riklam

سلێمانی.. مه‌راسیمی رۆژی شه‌هیدی یه‌كێتی

kurdistani 04:23 PM - 2014-11-21
رۆژی شه‌هیدی یه‌كێتی

رۆژی شه‌هیدی یه‌كێتی

رۆژی 21-11-2014 له‌ ته‌لاری هونه‌ر، له‌شاری سلێمانی یادی رۆژی شه‌هیدی یه‌كێتی به‌ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ كه‌سوكاری شه‌هیدان و د.فوئاد مه‌عسوم سه‌رۆك كۆماری عیراق و ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و نوێنه‌ری لایه‌ن سیاسییه‌كانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان، ده‌ستیپێكرد.

سه‌ره‌تایی مه‌راسیمه‌كه‌ به‌ چه‌ند ئایه‌تێك له‌قورئانی پیرۆز ده‌ستیپێكردو دواتر ئاماده‌بووان به‌ده‌م وتنه‌وه‌ی سرودی مه‌شخه‌ڵان، ده‌قیقه‌یه‌ك به‌پێوه‌ وه‌ستان بۆ گیانی پاكی شه‌هیده‌نه‌مره‌كان و پاشان له‌لایه‌ن كه‌سوكاری شه‌هیدانه‌وه‌ مۆمی ته‌مه‌نی شه‌هیدی یه‌كێتی داگیرسێنرا، له‌پاشان فلیمێكی دیكۆمێنتاری كه‌باسی له‌خه‌باتی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ده‌كرد، بۆ ئاماده‌بووان نمایشكرا، دواتر سرودی پێشمه‌رگه‌ به‌ده‌نگی هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ ناسری ره‌زای پێشكه‌ش به‌ ئاماده‌بووان و خوێنی شه‌هیده‌كان كرا.

دواتر له‌لایه‌ن كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی جێگری سكرتێری گشتی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستانه‌وه‌ ، وتاری مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی خوێندرایه‌وه‌و تێیدا رێزو سڵاوی هه‌ڤاڵ سه‌رۆك مام جه‌لال-ی گه‌یانده‌ كه‌سوكاری شه‌هیدان و پاشان داوای له‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد كه‌ جدیتر كار بۆ بنه‌ماڵه‌و كه‌سوكاری شه‌هیدان بكات و هه‌وڵبدات به‌چه‌ند جارێك خانه‌واده‌ی شه‌هیدان بكاته‌ خاوه‌نی یه‌كه‌ی نیشته‌جێی خۆیان، هه‌روه‌ها داوای له‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و حكومه‌ت كرد، كه‌ رۆژێك ده‌تنیشان بكه‌ن به‌رۆژی شه‌هیدان به‌گشتی و هه‌موو لایه‌ك بتوانین له‌و رۆژه‌دا یادی خوێنی شه‌هیده‌كانیان بكه‌نه‌وه‌.

له‌پاشان وتاری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان خوێندرایه‌وه‌و له‌وتاره‌كه‌یاندا پشتگیری له‌ وته‌كانی جێگری سكرتێری گشتی یه‌كێتی كۆسره‌ت ره‌سوڵ كراو ئه‌وانیش داوایان كرد كه‌ رۆژێك ده‌تنیشان بكرێت وه‌ك رۆژی شه‌هیدان تا له‌و رۆژه‌دا به‌ڵێن بۆ شه‌هیده‌كانمان دووپاتبكه‌ینه‌وه‌.

له‌دواتردا وتاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی خۆرئاوای كوردستان خوێندرایه‌وه‌و پاشان له‌به‌ر كه‌می كات ته‌نها وتاری لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و رێكخراوه‌كان، خوێندرایه‌وه‌و به‌سرودی شه‌هید له‌نوسینی شاعیری گه‌وره‌ شێركۆ بێكه‌س كه‌له‌لایه‌ن چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی شاری سلێمانییه‌وه‌ پێشكه‌شكرا، كۆتایی به‌مه‌راسیمه‌كه‌ هات.

 هه‌واڵه‌كانی تایبه‌ت به‌رۆژی شه‌هیدی یه‌كێتی

http://www.pukmedia.com/KS_Direje.aspx?Jimare=39745

http://www.pukmedia.com/KS_Direje.aspx?Jimare=39746

http://www.pukmedia.com/KS_Direje.aspx?Jimare=39747

http://www.pukmedia.com/KS_Direje.aspx?Jimare=39748

http://www.pukmedia.com/KS_Direje.aspx?Jimare=39740

http://www.pukmedia.com/KS_Direje.aspx?Jimare=39734

http://www.pukmedia.com/KS_Direje.aspx?Jimare=39730

وتارێكی‌ مام جه‌لال له‌ئه‌رشیفی كوردستانی نوێ-وه‌

 یادی شه‌هیدان كاكه‌ شیهاب‌و جه‌عفه‌رو ئه‌نوه‌ر له‌دڵ‌و ده‌روونی تێكۆشه‌راندا هه‌میشه‌ زیندووه‌ ‌

 مام جه‌لال‌

یادی تێكۆشه‌رانی نه‌به‌زو دلێری‌ وه‌ك كاكه‌ شیهاب‌و هاوڕێكانی، كاكه‌كان جه‌عفه‌رو ئه‌نوه‌ر، هه‌میشه‌ له‌دڵ‌و ده‌روونی‌ تێكۆشه‌رانی‌ رێبازه‌ راست‌و ره‌واكه‌ی‌ (كه‌م ژیان‌و كه‌ڵ ژیان) زیندووه‌و ده‌گه‌شێته‌وه‌.
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌سه‌ره‌تای‌ دامه‌زراندنییه‌وه‌ ئه‌و رۆڵه‌ دلێرانه‌ی‌ گه‌له‌كه‌مانی‌ كرده‌ سه‌رمه‌شقی خه‌باته‌كه‌ی‌‌و به‌كرده‌وه‌ سه‌لماندی سه‌ركرده‌و رۆڵه‌ ژیره‌كانی‌ له‌پێشه‌وه‌ی‌ گیانبازین‌و خۆشی‌ وه‌ك هه‌ڵگیرسێنه‌ری‌ شۆڕشی‌ نوێ‌ له‌ریزی هه‌ره‌ پێشه‌وه‌ی‌ كوردایه‌تی‌ پێشكه‌وتنخوازه‌ بۆ ئامانجه‌كانی‌ رزگاری‌‌و دیموكراسی‌‌و مافی چاره‌ی‌ خۆنووسین.
كاكه‌ شیهاب جگه‌ له‌پێشڕه‌وییه‌كه‌ی‌‌و رۆڵه‌ دیارو لێهاتووه‌كه‌ی‌ له‌خه‌باتی‌ دامه‌زراندنی‌ كۆمه‌ڵه‌دا، بۆ به‌نده‌ی‌ موخڵیسیش براو دۆستێكی‌ گیانی‌ به‌گیانی بوو. زۆر پێكه‌وه‌مان به‌سه‌ر یه‌كه‌وه‌ هه‌بوو و دۆستایه‌تیشمان هه‌م دۆستایه‌تییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و هه‌میش دۆستایه‌تییه‌كی سیاسی‌‌و رێبازی لێك نزیكیی فیكری‌و شۆڕشگێڕی‌ بوو. جگه‌ له‌هاوڕێیه‌تی سه‌رده‌می پادشایه‌تی‌ له‌به‌غدا هی قۆناغی لاوی و خوێندكاری، له‌شۆڕشی‌ ئه‌یلولیشدا جارێكی‌ تر پێكه‌وه‌ شادو شكور بووینه‌وه‌و كاكه‌ شیهاب كادیری هه‌مه‌كار‌و به‌ده‌ست‌و بردی هه‌موو ئه‌ركێك بوو كه‌پێی‌ ده‌سپێردرا. كۆتایی شه‌سته‌كانیش جارێكی‌ تر گفتوگۆی فیكریمان له‌سه‌ر رێبازی راست‌و دروستی‌ خه‌باتی كوردایه‌تی‌‌و بزووتنه‌وه‌ی‌ پێشكه‌وتنخواز‌و دیموكراتی خه‌ڵكی كوردستانمان په‌ره‌پێداو ئه‌و گفتوگۆیانه‌ی هه‌ردووكمان‌و هی هه‌ڤاڵانی تریش بوونه‌ هه‌وێنی دروست بوونی‌ كۆمه‌ڵه‌.
ئه‌وێ رۆژێ كاكه‌ شیهاب‌و هاوڕێكانی هاتبوونه‌ سه‌ر بیروڕای‌ دامه‌زراندنی‌ رێكخراوێكی‌ ماركسی-له‌نینی‌و پرسیان به‌هه‌ڤاڵی‌ خۆشیان كردو به‌و جۆره‌ بناغه‌ی‌ كۆمه‌ڵه‌ داڕێژرا. ئیتر ئه‌وه‌بوو شه‌هید شیهاب خۆی‌ بۆ ئه‌و ئه‌ركی دامه‌زراندنه‌ ته‌رخانكرد، كۆڵنه‌ده‌رانه‌ كاری له‌سه‌ر كردو له‌هه‌موو وێستگه‌یه‌كی ئه‌و تێكۆشانه‌دا به‌ته‌گبیر‌و جورئه‌ت‌و ئازایه‌تی‌ خۆیه‌وه‌ به‌ره‌نگاری‌ ئه‌ركه‌كانی‌ سه‌رشانی خه‌باتی پێشكه‌وتنخوازی ده‌بۆوه‌. بۆیه‌ به‌نده‌ پێشنیازم بۆ هه‌ڤاڵان كرد كه‌بیكه‌نه‌ سكرتێری‌ كۆمه‌ڵه‌و هه‌ر واشیان كرد.
ماوه‌ی‌ چه‌ند مانگێكیش له‌به‌یروت‌و شام میوانم بوو، تا پێكه‌وه‌ بیروبۆچوونی‌ وردتر له‌سه‌ر شێوازی نوێی‌ خه‌بات تاوتوێ بكه‌ین.
 به‌داخه‌وه‌ وه‌ختێك له‌ئێرانی سه‌رده‌می شا له‌گه‌ڵ‌ هه‌ڤاڵانی‌ تری‌ ده‌ستگیركرا، من دره‌نگ ئاگاداربووم‌و وه‌ختێكیش پێمزانی شێوازێكی‌ نوێی‌ خه‌باتمان بۆ ئازادكردنی‌ به‌رپاكرد كه‌ شتێكی‌ نوێ‌ بوو له‌هه‌ڵمه‌تی‌ سیاسی‌‌و خه‌باتی شۆڕشگێڕی‌‌و ئه‌وه‌بوو ئه‌و ساڵه‌ خاڵه‌ شیهاب به‌ (زیندانیی ساڵ‌) له‌جیهاندا ده‌ستنیشان كرا.
به‌ڵام رژێمی‌ ره‌فتار فاشستی به‌غدا بێ گوێدانه‌ ئه‌و هه‌موو بانگه‌وازه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ی‌ رێكخراوه‌كانی‌ مافی مرۆڤ‌و ئازادیخوازی دنیا له‌سێداره‌یان دان‌و خۆی‌و هه‌ڤاڵه‌كانی‌ بوونه‌ سه‌رمه‌شق‌و سێ كوچكه‌ بۆ كۆمه‌ڵه‌و بۆ ره‌وته‌ دوورو درێژه‌كه‌ی‌ خه‌باتی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان.
كاكه‌ شیهابی نه‌مر‌و كاكه‌كان؛ شه‌هید جه‌عفه‌ر‌و شه‌هید ئه‌نوه‌ر خه‌ڵاتی‌ سووری رێی تێكۆشانی یه‌كێتی‌و شۆڕشی‌ نوێ‌ بوون، سه‌ره‌نجام ئه‌و خه‌باته‌ به‌ری گرت‌و كوردستانی رزگارو فیدراڵ له‌چوارچێوه‌ی‌ عیراقی دیموكرات‌و فیدراڵدا بووه‌ واقیعێكی‌ به‌رجه‌سته‌و گه‌شه‌كردوو كه‌ سه‌ره‌ڕای‌ گرفت‌و گێچه‌ڵی‌ لابه‌لای‌ ناحه‌زان ئه‌م ئه‌زموونه‌ نوێیه‌ی كوردستان‌و عیراق هه‌روا به‌رده‌وامه‌و به‌رده‌وامیش ده‌بێت تا شه‌مه‌ندۆفێری‌ رزگاری ده‌گاته‌ دوامه‌نزڵی‌ خۆی‌.
جا هه‌ڤاڵان له‌م بۆنه‌ سه‌رفرازییه‌ی‌ مێژووی‌ یه‌كێتییه‌كان‌و مێژووی خه‌باتی ره‌وای‌ گه‌له‌كه‌مان‌و گه‌لی‌ عیراقیش جێی‌ خۆیه‌تی‌ ته‌ئكید له‌مانا‌و په‌یامه‌ به‌رز‌و دره‌وشاوه‌كه‌ی‌ فیداكاری شیهاب‌و هاوڕێكانی‌و هه‌موو شه‌هیدانی‌ كه‌م ژیان‌و كه‌ڵ ژیان بكه‌ینه‌وه‌، به‌تایبه‌تی‌ له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا كه‌ گه‌لانی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاستیش بۆ ئازادی‌و دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سه‌ربه‌ستییه‌ گشتییه‌كان ده‌ستیانداوه‌ته‌ خه‌باتی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی‌ جه‌ماهیری‌و په‌رله‌مانی‌و ئیعلامی‌و گه‌لی‌ كوردستانیش له‌سه‌رتاسه‌ری‌ وڵاته‌ دێرینه‌كه‌ی خۆیدا هاتۆته‌ كۆڕی‌ نه‌به‌ردی ڕاست‌و دروستی‌ ئاشتیخوازانه‌‌و گفتوگۆ‌و پێك سه‌لماندن كه‌زمانی‌ ئه‌م سه‌رده‌مه‌یه‌ بۆ له‌ناوبردنی سته‌م‌و ده‌رچوون له‌قومقومی سه‌ركوتكردن.
شه‌هید شیهاب‌و شه‌هیدانی رزگاری‌ كوردستان، سه‌رقافڵه‌ی‌ ئه‌و كاروانه‌ بوون له‌سه‌رده‌مێكدا كه‌ دیكتاتۆری‌ باڵی‌ ره‌شی‌ به‌سه‌ر رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاستدا كێشابوو و رژێمه‌كه‌ی به‌عسیش به‌بای باڵی غرور ده‌یگوت (دارخورما له‌سه‌ریان بڕوێ پێشمه‌رگه‌یان پێ ناچێته‌وه‌ شاخ). ئه‌وه‌بوو به‌هه‌وڵ و نه‌به‌زینی رۆڵه‌ دلێره‌ شیهاب ئاساکان كردمان و بڵێسه‌ی شۆڕشی رزگاریشمان له‌چیا سه‌ركه‌شه‌كانی كوردستان هه‌ڵكرد، وه‌ك كورده‌واری ده‌ڵێن (گورگمان دی و نه‌شترساین).
نه‌مری بۆ شه‌هیدان شیهاب‌و جه‌عفه‌رو ئه‌نوه‌رو هه‌موو شه‌هیدانی‌ رێگای رزگاری كوردستان‌و رێی‌ ئازادیی گه‌لان له‌پێناوی مافی چاره‌نووس‌و پێكه‌وه‌ژیان‌و ئاشتی‌و دیموكراتی.
كه‌سوكاری شه‌هیدان و گه‌له‌كه‌شمان هه‌ر شادو سه‌ربه‌رزو سه‌ركه‌وتووبن.

ئه‌م وتاره‌ له‌ڕۆژی 21/11/2012، ژماره‌ 5933ی كوردستانی نوێ-دا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌

PUKmedia دیار ستار

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket