riklam

مەلا بەختیار:ژاپۆن بەهەستی لێپرسراوێتی هاوكاری پێشكەشی ئاوارەكان دەكات

kurdistani 08:52 PM - 2014-10-30
لەگەڵ وەفدێكی باڵیۆزخانەی ژاپۆن لەعیراق كۆبوویەوە

لەگەڵ وەفدێكی باڵیۆزخانەی ژاپۆن لەعیراق كۆبوویەوە

ئەمڕۆ 2014/10/30 مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، لەبارەگای مەكتەبی سیاسی- سلێمانی، پێشوازی لەمەساكی هونداو ماسایوكی تاكاهاشی، سكرتێری باڵیۆزخانەی ژاپۆن لەعیراق كردو لەدیدارێكیشدا، گفتوگۆ سەبارەت بەبارودۆخی ئێستای كوردستان، رەوشی ئاوارەكان ‌و ئەو هاوكاری ‌و پشتیوانیانە كرا، كە لەلایەن حكومەتی ژاپۆنەو كرا.

لەسەرەتای دیدارەكەدا، مەساكی هوندا، سكرتێری یەكەمی باڵیۆزخانەی ژاپۆن، وێڕای سوپاسی بۆ دیدارەكەی لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، دوابەدوای رووداوەكانی كوردستان، حكومەتی ژاپۆن رێوشوێنە پێویستەكانی بۆ هاوكاریكردنی ئاوارەكان گرتەبەر‌و لەو بارەیەشەوە،  رونكردنەوەی پێویستی سەبارەت بەو بڕی هاوكارییە كرد، كە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەی، لەڕێگەی یونسێف ‌و رێكخراوەكانی تری یوئێنەوە پێشكەشی ئاوارەكانی كردوە‌و رۆڵی ئامادەیی وڵاتەكەشی لەهاوپەیمانێتی شەڕی دژی داعش رونكردەوە.

لەلایەن خۆشییەوە، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، خۆشحاڵی خۆی نیشاندا، كە ژاپۆن سەرەڕای ئەوەی وڵاتێكی دوورە لەوڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەكێشەكانی داعش ‌و ئەو شەڕو شۆڕانەی هاتونەتە ئاراوە، بەڵام بەهەستی لێپرسراوێتییەوە، هاوكاری پێشكەشی ئاوارەكان دەكات ‌و خەمی چارەسەری كێشەكان دەخوات ‌و ئەمەشی بەمایەی ئەوە زانی كە "ئاشتی ‌و ئازادی‌و ئارامی جیهانی، تێكەڵاو بەیەك بووە"‌و بەمایەی خۆشحاڵیشی زانی كە وڵاتێكی گرنگی وەك ژاپۆن، دەوڵەمەند، خاوەن زانست ‌و زانیاری، تەكنەلۆجیا‌و مەعریفە، لەخەمی ئەو پرۆسەیەدایە كە داعش تێكبشكێ‌ ‌و ئاوارەكانیش خزمەت بكرێن ‌و بەئاسودەیی بگەڕێنەوە ناوچەكانی خۆیان.

لەبەشێكی تری وتەكانیدا، مەلا بەختیار، وێڕای ئەوەی سوپاسی تایبەتی لەو رووەوە ئاڕاستەی حكومەتی ژاپۆن كرد، ئومێدیشی خواست، كە ئەم هاوكارییە مرۆییانە، پەیوەندییەكانی نێوان كوردستان ‌و ژاپۆن، بەردەوام پتەوتر بكات ‌و وتیشی: دیارە سەرەڕای مەترسییە هاوبەشەكانی داعش بۆ سەر مرۆڤایەتی ‌و ئازادی ‌و دیموكراسی، بوەتە مایەی ئەوەشی دۆستایەتی نەتەوەكەمان ‌و ژاپۆنیش بەهێز دەكات.

لەو رووەشەوە، پتەوی پەیوەندییەكانی نێوان ژاپۆن ‌و كوردستانی بەگرنگ‌و پڕ بایەخ پێناسە كردو راشیگەیاند: وەكو كوردو یەكێتی بەتایبەتی، حسابێكی ورد بۆ ژاپۆن‌و هەروەها بۆ چینیش دەكەین، چونكە ژاپۆن لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێشەنگەو دڵنیایی ئەوەشی خستەڕوو، كە باشی پەیوەندییەكانی نێوان گەلی ژاپۆن‌و گەلی كورد، خزمەت بەنەتەوەكەمان دەكات، هەمیشە بەبایەخەوە لەرۆڵی ژاپۆنمان روانیوە. بۆیە ئومێدەوارین ئاستی پەیوەندییەكانمان‌و توانای تەكنەلۆجیای ژاپۆنی، زانست‌و زانیاری ژاپۆن بۆ كوردستان هەتا دێت لەپێشكەوتندا بێت.

راشیگەیاند: ئەگەرچی ژاپۆن جەنگی دووەمی جیهانی دۆڕاند، بەڵام توانی جەنگی عەقڵ بباتەوە‌و ئاستی باڵای تەكنەلۆجیاو زانستی ئەو وڵاتەشی بە بەڵگەی بیروبۆچونەكانی زانی. ئەوەشی خستەڕوو، كە وەكو یەكێتیی دەمێكە چاودێری ئەو وڵاتە دەكەین ‌و لێكدانەوەش بۆ ئەوە دەكەین، بۆ ژاپۆن چەكی ئەتۆمی بەرامبەر بەكارهات، بەڵام توانی هەڵبسێتەوە، سەربكەوێت‌و بتوانێت ببێت بەیەكێك لەگەورەترین وڵاتانی تەكەنەلۆجیاو دەوڵەمەندەكانی دنیا‌و خاوەن ئاسایش‌و ئارامی لەجیهاندا. لێكدانەوە بۆ ئەوەی بۆ بوو بەدیموكراسی‌و ئازادی؟ بۆ ئەمریكا چەكی ئەتۆمی بەكارهێنا؟ بەڵام سەرەڕای ئەوەش هەردوو دەوڵەتەكە دەبن بەدۆست‌و هاوپەیمانی یەكتر؟ هەموو ئەمانەشی بەو پرسیارانەزانی، كە وادەكات ژاپۆن بەوڵاتانی تر‌و بەكەلتوری نەتەوەكانی بەراورد بكرێن.

مەلا بەختیار، ژاپۆنی بەنەتەوەیەكی زیندوو پێناسە كردو هۆكارەكەشی بۆ ئەوە گێڕایەوە، كە "ژاپۆن توانیوێتی گونجاندنێك لەنێوان مەسەلە رۆحی‌و مادییەكاندا دروست بكات". بەپێچەوانەشەوە، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، كە هێشتا لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەنێوان دنیای رۆح‌و مادەدا، ناكۆكی، جیاوازی، ململانێ‌ ‌و كێشەی زۆر هەن ‌و ئەمەشی بەیەكێك لەهۆكارەكانی ئەو خوێن رشتنەزانی كە بوونی هەیە‌و بۆتە مایەی دروستبوونی گروپی تیرۆریستی وەكو داعشیش.

لەدرێژەشدا، پرسیار‌و بیروڕا گۆڕینەوە، سەبارەت بەبارودۆخی ئێستای عیراق‌و ناوخۆی كوردستان بەتایبەتی، درێژەی بەكۆبوونەوەكەداو، تیایدا ئاماژە بە بەردەوامی شەڕی دژی تیرۆر كراو رونكردنەوەی پێویستیش سەبارەت بەململانێی نێوان سەلەفییەت ‌و عەقڵی پێشكەوتوو كراو تیایدا مەلا بەختیار رایگەیاند كە "لەم وڵاتانەی ئێمەدا، سەلەفییەت بەتەنها لەدەسەڵاتدا نییە، بەڵكو ئەقڵییەتی سەلەفییەت لەژیانی كۆمەڵایەتیدایە"‌و وتیشی: شەڕ لەنێوان پێشكەوتن ‌و دواكەوتن، شەڕ لەنێوان نوێگەری لەگەڵ بیری دواكەوتو و سەلەفی، شەڕێكی سەنتراڵی نییە، بەڵكو شەڕێكی ئاسۆییە. لەم وڵاتانەی ئێمەدا. درێژەش دەكێشێ‌.

PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket