قه‌ڵای هه‌ولێر.. مێژوویه‌ك له 6000 ساڵ
kurdistani 10:25 PM - 2014-10-01قه‌ڵای هه‌ولێر.. مێژوویه‌ك له 6000 ساڵ
ته‌مه‌نی 6 هه‌زار ساڵه‌و دوای نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ده‌كرێته شوێنێكی گه‌شتیاری و ئاسه‌واری
12 ساڵی تر كاری نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی قه‌ڵای هه‌ولێر ته‌واو ده‌بێت
قه‌ڵای هه‌ولێر به‌كۆنترین شوێن له‌سه‌ر رووی زه‌وی داده‌نرێت كه ژیان تێیدا به‌رده‌وام بووه، به‌پێی سه‌رچاوه مێژووییه‌كان و كنه‌و پشكنین تێیدا ده‌ركه‌وتووه ئه‌م قه‌ڵایه ته‌مه‌نی بۆ نزیكه‌ی 6 هه‌زار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه كه جێ په‌نجه‌ی هه‌ریه‌ك له‌شارستانیه‌ته كۆنه‌كانی وه‌كو (سۆمه‌ریه‌كان، بابلیه‌كان، ئاشووریه‌كان، ئیسلامیه‌كان، عوسمانیه‌كان) ی له‌خۆگرتووه، له‌دێر زه‌مانیشه‌وه قه‌ڵاكه چین چین به‌هۆی پاشماوه‌ی خانوی مرۆڤه‌وه دروستكراوه كه هۆكاره‌كه‌شی بۆ به‌رگریكردنی دانیشتوانی قه‌ڵاكه بووه له‌هێرشی به‌رده‌وامی داگیركه‌رانی وڵاتان، به‌رزایی قه‌ڵاكه 28 تا 32 مه‌تره له‌سه‌ر ئاستی زه‌وی شاره‌كه‌و 415 مه‌تریش به‌رزه له‌سه‌ر ئاستی رووی ده‌ریاو رووبه‌ره‌كه‌شی 102 هه‌زارو 190 مه‌تره، بۆیه مانه‌وه‌و پاراستنی كارێكی گرنگه بۆ مێژووی شاره‌كه.
له‌دوای ئیمزاكردنی گرێبه‌ستێك له‌نێوان پارێزگای هه‌ولێرو رێكخراوی یۆنسكۆ له‌ساڵی 2007 بڕیار له‌سه‌ر نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی قه‌ڵاكه درا به‌شێوه‌یه‌كی كاتی و تاته‌واوكردنی كاره‌كانی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی خرایه سه‌ر لیستی شوێنه‌واری جیهان.
له‌وباره‌یه‌وه دارا یه‌عقوبی سه‌رۆكی كۆمسیۆنی باڵای بوژاندنه‌وه‌ی قه‌ڵای هه‌ولێر به PUKmedia ی راگه‌یاند: ئامانجی ئێمه نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی قه‌ڵاكه‌یه، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا دوباره گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ژیانه بۆ ناو قه‌ڵاكه‌و بۆ ئه‌وه‌ی ببێته ئه‌و شوێنه مێژوویی و كلتوریه‌ی كه راستی مێژووی شاری هه‌ولێر پیشان بدات، چونكه ئه‌و شاره به‌قه‌ڵاكه‌ی ناسراوه، به‌ڵام ژیانی له‌داهاتووی قه‌ڵاكه وه‌كو پێشوو نابێت و جیاواز ده‌بێت كه پێشتر ته‌نیا شوێنی نیشته‌جێبوون بوو، به‌ڵام له‌داهاتوودا ده‌بێته شوێنێكی كلتوری و گه‌شتیاری و شوێنه‌واری كه دوای ته‌واوبوونی كاره‌كانمان بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان كاتێكی خۆشی تێدا به‌سه‌رببات و كاره ته‌لارسازیه‌كه‌ی ببینێت، له‌هه‌مان كاتدا به‌شێكی قه‌ڵاكه بۆ نیشته‌جێبوون ته‌رخان ده‌كه‌ین.
وتیشی: پڕۆژه‌ی بوژانه‌وه‌كه‌ی له‌ساڵی 2007 ده‌ستیپێكردوه كه له‌سه‌ره‌تادا كاره‌كانی بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر دواكه‌وت، چونكه تیمی به‌ڕێوه‌بردنه‌كه‌ی زۆر كاره‌كانیان لاواز بوو، بۆیه له‌ساڵی 2009 من بووم به‌سه‌رۆكی كۆمسیۆنه‌كه‌و ئیداره‌یه‌كی تازه‌و بۆردێكی بۆ دامه‌زرێنرا كه ئێمه خۆمان رۆژانه كاره‌كانی به‌ڕێوه‌ده‌به‌ین، له‌وكاته‌وه به‌رنامه‌یه‌كی دوور ماوه‌مان دانا بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی كه 15 ساڵه و دابه‌شی 3 قۆناغی كاركردن كراوه، ئێستا له‌سێیه‌مین ساڵی كاركردنداین و به‌رنامه‌كانمان 3 جۆرن وه‌كو چاككردنه‌وه‌ی خانوه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی له‌ڕوخان بیانپارێزین، به‌رنامه‌یه‌كی تریان بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی خانوه‌كانه وه‌كو شێوه‌ی دیزاینی كۆنی خۆی، به‌رنامه‌ی سێیه‌ممان ئاماده‌كردنی خانوه‌كانه بۆ به‌كارهێنانیان بۆ چالاكیه كلتوریه‌كان، كاره‌كانی ئێمه‌ش به‌سێ قۆناغ ئه‌نجام ده‌درێت كه بریتیه له‌قۆناغی كورت خایه‌ن و ناوه‌ندی و ماوه درێژ كه هه‌ر یه‌كێكیان ماوه‌كه‌ی 5 ساڵه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه تائێستا كۆمسیۆنه‌كه 20 خانوی نۆژه‌نكردۆته‌وه كه له‌كۆندا قه‌ڵاكه 580 خان‌و بووه كه ئێستا 330 خانویان ماونه‌ته‌وه، ئه‌وانی تر له‌ڕابردوودا ته‌خت كراون كه له‌و ژماره‌یه‌ی ئێستاش 195 خان‌و به‌ته‌واوی ماونه‌ته‌وه‌و هیچ به‌شێكی نه‌ڕوخاوه‌و ئێستا كاری نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین.
وتیشی: به‌شی ده‌ره‌وه‌ی قه‌دی قه‌ڵاكه كه سه‌رجه‌می خۆڵه كێشه‌یه‌كی زۆر گه‌وره‌یه بۆ بوژاندنه‌وه‌ی قه‌ڵاكه، چونكه به‌رده‌وام خۆڵه‌كه ده‌ڕوخێت و به‌هۆیه‌وه په‌یكه‌ری قه‌ڵاكه بێهێز ده‌بێت، هۆكاره‌كه‌ی بۆ به‌سه‌رداهاتنی ئاوی زێراب و بارانی قه‌ڵاكه ده‌گه‌ڕێته‌وه، بۆیه ئێمه له‌گه‌ڵ یونسكۆ كه كۆمپانیایه‌كی پسپۆری ئه‌و بواره‌ش له‌گه‌ڵمان بوون چاره‌سه‌ری كێشه‌ی په‌یكه‌ری ده‌ره‌وه‌ی قه‌ڵاكه‌ی داوه به‌ئێمه‌و به‌نیازین له‌داهاتوو به‌هێزی بكه‌ین، دوای ته‌واوكردنی ئه‌و كاره‌ش خۆڵی تازه‌ی له‌سه‌ر داده‌نرێت دواتر روه‌كێكی سه‌وزی وه‌كو چیمه‌نی له‌سه‌ر ده‌ڕوێنین به‌هۆیه‌وه قه‌دی قه‌ڵاكه ره‌نگی بۆ سه‌وز ده‌گۆڕێت.
سه‌باره‌ت به‌ده‌رگا گه‌وره‌كه‌ی قه‌ڵا دارا یه‌عقوبی وتی: ئه‌گه‌ر سه‌یری وێنه كۆنه‌كانی قه‌ڵا بكه‌ین ده‌رگایه‌كی كۆنی زۆر گرنگی هه‌بووه كه مێژووی دروستكردنه‌كه‌ی بۆ سه‌رده‌می حوكمی عوسمانیه‌كان و چه‌ند سه‌د ساڵێك ده‌گه‌ڕێته‌وه كه له‌ساڵی 1957 بینای ده‌رگاكه ده‌ستی به‌داخوران كردوه كه ئه‌وكات گرنگی به‌شوێنه‌واری كۆن نه‌ده‌درا، بۆیه له‌وكاته‌دا روخێنراو زه‌ویه‌كه‌ی بۆماوه‌یه‌كی زۆر به‌بێ ده‌رگا مایه‌وه دواتر كرا به باخ، دواتر له‌ساڵی 1979 – 1981 له‌سه‌رده‌می رژێمی به‌عس به‌بینایه‌كی كۆنكرێتی و خشت دروستكرا كه هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی نه‌بوو به‌شێوه‌ی ته‌لارسازی كۆنی قه‌ڵاكه‌وه تا ماسته‌رپلانی قه‌ڵاكه دانراو بڕیاردرا به‌ڕوخانی ده‌رگا تازه‌كه‌و دروستكردنی شێوه كۆنه‌كه‌ی، ئێمه دوای توێژینه‌وه له‌سه‌ری و ده‌سكه‌وتنی به‌ڵگه نه‌خشه‌ی ده‌رگا كۆنه‌كه‌مان كێشا له‌ساڵی 2013 ده‌ستكرا به‌ڕوخاندنی و ده‌بێت به ساڵێك ته‌واو بكرێت له‌وانه‌یه 3 مانگی تر ده‌رگا كۆنه‌كه ته‌واو بكرێت كه له‌كۆندا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كی تێدابووه‌و به‌شی خواره‌وه‌شی به‌ندیخانه بووه‌و سه‌ره‌وه‌شی شوێنی ئێشكگرتنی سه‌رباز بووه.
رونیشیكرده‌وه تائێستا 12 خانوو و دیواری به‌شی ده‌ره‌وه‌ی قه‌ڵاكه نۆژه‌نكراوه‌ته‌وه‌و وتی: ئێمه له‌داهاتوودا ئه‌وانی تریش چاكده‌كه‌ینه‌وه، به‌ڵام به‌هۆی تێكچوونی بیناكه‌یانه‌وه چاكردنه‌وه‌یان ماوه‌یه‌كی زۆری ده‌وێت.
ئاشكراشیكرد: به‌پێی نوسراوه مێژووییه‌كان ده‌ركه‌وتووه په‌رستگای عه‌شتار له‌شاری هه‌ولێر كه یه‌كێكه له‌په‌رستگا گرنگه‌كانی سه‌رده‌می ئاشوریه‌كان كه له‌كۆندا هه‌ركاتێك پاشا ئاشوریه‌كان بۆ جه‌نگ رۆشتون هاتوونه‌ته په‌رستگاكه‌ی هه‌ولێرو نزایان بۆ سه‌ركه‌وتن كردووه، ئه‌وه‌ش ده‌زانرێت له‌ناو قه‌ڵاكه‌دا بووه، به‌ڵام تائێستا بیناكه‌ی نه‌دۆزراوه‌ته‌وه چونكه تائێستا جگه له‌یه‌ك هه‌ڵكۆڵین هیچ كارێكمان له‌زه‌ویه‌كه‌ی نه‌كردووه بۆ دۆزینه‌وه‌ی، ئێمه توێژینه‌وه‌یه‌كی سه‌ره‌تاییمان به‌ئامێری سۆنار ئه‌نجامدا چه‌ند شتێكمان له‌ناوه‌وه‌ی زه‌ویه‌كه دۆزیه‌وه، به‌ڵام دیار نیه ئه‌و شتانه چین كه وێنه‌ی چه‌ند شتێكی گه‌وره ده‌ركه‌وتن، ئێستاش چه‌ند به‌رنامه‌یه‌كمان له‌به‌رده‌ستدایه بۆ هه‌ڵكۆڵینیان، به‌ڵام ده‌بێت بیناكانی به‌شی سه‌ره‌وه‌ش بپارێزین و نابێت بیڕوخێنین، چونكه ئه‌وانه‌ش كه‌له‌پورین بۆیه له‌ناو ماسته‌ر پلانه‌كه‌دا 6 شوێن ده‌ستنیشان كراوه بۆ هه‌ڵكۆڵین كه له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌وه كراوه زه‌ویه‌كه خاڵی بێت له بیناو هه‌روه‌ها چاوه‌ڕوانی دۆزینه‌وه‌ی شوێنه‌واری تێدا بكرێت، یه‌كێك له‌و شوێنانه كه‌وتۆته سه‌ر به‌ده‌نی قه‌ڵاكه ئێستا ده‌ستمان پێكردووه.
وتیشی: بۆ كاری هه‌ڵكۆڵین ئێمه پشتمان به‌تیمه‌كانی خۆمان به‌ستووه، چونكه تیمه بیانیه‌كان بۆ ماوه‌یه‌كی كورت كارده‌كه‌ن، ئێمه‌ش تیمی پسپۆڕی شوێنه‌واری باشمان هه‌یه، له‌هه‌مان كاتیش‌دا ئێستا 7- 8 پسپۆڕی بیانی له‌قه‌ڵای هه‌ولێردا كارده‌كه‌ن كه به‌ریتانی و ئیتاڵی و فه‌ره‌نسین.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد بۆ دۆزینه‌وه‌ی شورای كۆنی قه‌ڵاكه تیمه بیانیه‌كان 7 مانگ كاریان كرد له ساڵی 2013 كه دواتر دۆزرایه‌وه‌و مێژووه‌كه‌ی زۆر كۆنه، له‌وانه‌یه به‌شی ژێره‌وه‌ی بۆ سه‌رده‌می ئاشووریه‌كان بگه‌ڕێته‌وه‌و به‌شی ناوه‌ڕاستیشی بۆ سه‌رده‌می حكومی ئیسلام و به‌شی سه‌ره‌وه‌شی بۆ سه‌رده‌می عوسمانیه‌كان بگه‌ڕێته‌وه.
وتیشی: قه‌ڵاكه له‌سه‌رده‌می شارستانیه‌تی (گۆتیه‌كان) هه‌بووه كه باپیره گه‌وره‌ی كورد بوون دواتر شارستانیه‌تی سۆمه‌ریه‌كان و ئاشووریه‌كان و فارسه‌كان و ئیسلامیه‌كان و پاشان عوسمانیه‌كان كه له‌چه‌ند چینێك پێكهاتووه كه دروستبوونی به‌هۆی به‌ژێركه‌وتنی شارستانیه‌ته‌كان بووه‌و به‌ماوه‌یه‌كی زۆر به‌رز بۆته‌وه تا گه‌شتۆته ئه‌و قه‌ڵا به‌رزه، به‌ڵام تائێستا به‌ته‌واوی ئه‌و شارستانیه‌تانه پشتڕاست نه‌كراونه‌ته‌وه‌و ده‌بێت چه‌ند پسپۆڕێك بهێنین بۆ ئه‌وه‌ی بۆمان ئاشكرا بكه‌ن.
راشیگه‌یاند: ئێستا هه‌موو هه‌وڵێكمان بۆ شه‌قامه سه‌ره‌كیه‌كه‌یه كه ده‌مانه‌وێت چه‌ند بینایه‌ك ته‌واو بكه‌ین بۆ پێشوازی له میوانه‌كان و چه‌ند دوكانێك شتی كورده‌واری لێدابنێین، به‌ڵام به‌هیچ شێوه‌یه‌ك باخ له‌ناو قه‌ڵاكه‌دا دروست ناكه‌ین، چونكه زیاتر گرنگی به‌شتی كۆن ده‌ده‌ین و چایخانه‌و كافتریا‌و مۆزه‌خانه‌و دوكان دروست ده‌كه‌ین.
ئاشكراشیكرد: له‌وكاته‌ی ئێمه كارمان كردووه ته‌نها چه‌ند شتێكی كه‌می ئاسه‌وارمان تێدا دۆزیوه‌ته‌وه، چونكه هه‌ركاتێك له‌قه‌ڵادا خان‌و هه‌بووبێت دواتر روخێنراوه‌و خانوی تری له‌سه‌ر دروستكراوه‌ته‌وه، بۆیه ئه‌گه‌ر پارچه‌ی ئاسه‌واری هه‌بووبێت خه‌ڵكی پێشوو بۆ خۆیانیان بردووه.
سه‌باره‌ت به بیره كۆنه‌كه‌ی ئاوی قه‌ڵاكه یه‌عقوبی وتی: ده‌وترێت له‌كۆندا (سه‌نحاریب)ی پاشای ئاشوریه‌كان تونێلێكی دروستكردووه‌و له‌ناوچه‌ی به‌ستۆڕه ئاوی بۆ قه‌ڵا هێناوه، بۆیه ئێمه بیره‌كه‌مان پاكرده‌وه‌و گه‌شتینه كۆتایی قوڵایی بیره‌كه‌و 52 مه‌ترمان هه‌ڵكه‌ند، به‌ڵام تونێله‌كه‌مان نه‌دۆزیه‌وه، ئێستا به‌رنامه‌یه‌كی ترمان به‌ده‌سته‌وه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ره‌وه‌ی قه‌ڵاكه‌دا شوێنی راسته‌قینه‌ی تونێله‌كه بدۆزینه‌وه.
وتیشی: گه‌رماوه‌كه‌ی قه‌ڵای هه‌ولێر ته‌مه‌نی 400 ساڵه‌و ده‌وترێت له‌لایه‌ن قاسم ئاغا باپیره‌ی یه‌عقوب ئاغا دروستكراوه كه ئێستا به نیازین نۆژه‌نی بكه‌ینه‌وه‌و دووباره وه‌كو گه‌رماوی كۆن به‌كاری بهێنین، ده‌وترێت تا ساڵانی په‌نجاكان كاری كردووه، به‌ڵام دواتر شێوه‌ی ژیان گۆڕاوه‌و خه‌ڵك له‌ماڵی خۆیدا گه‌رماوی هه‌بووه، بۆیه له‌كاركردن وه‌ستاوه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد دوای بوژاندنه‌وه‌ی قه‌ڵاكه‌و دووباره دروستكردنی ژیان تێیدا چه‌ند خزمه‌تگوزاریه‌كی ده‌وێت چونكه هیچ شتێكی تێدا نیه، بۆیه ئێستا له‌به‌رده‌ستماندایه كه پڕۆژه‌یه‌ك ئه‌نجام بده‌ین له‌ژێر زه‌ویه‌كه‌یدا وه‌كو كاره‌باو ئاو ته‌له‌فۆن و زێراب، به‌ڵام تانكی ئاوه‌كه‌ی قه‌ڵا خراوه‌ته ژێر توێژینه‌وه كه ئایا بمێنێت یا هه‌ڵبگیرێت، چونكه ئه‌ویش بۆته به‌شێك له‌كه‌له‌پوری قه‌ڵاكه‌و دوای ته‌واوبوونی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی قه‌ڵاكه شه‌قامه سه‌ره‌كیه‌كه‌ی قه‌ڵا له‌جیاتی قیر به‌رد رێژ ده‌كرێت و له‌وانه‌یه كۆڵانه‌كانیش ورده به‌رد یا خشت رێژی بكه‌ین.
وتیشی: مزگه‌وتی گه‌وره‌ی قه‌ڵا مێژووی دروستكردنی بۆ سه‌رده‌می فه‌تحی ئیسلامی ده‌گه‌ڕێته‌وه، به‌ڵام هه‌مان بینا نیه كه له‌كۆندا دروستكراوه، به‌ڵكو به‌رده‌وام نۆژه‌نكراوه‌ته‌وه.
یه‌عقوبی ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد: ساڵانه بڕی 1 ملیۆن دۆلار له‌لایه‌ن پارێزگای هه‌ولێره‌وه بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی قه‌ڵای هه‌ولێر دابین ده‌كرێت و سه‌رفمان كردووه، جگه له‌وه‌ش 35 ملیۆن دۆلار له‌سه‌ره‌تای پڕۆژه‌كه‌وه بۆ بوژاندنه‌وه‌ی قه‌ڵا خه‌رج كراوه.
هه‌ر سه‌باره‌ت به‌قه‌ڵای هه‌ولێر، نیار ئازاد مسته‌فا عوزێری دانیشتوی دێرینی شاری هه‌ولێر وتی: قه‌ڵای هه‌ولێر یه‌كێكه له‌گرنگترین و كۆنترین قه‌ڵاكانی جیهان كه تائێستا ژیان تێیدا به‌رده‌وامه دوای ئه‌وه‌ی له‌ساڵی 2007 له دانیشتوانه‌كه‌ی چۆڵكرا، به‌ڵام ده‌بێت دوای نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی به‌لایه‌نی كه‌م 50 خێزانیان بگه‌ڕێنردرێنه‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌وه نه‌كرێت ئه‌وا شوناسه‌كه‌ی كه وه‌ك كۆنترین شوێن كه ژیانی تێیدا به‌رده‌وامه له‌ده‌ست ده‌دات.
وتیشی: قه‌ڵای هه‌ولێر له 3 گه‌ڕه‌ك پێكهاتووه كه ئه‌وانیش (ته‌كیه، سه‌ڕای، تۆپخانه)یه كه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی پاره‌دار تێیدا ژیاوه ناوه‌كه‌شی به‌هۆی بوونی بینای سه‌رای میره‌وه بوو، ته‌كیه‌ش به‌هۆی بوونی ته‌كیه‌یه‌كه‌وه بووه، گه‌ڕه‌كی تۆپخانه‌ش به‌هۆی بوونی تۆپێكی سوپای عوسمانیه‌كانه‌وه بووه له‌قه‌ڵاكه‌دا، به‌ڵام گه‌ڕه‌كی ته‌كیه گه‌ڕه‌كێكی هه‌ژار نشین بوون، بنه‌ماڵه‌ی ئێمه وه‌كو عوزێریه‌كان دانیشتوی كۆنی قه‌ڵا بوون، به‌ڵام دواتر له‌گه‌ڵ فراوانبوونی شاری هه‌ولێردا خه‌ڵكه ره‌سه‌نه‌كه‌ی له‌ساڵانی په‌نجاكانی سه‌ده‌ی رابردوودا قه‌ڵایان جێهێشتوه‌و له‌گه‌ڕه‌كه‌كانی خواره‌وه‌دا نیشته‌جێبوون، دواتر خانه‌واده‌ی تری هه‌ولێر دوباره تێیدا نیشته‌جێبوون، به‌ڵام حكومه‌تی به‌عس له‌ساڵی 1981 قه‌ڵاكه‌ی له‌دانیشتوان چۆڵكرد‌و قه‌ره‌بوی كردنه‌وه، كه‌چی له‌ساڵی 1983 به‌هۆی جه‌نگ له‌ناوچه‌ی بالیسان چه‌ندین خانه‌واده‌ی هۆزی خۆشناو دوای جێهێشتنی گونده‌كانیان نیشته‌جێی خانوه‌كانی قه‌ڵابوون تا ساڵی 2007 له‌وێ مانه‌وه‌و دواتر بۆ گه‌ڕه‌كێكی تری شار گوێزرانه‌وه.
راشیگه‌یاند: قه‌ڵای هه‌ولێر له‌دێر زه‌ماندا چه‌ند بنه‌ماڵه‌یه‌كی به‌ناوبانگ تێیدا نیشته‌جێبوون وه‌كو (یه‌عقوبیه‌كان، چه‌له‌بیه‌كان، عوزێریه‌كان، موفتیه‌كان، ئه‌سعه‌دیه‌كان، سه‌یده‌كان، موختار ئه‌فه‌ندی، دۆغره‌مه‌چیه‌كان، ره‌شید ئاغا، مه‌لا ئه‌فه‌ندی) و چه‌ندین بنه‌ماڵه‌ی تر كه ئێمه 2 خانومان تێیدا هه‌بوو كه‌وتبووه گه‌ڕه‌كی سه‌ڕای، به‌ڵام حكومه‌ت دوای چۆڵكردنی به‌مه‌به‌ستی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ئێمه‌ی قه‌ره‌بوو كرده‌وه، به‌ڵام ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی وه‌كو قه‌ره‌بوو وه‌رمانگرت زۆر كه‌م بوو ، بۆیه ئێمه‌و هه‌موو خاوه‌ن خانوه‌كان ناڕه‌زایی خۆمان به‌م بڕه قه‌ره‌بووه ده‌ڕبری.
نیار عوزێری ئاشكراشیكرد: له‌مێژوودا چه‌ندین جار گه‌ریده بیانیه‌كان سه‌ردانی قه‌ڵایان كردووه‌و بابه‌تیان له‌سه‌ری نوسیووه وه‌كو (جیمس ریچ) گه‌ریده‌ی به‌ریتانی له‌ساڵی 1820 هه‌روه‌ها (كریستیان نیپۆڕ)ی گه‌ریده‌ی ئه‌ڵمانی له‌ساڵی 1762 و یاقوت ئه‌لحه‌مه‌وی و مه‌نشه‌ئل به‌غدادی و ئێدوارد كیڕا-ی ئه‌مریكی له‌ساڵی 1933.
عوزێری گله‌یی له‌دیزاین و نه‌خشه‌سازی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی قه‌ڵای هه‌ولێر كرد‌و وتی: دیزاینه‌كه‌ی له‌ساڵی 2007 بۆ دانراوه‌و بودجه‌ی پێویستیشی بۆ ته‌رخان كراوه، به‌ڵام دووباره به‌بڕی زیاتر له 1 ملیۆن دۆلار پاره‌ی له‌بودجه‌ی 2013ی په‌ره‌پێدانی پارێزگای هه‌ولێر بۆ ته‌رخان كراوه، چۆن ده‌بێت دیزاینی قه‌ڵایه‌ك ئه‌و بڕه پاره زۆره‌ی بۆ خه‌رج بكرێت.
نیاز عه‌دنان كه دانیشتویه‌كی تری دێرینی هه‌ولێره سه‌باره‌ت به‌بوونی خوێندنگا له‌قه‌ڵاكه‌دا وتی: له‌ڕابردوودا قه‌ڵای هه‌ولێر ته‌نها خوێندنگای كوڕانی لێبووه‌و خوێندنگای كچان له‌خواره‌وه بووه، بۆیه خه‌ڵكی كچی خۆیان بۆ خوێندن بۆ خواره‌وه نه‌ده‌نارد، له‌به‌ر ئه‌وه (محه‌مه‌د عه‌لی ئه‌فه‌ندی) كوڕی (موختار ئه‌فه‌ندی) كه باپیرم بووه بۆ یه‌كه‌مجار بینای خوێندنگایه‌كی كچانی له‌قه‌ڵاكه دروستكردووه كه یه‌كێك بووه له‌بنه‌ماڵه به‌ناوبانگه‌كانی قه‌ڵاكه، به‌ڵام دواتر ئه‌و خوێندنگایه رووخا‌و به‌ر شه‌قامی سه‌ره‌كی قه‌ڵای هه‌ولێر كه‌وت.
قه‌ڵای هه‌ولێر 3 ده‌رگای هه‌بووه كه یه‌كێكیان ده‌رگای گه‌وره بووه‌و ئه‌وی تریشیان ده‌رگایه‌كی نزیك دیوه‌خانه‌ی عه‌لی پاشا بووه، دواتر ئه‌حمه‌د عوسمان ئه‌فه‌ندی كه یه‌كه‌م موته‌سه‌ڕیفی هه‌ولێر بووه له‌ساڵی 1924 بووه به موته‌سه‌ڕیف ده‌رگایه‌كی له‌به‌شی سه‌ڕای قه‌ڵاكه كردوه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به‌هۆیه‌وه بچێته سه‌ڕای هه‌ولێرو له‌به‌رئه‌وه ده‌رگاكه ناونراوه (ئه‌حمه‌دیه).
له‌قه‌ڵای هه‌ولێردا خانوی گه‌وره هه‌بوون كه له‌ساڵی بیسته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا دروستكرابوون وه‌ك خانووی شه‌هاب چه‌له‌بی و دیوه‌خانه‌ی ره‌شید ئاغا‌و نوره‌دین ئاغا‌و عه‌لی ئاغا‌و شێخ جه‌میل ئه‌فه‌ندی كه زۆبه‌یان كه‌وتونه‌ته لێواری قه‌ڵاكه‌وه.
له‌ناو قه‌ڵاكه‌دا هاووڵاتی جوله‌كه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك بوونیان نه‌بووه ته‌نها كه‌نیسه‌یه‌كیان له‌ناویدا هه‌بووه، له‌ساڵه‌كانی سی و چله‌كاندا جوله‌كه‌كان له‌ڕۆژانی شه‌ممه‌دا هاتوونه‌ته قه‌ڵاو له‌كه‌نیسه‌كه‌دا نوێژیان كردووه.
له‌كۆندا قه‌ڵاكه ته‌نها مزگه‌وتی گه‌وره‌ی هه‌بووه، دواتر له‌دیوه‌خانی خانه‌واده‌ی ئه‌سعه‌دیه‌كان مزگه‌وتێكی بچووك بۆ نوێژكردن دروستكراوه.
ده‌وترێت بۆ یه‌كه‌مجار به‌هۆی موه‌لیده‌یه‌كی گه‌وره‌وه كاره‌با له‌لایه‌ن ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی هێنراوه‌ته هه‌ولێرو قه‌ڵاكه له‌سه‌ره‌تای ساڵی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا.
قه‌ڵای هه‌ولێر له‌مێژوودا چه‌ندینجار به‌رهێرشی سوپاكانی جیهان كه‌وتووه كه یه‌كێك له‌و سوپایانه سوپای مه‌غۆله‌كان بووه كه له‌ساڵی 1258 ی زایینی دوای به‌رگریكردنێكی زۆر داگیركراوه‌و خه‌ڵكه‌كه‌ی كۆمه‌ڵكوژ كراون، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ژیان تائێستا تێیدا به‌رده‌وامه.
PUKmedia ره‌وه‌ست نه‌وزاد- هه‌ولێر
هەواڵی زیاتر
-
هاوخەمییەکان بۆکۆچیدوای فەرماندەی دێرین حەسەن ئەحمەد
11:14 PM - 2024-04-19 -
دژەتیرۆر و ئاسایش لەسەر رووداوی تەقینەوەکەی سلێمانی رونکردنەوە دەدەن
02:02 PM - 2024-04-19 -
د. بڕیار رەشید: تەوتینی مووچە لەهەرێم بە ئاسانی دەکرێت
08:31 PM - 2024-04-18 -
كونسوڵی روسیا: یه‌كێتی هێزێكی كاریگه‌ره
04:42 PM - 2024-04-18
ئەمانەش ببینە
د. یوسف گۆران: هەڵبژاردن تاکە ڕێگەی دەرچونی هەرێمە لەقەیران
05:56 PM - 2024-04-19
پەرلەمانتارە غائیبەکان 160 ملیۆن دینار سزادران
10:43 AM - 2024-04-19
داهاتی هەفتەی رابردووی سلێمانی زیاتر لە 7 ملیار دینارە
09:09 AM - 2024-04-19
ئەنجومەنی سەرکردایەتی: پاراستن و بەهێزکردنی هەرێم تەنها بەهەڵبژاردن دەبێت
05:05 PM - 2024-04-18
زۆرترین خوێنراو
-
هاوخەمییەکان بۆکۆچیدوای فەرماندەی دێرین حەسەن ئەحمەد
پرسەنامە 11:14 PM - 2024-04-19 -
قوباد تاڵەبانی: ئارامی سلێمانی هێڵی سوورە
کوردستان 08:59 PM - 2024-04-19 -
د. یوسف گۆران: هەڵبژاردن تاکە ڕێگەی دەرچونی هەرێمە لەقەیران
کوردستان 05:56 PM - 2024-04-19 -
دژەتیرۆر و ئاسایش لەسەر رووداوی تەقینەوەکەی سلێمانی رونکردنەوە دەدەن
کوردستان 02:02 PM - 2024-04-19 -
پێشمەرگەی دێرین سەردار محەمەد بەسەردەکرێتەوە
ی ن ک 01:01 PM - 2024-04-19 -
پەرلەمانتارە غائیبەکان 160 ملیۆن دینار سزادران
عیراق 10:43 AM - 2024-04-19 -
داهاتی هەفتەی رابردووی سلێمانی زیاتر لە 7 ملیار دینارە
کوردستان 09:09 AM - 2024-04-19