riklam

سێكس و توندڕەویی ئایینی ‌

kurdistani 12:25 PM - 2014-10-31
.

.

«تا ئەو كاتەی لە قووڵایی دڵەوە دان بە سروشتیبوونی سێكس-دا نەنێین، هیچ مرۆڤێك ناتوانێت مرۆڤێكی دیكەی خۆش بوێت. دەمەوێ پێتان بڵێم كە سێكس، وزەیەكی خوداییە. وزەی سێكس وزەیەكی رۆحانی و خوداییە. بۆیەش ئەم وزەیە دەتوانێت ژیانی نوێ بئافرێنێت. سێكس گەورەترین و ڕازاویترین هێزە. دەبێ ئەو هەموو دژایەتیكردنە لەگەڵ سێكس بەلاوە بنرێت. ئەگەر دەتانەوێت عەشق بەسەر ژیانتاندا ببارێت، دەست لەو دڕی و شەڕوشۆرە بەرامبەر بە سێكس هەڵبگرن. سێكس شتێكی پیرۆزە. ستایشی ئەو پیرۆزمەندییەی بكەن. وزەی سێكس نابێ سەركوت بكرێت، بەڵكو دەبێ رێزێكی گەورەی لێ بگیرێت، چونكە هەموومان لە سێكس بووین و ئەو هێزە خوداییە ژیانی بەخشیوەتە ئێمە. سێكس، سەرچاوە سەرەكییەكەی ژیانە.»
ئەم گوتانە، گوتە بە نرخەكانی پاك سرشت «ئۆشۆ»یە سەبارەت بە سادەترین و گرنگترین بابەت لە ژیانی مرۆڤەكاندا كە لەلایەن شپرزەبازاڕی ئایدیا و بیروباوەڕی مرۆڤەكانەوە (بێ جیاوازی)، بەلاڕێدا براوە و، داخەكەم..! لەباتی ئەوەی سەرچاوەی ژیان بێت، بۆتە سەرچاوەی گشت رەهەندەكانی توندوتیژی و دڕبوونی مرۆڤ.
سەركوتکردنی وزە 
سەركوت كردنی وزەی سێكس، كراوە بە كارێكی پیرۆز و رۆحانی، بەتایبەت لەو ئایدیۆلۆژییانەدا كە هەڵقوڵاوی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستن. راستتر وایە بڵێین: هەڵقوڵاوی كاڵفامی و گەمژەیی مرۆڤە لەو بەشەی گۆی زەوی كە بە درێژایی دیرۆكە خوێناوییەكەی گۆڕەپانی تەراتێنی ئەو مرۆڤە كۆڵەوارانە بووە كە وزەی بەردەوامی ژیان (سێكس)یان كردووە بە وزەی هاڕین و سەربڕینی ژیان..!
خۆنەناسین و نەبوونی ئاگایی لەسەر خود، وا لە مرۆڤ دەكات رۆژ لەدوای رۆژ هێڵەكانی پەیوەندی لەگەڵ «ژیان» زیاتر بپچڕێت و لە ژیاندۆستی دوور بكەوێتەوە. هیچ گومانم لەوە نییە كە خۆناسەكان لەسەر ئەم گۆی زەوییە، ژمارەیان لە ژمارەی پەنجەكانی دەست تێپەڕ ناكات و ئەوەی تر، لەشكری خۆنەناسەكانە كە سات لەدوای سات، بە بۆنەی زۆربوونی ژمارەیان، پیرۆزبایی لەیەكتر دەكەن.
مەیلی سێكسی، شتێكی قێزەونە؟
ئەگەر سەرنج بدەن، لە هەموو ئایدیۆلۆژیاكاندا، چ بەناو رۆحانی و مەزهەبییەكان، چ ماتریالیستییەكان، باوەڕێكی باو هەیە كە بە رەهایی هەڵەیە و، مەیلی سێكسی بە توخمێكی ناشیرین دەناسێنێت، هەروەها كەسی «باوەڕمەند» رادەسپێرێت بە سەركوت كردنی. هۆكارەكەشی دەگەڕێننەوە بۆ ئەوەی كە گوایە مەیلی سێكسی كۆسپ دەخاتە بەردەمی بیركردنەوە و پێشكەوتنی مرۆڤ و ئەگەر سەركوت بكرێت، مرۆڤ دەتوانێت لە بوارە جیاجیاكاندا توانای خۆی دەربخات، بەڵام تەواو پێچەوانەكەی راستە. تا ئەو كاتەی مەیلی سێكسی تێر نەكرێت، مرۆڤ توانای بیركردنەوە و بڕیاری دروستی لە هیچ بوارێكدا نابێت. هزری مرۆڤ، بە رزگاربوون لە گوشارەكانی مەیلی سەركوتكراوی سێكسی، دەتوانێت قۆناغەكانی پێشكەوتن ببڕێت. ئەو مەیلە، مەیلێكی سروشتییە و دەبێ بە دروستی و سروشتییانەش مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت. هەروەك چۆن لەكاتی برسێتیدا، زۆر ئاسایی و سروشتییانە مەیلی خواردنمان دادەمركێنینەوە. مەبەست لە تێركردنی مەیلی سێكسی بە شێوازێكی دروست، ئەوەیە كە مرۆڤ (هەردوولا) بگەیەنێتە ئۆقرەیەكی دەروونی و هێوریان بكاتەوە، تەنها لەو حاڵەتەدا «تێركردن» یارمەتیدەر دەبێت.
هاوڕەگەزبازی؛ یەكێك لە لێكەوتەكانی رەبەنی
با بێینە سەر باسی پەیوەندی نێوان سەركوت كردنی مەیلی سێكسی و لێكەوتەكانی كە «توندوتیژی» راستەوخۆ بە یەكەم دەرئەنجامی ئەو سەركوت كردنە دادەنرێت. بە هەموو پێوەرێك و لە هەموو تێگەیشتنێكدا، دەركەوتووە كە وزە (بە هەموو رەهەندەكانیەوە) لەناو سروشتدا قابیلی سەركوتكردن و كۆنترۆڵ كردن نییە، بەتایبەت لەلایەن مرۆڤەوە. ئێمە تەنها دەتوانین وزە ئاراستە بكەین و سوودی لێ ببینین. بابەتی سەڵتی (تجرد) لە هەموو ئایینە ئاسمانییەكاندا كراوە بە نموونەیەكی پیرۆز، بەو بیانووەی كە «خوداوەند» هاوەڵی نییە و مرۆڤیش بۆ ئەوەی بگاتە ئاستێكی ئیلاهی، دەبێ (تجرد) تەنیایی هەڵبژێرێت. دیارە لێرەدا تێگەیشتنێكی هەڵە هەیە، ئەویش ئەوەیە، مرۆڤ هێشتا نەیزانیوە كە ناتوانێت ببێتە «خودا»، بەڵكو دەتوانێت «خواچەشنێتی» لەخۆیدا بەرجەستە بكات، واتە ئەو سیفەتانە لە دەروونی خۆیدا هەڵنجێت و بەرجەستەیان بكات كە «خوداوەند» پێی بەخشیوە. تەنها لە یەك حاڵەتدا مرۆڤ دەتوانێت واقیعی «سێكس» تێپەڕێنێت و بە رەهایی ئیدعای ئەوە بكات كە پێویستی پێی نەماوە، ئەویش بە ناسینی تەواوی ئەو وزەیە دەكرێت. ئەگینا ئەوەی كە بۆ نموونە لەناو كڵێسای كاسۆلیكدا باوە و خۆیانی پێ دەخەڵەتێنن، تەنها خۆنواندن و نمایشێكی تەنزئامێزە، چونكە راهاتووین لەسەر ئەوەی كە مانگی جارێك هەواڵێك لەبارەی (ریسوایی ئەخلاقی) لە ڤاتیكانەوە بەگوێمان بگات. دەبیستین كە هاوڕەگەزبازی (Homosexuality) لەناو قەشەكاندا بۆتە نەریت. ئەمەیە كە دەیسەلمێنێت وزە قابیلی سەركوت كردن نییە و بە هەر شێوەیەك بێت هەر سەر هەڵدەداتەوە. نموونەی وامان لە ناو ئایینەكانی تریشدا زۆر بووە و هەیە.
لە رۆژگاری ئەمڕۆماندا كە بابەتی سەرەكی میدیای جیهان و رای گشتی جیهان بابەتی تیرۆر و سەرهەڵدانی مۆتەكەیەك بەناوی تاقمی تیرۆریستی (داعش)ە، بۆیە بەپێویستی دەزانم هەڵوەستەیەك لەسەر مەسەلەی پەیوەندی نێوان سەركوت كردنی وزەی سێكسی و پەرەسەندنی توندوتیژی بكەین.
بەلاڕێدابردنی سێكس و چەمکی جیهاد
لە مێژووی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا نموونەی ئەو تاقم و گرووپانە زۆر بووە كە بە ئەنقەست ئاراستەی وزەی سێكسی مرۆڤەكانیان گۆڕیوە و مەسەلەكەیان كردووە بە ئامرازێك بۆ ئافراندنی مرۆڤێكی دڕ و توندوتیژ. دیارە لە ئایینی مەسیحییەتدا، لەبەر ئەوەی هیچ دەقێك یان بەڵگەیەكی ئۆرژیناڵ نادۆزیتەوە كە هاندانی مرۆڤ بۆ توندوتیژی تێدا بێت، بۆیەش ئاراستەكە زیاتر بەلای پەرەسەندنی دیاردەی هاوڕەگەزبازیدا گۆڕاوە، بەڵام ئەگەر سەیری ئایینی ئیسلام دەكەین، دەبینین كە تەنها بوونی وشە یان مەفهومێك بەناوی (جهاد)، خۆی دەبێتە پاڵنەرێكی باش بۆ ئەوەی لەم سەردەمەدا ئەم هەموو گرووپ و تاقمە ئیسلامییە رادیكاڵە هەبن و توندوتیژی بە هەموو رەهەندەكانییەوە بگەیەننە لووتكە.
«ئاری كروگلینسكی» مامۆستای بەشی سایكۆلۆژی لە زانكۆی مەریلاندی ئەمریكا، ئەم بۆچوونە رەت دەكاتەوە كە كەسی (جیهادیست)، لەپێناوی خودا و بۆ بڵاوكردنەوەی ئایینی ئیسلام دەجەنگێت. ئاری لە بابەتێكیدا كە لە وێب سایتی رۆیتەرز بڵاوی كردۆتەوە، دەڵێت: «زۆر ئاسانە كە مەزهەب بە فاكتەری سەرەكی رادیكالیزەبوونی پیاوان و ژنانی موسڵمان دابنێین، بەڵام خوێندنەوەی باری دەروونی ئەو جیهادیستانە زیاتر هاوكاریمان دەكات لەوەی كە بابەتەكە شی بكەینەوە، تاكو بێین و باسی فاكتەری ئیلاهیات بكەین.» ئەو مامۆستایە پێی وایە ئەوەی كە لەناو گرووپێكی جیهادی وەك (داعش)دا، سەرنجی گەنجانی موسڵمان بەلای خۆیدا رادەكێشێت، ئەو مەفهومەیە كە لە دەروونناسیدا پێی دەووترێت (تشخص) بژارەبوون. مەبەست لەو دەستەواژەیە، ئەوەیە كە مرۆڤ مەیلی خۆدەرخستنی هەیە و حەز دەكات لەچاوی خۆی و دەوروبەرەكەیدا شت بێت، یان بەپێی چاوەڕوانی خۆی رێزی لێ بگیرێت. واتە كەسی موسڵمان، بەتایبەت ئەوانەی كە لەوڵاتێكی ئیسلامیدا ناژین و كەمینەن، ناتوانێت وەك پێویست هەست بە گەورەیی و بوونی خۆی بكات بە شوناسە ئایینییەكەیەوە. لەلایەك شوناسە ئایینیەكەی بۆی دەبێتە كێشە و لە زۆر شت بێبەش دەكرێت، لەلایەكی تریشەوە رێزی پێویستی لێ ناگیرێت و هەست بە سوكایەتی دەكات. ئەگەر سەرنج بدەن زۆربەی ئەوانەی بەشداری لەو گرووپە توندڕەوەدا دەكەن، لەو وڵاتانەوە دێن كە ئیسلام تێیدا باڵادەست نییە. ئەمە خاڵێكی زۆر گرنگە! گرووپەكەش لە بانگەشە و دروشمەكانیدا زۆر هۆشمەندانە سوود لەو خاڵە وەردەگرێت. ئەمە یەكێكە لە فاكتەرەكان.
جیهادی نیكاح؛ باشترین تاكتیك
فاكتەرێكی تر كە هەمان تەوەری سەرەكی باسەكەمانە، فاكتەری «سێكس»ە. سێكس-یش خۆی لە خۆیدا سەرەتاییترین جەخت كردنەوەیە لەسەر پاراستنی (تشخص) بژارەبوونی مرۆڤ. هاوكات بەهۆی سێكس-ەوە دەتوانین ناو و جیناتەكانمان هەتاهەتایی بكەین و بیگوازینەوە بۆ داهاتوو. دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام بە شێوەیەكی ستراتیژییانە كەڵك لەو فاكتەرە وەردەگرێت وەكو پاداشتێك بۆ هێرش بردن. ئەو گرووپە چەند ناوەندێكی هاوسەرگیری دامەزراندووە كە تێیدا ژنان ناونووس دەكەن بۆ ئەوەی لەگەڵ جیهادیست و جەنگاوەرە ئیسلامییەكاندا جووت ببن. ژنان و كچانی ئەسیری عیراقی و كوردستانی، بەتایبەت ئەوانەی موسڵمان نین، بەپێی ئایینی ئیسلام دەبێ وەكو كەنیز و جاریە لەشیان بخرێتە خزمەتی ئەو موجاهیدانەی كە هیلاكن بە سەربڕینی مرۆڤ. لای ئەوان دەستدرێژی كردنە سەر كافری مێیینە رەوایە و شەرعیەتی ئاسمانی هەیە. فەتوای «جیهادی نیكاح» یان هەمان «جیهادی سێكسی» كە خۆی هاندانە بۆ توندوتیژی بەرامبەر رەگەزی مێ، لەهەمان سەركوتكارییە سەرەتاییەكەوە هەڵدەقوڵێت كە مرۆڤی جیهادیست، تەمەنێك بەرامبەر بە وزەی سێكسی خۆی كردوویەتی. ئەوەی كە لە میانەی جیهاددا هەر سێكس كراوە بە پاداشت و، تەنانەت لەدوای «شەهیدبوون»یشدا پاداشتەكە دیسان هەر سێكسە! ئەمەش خاڵێكی گرنگە و دەبێ هەڵوەستەی لەسەر بكرێت. ئەمە هۆشمەندی و زیرەكییەكی باشی لە پشتەوەیە كە تۆ بزانیت ئەو تاكانەی بەلای ئایدیۆلۆژیای خۆتدا رایاندەكێشیت، كوێیان دێشێت!
تێگەیشتن لەوەی كە «سێكس» بەهرەیەكی زكماكی ئێمەی مرۆڤ و هەموو «هاوزاگەیی»ەكانمانە بۆ درێژەدان بە ژیان، كارێكی زۆر قورس و ئەستەم نییە. «سێكس» خۆی بە سروشتی خۆی بریتی نییە لە پرسێكی ئاڵۆز، بەڵكو باوەڕە سەقەتەكانی مرۆڤ ئاڵۆزی كردووە. بۆیەش تەنها قەڵەمبازێكی پێچەوانەی دەوێت و بەس.. ئاساییكردنەوەی بابەتی «سێكس» و شەڕنەكردن لەگەڵ وزەی سێكسیدا، تاكە چارەسەرە بۆ ئەوەی مرۆڤ بەئاگا بێتەوە. هەر بیروباوەڕێك دژایەتی ئەو بەهرە زكماكی و سروشتییە بكات، دژایەتی ئەسڵی خیلقەت و ئافراندنی مرۆڤی كردووە، هاوكات ئەگەر بەلاڕێشیدا بەرێت و وەكو ئامرازێك بەكاری بێنێت، دیسان هەمان تاوانی كردووە.
دەبێ بە «داعشییەكان» و «هاوبیرەكانی داعش» بڵێین: سێكس-مان لێ قەدەغە مەكەن، بۆ ئەوەی هەركاتێك خۆتان ویستتان بە سێكس پاداشتمان بدەنەوە..!

سەردار جەعفەر

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket