ك ته‌نها یه‌كێتی، به‌ڵكو تێكڕای بزوتنه‌وه‌ی سیاسی و كوردایه‌تی.

له‌ بڕگه‌یه‌كی تری ئه‌و كۆڕه‌دا خه‌ڵاتی جگه‌رخوێن وه‌ك رێزلێنانێك به‌خشرایه‌ هه‌ریه‌ك له‌ (عبداللـه‌ ابراهیم پاشا المیلی) كه‌سایه‌تی رۆژئاوای كوردستان كه‌ وه‌ك بنه‌ماڵه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای ژیانیانیانه‌وه‌ به‌رگریان له‌ خاكی كوردستان كردووه‌و خاتوو (وئام به‌درخان) رۆشنبیرو ده‌رهێنه‌رو كامێره‌مانی رۆژئاوا كه‌ به‌ كورته‌باسێكی ژیانی رۆژئاوای كوردستان زۆربه‌ی ئاماده‌بووانی چاو پڕفرمێسك كرد.

پاشان به‌ خوێندنه‌وه‌و پێشكه‌شكردنی چه‌ندین شیعرو سرودی نیشتمانی كۆتایی به‌ كۆڕه‌كه‌ هات.

جگه‌رخوێن ساڵی 1903 له‌دایكبووه‌، له‌ 22ی تشرینی یه‌كه‌می 1984 له‌ وڵاتی سوید كۆچی دوایی كردووه‌.

به‌رهه‌مه‌كانی:
* پریسك و په‌تی.. دیوانی شیعری 1945 دیمه‌شق، * سه‌ورا ئازادی.. دیوانی شیعری 1954 دیمه‌شق، * كیمه‌ ئه‌ز.. دیوانی شیعری 1973 دیمه‌شق، * رۆناك.. دیوانی شیعری 1980 ستۆكهۆڵم، * زه‌ند ئاڤستا.. دیوانی شیعری 1981 ستۆكهۆڵم، * شه‌فه‌ق.. دیوانی شیعری 1982 ستۆكهۆڵم، * هێڤی.. دیوانی شیعری 1983 ستۆكهۆڵم، * ئاشتی.. دیوانی شیعری هه‌شته‌م 1985 ستۆكهۆڵم، * ده‌ستورا زمانێ كوردی 1961 به‌غدا، * فه‌رهه‌نگ.. به‌رگێ یه‌كه‌م 1962، * فه‌رهه‌نگ.. به‌رگی دووه‌م 1962 به‌غدا.

نمونه‌یه‌ك له‌ شیعری جگه‌رخوێن:
وه‌ڵاتی من تووی بووكا جیهانی
هه‌می باغ و بهشت و مێرگ و كانی
سه‌ری تاجا سه‌لا‌حه‌ددینی كوردی
ئه‌نی ڕۆژه‌ ده‌بورجا ئاسمانی
دوو چاڤێن ته‌ وه‌كی ده‌ریایی هورمز
كه‌پوو ئه‌لماسه‌ كاری كووش و وانی
دوو زولفێن ته‌ كتێبا حاجی قادر
زمانێ ته‌ ژ به‌ندا شێخی خانی
جگه‌ر خوینه‌ كورێ ته‌ هه‌ر دنالی

PUKmedia   شه‌هاب عوسمان - ئه‌ڵمانیا

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket