riklam

موچەی خانەنشینانی هەرێم زیاد دەكرێت

kurdistani 08:27 PM - 2014-11-20
خانەنشینی وەزیرو پەرلەمانتارو پلە تایبەتەكان نامێنێت

خانەنشینی وەزیرو پەرلەمانتارو پلە تایبەتەكان نامێنێت

بۆ زیادكردنی موچەی خانەنشینان لیژنەی پەرلەمانی كوردستان بەپشتبەستن بەو یاسایەی بۆ زیادكردنی موچەی خانەنشینان لەلایەن پەرلەمانی عیراقەوە پەسەندكرا خوێندنەوەی بۆ پرۆژە یاسایەك كردوە بەپێی پرۆژەكەش موچەی خانەنشینی وەزیرو پەرلەمانتارو پلە تایبەتەكان نامێنێت ئەگەر تەمەنیان نەگەیشتبێتە 63 ساڵان.

د.عیزەت سابیر سەرۆكی لیژنەی ئابوری و وەبەرەێنانی پەرلەمانی كوردستان بە PUKmediaی راگەیاند:وەك لیژنەكەیان پێنج كۆبوونەوەیان لەسەر ئەو یاسایە كردوە كە لەلایەن پەرلەمانی عیراقەوە بۆ زیادكردنی موچەی خانەنشیان پەسەندكراو پرۆژە یاسایەكی تریان لێ ئامادەكردوە كە لەگەڵ هەرێم دەگونجێت، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ شارەزایانی بواری خانەنشینی و  وەزارەتی دارایی راپۆرتی خۆیان كۆتایی پێهێناوەو پرۆژە یاساكەش لەگەڵ بارودۆخی ئەمڕۆی هەرێمدا گونجاندویانە، ئەوەی لەسودی خانەنشیان بێت وەك خۆی لەیاساكەی بەغدا وەریانگرتوە.

وتیشی: ماددەی 37و 38ی یاسای خانەنشینی كە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە پەسەندكراوەو پەیوەندی بەموچەی خانەنشینی وەزیرو پەرلەمانتارو پلە باڵاو تایبەتەكانەوە هەیەو دادگای فیدراڵی پەسەندی نەكردوە، ئێمە گۆڕانكاریمان تێدا كردوەو گونجاندومانە تا موچەی خانەنشینی پەرلەمانتارو وەزیرو پلە باڵاكان لەهەرێم زۆر جیاواز نەبێت لەموچەی خانەنشینانی تر، كەمترین موچەی خانەنشینانمان بە 400 هەزار دینار داناوە.

باسی لەوەشكرد دوای پەسەندكردنی ئەو پرۆژە یاسایە ئەوە نامێنێت كە پەرلەمانتار بەزیاتر لە شەشە ملیۆن دینار خانەنشین بێت، ئەگەر تەمەنی 63 ساڵی تەوا نەكردبێت ئەوا خانەنشین نابێت و مافی هەیە بگەڕێتەوە سەر كارەكەی خۆی، هەروەها دەتوانێت بگەڕێتەوە سەر كارەكەی خۆی بەموچەی خانەنشینی پەرلەمانتاری، لەگەڵ چەند خاڵێكی تر كە دادپەروەری بۆ كۆمەڵگا دەگەڕێنێتەوە، باسیشمان لەوەكردوە كەسێك كۆچی دوایكرد خانەنشینیەكەی بەكێ بدرێت.

د.عیزەت سابیر ئەوەشی خستەڕوو كە پرۆژەكە خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوەو دواتریش راپۆرتیان لەسەر پرۆژەكە داوەتە سەرۆكایەتی پەرلەمان و دەبێت بۆچونی حكومەتیشی لەسەر وەربگیرێت، چونكە دوای پەسەندكردنی ئەوكاتە حكومەت ئەركی دارایی دەكەوێتە سەرشان و دەبێت پارەی بۆ تەرخان بكات، وتی: ئەگەر حكومەت رەزامەندی لەسەر دەربڕێت ئەوا سندوقێكی خانەنشینی دادەمەزرێنرێت و ئەنجومەنێكیشی بۆ دادەنرێت و پێدانی موچەی خانەنشیان لەكۆڵ حكومەت و وەزارەتی دارایی دەبێتەوەو موچەی خانەنشیان لەو سندوقە دەدرێت، ئەو پارەیەشی لەنێو سندوقەكەدا دەبێت دەتوانرێت بۆ پرۆژەی وەبەرهێنان سودی لێوەربگیرێت و داهاتی سندوقەكە زیاد دەكات.

لەبارەی جێبەجێكردنی ئەو یاسای خانەنشینەی پەرلەمانی عیراق پەسەندیكردوە لەهەرێم، رایگەیاند:یاساكەی نوێنەران هەندێك خاڵی تێدایە ئەگەر لەهەرێم جێبەجێبكرێت زۆر توێژی ئێمە زیانی پێدەگات، بەڵام لەنێو پرۆژەكەی خۆماندا كە گۆڕانكاریمان تێداكردوە نەمانهێتشوە هیچ توێژێك زیانی بەربكەوێت.

PUKmedia گۆران وەهاب

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket