riklam

ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی عه‌بادی و مه‌كته‌بی سیاسی

kurdistani 05:40 PM - 2014-09-19
 یه‌كێتی پێنچ خاڵی خسته‌ به‌رده‌م عه‌بادی

یه‌كێتی پێنچ خاڵی خسته‌ به‌رده‌م عه‌بادی

سه‌عات (2)ی پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ، ده‌وڵه‌تمه‌داری عیراق به‌ڕێز (حه‌یده‌ر عه‌بادی) و وه‌فدی یاوه‌ری، گه‌یشتنه‌ باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسی و له‌لایه‌ن هه‌ڤاڵان كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی، جێگری سكرتێری گشتی و مه‌لا به‌ختیار، لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی و هه‌ڤاڵانی كارگێڕو چه‌ندین هه‌ڤاڵی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی، كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شیان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ده‌وڵه‌تمه‌دار و وه‌فدی یاوه‌ری كرد.

كۆسره‌ت ره‌سوڵ، به‌خێرهاتنی كردن و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواست له‌سه‌رخستنی كابینه‌كه‌یدا. ئاماده‌یی یه‌كێتیشی ده‌ربڕی بۆ هاوكاریكردنی له‌سه‌ر بنه‌مای رێككه‌وتنه‌ سیاسییه‌كان و لێك تێگه‌یشتنه‌كان.

پاشان به‌ڕێز حه‌یده‌ر عه‌بادی، دوای خۆشحاڵی ده‌ربڕینی بۆ سه‌ردانی سلێمای و چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ جه‌نابی مام جه‌لال و هاتنیشی بۆ مه‌كته‌بی سیاسی، به‌وردی پرۆسه‌ی چۆنیه‌تی پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی و ده‌ست به‌كاربونیان و گرفته‌كان و ئه‌ركه‌كانی باسكردو وتی: ئاماده‌م بڕیاره‌ سه‌خته‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنی تێكڕای كێشه‌كان وه‌ربگرم. له‌م رێڕه‌وه‌شدا، هاته‌ سه‌ر قورسی ئه‌ركه‌كان، پێویستی هاوكاری هه‌موولایه‌ك بۆ راپه‌ڕاندنی فه‌رمانه‌كان و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، به‌تایبه‌تی جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌، كه‌ دوای سه‌رهه‌ڵدانی داعش، وڵاته‌كه‌ و به‌غدادی پایته‌ختیش مه‌ترسی داگیركردنی هه‌بوو، پایته‌خت گه‌مارۆ درابوو كه‌لێنێكی نه‌بێ رونیكرده‌وه‌، كه‌ هاوكاری هێزه‌ چه‌كداره‌كان و پێشمه‌رگه‌و رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی قاره‌مانانه‌ له‌گه‌ڵ داعشدا، به‌یارمه‌تی ئێران و ئه‌مریكا و رۆژئاواو پشتیوانه‌كان، عیراقیان له‌و دوژمنانه‌ هه‌تا راده‌یه‌كی زۆر ده‌رباز كردووه‌، به‌ڵام ته‌واوكردنی رێگاكه‌ ماویه‌تی.

باسی كۆنگره‌ی پاریس، لێدانی داعش له‌ناوچه‌كه‌ تایبه‌ت له‌سوریای كرد، هه‌روه‌ها چۆنیه‌تی هه‌ڵوێست وه‌رگرتنیشی له‌م كاته‌دا، له‌سه‌ر كۆی رووداوه‌كان، له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ خسته‌ڕوو.

لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی، وێڕای به‌خێرهاتن و هیوای سه‌ركه‌وتن بۆی، وتی: به‌داخه‌وه‌ كێشه‌ چاره‌سه‌رنه‌كراوه‌كانی كابینه‌كانی پێشوی عیراق و خۆدزینه‌وه‌ له‌جێبه‌جێكردنی بڕیارو به‌رنامه‌ هاوبه‌شه‌كان، هه‌مومانی والێكرد به‌نیگه‌رانییه‌وه‌ بڕوانینه‌ ته‌واوی په‌یوه‌ندییه‌كان و گومان له‌هه‌موو بڕیاره‌كان ده‌كرا.

 وتیشی: یه‌كێتیی، له‌هه‌شت ساڵی رابوردوودا سه‌رباری پاراستنی یه‌كڕیزی هێزه‌ كوردستانییه‌كان، زۆریش هه‌وڵیداوه‌ په‌یوه‌ندی كوردستان و شیعه‌، هه‌روه‌ها چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی سوننه‌كان، ره‌چاوی مه‌سئولانه‌ بكرێ.

له‌م رووه‌وه‌، لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی، ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌ی كرده‌ ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی ئه‌ركی ده‌وڵه‌تمه‌داری عیراق، هه‌تا به‌كرده‌وه‌، هه‌روه‌كو به‌ڕێزیان له‌سه‌ره‌تای قسه‌كانیاندا فه‌رمویان، بڕیاره‌ سه‌خته‌كان به‌كرده‌وه‌ بدات و جێبه‌جێ بكات، ئه‌و خاڵانه‌ش ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ بوون..


1-چاره‌سكردنی بودجه‌ی هه‌رێم، به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌مه‌ودوا بودجه‌و مووچه‌ ببه‌سترێته‌وه‌ به‌كێشه‌ سیاسییه‌كان.
2-چیكه‌ كات بۆ جێبه‌جێكردنی ماده‌ی (140) به‌فیڕۆ نه‌درێ، چونكه‌ ماده‌كه‌ ده‌ستورییه‌و بناغه‌ی گێڕانه‌وه‌ی متمانه‌شه‌ له‌نێوان هه‌رێم و به‌غداد.
3-یاسای نه‌وت و گاز، به‌شێوه‌یه‌ك چاره‌سه‌ر بكرێ، كه‌ ده‌سته‌به‌ری مافی ئابوری كوردستان له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ بكرێ.
4-هێزی پێشمه‌رگه‌، وه‌كو به‌شێكی سیسته‌می به‌رگری عیراق، چه‌كدار بكرێ. به‌تایبه‌تی پێشمه‌رگه‌، دوای داڕوخانی به‌شی زۆری سوپای عیراق، سه‌لماندی چ هێزێكی پارێزه‌رو جه‌نگاوه‌ره‌.
5-هاوبه‌شی راسته‌قینه‌ له‌حوكم و حكومه‌تدا، بكرێته‌ بناغه‌ی گێڕانه‌وه‌ی متمانه‌ی سیاسی نێوان هه‌رێم و به‌غداد و لابردنی كۆسپه‌كانیش.
له‌درێژه‌ی قسه‌كاندا، لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی، وتی: له‌م سێ مانگه‌ی دانراوه‌، هه‌تا بزانرێ حكومه‌تی عه‌بادی چۆن چۆنی هه‌نگاوی راسته‌قینه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و به‌دیهێنانی داخوازییه‌كان، ده‌نێ.. سێ مانگی گرنگن بۆ متمانه‌ی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غداد.

له‌كۆتاییشدا وتیشی: یه‌كێتیی، دوای پێكهێنانی حكومه‌تی ئێستای عیراق، به‌سه‌نگێكی زیاتره‌وه‌، نوێنه‌ری سیاسی خۆی له‌به‌غدا دیاری ده‌كات و به‌ئه‌زموون وه‌رگرتنیش له‌ته‌واوی كێشه‌و گرفت و هه‌ڵه‌كان، كه‌ له‌هه‌شت ساڵی رابوردوودا، كراوون، له‌مه‌ودوا یه‌كێتیی، سیاسه‌تی به‌رپرسیارێتی كوردستانی و نیشتمانیی قۆناغه‌ نوێكه‌، ده‌كاته‌ بناغه‌ی سیاسه‌ت و بڕیاره‌كانی. چونكه‌ له‌سه‌ر ئاستی عیراق و كوردستان و ناوچه‌كه‌ش، ده‌رس و په‌ندی زۆرمان وه‌رگرتووه‌.


PUKmedia راگه‌یاندنی مه‌كته‌بی سیاسی

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket