riklam

ئه‌ڵمانیا..بارودۆخی ژنانی ژێرده‌ستی داعش تاووتوێده‌كرێت

kurdistani 04:44 PM - 2014-09-17
گروپی ئافره‌تانی كوردستان له‌ئه‌ڵمانیا بارودۆخی ژنانی ژێرده‌ستی داعش تاووتوێده‌كه‌ن

گروپی ئافره‌تانی كوردستان له‌ئه‌ڵمانیا بارودۆخی ژنانی ژێرده‌ستی داعش تاووتوێده‌كه‌ن

له‌سه‌ر بانگهێشتی ره‌سمی رێكخراوی Konrad Adenauer Stiftung ی ئه‌ڵمانی، له‌ رێگه‌ی رێكخراوی تواناسازی ئافره‌تانی كوردستان گروپێك له‌ ئافره‌تانی كوردستان كه‌ پێكهاتبوون له‌ سۆزان عارف سه‌رۆكی رێكخراوی تواناسازی ئافره‌تان و رێكخه‌ری وه‌فده‌كه‌، ئێڤار ئیبراهیم ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان، جیهان سندی راوێژكار له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، كۆسار كه‌ریم ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی باڵای كاروباری خانمان، فلۆرین گۆرگیس به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی له‌ ئه‌نجومه‌ن، تاڤگه‌ عومه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی له‌ ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ، ڤیان سلێمان سه‌رۆكی یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان سه‌ردانی وڵاتی ئه‌ڵمانیایان كرد، به‌ مه‌به‌ستی به‌جیهانی ناساندی تاوانی ره‌شه‌كوژی و ده‌ستدرێژیكردن و به‌كۆیله‌كردنی ژنانی ئێزیدی و كریستیان و پێكهاته‌كانی تر له‌لایه‌ن گروپی تیرۆرستی داعشه‌وه‌ له‌ موسڵ و نه‌ینه‌وا.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانی دۆسلدۆرف، كه‌یسی ئه‌م ئافره‌تانه‌ خرایه‌ به‌رباس و لێكۆڵینه‌وه‌و له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیای فیدراڵدا ئه‌م پرسه‌ تاووتوێكراو لایه‌نی ئه‌ڵمانیش زۆر به‌گه‌رمی پێشوازیان له‌م بابه‌ته‌ كرد، وه‌ك یه‌كێك له‌ بابه‌ته‌ سه‌ره‌كییه‌كانی به‌رنامه‌ی كاری كۆبوونه‌وه‌كانیان.

هه‌ر له‌میانی ئه‌م سه‌ردانه‌دا ئافره‌تانی كوردستان له‌گه‌ڵ گروپی په‌رله‌مانتاری چاودێری عه‌ره‌بی كۆبوونه‌وه‌و پرسی ئافره‌تانی ئێزیدی و مه‌سحییه‌كانیان پێڕاگه‌یاندن، ئه‌وانیش هاوده‌نگ بوون له‌سه‌ر ئیدانه‌كردنی ئه‌م تاوانانه‌و به‌ڵێنیاندا به‌ ره‌سمی كاری له‌سه‌ر بكه‌ن، دواتر له‌ رێگه‌ی په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیاوه‌ یاداشتنامه‌یه‌كیان ئاڕاسته‌ی ئه‌نجیلا مێركلی راوێژكاری ئه‌ڵمانیا كردو داوایان لێكرد هه‌وڵی جددی بدات بۆ رزگاركردنی ژنانی رفێندراو له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌.

له‌ درێژه‌ی ئه‌و سه‌ردانه‌دا گروپی ئافره‌تانی كوردستان، له‌گه‌ڵ به‌رپرسی كه‌یسی عیراق له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا كۆبوونه‌وه‌و به‌وردی باسی بارودۆخی ئاواره‌كانی شه‌نگال و به‌تایبه‌تیش پرسی ئافره‌ته‌ رفێندراوه‌كانیان كردو ئه‌وانیش رایانگه‌یاند كه‌ لیژنه‌یه‌كی فریاگوزاری مافی مرۆڤیان ئاماده‌كردووه‌ بۆ به‌دواداچوونی ئه‌م پرسه‌ گرنگه‌ تا له‌ كوردستان له‌سه‌ر ئه‌م كه‌یسه‌ كاربكه‌ن و زانیاری و داتاو دیكۆمێنت له‌سه‌ر ئه‌م تاوانانه‌ی داعش كۆبكه‌نه‌وه‌.

PUKmedia  دلێر ئیبراهیم – هه‌ولێر

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket