riklam

سەدام، وەک کۆتایی نەمرێکی درۆینە ‌ ‌

kurdistani 02:12 PM - 2014-11-09
بەیان سەلمان

بەیان سەلمان

بەیان سەلمان

ماوەیەک پێش ئێستا هاوڕێیەک ڤیدیۆیەکی یوتیوپی بۆ ناردم؛ فیلمەکە دەنگێکەو وێنەی کۆنی تێکەڵکراوە، گوایە دەنگی سەدامەو نەمردووە! لێرە ئێمە دیسان بەرەوڕووی میت دەبینەوە.
mytheچییە؟ بەپێی گاستۆن باشڵار، دەربڕینێکی رەمزی بیرکردنەوەیە، لەسیستمێکی باوه‌ڕو بیرکردنەوەدا، چیرۆکێکی درۆیە کە بەڕاستی وەریدەگرین، لەڕووکەشیشدا دژ بەئەقڵانیەتە، بەڵام لێرەیە تا پێمان بڵێ ئەو تاقە راستیەکە. لەئاست ئەم ناڕەوانییە، رۆڵێکی گرنگ‌و کاریگەری بەسەر دەروونەوە دەردەکەوێ، چونکه‌ لەهەمانکاتدا شەفافیەت بەهیواو ترسیش دەدات.
 لە میتی هاوچەرخ، بەپێی ئۆمبێرتۆ ئیکۆ، جۆرە زیندووکردنەوەیەکە بۆ میتی دیرێن، کە هیرقل کارەکانی پێ دەسپێردرێ، بەرامبەر بەمە سوپەرپاڵەوان لەسەردەمی هاوچەرخ بەجۆرێکی تر بەو کارانە هەڵدەستێ. سەدام حوسێنیش لەئەقڵییەتی دەستەجەمعی ئەو گرووپانەی هێشتا لایەنگرین پاڵەوانێکەو وێنەی ئەو میتەیە، خۆی هەرگیز بڕوای نەدەکرد کە نەمێنێ، خەڵکیشی خستبووە ناو ئەو دۆخە سامناکەی کە هەرگیز نامرێ. درێژەپێدان بەوێنەکانی‌و دەنگی لەلای ئەو کەسانە مسۆگەرکردنی نەمردنێتی. هەر بەپێی ئۆمبێرتۆ ئیکۆ ئەم جۆرە میتە وەک سوپەرمانە، مردنی بۆ نییە، هەمیشە زیندوو دەکرێتەوە. ئەگەر ئەمڕۆش وا لێرەیە ئەو لایەنە بەرجەستە دەکات کە هیواو ترسی هەڵگرتووە. هیوا بەپاڵەوانێکی ساختە کە تەواو راستە لەفیکری بڕواپێکەرانی، بۆ ئەوەی دونیا رزگار بکات، ئەگەر شیعە لە مەهدی المونتەزەردا هیوای ئەو میتە دوورەیان هەڵگرتووە، سوننە لە میتی سەدام‌و ئەوانەی ئیرسی ئەویان هەڵگرتووە، ئەمەش بەناو هەموو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاو دەکرێتەوەو بڕوا بەهاتنەوەی دەکەن.
لەڕاستیدا هەر بەخودی ئەم بیرۆکەیە کە باس لەمیت دەکرێ، واتە ئەو حاڵەتی سەرسامیەی کە جێی بڕوا نییە، سەدام وێنەی میتێکی گەورە بوو، سێ پاییەی دەسەڵاتی لەخاکدا بزمارڕێژ کردبوو، پەلەکانی بەهەموو لایەکدا هاوێشتبوو، لەجورج بوشەکان‌و ئۆبامای ئێستاش گەورەترە، کە دەشکوژرێ، یان ووندەبێ، واتە میتێک وندەبێ. گرنگی بیرۆکەکە لەمەدایە، ئەگەر سەدام میتێک بووبێ ئێستا ئەو میتە نەما. گریمان بەپێی ئەو فیلمە سادانە سەدام هێشتا ماوەو ئەوەی لەسێ دارە درا یەکێک لەوێنەکانی بوو (واتە یەکێک لەبری ئەو، ئیتر بۆ هەرچ مەبەستێک بووبێ، خۆی بەخت کردووە)؛ ئەمە هیچ لەو مەسەلەیە ناگۆڕێ کە خودی ئەو میتە ونبوو، واتە وێنە هەمەجۆرەکانی کە باڵێ رەشی سامناکی بەسەر وڵاتی عیراقدا پۆشیبوو نەما، ئێستا چ بایەخێکی هەیە کە دەنگ‌و وێنەی کۆن بێنەوە مەیدان؟
سامی وێنه‌و گوتاره‌کان
ئیشکردنی هەموو رژێمەکەی سەدام لەسەر وێنەو گوتارەکانی بوو. ئەوەندەی سامی ئەوانە گرانبوو بینینی بەڕاستی رەنگە سامی نەبووبێت، (بەپێی ئەو کەسانەی کە بەڕاستی بینیبویان)؛ سەدام بە بەرگی سەربازیی، بە بەرگی کاوبۆی، بە بەرگی عەمرە، بە بەرگی شۆڕەسوارو راوچی‌و کوردو عەرەب...هتد. ئەم جۆرە پەنا بردنەش بۆ وێنەی هەمەجۆر بۆ خوڵقانی میتی دیکتاتۆرێک، بەپێی رۆڵان بارت لەکتێبی میتۆلۆجی، بریتییە لەسیستمێکی هاوپەیوەندی، پەیامێکی لە پشتە، تەنانەت گوتارە خەیاڵییەکانی دەبنەوە فۆڕمێکی نوێ لەهاوپەیوەندی بەم جیهانە نوێیەوە کە سۆزو نۆستالژی لایەنگرانی بەرهەمی دەهێننەوە.
دۆخی سەدام لەو گوتارە خەیاڵیەی بڵاوکراوەتەوە، زۆر بەو فیلمانە دەچێ کە چەند کەسێک لەدەوری مێزێک دانیشتون‌و خەریکی ئامادەکرنی رۆحن؛ کەسەکەی بە نیازن ڕۆحی بهێننەوە مەیدان لەو شوێنە دەبێتەوە ئەو ونە ئامادەیە کە خەیاڵی نزیکەکانی پێویستیان پێیە، هەر وەک پێویستی میت کە لەو سەردەمە دیڕینانە ئامادەبوون. سەدامیش ئەو کەسە پێویستەیە بۆ تۆقاندنی خەڵک، وێنەکانی لەئێستاشدا بەردەوام بن، بەلانی کەمەوە دەنگی لێرە بێت‌و هەڕەشە لە>>کوردو خاینەکانی تر>> بکات، ئەمە بەبێ مەبەست نییە. سەدام وەک هەموو فیگەرێکی پاڵەوان (ڕاستی بێت یان دەستکرد)، وەک هەردوو نووسەر ئۆدیل فالیوو مارک تورێ دەڵێن: لەسەرێکەوە جەلادەو لەسەرێکیشەوە پاڵەوانە، لەجێیەک خەڵک دەکوژێ‌و لەجێیەکیش خەڵک رزگار دەکات. ئەم وێنەیە تەواو لەسەر سەدام دەپێکێ، کە دونیای عەرەب تا ئەمڕۆش بەو هەموو بەڵگەنامانەوە باوەڕ ناکەن کە جەلاد بووبێ، بەڵکو لەخواستی بێ دەسەڵاتییان دەرهەق ئەو هەموو ستەمکارییەی ژیانیان بەو وێنەی میتە دەپارێزن.
هەر بۆیە بەپێی رۆڵان بارت، میتی هاوچەرخ خۆی لەئامرازی پەیامەکە کورت ناکاتەوە، بەڵکو بەو شێوازەی وتراوەو نیشاندراوە. ئەمەش جیاوازیەکی وەهای نییە لەگەڵ ئەو میتانەی باون لەبواری ریکلام‌و مۆدەو سینەماو میدیاکان. دەنگی سەدام لەشەپۆلەکاندا زەمەنێکی تر ئامادە دەکات، بەمەش وێنەکانی دەهێنێتەوە مەیدان‌و تا قووڵایی نەست دەڕوات‌و دیسان ماناکانی دەدۆزێتەوە کە خامۆش ببوون‌و بەرجەستەیان دەکاتەوە. ڕژێمی سەدام ئیشیان لەسەر ئەو واتایانە کردبوو، خوێننەوەی کۆمەڵیان بۆ خۆیان ئاسان کردبۆوەو کۆدەکان لەگیرفانیان بوو؛ بەمەش هەموو بیرکردنەوەی خەڵکیان داگیر کردبوو. نیشانەکان لەسیستمی سەدامیدا، لەزمان‌و وێنە، خۆیان دەبنەوە وەزیفەیەکی تەواو و لەواتا دانابڕێن. ئەم میتە نوێیەی سەدام لەکۆنسێپتێکەوە دەستی پێکردووەو فۆڕمی پێداوە بۆ ئەوەی ئەو دیسان وێنەی خامۆش بووی بخوڵقێنێنێتەوە. لەو سەردەمە ئیش بەوێنە فۆتۆگرافەکانی‌و وێنە تەلەڤزیۆنەکانی دەکرا، لەئێستادا لەناو سیستمی ئەنفرۆماتیکدا ئامادەیەو بەئاسانی ئیشی پێ دەکرێ، ئەو کەسانەی بەدواشیا دەگڕێن دەیدزۆنەوە، یاخود زیندووی دەکەنەوە. بەو جۆرە، وێنەی ئەو میتە لەجیهانێکی داخراوەوە دەچێتە جیهانێکی کراوەو فراوانتر، سەدام ساتەکانی کۆتایی ژیانی لەناو زیندانەوە بۆ دادگا بۆ هەڵواسین دەبنەوە ژیاننامەی بەرگریی میتێکی جیهانی. هەر خودی میت دەبێ ئەو لایەنی یونیڤیرسەلەی تێدا بپێکێ بۆ ئەوەی بەمیت تەماشا بکرێ، جگە لەوەی لایەنی فریودان‌و هەڵخەڵەتانن بۆ ئەوەی ببێتە ماییەی بڕوا. سەدام لەو ڤیدیۆ بەربڵاوانە وەک حەڵوای سوپای عیراقە کە لەچواردەی تەمووزی ساڵانی شەستەکان بەهەلیکۆپەتر هەڵیان دەدا. دەبێتەوە وێنەیەکی یونیڤێرسەڵ کە باشترین رەواجی لەناو جیهانی عەرەبیدا هەر بەردەوامە، وێڕای ئەو شۆڕشە نەکڵۆکانەش دژی دیکتاتۆرەکانیان کە تا هەنوکە ئەوەندەی گەڕاندویانیەوە بۆ سەرەتای هۆزو عەشیرەتی پەرشو بڵاو، شتێکی وەها تۆکمەیان نەماوە لەفۆڕمی دەوڵه‌ت‌و حکومەت بچێت. هەر بۆیە پەیدابوونی داعش، نوێنەری خەلافەتی ئیسلامیی‌و بانگەشە بۆ سیستمێکی نوێی دەوڵەت لەو نائومێدیەوە سەرچاوەی گرتووە.
پابه‌ند بوون به‌ کات
کێشەی گەورە لەو فیگەری میتە هاوچەرخانەدا مەسەلەی پابەندبوونە به‌کات؛ مرۆڤ بەحوکمی ماوەی تەمەنی ناتوانێ درێژە بەوەزیفەی بەمیتبوونی خۆی بدات؛ هەر بۆیە پەنا بۆ وێنەو فیلم‌و پەیکەرو بەڵگەنامەی دەنگی دەبەن، بۆ ئەوەی گەشە بدەن بەچیرۆکێک کە حوکمی وەستانی بەسەرا درابوو. ئەوەی بەزیندان‌و دوورخستەوەو کوشتن رێی لەو گەشتەکردنە گرتبوو، بەنێوەندی ئامرازی نوێ بەردەوامیی پێ دەدرێ. ئەم جۆرە نموونانە بەپێی هەردوو نووسەر ئۆدیل فالیو و مارک تورێ، سەر بە <>وێنەی باوانی>> مرۆڤایەتیە کە کارڵ یۆنگ پشتگیری لێ دەکات. دەبێتە ئەو وێنە باڵایە، ئەو فیگەرە ئیدیاڵەی کە خەیاڵی تاک گیرۆدەی دەبێت‌و خۆی لەودا دەخوازێ. لەئاکامدا وێنەکە دەبێتەوە مۆدێلێک بۆ ئەوانی‌تر، کۆپیە سەرەکیەکانی لە (بن لادن و زەرقاوی و ئەبوبکر به‌غدادی...) خۆی دووبارە دەکاتەوە، دواجار دەشکرێتە شوناسی ئەو گرووپ‌و کەسانەی زیندوویان دەکەنەوە.

كوردستانی نوێ

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket