ئه‌ده‌بی منداڵانی كورد له باكووری كوردستان
kurdistani 05:39 PM - 2014-09-21ئه‌ده‌بی منداڵانی كورد له باكووری كوردستان
له‌و رۆژه‌وه كه كه‌مال ئه‌تاتورك بوو به فه‌رمانڕه‌وای توركیا، ئه‌مڕۆشی له‌گه‌ڵدا بێت، كه‌مالییه‌كان و رژێمه یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی توركیای داگیركه‌ری باكووری كوردستان، به شێوه‌یه‌كی زۆر دڕندانه‌و نامرۆییانه، به ئاگرو به ئاسن په‌لاماری كوردستانیان دا، مه‌رامی گڵاویان كوردقڕان بوو، له چه‌ندین شوێنی باكووری كوردستاندا، ره‌شه‌كوژی كوردیان كرد‌و به هه‌زاران رۆڵه‌ی بێ تاوانی كوردیان به ناڕه‌وا شه‌هید كرد، ده‌ستیان له منداڵ و له ژن و له پیریش نه‌پاراستووه، مه‌به‌ستیان سڕینه‌وه‌ی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ییمان بوو، هه‌موو رێگایه‌كیان له كورد گرتبوو، هه‌موو ده‌رگایه‌كیان له‌سه‌ر داخستبوو، نووسین و خوێندنه‌وه‌و قسه‌كردنیان به كوردی قه‌ده‌غه‌كردبوو، به‌ڵكو دانیان به بوونی نه‌ته‌وه‌ی كورد دا نه‌ده‌نا، ئه‌وان ده‌یانویست جینۆسایدی كلتوور‌و دابونه‌ریتی ره‌سه‌نی كوردیشمان بكه‌ن، ده‌یانویست زمانی شیرینی كوردیمان له به‌رچاوی منداڵانی كورد بخه‌ن و سۆز‌و خۆشه‌ویستی و هابه‌سته‌بوونیان بۆ كورد‌و كوردستان كاڵبكه‌نه‌وه، هه‌وڵی ئه‌وه‌یان ده‌دا كه منداڵه‌كانمان له گه‌له‌كه‌مان هه‌ڵبگه‌ڕێننه‌وه، ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌شیان قه‌ده‌غه‌كردبوو كه ناوی كوردی له منداڵانی كورد بنێین، له دائیره‌ی له‌دایكبوون و سه‌رژمێریدا ناوی كوردی‌یان تۆمار نه‌ده‌كرد، به زۆر‌و زۆرداری زمان و كلتووری نه‌ریتی توركییان به‌سه‌ر گه‌لی كوردماندا سه‌پاندبوو، كه به لای منداڵانی كوردمانه‌وه كلتوورێكی نامۆیه، هه‌ر به‌م تاوانانه‌شه‌وه نه‌وه‌ستان، توركیا بۆ پشتگوێ خستنی باكووری كوردستان، سیاسه‌تێكی نامرۆییانه‌یان ده‌رهه‌ق به گه‌لی كوردمان په‌یڕه‌وی ده‌كرد، سیاسه‌تی برسی كردن و بێكاری و هه‌ژاری و نه‌خوێنده‌واری و بێ خزمه‌تگوزاری و په‌راوێزكردنی شار‌و شارۆچكه‌و گونده‌كانی باكووری كوردستان، كه تا ئه‌مڕۆش ره‌نگدانه‌وه‌و ژه‌نگی ئه‌م په‌راوێزكردن و سیاسه‌ته ناڕه‌واو نایه‌كسانی نادادپه‌روه‌رییه‌ی توركیا، به زه‌قی به هه‌موو شار‌و شارۆچه‌كانی باكووری كوردستانه‌وه دیارن، كه ده‌ستی خزمه‌تگوزاری و ئاوه‌دانی و خۆشگوزه‌رانی و پێشكه‌وتنیان بۆ درێژ نه‌كردوون، زۆریش به زه‌حمه‌ت له گونده‌كانی باكووری كوردستاندا قوتابخانه‌یان ده‌كرده‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی منداڵانی كوردمان فێری خوێندن و نووسین نه‌بن و چاویان نه‌كرێته‌وه، تا ئه‌م زووانه‌ش به زۆرداری، له‌كاتی ریزبوونی ده‌ستپێكردنی خوێندنی رۆژانه‌دا، ده‌بوایه منداڵانی كورد ده‌قی ئه‌م دروشمه ره‌گه‌زپه‌رستییه‌ی توركیایان به زمانی توركی بوتایه‌ته‌وه (من توركم، دایكم توركه، باوكم توركه، داپیره‌م توركه، باپیره‌م توركه، بنیاده‌م توركه، كۆماری زۆر بژی، بژی، بژی، بژی، كۆماری زۆر بژی)، ئه‌مه‌و هه‌ر له پۆلی یه‌كه‌مینی سه‌ره‌تاییه‌وه، ده‌بوایه منداڵانی كورد به زمانی توركی فێری ئه‌م رسته‌یه ببوونایه‌و شانازییان به‌وه‌وه بكردایه كه توركن و رۆژانه له پۆلدا چه‌ندینجار پێیان دووباره ده‌كردنه‌وه: "شاد ئه‌وكه‌سه‌یه كه بڵێت من توركم" مه‌به‌ستی كه‌مالیزم و شۆفێنیزم و تورانیه‌ت ئه‌وه بوو كه منداڵانی كورد به تورك بكه‌ن و هه‌ستی كوردایه‌تی و سۆز‌و په‌رۆش و خۆشه‌ویستییان بۆ كوردستان، له دڵی منداڵانی كورد كاڵبكه‌نه‌وه‌و زمانی شیرینی كوردی‌یان له به‌رچاو بخه‌ن، له كلتوور‌و له دابونه‌ریتی ره‌سه‌نی كوردیمان هه‌ڵیان بگه‌ڕێننه‌وه‌و نكوڵی له كورد‌و كوردستان بوونی خۆیان بكه‌ن، توركیا چه‌ندین مێردمنداڵ و لاوی كوردیان كوشت و له‌سێداره‌یان دان، ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و كه دروشمه ره‌گه‌زپه‌رستیه‌ی سه‌ره‌وه‌یان نه‌ده‌وته‌وه، به سه‌دان لاوی كوردیشیان به تومه‌تی هه‌ڵبه‌ستراوی (ناپاكی له ده‌وڵه‌ت) یان (تاوانی جوداخوازی) له‌سێداره‌دا، به هه‌زاران لاو و منداڵ و هه‌رزه‌كاری كوردیان گرت و له زیندانییه سامناكه‌كانی توركیادا رۆژانه به دڕنده‌ترین شێوه ئه‌شكه‌نجه‌و ئازاری جه‌سته‌یی و ده‌روونیان ده‌دان، ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی كه كوردن و، تامه‌زرۆی ئازادی و ئاشتی بوون، تا ئه‌مڕۆش به‌ندیخانه‌كانی توركیا پڕن له منداڵ و مێردمنداڵی كورد، به‌شێكی زۆریان تووشی نه‌خۆشی ده‌روونی و جه‌سته‌یی بوون، توركیا تائێستا رێی به تیمه‌كانی مافه‌كانی مرۆڤ نه‌داوه سه‌ردانی گرتووخانه‌كانیان بكه‌ن، تا ئه‌و تیمانه راستییه‌كان بۆ جیهان ئاشكرا بكه‌ن، توركیا تۆقی له منداڵانی كورد چووه، له‌وه‌ی كه گه‌وره ببن و ببنه كوردستان په‌روه‌رو رێی كوردایه‌تی بگرنه‌به‌ر، بۆ نموونه منداڵێكی كوردی ته‌مه‌ن (١٢) ساڵانیان له‌سه‌ر ئه‌وه زیندانی كرد كه ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و منداڵه كورده، دوو په‌نجه‌ی ده‌ستی راستی له شێوه‌ی ژماره (٧) دا به‌رزكردبۆوه، وه‌كو تاوانبارێك سزای ئه‌م منداڵه دڵپاكه‌یان،؟!
به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو تاوانانه، سه‌ره‌ڕای هه‌ڕه‌شه‌كانی توركیا، نه‌یانتوانی چۆك به گه‌لی كوردمان داده‌ن، نه‌یانتوانی سوڕانه‌وه‌ی ره‌وڕه‌وه‌ی بۆ پێشه‌وه‌چوونی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد رابگرن، به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌ی نیازگڵاوی ئه‌وانه‌وه، كورد سوورتر بوو له خه‌بات و تێكۆشان و له خۆڕاگری و كۆڵنه‌دان، له به‌رگریكرن و به‌رخودانی، تا ئه‌و رۆژه‌ی گه‌لی كوردمان ده‌گات به مافه ره‌واكانی خۆی وچان نادات و درێژه به خه‌بات و شۆڕشی رزگاریخوازی ده‌دات، به دڵنیاییه‌وه هیچ گه‌لێك ره‌نجبێوه‌ر نابێت، ئه‌گه‌ر تێبكۆشن و قوربانی بده‌ن و سووربن له‌سه‌ر هێنانه‌دی مافه‌كانیان، ئه‌مڕۆ بێت یان سبه‌ی به‌ده‌ستی ده‌هێنێت، گه‌شبینم و باوه‌ڕم به خۆمان هه‌یه كه ئێمه‌ی كورد رۆژ له‌دوای رۆژ زیاتر له هێنانه‌دی هیواو خواسته‌كانمان نزیكده‌بینه‌وه، سه‌ركه‌وتن بۆ كورد‌و كوردستان ده‌بێت، ملكه‌چكردن و رسوابوونیش بۆ داگیركه‌رانی كوردستان ده‌بێت،
ده‌بێت توركیا خۆی گێل نه‌كات و ئه‌وه بزانێت كه كێشه‌ی كورد، كێشه‌یه‌كی سیاسی و نه‌ته‌وه‌ییه، كێشه‌ی گه‌لی كوردی ماف زه‌وتكراو و كێشه‌ی داگیركردنی نیشتمانه‌كه‌ی كوردستانه، تا ده‌ست له كوردستان هه‌ڵنه‌گرن و ئه‌و مافه زه‌وتكراوانه بۆ كورد نه‌گه‌ڕێننه‌وه، نه توركیا‌و نه ئێران و نه سوریا‌و نه عیراق، ناتوانن به ئارامی بژین، به چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و دوو كێشه‌یه، هه‌موو كێشه‌كانی تریش چاره‌سه‌رده‌بێت، توركیا گه‌یشتووه‌ته ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه هه‌رگیز ناتوانێت له‌ڕێی له‌شكرتاری و به‌كارهێنانی هێزه‌وه، كۆڵ به كورد بدات، كێشه‌ی كورد به دیالۆك و به داننان به مافه ره‌واكانی، به به‌ڕێوه‌بردنی كوردستان له‌لایه‌ن كورده‌وه، به رێزگرتن له خواست و ئیراده نزیكه‌ی (25) ملیۆن كورد له باكووری كوردستاندا چاره‌سه‌رده‌كرێت، جواهیر لال نه‌هرۆ له كتێبه‌كه‌یدا (چاوپێخشانێك به مێژووی جیهاندا) ئامۆژگاری ئه‌تا توركی كرد كه گه‌لێكی وه‌كو گه‌لی كورد كه ئاماده‌ی قوربانیدان بێت، ئه‌وه مه‌حاڵه به زه‌برو هێز له‌ناوببرێت، گه‌لی كورد له هه‌موو روویه‌كه‌وه پیاوه‌تی و چاكه‌یه‌كی زۆری به‌سه‌ر گه‌لانی تورك و عه‌ره‌ب و فارسه‌وه هه‌یه، به‌ڵام زۆر به‌داخه‌وه رژێمه ره‌گه‌زپه‌رست و دیكتاتۆره‌كانی ئه‌م گه‌لانه، له جیاتی پێ‌زانین و سوپاسی گه‌لی كوردمان بكه‌ن، زۆر به ناپیاوی و به داگیركردنی خاكی كوردستان و به چه‌وسانه‌وه، به گرتن و به كوشتن، به تاڵانی بردنی سامانمان، به راگواستنه‌وه، به كاولكردنی كوردستان، به كیمیاباران، به ئه‌نفال، ره‌شه‌كوژی و كۆمه‌ڵكوژی، به ئاگرو ئاسن، به هه‌موو شتێكی ناشرین و ناڕه‌واو قێزه‌وه‌ن و نه‌شیاو، پاداشتی پیاوه‌تی و چاكه‌كانمان ده‌ده‌نه‌وه، ئه‌مه‌یه ره‌وشتی پێنه‌زان و سپڵه‌كان.
دێینه سه‌ر مه‌به‌ستی نووسینه‌كه‌مان، كه چاوپێخشاندنێكه به مێژووی ئه‌ده‌بی منداڵانی كوردمان له باكووری كوردستاندا، له كۆن و له ئه‌مڕۆدا، به ده‌یان كه‌ڵه شاعیر‌و نووسه‌رو چیرۆكنووس و رۆماننووس و رۆژنامه‌نووس و هونه‌رمه‌ندو رۆشنبیری گه‌وره‌و به‌ناوبانگ، به ده‌یان كورد‌و كوردستانپه‌روه‌ری ناودارمان، له باكووری كوردستاندا هه‌ڵكه‌وتوون، كه به زمانی شیرینی كوردی بابه‌ته‌كانیان نووسیون، ته‌نها به‌شێكی كه‌میان نه‌بێت كه به زمانی توركی ده‌نووسن، ته‌نانه‌ت ئه‌م به‌شه‌ش به هه‌ستێكی كوردانه‌وه ده‌نووسن و ناوه‌ڕۆكی بابه‌ته‌كانیشیان ده‌رباره‌ی كوردن، هه‌ندێك له‌م شاعیر‌و نووسه‌رانه‌مان كۆچیان كردووه، به‌ڵام به‌رهه‌مه نایابه‌كانیان نه‌مری و شانازی و رێزی پێبه‌خشیون، به‌شێكی زۆریشیان له ژیاندان و درێژه به نووسین و به داهێنانی ئه‌ده‌بی ده‌ده‌ن، ئه‌مانه ناوی به‌شێكه له‌و شاعیر‌و نووسه‌رو هونه‌رمه‌ندانه‌ی باكووری كوردستانی شیرینمان: (فه‌قێ ته‌یران، ئه‌حمه‌دی خانی، مه‌لای جه‌زیری، مه‌لا مه‌حمودی بایه‌زیدی، مه‌لا ئه‌حمه‌د نامی، ئه‌مین عالی به‌درخان، جه‌لاده‌ت به‌درخان، كامه‌ران به‌درخان، ره‌وشه‌ن به‌درخان، سه‌عید نه‌وره‌سی (بدیع الزمان)، میقداد مه‌دحه‌ت به‌درخان، قه‌دری جه‌میل پاشا، ئوسمان سه‌بری، فورات چه‌له‌بی، یه‌شار كه‌مال، سه‌بری بۆتانی، مه‌حمود باكسی، محه‌مه‌د ئوزون، محه‌مه‌د ئه‌مین بوزئه‌رسه‌لان، فورات جوری، سلێمان ده‌میر، مو‌سا عه‌نته‌ر، حوسین مه‌تی، یڵماز گۆنای، ره‌مه‌زان ئالان، رۆژن برناس، ئه‌سما ئوچاك، حامید ئامه‌دی (یه‌كه‌مین خۆشنووسی جیهان)، یڵماز ئۆداباشی، ئه‌حمه‌د قایا، فلیت توتانی، ئه‌مینه ئێڤدال،،. ئه‌مانه‌و به ده‌یان شاعیر‌و نووسه‌رو رۆشنبیری و هونه‌رمه‌ندو ناوداری ترمان له باكووری كوردستاندا هه‌ن).
هه‌ر باسێك كه ده‌رباره‌ی ره‌وتی سیاسی و ئه‌ده‌بی و رۆشنبیری و رۆژنامه‌گه‌ری و كوردایه‌تی و خه‌بات و تێكۆشان و شۆڕش له پێناوی ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی كوردستاندا بكرێت، پێویسته به‌وپه‌ڕی شانازی و رێزه‌وه باس له رۆڵی گرنگ و له به‌رخودانی (بنه‌ماڵه‌ی به‌درخانییه‌كان) بكرێت، له‌ڕاستیدا هه‌موومان قه‌رزاری رۆڵی سیاسی و رۆشنبیری و تێكۆشانی رابه‌رانی تێكۆشه‌رو دڵسۆزی به‌درخانییه‌كانین، ئه‌وان پێشڕه‌و و چراهه‌ڵگری بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد بوون، ئه‌وان بناغه‌ی رۆشنبیری و رۆژنامه‌گه‌ری و راگه‌یاندنی كوردی‌یان دانا، تا ئه‌مڕۆش كارتێكردنی رۆڵی به‌درخانییه‌كان له به‌بزووتنه‌وه‌ی رۆشنبیری و رزگاریخوازی كورد دا دیاره، نه‌وه‌ی ئه‌مڕۆمان شانازییان پێوه ده‌كه‌ن و به‌وپه‌ڕی رێزه‌وه رۆڵ و تێكۆشان و قوربانیدانی بنه‌ماڵه‌ی به‌درخانییه‌كان له به‌رچاو ده‌گرن و هه‌رده‌م یادیان ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌وان شایانی زۆر له‌وه‌ش زیاترن.
(میر به‌درخانی بۆتان: 1803 – 1868) یه‌كه‌مین دامه‌زرێنه‌ری بنه‌ماڵه‌ی به‌درخانییه‌كانه، له‌م بنه‌ماڵه تێكۆشه‌ری كوردمان، به ده‌یان سه‌ركرده، شاعیر، نووسه‌ر، رۆشنبیر، سیاسه‌تمه‌دار، رۆژنامه‌نووس، زمانه‌وانی، فه‌رهه‌نگساز، چالاكوانی ژنان، دیبلۆماسی، هونه‌رمه‌ند، تێكۆشه‌ر، شۆڕشگێڕ، مامۆستای به‌رزو ئه‌كادیمی ناودارو پایه به‌رزیان تیا هه‌ڵكه‌وتوو، كه رۆڵیكی گرنگ و به‌رچاویان له هه‌موو بواره‌كاندا هه‌بووه، خزمه‌تێكی زۆری دۆزی كوردیان كردووه، ئه‌گه‌ر دڵسۆزی و به‌ته‌نگه‌وه‌هاتنی به‌درخانییه‌كان نه‌بوایه، زمان و نووسین و كلتووری كوردیمان به‌ره‌و كاڵبوونه‌وه ده‌چوون، به‌درخانییه‌كان رۆڵێكی گرنگیان له پاراستنی زمانی كوردی و له گه‌شه‌كردنی رۆشنبیری و راگه‌یاندنی كوردیدا هه‌بوو، بۆ یه‌كه‌مینجار چه‌ند گۆڤار‌و رۆژنامه‌یه‌كیان به زمانی كوردی له ئه‌سته‌نبوڵ و له دیمه‌شق ده‌رده‌كرد، له‌وانه: (گۆڤاری كوردستان (1919 – 1920)، (رۆژنامه‌ی رۆژا كـورد 1943- 1946)، (رۆژنامه‌ی ژین – 1919)، ( گۆڤاری رووناهی 1942-1945) (گۆڤاری هاوار 1932-1943)، (رۆژا ن‌و 1943-1946)، (رۆژنامه‌ی ستێر 1943-1945)، (گۆڤاری ئومێد)، (كۆمه‌ڵه‌ی رۆشنبیری كوردی)ششیان دامه‌زراند، به ده‌ستپێشخه‌ری به‌درخانییه‌كان (كۆمه‌ڵه‌ی هیوا - له ئه‌سته‌نبوڵ) دامه‌زرا، هه‌ر له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌مانیش بوو بۆ یه‌كه‌مینجار، یه‌كه‌مین رۆژنامه‌ی كوردی كه "رۆژنامه‌ی كوردسـتان" بوو، یه‌كه‌مین ژماره‌ی له 22-4-1898 له شاری قاهیره‌ی پایته‌ختی میسردا له‌لایه‌ن رۆژنامه‌نووس میر (مه‌دحه‌ت به‌درخان)ـه‌وه ده‌ركرا، رۆڵی به‌درخانه‌ییه‌كان له پێشخستنی بزووتنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی و رۆشنبیری كوردیمان له‌و سه‌رده‌مه‌دا رۆڵێكی گرنگ و پێویستییه‌كی پیرۆزی نه‌ته‌وه‌ییمان بوو، پێویسته له‌لایه‌ن كه‌سانێكی ئاكادیمی و شاره‌زاوه به وردی باس و لێكۆڵینه‌وه له رۆڵی رۆشنبیری و راگه‌یاندن و زمانه‌وانی و په‌ره‌پێدانی هه‌ستی كوردایه‌تی به‌درخانییه‌كان بكرێت و بنووسرێته‌وه، ئه‌وه‌ی تا ئه‌مڕۆ نووسراوه له باره‌ی رۆڵی به‌درخانییه‌كانه‌وه، له ئاستی گرنگی رۆڵ و قوربانیدانی به‌درخانییه‌كاندا نین، ده‌بوایه تائێستا له‌لایه‌ن خوێندكارانی كوردمانه‌وه چه‌ند ماسته‌رنامه‌و دكتۆرانامه له باره‌ی رۆڵی به‌درخانه‌ییه‌كان و ده‌ستپێشخه‌رییان له سه‌رهه‌ڵدان و له پێشخستنی رۆشنبیری و رۆژنامه‌گه‌ری كوردی و له بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد دا بیاننووسیبایه.
ئه‌مانه ناوی به‌شێكن له‌و تێكۆشه‌ره به‌درخانییانه كه هه‌ریه‌كه‌یان له بوارێك یان زیاتردا رۆڵیان له خه‌بات و له خزمه‌ته‌ی گه‌له‌كه‌ماندا هه‌بووه، له لاپه‌ڕه زێڕینه‌كانی مێژووی پڕ له شانازی و شكۆداری كورد‌و كوردستاندا ناویان تۆماركراون: (ئه‌مین عالی به‌درخان، جوده‌ت به‌درخان، كامه‌ران به‌درخان، سوره‌یا به‌درخان، عه‌بدولڕه‌حمان به‌درخان، میقداد میدحه‌ت به‌درخان، ره‌وشه‌ن به‌درخان، عه‌بدولڕه‌زاق به‌درخان، یوسف كامیل به‌درخان، میقداد مه‌دحه‌ت به‌درخان، له‌یلا به‌درخان، عه‌لی به‌درخان، عه‌بدولوه‌هاب به‌درخان، حه‌مید به‌درخان،،.هتد) ته‌نهاش بۆ به‌بیرهێنانه‌وه ئاماژه‌مان به‌و كورته باسه‌كرد، دێینه سه‌ر ناوی ئه‌و شاعیر‌و چیرۆكنووسانه‌ی كه بابه‌تی شیعر‌و چیرۆكیان بۆ منداڵانی كوردمان نووسیوه‌و به‌ردی بناغه‌ی ئه‌ده‌بی منداڵانی كوردیان له باكووری كوردستان داناوه.
(ئه‌حمه‌دی خانی: 1650-1707) كه خاوه‌نی شاكاری جیهانی چیرۆكی (مـه‌م و زیـن)ـه، ناوی ته‌واوی (ئه‌حمه‌د ئه‌لیاس رۆسته‌م)ه، كه‌ڵه‌شاعیرو دانا‌و بیرمه‌ندو زمانزانێكی هه‌میشه نه‌مری كورده، خانی له ساڵی (1682) دا كتێبێكی به ناوی (نوبارا بچووكان) واتا (نۆبه‌ری بچووكان) كه له زۆر سه‌رچاوه‌شدا به (نوبه‌هارا بچوكان، نه‌وبه‌هاری بچووكان) و به (نوبهارا بچوكان) ناوی ده‌به‌ن، به‌ڵام نووسه‌ری كوردمان (محه‌مه‌د ئه‌مین بوز ئه‌رسه‌لان) به (نوبارا بچوكان) واته (نۆبه‌ره‌ی بچووكان) ناوی بردووه، هه‌ریه‌كه‌ش له (د.كه‌ماڵ فوئاد) و پرۆفیسۆر (عیزه‌دین مسته‌فا ره‌سوڵ)یش له‌سه‌ر ئه‌و رایه‌ن كه (نوبارا)ه، له ده‌قی پێشه‌كییه‌كه‌ی (نوبارا بچوكان) دا كه ئه‌حمه‌دی خانی خۆی (نوبارا بچوكان)ی نووسیوه، مه‌به‌ست و واتاكه‌ی ئاشكرا‌و روونه كه (نۆبه‌ره‌ی بچووكان)ه، نه‌ك (نوبهارا بچووكان).
(نوبارا بچوكان) ی ئه‌حمه‌دی خانی بریتییه له فه‌رهه‌نگه شیعرێكی فێركردنی زمان، بۆ منداڵانی كورد كه له (216) دێڕه شیعر‌و له (13) پارچه‌دا پێكهاتووه، كه بریتییه له (وشه‌ی عه‌ره‌بی) و ماناكه‌ی به (وشه‌ی كوردی)، له‌نزیكه‌ی (900) وشه‌ی عه‌ره‌بی و (700) وشه‌ی كوردی پێكهاتووه، خانی بۆیه به شیعر دایناوه، چونكه له‌به‌ركرنیان ئاسانترو خۆشتره بۆ منداڵان، پێشه‌كی و كۆتاییه‌كه‌شی به په‌خشانی سه‌روادار داڕشتوون، كتێبی (نوبارا بچوكان) یه‌كه‌مین فه‌رهه‌نگه شیعری عه‌ره‌بی و كورییه بۆ منداڵان، ره‌نگه ئه‌حمه‌دی خانی له‌و روانینه‌وه له زمانی عه‌ره‌بی روانیبێت، كه زمانی قورئان و زمانی ئایینی ئیسلام بووه، ئه‌حمه‌دی خانی شاعیرێكی نه‌ته‌وه‌ی كورده‌و، كورد‌و كوردستانپه‌روه‌رێكی ناسراو بوو، له‌و سه‌رده‌مه‌دا ئه‌و خوازیاری سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بووه، گه‌لی كوردی له گه‌لانی تورك و عه‌ره‌ب و فارس به كه‌متر نه‌زانیوه، وه‌كو ئه‌وان ده‌بێت كوردیش خاوه‌نی ماف و ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی خۆی بێت، هه‌روه‌كو له پێشه‌كی (نوبارا بچوكان)دا هاتووه، ئه‌حمه‌دی خانی ئه‌م كتێبه‌ی بۆ ئه‌و منداڵه كوردانه داناوه كه ئاره‌زووی فێربوونی زمانی عه‌ره‌بییان هه‌بوو، هه‌روه‌ها به خوێندنه‌وه‌ی وشه كوردییه هاوماناكانی وشه عه‌ره‌بییه‌كان، زمانه كوردییه‌كه‌شیان به‌هێزترو ده‌وڵه‌مه‌نتر بووه، سامانی وشه‌كانیشییان زیاتر بووه، ئه‌م كتێبه پڕه له ئامۆژگاری و له رێنمایی به‌سوودو له ره‌وشت و له ئاكاری جوان، بۆ ئاڕاسته‌كردنی باشی مندڵانی كوردمان، (نوبارا بچوكان) بوو به كتێبی خوێندنه‌وه‌ی فه‌قێكان، له مزگه‌وته‌كان و له قوتابخانه ئایینیه‌كانی كوردستاندا ده‌خوێندراو بڵاوده‌بووه‌وه، ئه‌حمه‌دی خانی خۆشی مه‌لاو مامۆستایه‌كی شاره‌زاو زانا‌و دانا بوو، له مزگه‌وت و له قوتابخانه ئایینییه‌كانی شاری (بایه‌زید)دا، وانه‌ی كوری و عه‌ره‌بی به فه‌قێكان و به منداڵانی كورد ده‌وته‌وه.
كتێبی (نوبارا بچوكان) به ده‌ستپێكردنی شیعری فێركردنی نووسراوی ئه‌ده‌بی منداڵانی كورد دیاریكراوه، به یه‌كه‌مین كتێبی شیعری فێركردن بۆ منداڵانی كورد داده‌نرێت، (شیعری فێركردن)یش به به‌شێك یان بڵێین به لقێك له لقه‌كانی شیعر به‌گشتی و شیعری منداڵان به‌تایبه‌تی داده‌نرێت، به بۆچوونی (د.شوكریه ره‌سوڵ)یش (نوبارا بچوكان) "كۆنترین شیعری فێركردنه له ئه‌ده‌بی منداڵانی كورد دا".
كتێبی نۆبارا بچوكان، چه‌ندینجارو له چه‌ندین شوێندا، دووباره‌و چه‌ندباره، جار له‌دوای جاریش باشتر‌و جوانتر چاپكراوه‌ته‌وه، ئه‌مانه ناوی هه‌ندێك له‌و شوێنانه‌ن له‌گه‌ڵ ساڵی چاپكردنی كتێبی نوبارا بچوكان (ئه‌سته‌نبوڵ 1892)، (به‌رلین 1903)، (دیمه‌شق 1945)، (به‌غدا 1979)، بۆ یه‌كه‌مینجاریش له ساڵی (1926)دا له باشووری كوردستاندا له چاپخانه‌ی (ره‌واندوز) له‌لایه‌ن به‌هه‌شتی (حوسێن حوزنی موكریانی)ـه‌وه چاپكرا، له ساڵی (1936) دا له‌لایه‌ن شاعیر‌و فه‌یله‌سوفی گه‌له‌كه‌مان (پیره‌مێرد)ی نه‌مره‌وه له چاپخانه‌ی (ژین) له شاری (سلێمانی) چاپكرایه‌وه، له چه‌ند شوێنی تریشدا چاپكراوه‌ته‌وه، ئێمه ته‌نها ئاماژه به سێ دێری پێشه‌كییه‌ی نوبارا بچوكان ده‌ده‌ین:
ژ پاش حــه‌مد و سه‌له‌واتــانان
ئه‌م چـه‌ند كه‌لیمه‌ته ژ لوغـاتان
* * *
ڤێك ئێخستن ئه‌حمـه‌دی خـانی
نـاڤی نوبــارا بچــوكان لێ دانی
* * *
نه ژ بـۆ سـاحب (رواجــــان)
به‌لكو بۆ بچـوكێت كـرمانجــان
ئه‌حمه‌دی خانی، هانی منداڵانی كورد ده‌داو داوایان لێده‌كات كه بخوێنن و هه‌وڵبده‌ن، چونكه به‌بێ كۆششكردن و خۆماندوونه‌كردن، ناگه‌ن به مه‌رام و ناناسرێن و ناوبانگ ده‌رناكه‌ن، ده‌ڵێت:
حه‌تتا تو ده‌ورو ده‌رسان نه‌كه‌ی تكرارو مێروف
د دنیـایی تو نـابی نه مه‌شــهوورو نـه مـــه‌عروف
ئه‌گه‌ر ئه‌م كتێبه‌ی ئه‌حمه‌دی خانی (نوبارا بچوكان) بۆ منداڵان به سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌ده‌بی نووسراوی منداڵانی كوردمان له كوردستاندا دابنێین، كه‌واته ئێمه‌ی كورد له مێژووی ئه‌ده‌بی تازه‌ی منداڵان له جیهاندا (ئه‌ده‌بی منداڵانی كورد) ئه‌وه‌نده له (ئه‌ده‌بی منداڵانی وڵاتانی ئه‌وروپا) دوانه‌كه‌وتووین، به‌ڵكو هاوسه‌رده‌مین له‌گه‌ڵ ئینگلته‌را، دانیمارك، بولگاریا، له‌گه‌ڵ میسریشدا كه له‌م وڵاتانه‌شدا، له ساڵانی (1800 تا 1900) به‌دواوه، ئه‌ده‌بی منداڵان، لێیاندا سه‌ریهه‌ڵداوه.
ئه‌گه‌رچی نووسه‌ری به‌ناوبانگی فه‌ڕه‌نسی (چارلز پیرۆ: 1628 - 1703) له ساڵی (1679) دا له‌ژێر ناوی (چیرۆكه‌كانی دایه قازم) دا كتێبێكی بۆ منداڵان بڵاوكرده‌وه كه به یه‌كه‌مین كتێبی منداڵان داده‌نرێت، ئه‌م كتێبه كۆمه‌ڵه چیرۆكێكی خۆشی له‌خۆگرتووه وه‌كو (ساندرێلا، شۆخه نووستووه‌كه، ریش شین، پشیله‌ی چه‌كمه‌له‌پێ، جنۆكه)، به‌ڵام چارلز پیرۆ له‌ڕووی نه‌هات كه به ناوی راستی خۆیه‌وه بڵاویبكاته‌وه، له ترسی ناوبانگ زڕان و تانه‌و توانجی خه‌ڵكی و پایه نزمبوونه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی، كه تا ئه‌وكاته نووسین بۆ منداڵان پایه نزمی و شه‌رمه‌زاری و كات به‌فیڕۆدان بووه، بۆیه به ناوی (بیرودار مانكور)ی كوڕه بچووكه‌كه‌یه‌وه بڵاویكرده‌وه، ئه‌م كتێبه یه‌كه‌مین نۆبه‌ری چاپكراوی چارلز پیرۆ بوو بۆ منداڵان، ئه‌م كتێبه نه‌ك هه‌ر له فه‌ڕه‌نسادا به‌ڵكو له زۆر له وڵاتانی كه‌شدا ناوبانگێكی زۆری ده‌ركردو پایه‌ی ئه‌ده‌بی منداڵانی زۆر به‌رزكرده‌وه، بۆیه چارلز پیرۆ دووه‌مین كتێبی بۆ منداڵان له‌ژێر ناوی (مه‌ته‌ڵ و چیرۆكه‌كانی رابردوو)ی به‌ناوی ته‌واوی خۆیه‌وه بڵاوكرده‌وه، به‌ڵام شاعیری كوردستان (ئه‌حمه‌دی خانی) به‌شانازییه‌وه كتێبه‌كه‌ی (نوبارا بچوكان)ی به‌ناوی خۆیه‌وه بڵاوكرده‌وه، چونكه ئه‌حمه‌دی خانی منداڵانی به به‌شێكی گرنگی گه‌له‌كه‌ی ده‌زانێت، ئه‌و كتێبه‌ی به‌تایبه‌تی بۆ دانان، هه‌ریه‌كه‌ش له (شێخ مارفی نۆدێی 1752 – 1837) كه فه‌رهه‌نگه شیعری (ئه‌حمه‌دی) به زمانی (عه‌ره‌بی - كوردی) داناوه، هه‌روه‌ها نووسه‌ری شه‌هیدیشمان مامۆستا (شاكیر فه‌تاح 1914 – 1988) فه‌رهه‌نگه شیعرێكی وشه‌ی (ئینگلیزی - كوردی) بۆ منداڵان داناوه، هه‌ردووكیان له هاوشێوه‌ی (نوبارا بچوكان) ی ئه‌حمه‌دی خانی دایانناون.
(ئه‌مین عالی به‌درخان 1850-1926) ناوی ته‌واوی (محه‌مه‌د ئه‌مین عالی به‌درخان)ـه، زیاتریش به (ئه‌مین به‌گ عالی به‌درخان) ناسراوه، كوڕی (میر به‌درخان)ـه، باوكی (سوره‌یاو جه‌لاده‌ت و د.كامه‌ران به‌درخان)ـه، (مێجه‌ر نۆئیل) كه دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌مین به‌درخان دا هه‌بووه، ده‌ڵێت: "ئه‌مین عالی به‌درخان، له پیاوه دیاره‌كانی ماڵباتی به‌درخانه‌ییه‌كانه‌و پیاوێكی باڵابه‌رزو سوور‌و سپی بوو، دووربین بوو، كاریگه‌رییه‌كی زۆری له‌سه‌ر كورده‌كان هه‌بوو، به‌تایبه‌تیش كورده‌كانی بۆتان"، (د.شوكریه ره‌سوڵ)یش ده‌ڵێت: "ئه‌مین عالی به‌درخان مامۆستای بیانی ده‌هێنایه ماڵه‌وه، تاوه‌كو منداڵه‌كانی فێری زمانی بێگانه بن و لایه‌نی هزری و رۆشنبیریانی فراوان ده‌كرد، چونكه خۆی زمانی بێگانه‌ی ده‌زانی و حه‌زی له كلتوور‌و مێژوو و ئه‌ده‌بیات بوو، وه‌ك ده‌ڵێن جاروبار ده‌ستی نووسینی له شیعر داناندا هه‌بووه"، ئه‌مین به‌درخان قوتابخانه‌ی كردووه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی منداڵانی كورد فێری خوێندن ببن و به سۆز‌و هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی گۆش و په‌روه‌رده‌یان بكه‌ن، هه‌ر ئه‌میش بوو كه (كۆمه‌ڵه‌ی هاوكاری و گه‌شه‌پێدانی كوردستان - جمعیه تعاون و ترقی كوردستان)ی دامه‌زراند، ئه‌مین عالی به‌درخان، شیعری بۆ منداڵان، نووسیوه، پارچه شیعرێكی هه‌یه به‌ناوی (ده‌لالیا زاروان: ده‌لالیا زارۆ‌كان) واتا (نازی منداڵان) كه له حه‌وت كۆپله پێكهاتووه، كه ئه‌مین عالی به‌درخان له ساڵی (1906) دا له (ئه‌سپارته)ی یۆنانی نووسیوێته‌وه، چونكه باوكی له‌سه‌ر چالاكی كوردایه‌تی و كوردستان په‌روه‌ری دوورخرابووه‌وه بۆ یۆنان، ئه‌م لاواندنه‌وه به پیتی لاتینی نووسیوێتی، بۆ یه‌كه‌مینجار شیعری (ده‌لالیا زاروان) له ژماره (٦) ی (گۆڤاری كوردستان) كه له رۆژی (22-4-1919) ده‌رچووه، به‌ناوی (زینۆ)وه بڵاوكراوه‌ته‌وه، به‌ڵام ده‌قی هه‌مان شیعر له ژماره (5)ی (گۆڤاری هاوار) دا كه له رۆژی (20-7-1932) ده‌رچووه، هه‌ر به‌هه‌مان ناونیشان (ده‌لالیا زاروان) ئه‌مجاره‌یان به‌ناوی ته‌واوی (ئه‌مینعالی به‌درخان)ـه‌وه بڵاوكراوه‌ته‌وه، كه‌واته (زینۆ) ناوێكی خوازراوی ئه‌مین عالی به‌درخان بووه، هه‌ر له ژماره (5) ی گۆڤاری هاواردا پارچه‌پارچه شیعرێكی تری ئه‌مین عالی به‌درخان هه‌یه به ناوی (لۆریا به‌درخان) واتا (لاوانه‌وه‌ی به‌درخان)، كه له شێوه‌ی لایه‌لایه‌و لاواندنه‌وه‌دایه، ده‌شێ (ئه‌مـین عـالی به‌درخـان) ئه‌م پارچه شیعره‌ی، بۆ لاواندنـه‌وه‌ی (كامه‌ران به‌درخان)ی كوڕه بچووكی نووسیبێت، (گۆڤاری هاوار) له ساڵی (1932-1943) له شاری (دیمه‌شق - سوریا) ده‌رده‌چوو، خاوه‌ن و سه‌رنووسه‌ری هاوار (جه‌لاده‌ت به‌درخان) بوو، (57) ژماره‌ی لێده‌رچوو، ئه‌گه‌ر (شیعری فێركردن) ی لێ ده‌ربكه‌ین، ئه‌م پارچه شیعره‌ی (ئه‌مین عالی به‌درخان) ، به سه‌ره‌تای شیعری نووسراوی كوردی بۆ منداڵانی كورد داده‌نرێت و، به سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی منداڵانی كورد له كوردستاندا داده‌نرێت، دوابه‌دوای ئه‌م شیعره، له‌لایه‌ن شاعیران و نووسه‌رانی تری كورده‌وه، له گۆڤار‌و له رۆژنامه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌و، به دواوه، چه‌ندین شیعر‌و چیرۆك بۆ منداڵان نووسراون و بڵاوكراونه‌ته‌وه، به‌ڵكو زۆربه‌ی گۆڤار‌و رۆژنامه‌كان پانتاییه‌كی باشیان بۆ ئه‌ده‌بی منداڵان ته‌رخانكردبوو، ئه‌مه‌ش دوو كۆپله‌ی یه‌كه‌م و دووه‌می ئه‌و حه‌وت كۆپله شیعره‌ی (لۆریا به‌درخان)ـ، له دانانی میر (ئه‌مینعالی به‌درخان)ـه:
بنڤه خوشییا دل و دوو چــاڤان
دادێ ژ ته هه‌ر روو نه‌گـه‌هبان
وا زوو مـــه‌زن ببی بـــه‌درخان
بنـڤه كــه‌زیا مـن بنـڤه لــۆ لــۆ
* * *
هشــیار مه‌بـه نـهـۆ نـه قنــجه
مه‌هـدك ژ تـه‌را بــزانه گه‌نجه
بێخـه‌و مه‌به باشییا وێ ره‌نجه
بنـڤه كــه‌زیا مـن بنـڤه لــۆ لــۆ
(میر جه‌لاده‌ت به‌درخان 1893-1951) نووسه‌رو رۆژنامه‌نووس و زمان‌زان و دیبلۆماسی و شۆڕشگێڕ‌و كورد‌و كوردستانپه‌روه‌رێكی ناسراوی گه‌له‌كه‌مان بوو، بێجگه له زمانی دایكی زمانی كوردی، ئه‌م زمانانه‌شی به‌باشی ده‌زانی (توركی، ئینگلیزی، عه‌ره‌بی، فارسی، فه‌ڕه‌نسی، روسی، یۆنانی)، سه‌رنووسه‌رو به‌ڕێوه‌به‌ری گۆڤاری هاوار بوو كه له ساڵی (1932-1943) ده‌رده‌چوو، تێكڕا (57) ژماره‌ی لێده‌رچوو، به پیتی لاتینی و ئارامی كوردی و عه‌ره‌بی، به شێوه‌زاری كرمانجی سه‌روو و خواروو و به زمانی كوردی و عه‌ره‌بی ده‌رده‌كرا، گۆڤاری هاوار رۆڵێكی گه‌وره‌ی رۆشنبیری و ئه‌ده‌بی و سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی هه‌بوو، له‌دوای گۆڤاری هاوار، میر جه‌لاده‌ت عالی به‌درخان، سه‌رنووسه‌رو به‌ڕێوه‌به‌ری (گۆڤاری رووناهی: 1942-1945) بوو كه (28) ژماره‌ی لێده‌رچوو، هه‌ر له دیمه‌شق ده‌رده‌كرا.
گۆڤاری هاوار له زۆربه‌ی ژماره‌كانیدا، پانتاییه‌كی باشی بۆ بابه‌تی منداڵان ته‌رخانكردبوو، چه‌ندین بابه‌تی هه‌مه‌جۆره‌ی بۆ منداڵان بڵاوكردووه‌ته‌وه، له هه‌موو ژماره‌كانی (گۆڤاری هاوار) دا، سه‌رجه‌م (13) چیرۆك و (11) شیعری بۆ منداڵان بڵاوكردووه‌ته‌وه، به كورتی ناوی ژماره‌كانی گۆڤاره‌كه‌و ناوی ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه بۆ منداڵان (شیعر، چیرۆك) له (گۆڤاری هاوار) دا بڵاوكراونه‌ته‌وه، له‌گه‌ڵ ناوی شاعیر‌و نووسه‌ره‌كانیاندا كه ئه‌م ژمارانه‌و ئه‌م شاعیر‌و نووسه‌رانه‌ن:
* ژماره (1) له (15-5-1932)دا ده‌چووه له لاپه‌ڕه‌ی (4)، (بوهارا: به‌هاره) شیعرێكه بۆ منداڵان له نووسینی (جه‌لاده‌ت به‌درخان)ـه).
* ژماره (2) له (1-6-1932)دا ده‌رچووه له لاپه‌ڕه‌ی (2)، (تولا ولات: تۆڵه‌ی وڵات)، شیعرێكه بۆ منداڵان، له نووسینی (جه‌لاده‌ت به‌درخان)ـه، هه‌ر له‌م ژماره‌یه‌دا له لاپه‌ڕه‌ی (5) دا چیرۆكێكی تری بۆ منداڵان تێدایه به ناونیشانی (دوو میرخاس: دوو پاڵه‌وان) له نووسینی (د.كامه‌ران به‌درخان 1895-1978)ـه.
* ژماره (3) له (15-6-1932)دا ده‌رچووه، چیرۆكێكی بۆ منداڵان تێدایه به ناونیشانی (شه‌ڤا وه خۆش: شه‌وتان خۆش) له نووسینی (كامه‌ران به‌درخان)ـه.
* ژماره (4) له (3-7-1932)دا كۆمه‌ڵێك وشه‌ی كوردی تێدایه، بۆ منداڵان راڤه كراوه.
* ژماره (5) له (20-7-1932)دا ده‌رچووه، شیعری (ده‌لالیا زاروان: نازی منداڵان)، شیعرێكی (جه‌لاده‌ت به‌درخان)ـه، هه‌ر له‌م ژماره‌یه‌دا شیعرێكی تر (لۆریا به‌درخان: لاواندنه‌وه‌ی به‌درخان) كه شیعرێكی (ئه‌مین عالی به‌درخان)ـه بڵاوكراوه‌ته.
* ژماره (6) له (8-8-1932)دا ده‌رچووه، چه‌ند چیرۆكێكی بۆ منداڵان بڵاوكراوه‌ته‌وه، له‌وانه‌ش (مارو مرۆڤ)، (كه‌ڵه‌شێرو رێوی)، له نووسینی (جه‌لاده‌ت به‌درخان)ـه كه به‌ناوی (چیرۆكبێژ)ـه‌وه بڵاویكردووه‌ته‌وه، شیعری (لوریا به‌درخان) شیعرێكی شاعیری ناسراوی گه‌له‌كه‌مان (قه‌دری جان: 1911-1972)ـه، شیعرێكه بۆ منداڵان، ستایشی شیعره‌كه‌ی (ئه‌مین عالی به‌درخان)، (لوریا به‌درخان) ده‌كات.
* ژماره (9) له (30-9-1932)دا ده‌رچووه، چیرۆكێك بۆ منداڵان (میرو مار) له نووسینی (جه‌لاده‌ت به‌درخان)ـه كه له‌ژێر ناوی (كۆچه‌رێ بۆتان) دا بڵاویكردووه‌ته‌وه.
* ژماره (10) له (27-11-1932)دا ده‌چووه، چیرۆكێك بۆ منداڵان به‌ناوی (میرو كوند: میرو كونده‌په‌پوو)، له نووسینی (جه‌لاده‌ت به‌درخان)ـه بڵاوكراوه‌ته‌وه.
* ژماره (12) له (27-12-1932) دا ده‌رچووه، چیرۆكێك بۆ منداڵان (كه‌و و كیتیك) له نووسی (مسته‌فا ئه‌حمه‌د بۆتی) بڵاوكراوه‌ته‌وه، چیرۆكێكی تر (كه‌رو گورگ و رێوی) ناوی خاوه‌نه‌كه‌ی نه‌نووسراوه، به‌زۆری به‌وه ده‌كات له نووسینی جه‌لاده‌ت به‌درخان بێت، چیرۆكێكی تریش به ناونیشانی (مانگ و ئه‌ستێره) له نووسینی (كامه‌ران به‌درخان)، بڵاوكراوه‌ته‌وه.
* ژماره (15) له (23-1-1933)دا ده‌رچووه، له لاپه‌ڕه (4)دا چیرۆكێك بۆ منداڵان به ناونیشانی (كه‌روێشك و كیسه‌ڵ) له نووسینی (به‌كری قوتڕه‌ش) بڵاوكراوه‌ته‌وه.
* ژماره (18) له (23-1-1933)دا ده‌رچووه، له لاپه‌ڕه (4)دا چیرۆكێك بۆ منداڵان به ناونیشانی (شێر‌و گایه‌كی زه‌رد) له نووسینی (مسته‌فا ئه‌حمه‌د بۆتی) بڵاوكراوه‌ته‌وه.
* ژماره (24) له (1-4-1934)دا ده‌رچووه، له لاپه‌ڕه (8)دا چیرۆكێك بۆ منداڵان به ناونیشانی (چۆله‌كه‌و فیل) له نووسینی (مسته‌فا ئه‌حمه‌د بۆتی) بڵاوكراوه‌ته‌وه.
* ژماره (28) له (15-5-1941)دا ده‌رچووه، چیرۆكێك بۆ منداڵان به ناونیشانی (شوان و به‌ران) له نووسینی (جه‌لاده‌ت به‌درخان) به‌ڵام به‌ناوی (چیای ئاگری)ـه‌وه بڵاویكردووه‌ته‌وه.
* ژماره (29) له (10-6-1941)دا ده‌رچووه، له لاپه‌ڕه (8)دا شیعرێكی بۆ منداڵان تێدایه به ناونیشانی (رێوییه‌كی پیر) له نووسینی (ئوسمان سه‌بری)ـه.
* ژماره (31) له (1-8-1941)دا ده‌رچووه، له لاپه‌ڕه (5)دا شیعرێك بۆ منداڵان تێدایه به ناونیشانی (كه‌ڵه‌شێرو رێوی) له نووسینی (ئوسمان سه‌بری)ـه بڵاوكراوه‌ته‌وه.
* ژماره (49) له (15-9-1942)دا ده‌رچووه، سێ هۆنراوه‌ی (ئوسمان سه‌بری) بۆ منداڵان تێدایه، ناونیشانیان: (دیبستان: قوتابخانه)، (بوهار)، (ته‌ڤدیرا مشكان: ته‌گبیری مشكان).
(ئوسمان سه‌بری: 1905-1994) له دێی (نارنج) ی سه‌ر به شاری (مێردین) له باكووری كوردستان له‌دایكبووه، ئوسمان سه‌بری شاعیر‌و نووسه‌رێكی شۆڕشگێڕ‌و رۆژنامه‌نووس و تێكۆشه‌رێكی دلێرو سیاسه‌تمه‌دارێكی قاره‌مانی كورد بوو، له (شۆڕشی دیاربه‌كر - 1925 – شێخ سه‌عیدی پیران) به‌شداریكرد، دوو جار له‌سه‌ر كوردایه‌تی و هه‌ڵوێستی نیشتمانی به‌ند كرا، رژێمی توركیا ته‌نگیان پێهه‌ڵچنی، ناچار خۆی و هه‌ر شه‌ش براكه‌ی له ساڵی (1928) دا چوون بۆ سوریا‌و له شاری (دیمه‌شق) نیشته‌جێبوون، هه‌ر له دیمه‌شق كۆچی دوایی كرد، شاعیر هاپۆ (ئوسمان سه‌بری) بێجگه له دیوانی شیعره‌كانی، چه‌ند كتێبێكی كه‌شی چاپكرد، یه‌كێك له كتێبه‌كانی (ئه‌لف و بای) زمانی كوردییه كه له ساڵی (1955) دا چاپیكردووه، ئه‌مه‌ش شیعری (دبستان)ی هاپۆ (ئوسمان سه‌بری)ـه كه له (گۆڤاری هاوار)دا بڵاوكراوه‌ته‌وه:
ده‌ستپێك ب ناڤی یـه‌زدان
ئه‌ڤــه دچـــم دبســـــــــتان
دڤـێ ئیــــدی بخـــــــــوێنم
بۆ راســــتیی ببــــــــــــینم
دا هه‌ر تشـــتی بـــــــــزانم
هه‌یــــا كـــوپێ بــــــــكانم
بــــه‌ری ڤێ گـه‌لێ مــــــن
نه‌زان ما بوون میر و ژن
* ژماره (51) له (15-12-1942) دا ده‌رچووه، له لاپه‌ڕه‌ی (2) دا چیرۆكێكی بۆ منداڵان تێدایه، به ناونیشانی (میرو نیچیرڤان: میرو راوچی) له نووسینی (محه‌مه‌د ئه‌مین سلێمان)ـه.
* ژماره (52) له (20-2-1943) دا ده‌رچووه، له لاپه‌ڕه‌ی (10) شیعرێكی بۆ منداڵان تێدایه، به ناونیشانی (رێوییه‌كی كه‌ڕ) له نووسینی (ئوسمان سه‌بری)ـه.
ده‌شێ گۆڤار‌و رۆژنامه كوردییه‌كانی كه‌ش له باكووری و رۆژئاوای كوردستاندا بابه‌تی شیعر‌و چیرۆكیان بۆ منداڵان بڵاوكردبێته‌وه، به‌ڵام نه‌گه‌یشتوونه‌ته پایه‌ی بابه‌ته‌كانی گۆڤاری هاوار.
(محه‌مه‌د ئه‌مین بوز ئه‌رسه‌لان (1934) شاعیر‌و نووسه‌رێكی به‌تواناو ناسراوی كوردمانه، به‌تایبه‌تی له بواری ئه‌ده‌بی منداڵاندا، كورد‌و كوردستانپه‌روه‌رێكی ناسراوه، له ساڵی (1979)وه له شاری (ستوكهۆڵم)ی پایته‌ختی (سوید) ده‌ژی، تائێستا زیاتر له (30) كتێبی شیعر‌و چیرۆكی به پیتی لاتینی كوردی به شێوه‌ی كرمانجی ژوور‌و بۆ منداڵانی كورد نووسیوه‌و چاپیكردوون، محه‌مه‌د ئه‌مین بوز ئه‌رسه‌لان به هه‌ردوو زمانی كوردی و توركی ده‌نووسێت، به‌ڵام بابه‌ته‌كانی ده‌رباره‌ی كوردن (نووسه‌ر: ساڵی پار كه له سوید بوو، به مه‌به‌ستی زانیاری زیاتر هه‌وڵمدا په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ بكه‌م، به‌ڵام ئه‌و به سه‌ردانی گه‌ڕابووه‌وه بۆ باكووری كوردستان، وادیاره ژماره‌ی ته‌له‌فۆنه‌كه‌شی گۆڕیوه)، (میر زۆرۆ) كه بریتییه له كۆمه‌ڵه چیرۆكێكی فۆلكلۆری كوردی بۆ منداڵان، یه‌كێكه له به‌رهه‌مه شیرینه‌كانی محه‌مه‌د ئه‌مین بوز ئه‌رسه‌لان بۆ منداڵان، ژماره‌ی چیرۆكه‌كانی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه (11) چیرۆكن، (میر زۆرۆ) یه‌كێكه له چیرۆكه‌كانی ئه‌و یانزه چیرۆكه، محه‌مه‌د ئه‌مین بوز ئه‌رسه‌لان له زمانی كورده‌وه له باكووری كوردستاندا وه‌ریگرتوون، به زمانێكی ساكار‌و شیرینی ئه‌ده‌بی بۆ منداڵان، به شێوه‌یه‌كی ساكار دووباره دایڕشتوون و له ساڵی (1981)دا له سوید چاپیكردووه، هاوشێوه‌ی گێڕانه‌وه‌ی زۆربه‌ی چیرۆكه‌و مه‌ته‌ڵ و ئه‌فسانه كوردییه‌كانمان به په‌ره‌گرافی: (هه‌بـوو نه‌بـوو جـاره‌ك ژ جـاران ره‌همه ل دێ و باڤـین گوهداران) سه‌ره‌تای چیرۆكه‌كانی ده‌ستپێكردوون، نووسه‌ر كاك (سه‌گڤان یوسفی) دووباره ئه‌و كۆمه‌ڵه چیرۆكه‌ی (محه‌مه‌د ئه‌مین بوز ئه‌رسه‌لان)، (میر زۆرۆ)ی به پیتی كوردی باشووری كوردستان نووسیوه‌ته‌وه‌و له ساڵی (1987) له به‌غدا چاپیكردووه، محه‌مه‌د ئه‌مین بوز ئه‌رسه‌لان نووسه‌رێكه له هه‌موو بواره‌كانی ئه‌ده‌بدا ده‌نووسێت و شاره‌زاییه‌كی باشیشی له زمانی كوردیدا هه‌یه، زمانی سویدیش باشی ده‌زانێت، ده‌ژی و به‌رده‌وامه له نووسیندا.
( سه‌بری بۆتانی: 1927-1998) شاعیر‌و نووسه‌رو رۆژنامه‌نووس و تێكۆشه‌رێكی ناسراوی كورده، له دێی (شوش)ی سه‌ر به شاری (وان) له باكووری كوردستاندا له‌دایكبووه، هه‌ر له منداڵییه‌وه هه‌ستی كوردایه‌تی و سۆز‌و خۆشه‌ویستی بۆ كوردستان له دڵیدا ده‌بزوێت، هێشتا مێردمنداڵێك بوو، رژێمی توركیا ته‌نگیان پێهه‌ڵچنی، ناچار دێت بۆ باشووری كوردستان و له شاری (زاخۆ) نیشته‌جێ ده‌بێت، له‌سه‌ر شیعره نیشتمانییه‌كانی رژێمی عیراقی ده‌یگرن و له شاری (موسڵ) به‌ندی ده‌كه‌ن، سه‌بری بۆتانی له شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلولی ساڵی (1961)دا له باشووری كوردستان به‌شداریكرد، سه‌بری بۆتانی روو له هه‌نده‌ران ده‌كات، له ساڵی (1991)دا ده‌بێته په‌نابه‌ر له وڵاتی (نه‌رویج) و له شاری (ئۆسڵۆ) ی پایته‌خته‌كه‌یدا نیشته‌جێ ده‌بێت، تا له رۆژی (25-10-1998) هه‌ر له‌م شاره‌دا ئه‌م شاعیره كورد‌و كوردستان په‌روه‌ره‌مان كۆچی دوایی ده‌كات، سه‌بری بۆتانی بێجگه له كوردی، زمانی عه‌ره‌بی و توركی و نه‌رویجیشی ده‌زانی، وه‌كو نووسه‌رو رۆژنامه‌نووس و وه‌رگێڕێك به زمانی عه‌ره‌بی و كوردی له رۆژنامه‌ی (التاخی) و له رۆژنامه‌ی (برایه‌تی) دا كاریكردووه، له به‌رهه‌مه چاپكراوه‌كانی به زمانی كوردی: (شین‌و شادی)، (دڵستان)، (ده‌نگی مه‌تین)، رۆمانێك و كۆمه‌ڵه چیرۆكێكی بۆ به‌جێهێشتووین كه تائێستا چاپنه‌كراون، سه‌بری بۆتانی (كۆمه‌ڵێك شیعری ناسك و ساكار‌و شیرینی بۆ منداڵان) نووسیوه، كه زۆربه‌یان كراون به گۆرانی، شیعری (خاڵخاڵۆك) یه‌كێكه له شیعره‌كانی بۆ منداڵان:
شـــیرینێ خالخـالۆكێ
ره‌نـــگینێ ده‌لالـــۆكێ
خالخــالۆكێ بلـــه‌زینه
ده‌شت و چیا بهه‌ژینه
هـا بـگره ڤێ پسـیارێ
ئه‌ڤــــینا دلێ یــــــارێ
هــه‌ره مـالا خـالێ من
گـازی كه هه‌ڤـالێ من
ژ مــالێ بێـــتن ده‌رێ
خاتــری دلێ دلبــه‌رێ
بـێتن هـان و هـاوارێ
سه‌ر كانیـكا قه‌سـارێ
(فورات جوری: 1959) شاعیر‌و نووسه‌رێكی ناسراوی كورده، له باكوری كوردستان له‌دایكبووه، نیشته‌جێی وڵاتی سویده، (19) كتێبی هه‌مه‌جۆری چاپكراوی هه‌یه، فورات جوری له ساڵی (1983) دا له‌ژێر ناوی (دایك) دا كۆمه‌ڵه شیعرێكی بۆ منداڵان چاپكردووه.
باسی ئه‌ده‌بی منداڵانی كورد له باكووری كوردستان، به چاوپێخشاندن و به كورته‌باسێكی سه‌رپێی وادا مافی خۆی نادرێتی و زۆر له‌مه زیاتر هه‌ڵده‌گرێت، پێویستی به ئاوڕدانه‌وه‌یه‌كی زیاتر هه‌یه.
هیوادارم به‌شێك له‌و كتێبانه‌ی كه بۆ منداڵانی كورد له باشووری كوردستان دا نووسراون و چاپكراون، دووباره به پیتی لاتینی كوردی و به شێوه‌زاری كرمانجی ژوور‌و بنووسرێنه‌وه‌و چاپیان بكه‌نه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی منداڵانی كوردمان له باكووری كوردستانیشدا چێژ‌و سوودیان لێوه‌ربگرن، ئاواته‌خوازی ئه‌وه‌شین كه به‌زووترین كات (گۆڤارێك بۆ منداڵانی كورد له باكووری كوردستان) دا به زمانی شیرینی كوردیمان و به پیتی لاتینی كوردی ده‌ربكرێت.
ره‌زا شوان - نه‌رویج
هەواڵی زیاتر
-
كونسوڵی روسیا: یه‌كێتی هێزێكی كاریگه‌ره
04:42 PM - 2024-04-18 -
وتەبێژی یەکێتی: حکومەت و پەرلەمانێکی کارامان دەوێت
02:20 PM - 2024-04-18 -
جه‌زای سه‌ید مه‌جید وه‌ك لێپرسراوی بەشی كارگێڕیی رێكخستن دهسبهكاربوو
01:21 PM - 2024-04-18 -
قوباد تاڵەبانی: هیچ هۆکارێک بوونی نییە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن
08:53 PM - 2024-04-17
ئەمانەش ببینە
کوردستان 05:05 PM - 2024-04-18 ئەنجومەنی سەرکردایەتی: پاراستن و بەهێزکردنی هەرێم تەنها بەهەڵبژاردن دەبێت
سەرۆک بافڵ: یەکێتی ئامادەی هەڵبژاردنە
03:49 PM - 2024-04-18
کۆمسیۆن وادەی بانگەشەی هەڵبژاردن دیاریدەکات
10:29 AM - 2024-04-18
ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی بۆ ئاماده‌كارییه‌كانی هه‌ڵبژاردن كۆده‌بێته‌وه
10:01 AM - 2024-04-18
سەرۆک بافڵ و سەید عەممار حەکیم: گفتۆگۆی بنیاتنەرانە لە پێناوی سەقامگیریدا بێت
10:06 PM - 2024-04-17
زۆرترین خوێنراو
-
ئێزدییەكان ، دیرۆك و دابونەریتیان
کوردستان 10:05 AM - 2024-04-18 -
ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی بۆ ئاماده‌كارییه‌كانی هه‌ڵبژاردن كۆده‌بێته‌وه
کوردستان 10:01 AM - 2024-04-18 -
سەرۆک بافڵ و سەید عەممار حەکیم: گفتۆگۆی بنیاتنەرانە لە پێناوی سەقامگیریدا بێت
کوردستان 10:06 PM - 2024-04-17 -
سبەینێ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی کۆدەبێتەوە
کوردستان 09:42 PM - 2024-04-17 -
قوباد تاڵەبانی: هیچ هۆکارێک بوونی نییە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن
کوردستان 08:53 PM - 2024-04-17 -
وەفدێکی یەکێتی بەشداری جەژنی سەری ساڵی ئیزدییەکان دەکات
ی ن ک 08:17 PM - 2024-04-17 -
هه‌وڵی هاوتاكردنی مووچه‌ی وارسی شه‌هیدان له‌گه‌ڵ عیراق ده‌درێت
کوردستان 06:03 PM - 2024-04-17 -
هەڤاڵانی مەکتەبی سیاسی لەگەڵ مەڵبەندی هەولێر کۆدەبنەوە
ی ن ک 05:02 PM - 2024-04-17