riklam

خانەی سمۆرە زیادە یان پێویست؟!

kurdistani 07:38 PM - 2014-10-21
تریفە محەمەد ئەحمەد

تریفە محەمەد ئەحمەد

تریفە محەمەد ئەحمەد*

وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێمی كوردستان لە نووسراوێكی پێشنیاركراودا كە ئاراستەی بەڕێوبەرایەتییە گشتییەكانی كردوەو لە خشتەی پەیكەری تازە رێكخراوی وەزارەتدا جەند بەڕێوبەرایەتییەك بوونیان نەماوەو لەهەمان كاتیشدا ئاماژە بەوەنەكرا ئاخۆ ئەم بەڕێوبەرایەتییانە هەرنامێنن!!؟ یاخود لەگەڵ بەڕێوبەرایەكی دیكەدا یەكدەخرێن.

 

ئەمە بەشێوەیەكی گشتی، بەشێوەیەكی تایبەتیش شاری سلێمانی بەقەولی پارلەمان (پایتەختی رۆشنبیریی)، چەندین بەڕێوبەرایەتی و خانەی چالاكی منداڵانی سەربە بەڕێوبەرایەتی رۆشنبیریی منداڵان لە شارو شارۆچكەكانی پارێزگای سلێمانییدا لابراون‌و هێڵی راست‌وچەپ بەسەر وجودیاندا هاتوە، لەكاتێكدا ئێمە سەرگەرمی دۆزینەوەی بوارو دەرچەی پێویستین تاوەكو لێیەوە بتواین برەو بەچالاكی‌و پرۆژەكانمان بدەین، لەولاوە خەریكی كوژاندنەوەو سفركردنی ئەم ناوەندە فەرهەنگیی‌و رۆشنبیریی‌و كەلتوورییانەی شارەكەن.

 

بەش بەحاڵی خۆمان وەكو بەڕێوبەرایەتی خانەی سمۆرە لە 2004 ەوە تاوەكو كە 2014خاوەنی 500-600 ناونیشانی كتێبی منداڵانین لە بوارە جیاجیاكانی مەعریفییدا، سەدان هەزار نامیلكەو گۆڤارو كتێبی دانسقەمان خستۆتە بەردەم منداڵانی كوردستان لەهەر سنوورێكدا بووبێت. لەبەرنەبوونی بودجەش نەبوایە ئێستا كێرڤی كارو چالاكییەكانمان لەمساڵدا پرۆسەی بەرەو پێشبردنی رەوتی ئەدەبی و فەرهەنگیی‌و زانستی منداڵاندا دەكرد، بەڵام ئەم قەیرانی داراییە لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئێمەدا بوو هەموان لێی وردبوونەتەوەو دەزانن ئاخۆ لەچییەوە سەرچاوەی گرتوە، سەرەڕای چاپكراو، بەڕێوبەرایەتی خانەی سمۆرە لەرۆژی دامەزراندنییەوە تا ئەڤرۆكە راستەوخۆ بووبێت یا ناراستەوخۆ بەشداری كارای هەبوە لە وەشاندنی هۆشیاریی زەیینی منداڵان‌و فراوانكردنی ئاسۆی بیرو ئەندێشەی منداڵان‌و هاوكات لەرێگەی بوونی هەماهەنگی نێوان بواری پەروەردەو رۆشنبیریی‌و تەندروستیی‌و…هتد، ئەمەو چەندان چالاكی دیكەی بەڕێوبەرایەتییەكەمان كە بوونەتەمایەی دڵخۆشییەكی ئێجگارزۆر بۆ منداڵان.

 

ئەمساڵیش جگەلە بەخشینی زیاتر لە 30000 چاپكراوی خانەی سمۆرە بە ناوەندەكانی پەروەردەو فێركردن‌و نەخۆشخانەكانی منداڵان‌و رێكخراوە حكومیی‌و ناحكومییەكان‌و هەروەها لەسەر ئاستی تاكە كەسیی ‌و تەنانەت چەندین ناوەندی پەروەردەیی بە دابەشكردنی چاپكراوەكانمان بەسەر منداڵاندا خۆشحاڵییان بەسەر منداڵە سەركەوتوەكاندا بەخشیوەتەوە. بەڕێوبەرایەتییەكەمان بەبڕی 8000000ملیۆن دینار كتێبی بەناوەندەكانی ساغكردنەوەی كتێب لە شارەكانی سلێمانی‌و رانیەو گەرمیان‌و هەولێرو سۆران‌و گەلێك شوێنی دیكە فرۆشتوە.

 

جێی سەرنجە كە دروستكردنی پەیوەندی فەرهەنگیی‌و كەلتووری كە خزمەت بەبواری ئەدەبی‌و زانستی‌و …هتد دەكات لەسەر ئاستێكی باش بەڕێوەچوە، بەشداریكردنمان لە چەندین پیشانگای نێوخۆیی‌و نێودەوڵەتی لە ناوەو دەرەوەی هەرێمدا نیشانەی دڵسۆزیی‌و لێهاتوویی‌و كارامەیی ستافی بەڕێوبەرایەتی خانەی سمۆرە بەیان دەكات.

بەرهەمهێنانی چەندین ئەنیمەیشن كە تێكڕایان پەیامی فێركاریی‌و پەروەردەیی‌و بەكەلتوورییكردنی خوێندنەوەیە لای منداڵانی كورد بەگشتی…

پێموایە كاتییەتی بپرسین: ئایا بەڕێوبەرایەتییەك كە هیچ كەسێك بەشێوەیەكی راستەوخۆو ناراستەوخۆ لەسەرووی بودجەی تەرخانكراوی خۆی دەستی كۆمەكی بۆ درێژنەكرابێت، تاوەكو كاری لەوە ناوازەتر پێشكەشی منداڵانی كورد بكات… تەنهاو تەنها بە پشت بەستن بەكاری ستافی هونەریی( ئەگەرچی وێنەكێشی تایبەت بەبەڕێوبەرایەتیشمان نییە)و ئەدەبیی بەڕێوبەرایەتییەكە ئەم فەرهەنگ‌و داستان‌و چیرۆك‌و ئەفسانانەی بەرەنگ‌و وێنەو نەخشەسازییەكی كەم وێنەوە گەیاندۆتە هزری منداڵانی كورد كە كەكارێكی ئەوەندە ئاسان نییە… هەوڵی لەباربردن‌و داخستنی بدرێت‌و بێ‌گوێدانە ئیرادەو هەوڵ‌و كۆشش‌و ماندووبوونەی ئەم بەڕێوبەرایەتیە لەرۆژی دامەزرانییەوە كێشاویەتی تاوەكو ئەمڕۆ .

 

تروسكاییەكی زانستیی‌و ئەكادیمیی ئەدەبیی منداڵانی دروست گەر لە هەرێمەكەماندا بوونی هەبووبێت‌و هەبێت ، ئەوا لەخانەی سمۆرەوە سەرچاوەی گرتوە، چونكە بەرهەمی بەپێزی چەندان نووسەری چیرۆكی خۆماڵی‌و وەرگێڕدراوو شانۆنووس‌و شاعیرو …هتد بڵاوكردۆتەوەو تەنانەت چیرۆك‌وهۆنراوەی منداڵان خۆشیان لە كتێب‌و گۆڤاردا بڵاوكراونەتەوە، بەهەموو كەم‌وكوڕییەكانیشەوە.

 

گەروابێت ئێمەش بەقەولی دراما كۆرییە دۆبلاژكراوەكان دەبێ‌ بەرامبەر بەم لیژنەیەی بەرپرسیارە لەم میحنەتە بڵێین: ” تكایە بەبڕیارەكەتا بچۆرەوە” .

ئەگەرنا ئەم پێشنیارە جگەلە ئەنفالكردنی ویست‌و ئیرادەو بەهرەو چەشەی نووسەران‌و وەرگێڕكارانی بواری منداڵان‌و دەزگاكەیان هیچی دیكە نییەو… دڵنیاشم لەگۆشەیەكی زۆر تەسكەوە سەیری ئەم ناوەندە فەرهەنگییە كراوە، بۆیە نەتوانراوە تەواوی سیماو رواڵەت‌و ناوەرۆكی دەزگاكە بەرجەستە بكەن، دەبوایە بیرلە داخستنی تەواوی ئەو دەزگایانە بكەنەوە كە لەشكرێكیان فەرمانبەرگرتۆتەخۆ بەبێ‌ ئەوەی تەنها یەك چالاكی ئەنجام بدەن ، نەوەك بیركردنەوە لەكارێكی ئاوها نالۆژیكی لە خەیاڵدانیاندا چەكەرە بكات ، چونكە منداڵانی هەرێمی كوردستان جارێ‌ فێری (ئەلیف) نەبوون لە پرۆسەی چۆنیەتی خۆ رۆشنبیركردن‌و خۆ پێگەیاندنێكی دروست‌و پەروەردەییانە، ئەم لیژنەیە بێ‌باكانە منداڵانیان گەیاندە سنووری پیتی (ی)… واتە خۆمان لە قۆناغی ( دارا دوو داری دی ) داین ئەوان كۆتایشیان پێهێنا، ئاو بێنەو دەست بشۆ… ماندوونەبن بەراستی خەمخۆری منداڵانن!!

 

بەمشێوەیە لە وڵاتی ئێمەدا خەمی منداڵان دەخۆن‌و هانیان دەدەن، ئیدی چاوەڕێی چی لە نەوەی دوارۆژ دەكرێت ؟؟

 

* بەرێوبەری خانەی سمۆرە

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket