riklam

چه‌ندین شوێنه‌واری سلێمانی نوێ ده‌كرێنه‌وه‌

kurdistani 01:08 PM - 2014-09-18
پارێزگاری سلێمانی ژماره‌یه‌ك له‌ شوێنه‌واره‌كان به‌سه‌رده‌كاته‌وه‌

پارێزگاری سلێمانی ژماره‌یه‌ك له‌ شوێنه‌واره‌كان به‌سه‌رده‌كاته‌وه‌

به‌هرۆز محه‌مه‌د ساڵح پارێزگاری سلێمانی به‌ یاوه‌ری به‌ڕێوه‌به‌ری شوێنه‌واری سلێمانی و ژماره‌یه‌ك له‌ دۆستانی كه‌له‌پورو مێژووی سلێمانی ژماره‌یه‌ك له‌ پڕۆژه‌ی نوێ كردنه‌وه‌ خانووه‌ كه‌له‌پوری و مێژووییه‌كانی سلێمانی به‌سه‌ركرده‌وه‌.

له‌ به‌سه‌ركردنه‌وه‌كه‌دا پارێزگار له‌ نزیكه‌وه‌ له‌ ئاستی پێشكه‌وتن و چۆنێتی به‌رێوه‌چوونی  كاری پرۆژه‌كانی  نوێ كردنه‌وه‌ی   شوێنه‌واره‌كانی سلێمانی پرسیه‌وه‌و ده‌ستخۆشی له‌ ستافی جێبه‌جێكارو سه‌رپه‌رشتیاری پڕۆژه‌كان كرد له‌به‌رامبه‌ر درێژه‌پێدانی كاری نوێ كردنه‌وه‌كان و گه‌یاندنی پرۆژه‌كان به‌ ئاستێكی باش.

له‌به‌سه‌ركردنه‌وه‌كه‌دا پارێزگار هه‌ریه‌ك له‌ پڕۆژه‌ی نوێ كردنه‌وه‌ی ئۆتیل فه‌ره‌ح و بینای سه‌راو ماڵی شێخ مه‌حمودو ماڵی سۆفی كه‌ریم و ماڵی ره‌وفی سه‌راف و بینای یه‌كه‌م نه‌خۆشخانه‌ی سلێمانی و  ماڵی عه‌لی مام شێخه‌ی به‌سه‌ركرده‌وه‌.

هۆتێل (فه‌ره‌ح)/ كۆنترین هۆتێلی سلێمانی ئه‌ژمارده‌كرێت و مێژووی دروستكردنی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی 1920 و ده‌كه‌وێته‌ نزیك شه‌قامی مه‌وله‌وی سلێمانی و بۆ نوێ كردنه‌وه‌كه‌ی له‌سه‌ر بودجه‌ی پارێزگا به‌بڕی ملیارێك و 800 ملیۆن دیناری بۆ ته‌رخانكراوه‌و له‌ ئێستاشدا نزیكه‌ی له‌ 70%ی كاره‌كانی ته‌واو بووه‌و بڕیاره‌ له‌ چه‌ند مانگی داهاتوودا كاره‌كانی ته‌واو بكرێت و دوای نوێ كردنه‌وه‌ی هۆتێله‌كه‌و ناوچه‌كه‌ی ده‌وروبه‌ری ده‌كرێت  به‌ بازارێكی كه‌له‌پوری بۆكرین و فرۆشتنی بابه‌ته‌ كه‌له‌پورییه‌كان.

ماڵی شێخ مه‌حمودی نه‌مر/ ئه‌ویش یه‌كێكه‌ له‌ پڕۆژه‌ شوێنه‌وارییه‌ گرنگه‌كانی شاری سلێمانی و مێژووی بیناكه‌ ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست و ئه‌و بینایه‌ وه‌ك به‌شێك له‌ یادگارییه‌كانی مێژووی سیاسی سلێمانی سه‌یرده‌كرێت، چونكه‌ ماڵی یه‌كه‌مین مه‌لیكی كوردستان بووه‌و پڕۆژه‌ی نوێ كردنه‌وه‌ی یه‌ك ملیارو 500 ملیۆن دیناری له‌سه‌ر بودجه‌ی پارێزگا بۆ ته‌رخانكراوه‌و له‌ كاره‌كانی نوێ كردنه‌وه‌ی بیناكه‌ش له‌ ته‌واوبوون نزیك بۆته‌وه‌و بڕیاره‌ دوای ته‌واوبوونی وه‌ك مۆزه‌خانه‌یه‌ك تایبه‌ت به‌ ژیان و خه‌باتی شێخ مه‌حمود سودی لێ وه‌ربگیرێت.

ماڵی سۆفی كه‌ریم/ یه‌كێك له‌ بینا كه‌له‌پوری و مێژووییه‌كانی سلێمانی و مێژووی دروستكردنی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی 1890 بیناكه‌ له‌ئێستادا به‌بڕی 447 ملیۆن دینار كاری نوێ كردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌كرێت نزیكه‌ی 60%ی كاره‌كانی ته‌واو بووه‌.

ماڵی ره‌وف سه‌راف/ بینایه‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ گه‌ڕه‌كی سابونكه‌رانی سلێمانی و مێژووی دروستكردنی ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ ساڵی 1932، كاره‌كانی نوێ كردنه‌وه‌ی ئه‌و بینایه‌ش له‌ كۆتای نزیك بووه‌ته‌وه‌و بڕیاره‌ وه‌ك هۆتێلێكی كه‌له‌پوری له‌لایه‌ن به‌رێوه‌به‌رایه‌تی شوێنه‌واری سلێمانییه‌وه‌ سودی لێ وه‌ربگیرێت.

ماڵی ره‌شید عوسمان چاوه‌یش/ یه‌كێكه‌ له‌بینا كۆنه‌كانی سلێمانی و له‌ساڵی 1885 له‌سه‌ر روبه‌ری هه‌زار مه‌تر دووجا له‌سه‌ر ده‌ستی وه‌ستای كوردو فارس وتورك بونیادنراوه‌،پاشان بیناكه‌ له‌كاتی هاتنی ئینگلیزه‌كان بۆ سلێمانی كراوه‌ به‌ نه‌خۆشخانه‌و به‌ یه‌كه‌م نه‌خۆشخانه‌ی سلێمانی داده‌نرێت، بیناكه‌ له‌ئێستادا له‌سه‌ربودجه‌ی پارێزگا به‌نزیكه‌ی 700 ملیۆن دینار نوێ ده‌كرێته‌وه‌و كاری نوێ كردنه‌وه‌كه‌ش به‌ره‌و پێشچوونی باشی به‌خۆیه‌وه‌ دیووه‌و بڕیاره‌ به‌هاری ئاینده‌ سه‌رجه‌م كاره‌كانی  ته‌واو بكرێت.


ماڵی عه‌لی مام شێخه‌/ یه‌كێكه‌ له‌بینا كۆنه‌كانی سلێمانی ساڵی 1920 بونیادنراوه‌و له‌سه‌ر بودجه‌ی پارێزگا به‌بڕی 500 ملیۆن دینار له‌لایه‌ن شوێنه‌واری سلێمانییه‌وه‌ نوێ ده‌كرێته‌وه‌.

جگه‌له‌ نوێ كردنه‌وه‌ی ئه‌م بینایانه‌ كه‌ به‌ به‌ بڕی سێ ملیارو 600 ملیۆن دینار له‌سه‌ر بودجه‌ی پارێزگای سلێمانی له‌ نوێ كردنه‌وه‌دان، نزیكه‌ی 17 بینای كه‌له‌پورو مێژووی تری سلێمانی له‌ هاووڵاتیان كڕدراونه‌ته‌وه‌و كراون به‌ناوی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی شوێنه‌واری سلێمانی به‌ بڕی زیاترله‌ 10 ملیار دینار.

سه‌رجه‌م بیناكانیش كراون به‌ناوی شوێنه‌واری سلێمانییه‌وه‌و ئه‌و به‌رێوه‌به‌رایه‌تییه‌ش به‌شێوه‌ی جێبه‌جێكردنی راسته‌وخۆ پرۆژه‌ی نوێ كردنه‌وه‌یان بۆ ئه‌نجامده‌دات و بڕیاره‌ ساڵانه‌ نوێ كردنه‌وه‌ی به‌شێك له‌و بینایانه‌ له‌ پلانی پرۆژه‌كانی پارێزگای سلێمانیدا دابنرێت و بودجه‌ی بۆ ته‌رخان بكرێت.


PUKmedia تایبه‌ت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket