riklam

د.سەروەر عەبدولڕەحمان: پەرلەمان ئەركە سـەرەكییەكانی خۆی جێبەجێنەكردووە ‌

kurdistani 11:43 AM - 2014-11-19
 د.سەروەر عەبدولڕەحمان ئه‌ندامی خولی پێشوی په‌رله‌مانی كوردستان

د.سەروەر عەبدولڕەحمان ئه‌ندامی خولی پێشوی په‌رله‌مانی كوردستان

رۆڵی پەرلەمان لەگۆڕەپانی سیاسییدا وەك پێویست لەبەرچاو ناگیرێت


د.سەروەر عەبدوەحمان سەرۆكی سەرۆكی ئەنستتیۆتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان بۆ كوردستانی نوێی رونيكردەوە مەبەستی ئەوان لەچاودێری پەرلەمان بۆ ئەوەبووە ئەم دەزگا نیشتمانییە بەئەرك‌و كاری خۆی هەستێت‌و لەئاست متمانەی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستاندا بێت‌و رۆڵی سەرەكی‌و كارا ببینێت لەچارەسەركردنی گرفت‌و قەیرانەكاندا.

بەقسەی سەرۆكی رێكخراوەكە لەو تێبینییە گرنگانەی دەیانەوی بیخەنەڕوو رۆڵی پەرلەمانە لەگۆڕەپانی سیاسیی هەرێمی كوردستاندا كە وەك پێویست لەبەرچاو ناگیرێت‌و لەرووداوە گرنگ‌و چارەنوسسازەكاندا پەراوێزدەخرێت، هەرچەندە بەپێی بڕیاری ژمارە (1)ی ساڵی 2005 دەبێت سەركردایەتی سیاسی كوردستان بۆ بڕیارە چارەنووسسازەكانی بۆ پەرلەمان بگەڕێتەوە، بەڵام ئەوە نابینرێت.
ئەو وتی لەسەرەتای دەستبەكاربوونی ئەم خولەوە تێبینیەكانمان بەووردی تۆماركردووەو بەئینساف‌و بەبەڵگەوە راپۆرتی خۆمان نووسیوە، مەبەستیشمان شكاندن یان نرخاندنی هیچ لایەنێك نییە بەڵكو وەك رێكخراوێكی چاودێر كاری خۆمانكردووە. لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمان‌و لیژنەكان‌و ژمارەیەكی زۆر لەئەندامانیش قسەمان كردووەو رامان وەرگرتوون.
سەرۆكی ئەم رێكخراوە وتی: خولی ئەمجارەی پەرلەمان هەر سەرەتاوە بەپێشێلكردنی پەیڕەوی ناوخۆ دەستیپێكردو وتی:  بەپێی یاسا دەبوایە بەر لە 1/11/2013، واتە بەرلەوەی خولی سێیەم كۆتایی بێت، پەرلەمانی خولی چوارەم كۆبوونەوەی دەستپێكی ببەستایە، بەڵام ئەوەبوو كۆنەبوویەوە تا 6/11/2013، ئەمەش كارێكی نایاسایی بوو و لەماوەی ئەم شەش رۆژەدا بۆشاییەكی یاسایی لەهەرێم دروست بوو.
پێشێلكردنی پەیڕەوی ناوخۆ
وتیشی: جگە لەمە لەیەكەم كۆبوونەوەی دەستپێكی پەرلەمان لە (6/11/2013) بۆ سوێندخواردنی ئەندامانی پەرلەمان دەبوو بەپێی مادەی (13)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، ئەندامان سوێندی یاسایی بخۆن‌و هەرلەم كۆبوونەوەیەشدا دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرێن، كەچی بڕگەی دووەم ئەنجامنەدرا كە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتییەكە بوو، (پێنج مانگ‌و بیست‌و سێ رۆژ) دانیشتنەكان بەكراوەیی هێڵرایەوە، ئەمەش پێشێلكردنی ئاشكرای پەیڕەوی ناوخۆو یاسا بوو.
بەقسەی د.سەروەر كە خۆی ئەندامی خولی سێیەمی پەرلەمان بووە،  ئەوەی خولی ئەمجارەی پەرلەمان لەخولی پێشتر جیادەكاتەوە ئەوەیە كە لەخولی سێدا ئۆپۆزسیۆن هەبوو كە خۆی لە لیستەكانی (گۆڕان و یەكگرتوو و كۆمەڵ)دا دەبینیەوەو (35) ئەندامیان هەبوو، بەڵام لەم  خولەدا ئۆپۆزسیۆن نییە. هەر هەموویان شەریكن لەدەسەڵاتدا بۆیە پێشبینیمان دەكرد ئەم خولەی پەرلەمان وەكو پێشوو ئەكتیڤ‌و چالاك نەبێت.
سەرۆكی رێكخراوی پەی روونیكردەوە بەشێوەیەكی گشتیی بەدواداچوونی پەرلەمان ئەكتیڤ نەبووەو پێشێلكاریی تێدابووەو وتی: بۆنموونە لەپێكهێنانی لیژنە هەمیشەییەكان گرفت هەیە، لەدانانی ئەنداماندا ئەوەندەی لایەنی سیاسی لەبەرچاو گیراوە پسپۆڕی لەبەرچاو نەگیراوە، لەبارەی ژمارەی ئەندامان، بەپێی نووسراوە فەرمی‌و بڕیارە تایبەتەكانی پەرلەمان كە بۆ ئەم مەبەستە دەرچوونە، ئەندام هەیە لەهیچ لیژنەیەك نیە، ئەندامیش هەیە لەسێ لیژنە یا چوار لیژنەدا ناوی هاتووە، ئەمەش پێچەوانەی پەیڕەوە، ئەمەو چەندین گرفتی تری لیژنەكان كە نامەوی لێرە باسیبكەم. بەڵام لەپێكهێنانی لیژنە كاتییەكاندا كە بۆ لێكۆڵینەوە پێكهێنراون دەبینین لە 30/4/2014 لیژنەیەك پێكهێنراوە بۆ بەدواداچوونی روداوەكانی سلێمانی، لیژنەكە بەپەلە پێكهێنراوە كەچی كارەكانیشی تەواوبووە پێنج مانگ بەسەر تەواوكردنی راپۆرتەكەیان تێپەڕیوە هێشتا نەخراوەتە بەرنامەی كاری پەرلەمان كە ئەمە ئاماژەیەكی باش نییە بۆ كاری سەرۆكایەتی پەرلەمان!
پێكهێنانی لیژنەی بەپەلە
وتیشی: پێكهێنانی لیژنە بۆ مەسەلەیەكی پێویست زۆرئاساییەو پێویستیشە، بەڵام سەرۆكایەتی پەرلەمان هەروەك ئەو لیژنەیەی بەپەلە پێكهێنا كە پێكهێنانی پێویست بوو و كارێكی باشی كرد، بەڵام مەسەلەی زۆر لەوەگرنگتر هەبوو دەبوایە لیژنەی لێكۆلینەوەی بۆ پێكبهێنی، لەوانە كارەساتی شەنگال‌و كشانەوەی هێزی پێشمەرگە لێی كە بووە مایەی ئاوارەو دەربەدەربوونی سەدان هەزاركەس‌و جینۆسایدكردنی ئێزدییەكان! پێویستبوو لیژنەیەكی لێكۆلینەوە بهێنرێت‌و هۆكارەكانی ئەم بارودۆخە دیاریبكرێت‌و كەمتەرخەم و سەرپێچیكاران سزا بدرێن كەچی نەیانكرد!
سەروەر عەبدورەحمان وتی لیژنەیەك پێكهێنراوە بۆ پێداچوونەوەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان‌و بەردەوامن لەكاركردن بەڵام تائێستا ئەو پرۆژە پەیڕەوەی كاری لەسەر دەكەن تەواویاننەكردووەو كاتێكی زۆری پێچووە لەكاتێكدا پێویستە پەلەی لێبكرێت.
بەقسەی ئەو ئەندامەی پێشووی پەرلەمان لیژنەیەكی دیكە بۆ پاڵاوتن‌و دەستنیشانكردنی ئەندامانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی هەرێم (كۆمسیاران) پێكهێنراوە كۆبونەوەیەیان كردووە بەڵام ئەوەی تێبینی دەكرێت ئەوەیە بەپێی ئەو یاسایەی هەیە هەموو كەسێك مافی خۆ پاڵاوتنی هەیە بۆ كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن بەڵام لەبەرئەوەی تەوافوق كراوە لەنێوانی پێنج حزبە سەرەكییەكەی كوردستان كەواتە جگە لەپاڵێوراوانی ئەم پێنج حزبە كەسی دیكە ناتوانێت ببێتە كۆمسیاری باڵای كۆمسیۆنی باڵا! كەواتە دەرفەت بۆ كەسی دیكە لەدەرەوەی ئەم پێنج حزبە نییە ئەمەش مافی یەكسان بۆ هەمووان پێشێلدەكات.
 وتیشی: ئەگەر كەسێك هەموو مەرجەكانی ئەندامبونیشی تێدابێت‌و فۆرمیش پڕبكاتەوە هیچ قیمەتی نییە، چونكە پێشتر پێنج حزبە سەرەكییەكە رێككەوتنیانكردووە، لەنێوان خۆیان دابەشیبكەن.
بەقسەی سەرۆكی رێكخراوەكە پەرلەمان هەندی لیژنەی پێكهێناوە نەدەبوو بیكات، یان پێویست نەبوو بیكات، بۆنموونە پێكهێنانی لیژنە بۆ بەجینۆسایدناساندنی كارەساتی شنگال‌و ئێزدییەكان، یان بەدیكۆمێنتكردنی بەڵگەنامەكان كە كاری لیژنەی پسپۆڕە، لەكاتێكدا پەرلەمان لیژنەی پێكهێنا حكومەتیش پێكهێنا ئەمەش جۆرێك لەبێسەروبەری پێودیاربوو.
لەماوەی ئەم ساڵەی تێپەڕیووە پەرلەمان ئەركە سەرەكییەكانی خۆی جێبەجێنەكردووە، بەتایبەت كە كارە سەرەكییەكانی پەرلەمان بریتیە لەدەركردنی یاساو چاودێریكردنی كارەكانی حكومەت.
 بەقسەی سەروەر عەبدورەحمان پەرلەمانی كوردستان یەكێك لەكارە سەرەكییەكانی پەرلەمان پەسندكردنی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵانەیە، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دەبووایە لەسەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی 2013 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بودجەی خەمڵێنراو رەوانەی پەرلەمانی كوردستان بكات، بەڵام تا ئێستا بەهۆی ئەو قەیرانەی هەرێم تێی كەوتووە نە بودجە ئامادەكراوەو نە رەوانەی پەرلەمانیش كراوە.
بودجەو ژمێرەی كۆتایی
وتیشی بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ  پێویستە ژمێرەی كۆتایی (الحساب الختامی) ساڵی دارایی پێشتر بچێتە پەرلەمان، بۆ زانینی چۆنیەتی سەرفكردنی بودجەو لەپێناوی چەسپاندنی پرەنسیپەكانی شەفافیەت، بەڵام تاكو ئێستا ژمێرەی كۆتایی ساڵەكانی (2012) و (2013) لەلایەن حكومەتەوە رەوانەی پەرلەمان نەكراوەو پەرلەمانیش كە ئەركی خۆیەتی بەدواداچوون بكات داوای لەحكومەت نەكردووە ژمێرەی كۆتایی رەوانەبكات.
لەماوەی یەك ساڵی رابردوو زیاتر لە 60 پرۆژەیاسا خوێندنەوەی یەكەمیان بۆكراوە، لەو ژمارەیە تەنها 6 پرۆژە پەسندكراون، لەو یاسانەشی دەركراون تێبینی زۆریان لەسەرە، سەروەر عەبدورەحمان وتی لەماوەی یەكساڵی كاری پەرلەماندا دەركردنی ژمارەیەكی كەمی یاسا جێی تێبینییە. جگە لەمەش دەبینین لەشەش یاساكەدا یاسای بودجەی حزبەكان دەركراوە كە بۆ خەڵكی كوردستان هیچ گرنگییەكی نییەو تەنها بۆ حزبەكانە نەك خەڵك، لەكاتێكدا دەبوو تائێستا بەپێی یاسای درێژكردنەوەی تەمەنی سەرۆكی هەرێم (19)ی ساڵی 2013 دەبێت دەستوور هەموار بكرێتەوە، پەیامی سەرۆكی هەرێمیش هەیە دەڵی خولی ئایندە (واتە خولی چوار) دەستوور هەموار بكاتەوە كە ئەمە كاری پەرلەمانە.
بێسەروبەریی‌و بێبەرنامەیی پەرلەمان
سەرۆكی رێكخراوی پەی روونیكردەوە بێسەروبەریی و بێبەرنامەیی بەپڕۆژەیاساكان‌و چۆنییەتی پێشكەشكردن‌و بەرنامەی كاری پەرلەمان دیارەو وتی: زۆربەی ئەو پرۆژە یاسایانەی پێشكەشكراون تەنها كۆپیكردنەوەی پرۆژەكانی پێشترن بەبێ ئەوەی هیچ دەستكارییەك بكرێن‌و لەگەڵ قۆناغەكەو گۆڕانكارییەكاندا بگونجێنرێن.
ئەو نمونەی زۆری هێنایەوەو وتی بۆنموونە پڕۆژە یاسای كۆمپانیای كوردستان بۆ دۆزینەوەو بەرهەمهێنانی نەوت، پڕۆژەیاسای هەمواركردنی یاسای وەبەرهێنان، پڕۆژەیاسای دەستەی سەربەخۆی هەڵبژاردن‌و راپرسی، پڕۆژەیاسای هەمواركردنی یاسای رێكخستنی خۆپیشاندان‌و.. هتد.
لەو راپۆرتەی ئەنستیوتی پەی چەندین تێبینی‌و سەرنج ورد تۆماركراوە لەسەر كەموكوڕی پرۆژە یاساكان‌و خراپی پرۆژەكان لەرووی چۆنایەتییەوە، دەردەكەوێت بەشێكی پەرلەمانتاران یان فراكسیۆنەكان لەپێناوی ئەوەی بڵێن پرۆژەیان هەبووە پرۆژەی كرچ‌و كاڵ یان دووبارە یان كۆپی یاسای فیدرالییان پێشكەشكردووە.
سەروەر عەبدورەحمان روونیكردەوە لەو 61 پرۆژەیەی لەماوەی یەك ساڵ خوێندنەوەی یەكەمیان بۆكراوە 34 یان بەتەواوی دووبارەن، یاخود هەمان ناونیشانن‌و ناوەڕۆكیان تۆزێك جیاوازە، پرۆژە هەیە دوو فراكسیۆن بەجیا پێشكەشیان كردووە بەهەمان ناوەوە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە فراكسیۆنەكان ئاگاداری یەكتری نەبوون لەپێشكەشكردنی پرۆژەكان.
وتیشی: ئەگەرنا بوونی دوو پرۆژەی هاو شێوە بەفەرمی كە خوێندنەوەی بۆ بكرێت دەبێت بەبار قورسی بەسەر لیژنەكان‌و رێرەوی كارەكەو پەسەندكردنیشی قورستر دەكات.
ئەم پەرلەمانتارانەی پێشوو روونیكردەوە فراكسیۆن هەیە توێژینەوەی زانستی پێشكەشكردووە بەناوی پڕۆژە یاساوەو خوێندنەوەیشی بۆكراوە، ئەمەش نەشارەزایی ئەندامەكان دەگەیەنێت‌و سەرسوڕمانی لەم دۆخەی پەرلەمان دەربڕی.
وتیشی خراپتر ئەوەیە فراكسیۆن هەیە لەشێوەی راپۆرت پرۆژەبڕیاری پێشكەش كردووە، ئەمەش نەشارەزایی ئەندامەكان دەگەیەنێت، بۆنموونە پرۆژە بڕیاری پایتەختی ئاشتی هەرێمی كوردستان.
هەروەها نمونەی دیكەی هێنایەوە كە فراكسیۆن یان ژمارەیەك ئەندام پەرلەمان دوو پرۆژەیاسایان لەیەك كاتداو لەیەك بواردا پێشكەشكردووە كەچی هەردوو پرۆژەكە دژ بەیەكترین، پرۆژە یاسای پەروەردەو خوێندن و پرۆژە یاسای پەروەردە لەهەرێمی كوردستان.
هەروەك روونیكردەوە جار هەبووە فراكسیۆن یان ژمارەیەك پەرلەمانتار یاسای عیراقییان وەك پرۆژە پێشكەش كردۆتەوە، بەبێئەوەی یەك وشەی لێگبۆڕن یان دەسكاریی بكەن بۆئەوەی لەگەڵ هەرێمدا بیگونجێنن، كەواتە جیاوازیان نەكردووە لەنێوان پێشكەشكردنی پرۆژە یاسا بەمەبەستی پەسەندكردن.
لەلایەكی دیكە لەراپۆرتەكەی رێكخراوی ئەنستیوتی پەی ئاماژەكراوە بەوەی پرۆژە یاسا هەیە لەلایەن ژمارەیەك پەرلەمانتارەوە پێشكەشكراوە بۆ بەپارێزگابوونی راپەڕین لەكاتێكدا پێشتر بڕیارێك هەبووە بۆ بەپارێزگابوونی راپەڕین! د. سەروەر وتی: دەبوو ئەو پەرلەمانتارانە بەدواداچوون بكەن بزانن بۆچی حكومەت‌و دەسەڵاتی جێبەجێكردن ئەم بڕیارەی جێبەجێنەكردووە نەك پرۆژەیاسا پێشكەش بكەن.
پشتگوێخستنی هەندێ پڕۆژەیاسا
د.سەروەر روونیكردەوە ئەوان لەماوەی ساڵێك كاركردنیان لەسەر كارەكانی پەرلەمانی كوردستان چەند تێبنیی دیكەیان تۆماركردووە لەوانە هەندێجار كتوپڕ یاداشتی فراكسیۆنەكان لەدانیشتنەكان دەخوێندرێتەوە، هەندێجار رای پەرلەمانتاران ناخرێتە دەنگدان، بەتایبەت كاتێك لەسی ئەندام زیاتر بابەتێك دەخەنەڕوو.
هەروەها لەكاتی هەمواری هەندی بڕگەی پەیڕەوی ناوخۆ چەند حاڵەتێكی لایەنگیری‌و بێلایەن نەبوونی سەرۆكایەتی بەزەقی دیاربوو، یان نەخستنە بەرنامەی كاری یاداشت‌و داواكاری ئەندامان، پشتگوێخستنی هەندێ پڕۆژەیاسا كە پێشكەشكراون، هاوكات تێبینیمان كردووە رێوشوێن نەگیراوەتەبەر بۆ دیاردەی ئامادەنەبوونی ئەندامان لەكۆبوونەوەكاندا.
بەپێی راپۆرتەكەی ئەم رێكخراوە دانیشتنەكانی پەرلەمان درێژن، هەندێجار ئەندامان لەبەرنامەی كارلادەدەن بەبێ ئەوەی سەرۆكایەتی پەرلەمان رێگرییان لێبكات، بەمەش  كات بەفیڕۆدەچێت‌و پەرلەمان وەك پێویست بەكارەكانی خۆی راناگات‌و بودجەش بەهەدەردەدرێت.
روونیشیكردەوە جگە لەمانە دانیشتنی زۆردەكرێت‌و لەدانیشتنەكانیش ئەندامان ماندوودەبن‌و تەركیزیان نامێنێ‌و هیچ ئەنجامێكی ئەوتۆشی نابێت، ئەركی سەرۆكی پەرلەمانە دانیشتنەكان رێكبخات‌و رێگری لەزیاد قسەكردن‌و دەرچوون لەبەرنامەی كاربكات.
هەروەها روونیكردەوە رەخنەیان لەپەرلەمان هەیە كە لەهەندێ پرسی گرنگدا جوڵەیەك یان هەڵوێستێكی نەبووە، خەم‌و گرفتەكانی خەڵكی لەبەرچاونەبووە یان لەكاتی خۆیدا نەهاتۆتەدەنگ بەتایبەتیش لەپرسە هەستیارەكانی وەكو كشانەوەی هێزی پێشمەرگە لەهەندی ناوچە یان داننان بەكانتۆنەكانی رۆژئاوا یان هەڵویست وەرگرتن بەرامبەر بەغدا لەقەیرانی نەناردنی موچەو بودجەی هەرێم.
تێبینییەكی دیكەی وردی راپۆرتەكەی ئەنستیۆتی پەی باس لەجیاوازیی ئیمتیازی پەرلەمانتارو تەنانەت راوێژكارەكانی پەرلەمانیش دەكات لەمووچەو پاسەوان‌و ئۆتۆمبێل‌و دەڵێت راوێژكارەكانی پەرلەمان ئۆتۆمبێلیان بۆ دابینكراوە كەچی بۆ پەرلەمانتاران دابین نەكراوە لەكاتێكدا دەستەی سەرۆكایەتی ئۆتۆمبێلیان بۆ كڕدراوە.
بەلام لەگەڵ ئەوەشدا لەراپۆرتەكەدا هاتووە ئەم خولەی پەرلەمان هەندێك جیاكەرەوەی هەیەو مایەی خۆشحاڵین، لەوانە: پەخشی راستەوخۆی دانیشتنەكان‌و ئاسانكاری زیاتر بۆ میدیاكاران لەروماڵكردنی هەواڵ‌و دانیشتنەكانی پەرلەمان‌و كردنەوەی نووسینگەی پەرلەمان لەكەركوك‌و دەركردنی دوو بڕیاری نەتەوەیی سەبارەت بەكوردانی رۆژئاوا.
لاوازیی سەرۆكایەتی پەرلەمان
سەبارەت بەلاوازیی سەرۆكایەتی پەرلەمانیش، د.سەروەر پێیوابوو ئۆباڵی ئەستۆی هەموو لایەنە سیاسییە سەرەكییەكان دەگرێتەوە، بزووتنەوەی گۆڕان لێپرسراوە چونكە سەرۆكایەتی بەدەست ئەوانەوەیە، پارتی دیموكراتیش كەمتری بەرناكەوێت چونكە هەم جێگر لەوانەو هەمیش ئەوان نایانەوێت پەرلەمان ئەكتیڤ بێت‌و زیاتر دەیانەوێت قسەی یەكەم بۆ سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەت بێت، كۆمەڵی ئیسلامی بەرپرسیارن چونكە سكرتێر لەوانەو بەئەركی سەرشانی خۆی هەڵناسێت، یەكگرتووی ئیسلامی بەرپرسیارە چونكە وەزیری كاروباری پەرلەمان لەوانە بەڵام وەزیرێكی سستەو لەكاتێكدا ئۆفیسەكەی لەناو پەرلەمانە كەچی تەنها لەسی دانیشتن ئامادەبووە، لەگەڵ هەموو ئەمانەدا یەكێتی نیشتمانیش بەرپرسیارە چونكە تائێستا یەكلایی نەكردۆتەوە ئایا پۆستی جێگر یاسكرتێری پەرلەمان وەردەگرێت، ئەمەش بۆتە مایەی ئەوەی هەم هەر هەژدە ئەندامەكەی هەست بەغوبن بكەن كە كەسیان ل سەرۆكایەتی نییەو هەم جێگرو سكرتێریش خۆیان بەكاتی بزانن‌و وەك پێویست ئیشەكان نەكەن.
لەكۆتاییدا د.سەروەر پێی وابوو كە ئەم راپۆرتە هەڵسەنگاندنی ساڵی یەكەمی پەرلەمانە لەم خولەدا، چوار ساڵ بەیەك ساڵ پێوانە ناكرێت، هەرچەند دەست پێكەكەی باش نییە، بەڵام هیوادارم ساڵەكانی تری وانەبێت‌و پەرلەمانتاران‌و فراكسیۆنەكان بەدەستەجەمعی ئیش بكەن‌و كێشەو گرفتەكان بخەنەلاوەو دۆخی هەڵبژاردن‌و سەردەمی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن تێپەڕێنن‌و پەرلەمانێكی كاراو بەهێز بێننەكایەوە، چونكە پەرلەمان بەرزترین دەزگای شەرعیی یاسایی‌و سیاسی ئەم هەرێمەیە، تاپەرلەمان بەهێزتربێت، یاسای باشتر دەردەكات‌و چاودێری دەسەڵاتی جێبەجێكردن وردتردەكات‌و زووتر بەرەو دامەزراوەییكردن دەچین.

PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket