riklam

وەزارەتی شەهیدان بۆی دەركەوت هەموو زانیارییەكان هەڵبەستراوبوون

kurdistani 11:29 AM - 2014-09-21
دوای 11 مانگ لەبەدواداچوون دەركەوت چیرۆكی 18 پاكیزەكە هیچ بـنەمایەكی نییە ‌

دوای 11 مانگ لەبەدواداچوون دەركەوت چیرۆكی 18 پاكیزەكە هیچ بـنەمایەكی نییە ‌

وەزارەتی شەهیدان بۆی دەركەوت، هەموو زانیارییەكان هەڵبەستراوبوون
دوای 11 مانگ لەبەدواداچوون دەركەوت چیرۆكی 18 پاكیزەكە هیچ بـنەمایەكی نییە ‌


بەڵگەنامەیەكی ساختە بەناوی موخابەراتی عیراقییەوە نزیكەی 20 ساڵ میدیاكانی كوردستان‌و كەسوكاری ژمارەیەكی زۆر ‏لەقوربانیانی ئەنفالی سەرقاڵكرد، گوایە 18پاكیزەی كورد لەلایەن موخابەراتی عیراقییەوە بەمیسر فرۆشراون، بەڵام دوای ‏لێكۆڵینەوەی وردو بەدواداچوون لەناوخۆی كوردستان‌و  میسر، دەركەوت دیكۆمێنتەكە ساختەیەو قسەی هەموو ئەوانەیشی کە وتیان ئەو كچانەیان بینیوە یان شوێنیان دەزانن، راست دەرنەچوو و بۆ مەبەستی دیكە ئەم كارەیان كردبوو.‏

بەڵگەنامەیەك كە مێژووی10/12/1989 ی لەسەرە بڵاوبۆوە گوایە موخابەراتی عیراق 18 پاكیزەی كوردی لەڕەشەكوژیی ئەنفالدا فرۆشتۆتە میسرو لەیانە شەوانەکانی  ئەوێ‌ کراونەتە سەماکار.‏

درۆی رۆژنامەنووسەکە
دواتر رۆژنامەنووسێك بەناوی (ف . ع) دەڵێت: لەیەكێك لەو یانە شەوانانەی میسر سەماكارێكم بینیووە بەناوی سەحەر كوردی‏و قسەم لەگەڵدا كردووەو وتوێتی من لەو 18 پاكیزەیەم كە پێشتر فرشراوینەتە میسرو لێرە كاردەكەم.‏

بازرگانێكیش بەناوی (ر. س. ج) ئیدیعایكرد لەمیسر چەند ژمارەیەك لەو كچانەی بینیووەو شوێنیان دەزانێت‌و ‏داوای لەحكومەت كرد بودجەی بۆ تەرخانبكەن تا ئەم راستییە ئاشكرابكات، بەڵام دواتر دەركەوت ئەو پیاوە بۆ پارە ئەم ‏كارەی كردووەو قسەكانی هیچ بنەمایەكی نییە!‏

دراماکەی ‏mbc‏
لەهاوینی 2013 لەماوەی مانگی رەمەزان كەناڵی ‏mbc‏ درامایەكی پێشكەشكرد بەناوی (نیران صدیقة) لەو درامایەدا ‏باسی ئەو 18 پاكیزەیەی كوردی دەكرد كە گوایە لەلایەن موخابەراتی عیراقییەوە فرۆشراون. ئەم درامایە دیسان میدیای ‏كوردستانی سەرقاڵكردو باسەكە دیسان گەرمبۆوەو ئەنجومەنی وەزیران لە 7/8/2013 بەنووسراوی 7705 فەرمانی ‏پێكهێنانی لیژنەیەك دەدات‌و لەلای خۆیشیەوە وەزارەتی كاروباری شەهیدان‌و ئەنفالكراوان دوو لیژنە پێکدەهێنێت  یەكێك بۆ بەدواداچوون ‏لەناوخۆی كوردستان‌و ئەوی دیكەش لەمیسر. ‏
لێکۆڵینەوە لە بەڵگەنامەکەی موخابەرات کرایە دەستپێک
لەبەدواداچوونی ئەم پرسەدا یەكەم شت کە كاری لەسەركرا ئەو بەڵگەنامەیەبوو كە ماوەیەكی درێژە لەمیدیاكانی كوردستاندا ‏بڵاوبۆتەوەو قسەی لەسەر دەكرێت، بەڵگەنامەكە مێژووی 10/12/1989 ی لەسەرەو گوایە لەلایەن موخابەراتی ‏عیراقییەوە دەركراوە.‏

بەپێی زانیارییەكان لیژنەكەی وەزارەت سەرەداوی ئەم نووسراوەیان دەستدەكەوێت‌و دەردەكەوێت ئەم نووسراوەی لەسەرەوە باسكراوە لە‏دوای راپەڕین لەلایەن كەسێكەوە بەناوی «ئ.ئ» كە جاسوسی دووسەرە بووە بۆ پێشمەرگەو بەعس ئەم نووسراوەی ‏فرۆشتۆتە دەزگا هەواڵگرییەکانی کوردستان لەبەرامبەر 90 هەزار دیناری چاپی عیراقی ئەو سەردەمە.‏

راپۆرتی رۆژنامەنووسەکە
دوای هەوڵی زۆر، لیژنەكە لەژێر چاودێرییەكی ورددا ئەو ئومیدە لەشاری كەركوك دەبینن، بەڵام دوای بەدواداچوون‌و ‏لێكۆڵینەوە لەقسەكانی ناوبراوو چۆنیێتی دەستكەوتنی بەڵگەنامەكە دەركەوت ئەم بەڵگەیە ساختەیە، بەپێی راپۆرتێكی وەزارەتی ‏شەهیدان قسەكانی ناوبراو بۆ لیژنەكە كردبووی بێسەروبەرو یەكنەگربوون‌و هیچ بنەمایەكی نەبووە.‏

یەكێكی دیكە لەو سەرچاوانەی لیژنەی لێكۆڵینەوەکە بەكاریهینا بۆ گەیشتن بەڕاستییەکان، راپۆرتی ‏رۆژنامەوانیی رۆژنامەنووسێك بوو بەناوی (ف. ع) ئەم رۆژنامەنوسە لەکەنەڵێکی ئاسمانیی کوردستان كاریكردووەو لە‏ڕاپۆرتێكیدا لەئایاری 2006 بڵاویكردۆتەوە، گوایە دووان لەو کچانەی  كچانەی بینیوە لەیەكێك لەیانە شاوانەکانی قاهیرە ‏سەمایان كردووە!‏
بەوتەی ئەو رۆژنامەنووسە لە14ی  ئایاری 2006 دووان لەو كچە ئەنفالكراوانەی لەهۆتێل شەهرەزاد لەقاهیرە بینیووەو دوای ‏هەوڵی زۆر توانیوێتی قسە لەگەڵ یەكێكیان بكات‌و سەماكارەكە پێیوتووە من ناوی راستەقینەم رۆژگارەو لێرە ناوم ‏‏(سەحەر كوردییە)و لەساڵی 1988 كاتێك بەسەردان لەماڵی باپیرەی بووە لەنزیك كۆیە لەوێوە لەلایەن سوپای عیراق ‏لەگەڵ كەسوكارەكەی ئەنفالكراوەو دوای نزیكەی هەفتەیەك بەفڕكە بردویانن بۆ میسرو فرۆشراونەتە یانەکانی ئەو وڵاتە.‏

ئەم رۆژنامەنووسە لەوكاتە بڵاویكردۆتەوە كە ئەو لایەنی پەیوەندیداریی لەم راستییە ئاگاداركردۆتەوە كەچی وەڵامی ‏نەدراوەتەوە! بەڵام بەپێی لێكۆڵینەوەی وەزارەت كە وێنەیەكی لای كوردستانی نوێ‌ پارێزراوە بەڕوونی دەڵێت «سەرلەبەری ‏قسەكانی رۆژنامەنووسەكە بێ سەروبەرەو هیچ بنەمایەكی راستیی نییە، چ وەك زانیاریی چ وەك راستیی چوون‌و بینینی ‏كچەكان لەمیسر!»‏
لەگەڵ دەستپێكردنی دراما میسرییەكەو بەخۆكەوتنی وەزارەتی شەهیدان بۆ لێكۆڵینەوەو بەدواداچوونی جددی لەم پرسە، ‏ر. س ج کە خاوەنی كۆمپانیایەکی بازرگانییە لەڕۆژنامەیەكی هەولێر بڵاویكردەوە كە ئەو شوێنی ئەو پاكیزانە ‏لەمیسر دەزانێت‌و دەتوانێت بیانهێنێتەوە هەرێمی كوردستان، بەڵام توانای مادیی‌و بودجەی پێویستی نییە، وەزارەتیش ‏پەیوەندیی بەناوبراوەوە دەكات بۆئەوەی راستی قسەكانی بسەلمێنێت‌و هاوكارییان بكات لەدۆزینەوەی ئەم پاكیزانە. ‏

لیژنەیەكی تایبەت لەوەزارەتی شەهیدان ئەم پیاوە دەبینێت‌و ئەو كاسێتە ڤیدیۆییانەی گوایە وێنەی پاكیز ‏ئەنفالكراوەكانن دەپشكنن‌و دەردەكەوێت قسەكانی هیچ بنەمایەكی نییەو ناڕاستن! بۆ مەبەستێكی تایبەت ئەم كارەی ‏كردووە. بەپێی راپۆرت‌و كۆنوسێكی نوێنەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەمیسر كە سەرۆكایەتی لیژنەكەی وەزارەتی ‏كردووە لەمیسر، وەزارەت دەڵێت: ئەم پیاوە بۆ دەستكەوتنی هەندێ‌ پارە ئەم كارەی كردووەو ئەوانەی لەڤیدیۆكانیدا قسەیانكردووە، ‏ئەنفال نەكراون، بەڵكو كچی كورد بوون‌و شویان بەهاووڵاتیی میسر كردووە لەسەرەتای ساڵی 1990. سەرچاوەیەكی ‏باوەڕپێكراویش لەوەزارەتی شەهیدان وتی ژنەكەیان بینیوەو ئەو ئاشكرایكردووە كە بازرگانەكە پەیمانی پێدانی پارەی ‏پێداوە لەبەرامبەر خۆكردنی بەیەكێك لەپاكیزە ئەنفالكراوەكان.‏

بریکاری وەزیری ناوخۆ کەوتە مەسەلەکەوە
بەپێی راپۆرتی نوێنەری یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەمیسر كە سەرۆكایەتی لیژنەكەی ئەوێی دەكرد، ئەم بازرگانە بۆ ‏مەبەستی دەستكەوتنی پارە ئەم كارەی كردووەو ئەوانەی ئەو وتی پاكیزە ئەنفالكراوەكانن، درۆبووە.
هەوڵێكی دیكەی وەزارەتی شەهیدان پەیوەندیكردن بوو بەلایەنی رەسمیی لەمیسر، لیژنەكەی وەزارەت لەكۆتایی 2013 ‏لەڕێی هونەرمەندێكی میسریی بەناوی ئەحمەد عەبدولواریس توانیان بگەنە بریكاری وەزیری ناوخۆی میسرو بەدواداچوون ‏بۆ راستی فرۆشرانی ئەم كچانە بەمیسر، داوایەكی رەسمیی پێشكەش دەكەن، بەڵام دوای گەڕان بەئەرشیف‌و بەڵگەنامەكانی ‏ساڵەكانی 1988، 1989، 1990 وەڵامیاندانەوە كە بەهیچ شێوەیەك لەهیچ دەروازەیەكی ئاسمانیی‌و وشكانیی‌و ئاویی ‏هیچ كەسێك بەم ناوانەوە نەهاتوونەتە ناو میسرەوە.‏

بەمادەی 284ی یاسای سزادان دەستگیردەکرێن
لەكۆتییدا یەكێك لەئەندامانی لیژنەی لێكۆڵینەوە لەراپۆرتی خۆیدا لە 8/7/2014 روونیكردۆتەوە دوای 11 مانگ ‏لێكۆڵینەوە دەركەوت هەموو ئەو زانیارییانەی لەبارەی ئەم پاكیزانەوە بڵاوكراوەتەوە بەدیكۆمێنتەكەی موخابەراتیشەوە ‏راست نین‌و درۆ دەرچوون.‏

دوای دەركەوتنی راستیی ساختەیی بەڵگەنامەكەی موخابەرات‌و ناڕاستیی زانیاریی‌و بەڵگەكانی ر.س.ج و ‏رۆژنامەنووسەكەی گوایە لەمەلهایەكی میسر یەكێك لەپاكیزەكانی بینیووە سەمای كردووە، وەزارەتی كاروباری شەهیدان‌و ‏ئەنفالكراوان لە24/8/2014 بەنووسراوی ژمارە 3217 بەڕەسمیی داوای لەداوكاری گشتیی كردووە ئەو كەسانەی ‏ساختەییان كردووە، بدرێنە دادگا، لەبەرامبەردا سەرۆكایەتی داواكاری گشتیی بەنووسراوی ژمارە 1277 لە 3/9/2014 ‏سكاڵای لەسەر چوار تاوانبار بەماددەی 284 تۆماركردووە، ناوەكانیش بریتین لە (ر. س ج)( ئ . ئ. ح)( ‏ف ع)، (ع ك م) بەپێی مادەی 284 لەیاسای سزادانی عیراقی تایبەتە بەپێدان‌و هەڵبەستنی زانیاریی درۆ لەكاتێكدا كەسەكە ‏بزانێت زانیارییەكانی درۆن و هەڵیبەستوون.‏

 

PUKmedia له‌ كوردستانی نوێ-ه‌وه‌

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket