riklam

ئاڵا تاڵه‌بانی: به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ژنان به‌ یاسایی بكرێت

kurdistani 06:59 PM - 2014-11-22
  به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ژنان

به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ژنان

ئاڵا تاڵه‌بانی سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق رایگه‌یاند: به‌كارهێنانی ئه‌و سیستمه‌ شمولیه‌ی كه‌ ئایه‌تی قورئانی پیرۆز و بۆنه‌ ئاینیه‌كان ده‌كاته‌ بیانوو بۆ ئه‌نجامدانی تاوان دژی میلـله‌تی كوردستان و سه‌رجه‌م میلـله‌تی عیراق، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا هه‌وڵده‌درێت بۆ ئه‌نجامدانی تاوان دژی مرۆڤایه‌تی، ئه‌مڕۆ چه‌ند لایه‌نێكی سته‌مكار ئه‌و به‌رنامه‌و مه‌نهه‌جه‌ تاوانكارییه‌ له‌ژێر به‌یداخی لااله‌ الاالله‌  دووباره‌ ده‌كه‌نه‌وه‌و خه‌ڵكی عیراق ده‌كوژن به‌سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانیه‌وه‌ و مافی مرۆڤ پێشێلده‌كه‌ن و ژنان وه‌ك كۆیله‌ له‌بازاڕی فرۆشتنی كۆیله‌ ده‌فرۆشن وه‌كو ئه‌وه‌ی كه‌ به‌رامبه‌ر ژنه‌ ئێزدییه‌كان ئه‌نجامدرا، كه‌ ئه‌مه‌ به‌تواوه‌تی پێچه‌وانه‌ی بنه‌ماكانی ئاینی ئیسلامی پیرۆزه‌. 

له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا كه‌ له‌لایه‌ن كۆی سه‌رۆكه‌ ژنه‌كانی نێو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌ پارێزگای نه‌جه‌ف له‌ باره‌گای ده‌سته‌ی چالاكییه‌كانی شه‌هیدی میحراب به‌ڕێوه‌ چوو، ئاڵا تاڵه‌بانی وتی: ئاینی ئیسلام ئاینی ئاشتی و لێبورده‌ییه‌، رژێمی سه‌دام حسێنی دیكتاتۆر ئه‌و ئاینه‌ی دژی هاووڵاتیانی عیراق به‌كارده‌هێنا، به‌تایبه‌ت میلـله‌تی كورد، ئه‌ویش به‌ ئه‌نجامدانی تاوانی كۆمه‌ڵكوژی و ئه‌نفال به‌رامبه‌ریان و دامركاندنه‌وه‌ی راپه‌ڕینی شه‌عبانیه‌ی باشوری عیراق.

وتیشی: ئیسلام به‌ریه‌ له‌و تاوانانه‌ی تیرۆرستانی داعش و هاوشێوه‌یان، كه‌ هه‌ڵده‌ستن به‌ پێشێلكردنی كه‌رامه‌ت ، ئه‌مه‌ش پێكهاته‌ ره‌سه‌نه‌كانی سه‌رجه‌م عیراقیه‌كانی وه‌ك ئێزدی و مه‌سیحی و شیعه‌كانی كردۆته‌ ئامانج و هاووڵاتیان سوونه‌ مه‌زهه‌بیش ویژدانیان جوڵاوه‌و ئیدانه‌ی ئه‌و تاوانانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌م رێكخراوه‌ تیرۆرستیه‌ به‌رامبه‌ر مرۆڤایه‌تی و ئیسلام ئه‌نجامی ده‌دات.

هه‌ر له‌و كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانیه‌دا ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، كه‌ ئه‌وان له‌ چوارچێوه‌ی وه‌فدێكی ژنانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق  كه‌پێكهاتبوون له‌ ئینتسار جبوری و ره‌حاب نیعه‌و سوهام موسه‌وی و مه‌نال وهاب مسلماوی و هودا سجاد و حه‌مدیه‌ حسێنی و مونا عمیری و له‌یلا خه‌فاجی كه‌ بۆ چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ مه‌رجه‌عییه‌ته‌كان هاتوونه‌ته‌ شاری نه‌جه‌ف و له‌و سه‌ردانه‌یاندا چاویان به‌ سه‌ماحه‌تی ئایه‌توڵڵا محه‌مه‌د سه‌عید حه‌حكیم و سه‌ماحه‌تی ئایه‌توڵڵا شێخ محه‌مه‌د ئیسحاق فه‌یاز كه‌وتووه‌و ئه‌وانیش رایانگه‌یاندوه‌ كه‌ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان توندو تیژی و تاوان دژی ژنان ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌و پشتگیری له‌ مافه‌كانی ژنان ده‌كه‌ن و  پاڵپشت به‌ به‌رنامه‌كانی ئاینی ئیسلامی پیرۆز پارێزگاری له‌ ژنان ده‌كه‌ن و مافه‌كانیان بۆ ده‌سته‌به‌ر ده‌كه‌ن و به‌ بنه‌مای كۆمه‌ڵگاش سه‌یرده‌كرێت.

هه‌رله‌و كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانیه‌دا ئاڵا تاڵه‌بانی  رایگه‌یاند: به‌بۆنه‌ی رۆژی 25 ی تشرینی دووه‌م كه‌ رۆژی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژییه‌ دژی ژنان جیهان به‌بۆنه‌ی ئه‌و رۆژه‌وه‌ ئاهه‌نگ ده‌گێرن، ئه‌و یاده‌ش یادێكی نێوده‌وڵه‌تیه‌ كه‌ له‌ ئه‌نجامی سه‌رهه‌ڵدانی ناڕه‌زایی و نادادپه‌روه‌ری رێژمی دیكتاتۆری  هه‌رێمی دۆمنیكان بوو به‌رامبه‌ر ژن  كه‌ له‌ساڵی 1960سه‌ری هه‌ڵدا.

هه‌روه‌ها ئێمه‌ش له‌ عیراق و جیهانی ئیسلامی ده‌بێت ئه‌و یاده‌ به‌رز رابگرین، چونكه‌ له‌ عیراق رووبه‌ڕووی كاره‌ساتی گه‌وره‌ی كوشتن و زوڵم و زۆری مێژوویی بووینه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ داواده‌كه‌ین كه‌ دژی توندوتیرژ به‌رامبه‌ر ژنان بوه‌ستنه‌وه‌، كاربكه‌ین بۆ سه‌رخستنی مافه‌كانییان.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ده‌بێت كاربكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م فیكریه‌ به‌ كرداری جێبه‌جێ بكه‌ین، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران فیكره‌ی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ی داناوه‌ بخرێته‌ به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراقی كاری ته‌واوی له‌سه‌ر بكات بۆ به‌یاساییكردنی.

PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket