riklam

راگەیەنراوی یەكێتی لەسەر گەمارۆدانی كۆبانی

kurdistani 12:41 AM - 2014-09-19
.

.

راگەیاندنی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسەر گەمارۆدانی كۆبانی لەراگەیەنراوێكیدا رایدەگەیەنێ چەند رۆژێكە شاری كۆبانی كەوتۆتە بەر هێرشێكی فراوانی داعشەكان‌و بەهەموو چەكێكی قورس، ناوشارەكە بۆردومان دەكەن‌و زیانی زۆریان لەخەڵك‌و شارەكە داوە، شەهیدو بریندارێكی زۆریش دراون، تەنانەت چاوەڕێی كارەساتی مرۆیش لەو شارەدا دەكرێ‌، ئەمە لەكاتێكدا روو دەدات ئەمریكا‌و رۆژئاوا بڕیاریانداوە لەهەموو شوێنێك هێرش بكەنە سەر داعش، راشیدەگەیەنێ یەكێتی داوا دەكات ئەنجومەنی ئاسایش‌و ئەمریكا‌و وڵاتانی رۆژئاوا بەهانای شاری كۆبانییەوە بچن ‌و خەڵكەكە لەو جانەوەرانەی داعش رزگار بكەن.

راگەیەندراوێكی راگەیاندنی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی
لەسەر گەمارۆدانی كۆبانی
جەماوەری گەلەكەمان!
وڵاتانی پشتیوانی كوردستان!
ئەی هێزە كوردستانی‌و عیراقییەكان!

چەند رۆژێكە، شاری كۆبانی كەوتۆتە بەر هێرشێكی فراوانی داعشەكان‌و بەهەموو چەكێكی قورس، ناوشارەكە بۆردومان دەكەن‌و زیانی زۆریان لەخەڵك‌و شارەكە داوە، شەهیدو بریندارێكی زۆریش دراون، تەنانەت چاوەڕێی كارەساتی مرۆیش لەو شارەدا دەكرێ‌.

ئەم هێرش‌و شەڕە، لەكاتێكدا روو دەدات، خۆشبەختانە ئەمریكا‌و رۆژئاوا، بڕیاریانداوە لەهەموو شوێنێك هێرش بكەنە سەر داعش، كۆبانی، شارێكی رۆژئاوای كوردستانەو ئاشكرا، لەبەرچاوی هەموو دەوڵەتان‌و ناوچەكە، لەسەر دەستی داعشەكان قەتڵوعام دەكرێین.

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، داوا دەكات ئەنجومەنی ئاسایش‌و ئەمریكا‌و وڵاتانی رۆژئاوا، بەهانای شاری كۆبانییەوە بچن‌و خەڵكەكە لەو جانەوەرانەی داعش رزگار بكەن. بەپەلەش كۆمەك بەخەڵكەكە بگەیەنن.

هەروەها داوا لەحكومەتی عیراق، كۆماری ئیسلامی ئێران‌و توركیاش دەكەین، هەرچییەكیان پێدەكرێ‌، هاوكاری ئەو قارەمانانە بكەن كە بەرگری لەشاری كۆبانی دەكەن‌و بۆ یارمەتیدانی خەڵكەكەش، بڕیاری مرۆیی بەپەلە بدەن‌و بگەیەنن.

حكومەتی كوردستانیش، ئەگەرچی هێزی پێشمەرگە لەشەڕێكی فراواندایە دژی داعش، بەڵام بەهەر رێگەیەك دەگونجێ‌‌و دەكرێ‌، پێویستە هیممەتی كوردستانی بۆ ئەو شارە كوردستانییە بكرێ‌، چونكە، هەموولایەك دەزانین شۆڕشگێڕانی رۆژئاوا، چ رۆڵێكی جوامێرانەیان لەكاتی كارەساتی شەنگالدا، بینی.
سڵاوتان لێبێ‌.. خەڵكە خۆڕاگرەكەی كۆبانی.
سڵاوتان لێبێ‌.. پارێزەرانی خەڵكی كۆبانی.
سڵاوتان لێبێ‌.. شەهیدانی كۆبانی.

 راگەیاندنی
 مەكتەبی سیاسی (ی.ن.ك)
 2014/9/18

PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket