riklam

كێشەتان چییە لەگەڵ كورد؟

kurdistani 12:55 PM - 2014-09-02
شایەتیی عەرەبێك بۆ كورد ‌

شایەتیی عەرەبێك بۆ كورد ‌

كێشەتان چییە لەگەڵ كورد؟ شایەتیی عەرەبێك بۆ كورد ‌

ئەوانەی(1700) كەسی گەنج‌و بێ‌ چەكیان لەو ئەفسەرو سەربازانەی كە لەسەربازگەی سپایكر هەڵاتبوون‌و یان مابوونەوە كوشت، عەرەب بوون، ئەوانەی (700) زیندانیان لەزیندانی بادۆش كوشت دیسان عەرەب بوون، ئیتر كێشەتان چیە لەگەڵ كورد؟
ئەوانەی نوێژ خوێنەكانیان لەمزگەوتی موسعەب بن عومەیر كوشت لەئیمام وەیس چ لەداعش‌و چ لەمیلیشیاكان دیسان عەرەب بوون، ئیتر كێشەتان چییە لەگەڵ كورد؟
هەموو ئەو سەركردە سەربازیی‌و ئەمنیانەی كە لەموسڵ‌و سەربازگەی سپایكەرو بەنداوی موسڵ‌و زیندانی بادۆشیان ڕادەستی داعش كرد عەرەب بوون، ئیتر كێشەتان چییە لەگەڵ كورد؟
ئەوانەی پێشوازییان لەو سەركردە سەربازیی‌و ئەمنیانە كردو فەرشی سووریان بۆ ڕاخستن‌و هیچ لێپرسینەوەیەكیان لەگەڵ نەكردن لەسەر تاوانی هەڵهاتنیان عەرەب بوون، ئیتر كێشەتان چییە لەگەڵ كورد؟
ئەوانەی دەستبەجێ‌ سەركردەو فەرماندەكانی پێشمەرگەو بەرپرسە حزبیەكانی شنگالیان لەكارخست‌و لێپرسینەوە‌و لێپێچینەوەیان لەگەڵداكران بەرامبەر بەوەی فەرمانی پاشەكشەیان بەهێزەكانیان دابوو بەرەنگاری داعش نەبنەوە ڕادەستی دادگاكران، ئەوانە كورد بوون نەك عەرەب، ئیتر كێشەتان چییە لەگەڵ كورد؟
ئەوانەی چوونە كەركوكەوە لەسەر داخوازی حكومەتێك سەرۆكەكەی عەرەب بوو بۆ ئەوەی بیپارێزن لەدەستی داعش كورد بوون، ئیتر كێشەتان چییە لەگەڵ كورد؟
ئەوانەی پەنای زیاتر لەیەك ملیۆن ئاوارەو كۆچبەریان داوە لەوناوچانەی كە داعش دەستیان بەسەردا گرتووە قەسابخانەی خوێناوییان تێدا ئەنجام داوە كوردن، ئیتر كێشەتان چییە لەگەڵ كورد؟
ئەوانەی ڕۆژانە ئۆتۆمبیل‌و ماتۆرسكیل‌و بۆمب دەتەقێننەوە‌و بەچەكی بێدەنگ‌و دەنگدار خەڵك دەكوژن لەبەغدا‌و هەمووشارەكانی تری عیراق بۆ ساڵی دوازدەهەم لەسەریەك ئەوانە هەموو عەرەبن، ئیتر كێشەتان چییە لەگەڵ كورد؟
ئاوڕێك بدەینەوە لە مێژوو؟
ئەوانەی ئاگری شەڕیان لەگەڵ ئێران هەڵگیرساند‌و هەروەها سنوری دەوڵەتی كوێتیان بەزاندو داگیریان كرد شەڕێكی خوێناوی سەختیان بەرپاكرد تەڕو وشكیان پێكەوە سووتاند‌و لەنێوان ئەو دوو جەنگەدا قەسابخانەكانی ئەنفال‌و گۆڕە بەكۆمەڵەكانیان لەبیابەنەكاندا دژ بەكورد ئەنجامداو دواتریش گۆڕی بەكۆمەڵیان بۆ عەرەبی شیعە هەڵكەند، ئەوانەش دیسان عەرەب بوون، ئیتر كێشەتان چییە لەگەڵ كورد؟
هەموو ڕۆژێكی سەربەزو بۆنەیەكی نیشتمانی و نەتەوەییتان، كورد ڕۆڵێكی تێیدا هەیە، ئیتر كێشەتان چیە لەگەڵ كورد؟
ئەوانەی رۆژگارێكی درێژ لەسەردەمی ڕژێمی دكتاتۆریدا باوەشیان بۆ تێكۆشەرەكانتان كردەوە شوێن‌و جێگەو ئاسایشیان بۆ دابینكردن نانەكەیان لەگەڵدا بەشكردن هەندێك لەسەركردەو حزبەكانیشیان ئامادەكرد بۆئەوەی ئێستە حوكمڕانی وڵات بن‌و دەست بەهەموو جومگەكانی دەسەڵاتەوە بگرن بەسامان‌و داهاتەكەیشیەوە، ئەوانە كورد بوون، ئیتر كێشەتان چییە لەگەڵ كورد؟
ئیتر ئەگەر بەهەر هۆیەك لەهۆیەكان، كێشەیەك یان گرێیەكتان هەیە لەگەڵ مەسعود بەرزانی یان جەلال تاڵەبانی یان فوئاد مەعسوم یان نێچیرڤان بەرزانی یان كۆسرەت رەسوڵ یان فازیل میرانی یان نەوشیروان مستەفا یان بەرهەم ساڵح یان هۆشیار زێباری یان ئەوانی تریش ئەوە كاری خۆتانەو خۆشیانتان ناوێت ئەوە پەیوەندی بەخۆتانەوە هەیە، چونكە هەتا پێغەمبەرانیش هەموو خەڵكیان لەگەڵ كۆ نەبووەتەوە، بەڵام كێشەتان لەگەڵ كورد چییە وەكو گەل‌و نەتەوە كەوا هەموو جیهانی میدیاو تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانتان بارگاوی‌و دەرزیئاژن كردوە بەڕق‌و كینەوە بوغزو دوژمنایەتی نەتەوایەتی؟ كێشەتان چییە لەگەڵ كورد جگە لەوەی ئێوە شۆفێنین؟

نووسینی: عەدنان حسێن
وەرگێڕانی: بورهان شێخ رەئوف

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket