riklam

رێكخراوی ئه‌منیستی كاربۆناساندنی جینۆ سایدی ئێزیدییه‌كان ده‌كات

kurdistani 01:15 PM - 2014-10-22
هه‌وڵه‌كانی ناساندنی جینۆسایدی ئێزیدییه‌كان به‌رده‌وامه‌

هه‌وڵه‌كانی ناساندنی جینۆسایدی ئێزیدییه‌كان به‌رده‌وامه‌

لیژنه‌ی باڵای ناساندنی جینۆسایدی كوردانی ئیزیدی و پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئاینه‌كانی تری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ ئاماده‌بوونی محمود حاجی ساڵح وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان، له‌ میانی سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ وڵاتی  هۆڵندا، سه‌ردانی نووسینگه‌ی دادی نێوده‌وڵه‌تی سه‌ر به‌ ڕێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی (ئه‌منیستی ئینته‌رناشناڵ)یان كرد و له‌لایه‌ن خاتوو ستێڤانی باربار به‌رپرسی نووسینگه‌كه‌ پێشوازیان لێكرا و هاوكات له‌ دیداره‌كه‌دا به‌رپرسانی ڕێكخراوه‌كه‌ له‌ له‌نده‌ن له‌ ڕێگای كۆنفرانس كۆل به‌شداربوون.

له‌ سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌دا شانده‌كه‌ باسیان له‌ به‌رنامه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ هۆڵندا كرد به‌ مه‌به‌ستی كاركردن له‌گه‌ڵ دادگای نێوده‌وڵه‌تی تاوانه‌كان له‌ لاهای بۆ هه‌وڵدان بۆ به‌ جینۆساید ناساندنی تاوانه‌كانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش دژی كوردانی ئێزیدی و داوای پشتگیریان ڕێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی كرد و سوپاسی ڕێكخراوه‌كه‌یان كرد كه‌ له‌ رێگای راپۆرته‌كانیاندا باسیان له‌ تاوانه‌كانی داعش كردووه‌.

له‌ به‌رامبه‌ردا خاتوو ستێڤانی باربارا و هاوكارانی تری باسیان له‌ كارو چالاكیه‌كانی ڕێكخراوه‌ كرد، كه‌ راپۆرته‌كانیان باس له‌ پێشلكردنی مافی مرۆڤ و تاوانه‌كانی دژ به‌ مرۆڤایه‌تی ده‌كه‌ن و راپۆرتیان هه‌بووه‌ له‌سه‌ر ئه‌و تاوانانه‌ی گروپی تیرۆرستی داعش له‌ شه‌نگال ئه‌نجامی داوه‌.

 وتیشی: بڕیار وایه‌ له‌ داهاتوودا تیمێكیان سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان بكات بۆ كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری و ئه‌نجامدانی چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كان.
له‌ ته‌وه‌ره‌ێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا شاندی حكومه‌تی هه‌رێم باسیان له‌ بارودۆخی ئێستای هه‌رێمی كوردستان و كۆبانێ و پێداویستی ئه‌و ئاواره‌ و په‌نابه‌رانه‌ كرد، كه‌ روویان له‌ هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ داوایان كرد كه‌ رێكخراوه‌كه‌ له‌ راپۆرته‌كانیان بیخه‌نه‌ڕوو.

شاندی حكومه‌تی هه‌رێم پێك هاتبوو له‌ محمود حاجی ساڵح وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان و  محمد قادر وه‌زیری كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ و د. ئامانج ڕه‌حیم سكرتێری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و حسین قاسم حسون نوێنه‌ری كوردانی ئێزیدی به‌ یاوه‌ری دلاوه‌ر ئاژگه‌یی نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا.

PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket