riklam

بەهێزی كورد لەبەغدا‌و لاوازی لەكوردستان

kurdistani 01:29 PM - 2014-09-01
پارێزەر ئەحمەد فاتیح محەمەد‌

پارێزەر ئەحمەد فاتیح محەمەد‌

وەك دەزانین لەدوای رووداوەكانی موسڵ، پاشانیش پەلامارەكانی داعش بۆسەر سنووری هەرێمی كوردستان، هێزی پێشمەرگە لەقۆناغی بەرگریكردنی خاكی كوردستان دایە. یان بەمانایەكی تر كورد لەبەرەی دژ بەتیرۆردایە، بۆیە دەبینین بەشێوەیەكی زۆر چاوەرواننەكراو، زلهێزێكی وەك وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كە سەركردایەتی جەنگی دژ بەتیرۆر دەكات، راستەوخۆ پشتیوانی سەربازی‌و مرۆیی بۆ كورد دابین دەكات، هەروەها وڵاتە گەورەكانی تری رۆژئاوا وەك بەریتانیا‌و فەرەنسا‌و ئەڵمانیا‌و كۆماری چیك...تاد پشتیوانی خۆیان بۆ كورد‌و هێزی پێشمەرگە دووپاتكردۆتەوە، تەنانەت باس لەوە دەكەن پێشمەرگە بەوەكالەت لەعیراق‌و كوردستان جەنگی دژ بەتیرۆر دەكەن. لەواقعیشدا كاتێك كورد پارێزگاری لەخۆی دەكات بێگومان ئەوە راستییە كە پارێزگاری لەهاوپەیمانەكانی دەكات، لەدوای پڕۆسەی ئازادی عیراق كورد باشترین هاوپەیمانی ئەمریكا‌و وڵاتانی رۆژئاوا بووە، كورد هیچ كاتێك هەڕەشە‌و مەترسی نەبووە بۆ سەر بەرژەوەندیی دۆستەكانی، بۆیە جۆرێك لەتێگەیشتنی سیاسی هەبووە، بەڵام هەموو ئەم تێگەیشتنە لەچوارچێوەی عیراقی فیدراڵدا بووە. ئۆباماش لەچەندین بۆنەدا باسی لەپێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق كردووە وەك ئاماژەیەك كە عیراق دەوڵەتێكی فیدراڵە، كوردیش كاراكتەری سەرەكی نێو عیراق‌و ئەو هەرێمە فیدراڵەش كە تەواوی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا‌و رۆژئاوا لەجوگرافیای هەرێمی كوردستانە. ئەمڕۆ كاتێك وەفدی سیاسی كورد بۆ گفتوگۆو دانوستاندن دەچێتە بەغدا، بێگومان بەبەهێزی دەچێتە نێو دانوستانەكانەوە: لەلایەك نوری مالكی ئەو كەسایەتیە نییە كە كورد‌و سوننە‌و تەنانەت بەشێك لەشیعەكانیش دژایەتیان دەكرد، هەروەها كورد ئێستا لەجەنگی دژ بەتیرۆر سەركەوتنی گەورەی تۆماركردووە، ئەمریكا‌و ئەوروپا ئێستا پێشمەرگە پڕچەك دەكەن، لەلایەكی تریشەوە ئێستا بەشێوەیەكی زۆر تەواوی ناوچە جێناكۆكەكان لەژێر دەسەڵاتی كورددایە. هەموو ئەمانە ئاماژەیەكی تازەن بۆئەوەی كورد دەبێت بەشێوەیەكی دی بچێتە نێو گفتوگۆكانەوە، كورد نابێت گفتوگۆ لەسەر گەڕانەوەی موچەی فەرمانبەران‌و بودجەی هەرێمی كوردستان بكات، ئەمانە مافی قانونی‌و دەستوری هەرێمی كوردستانە، بەقانون رێكخراوە بڕینی موچە‌و بودجەش پێچەوانەی دەستوورە. كورد كە دەچێتە بەغدا دەبێت دەستوری عیراق‌و دیفاكتۆی سیاسی ئەمڕۆی عیراق‌و پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی كوردستان، بكاتە بنەمای دانوستانەكان. سەبارەت بەپرسی هێزی پێشمەرگە‌و پڕچەككردنی ئەم هێزەو هەروەها مەشق‌و راهێنانی سەربازی، خاڵێكی تر پرسی نەوت كە پرسێكی دەستوورییە‌و دەبێت چ حكومەتی هەرێم و چ حكومەتی ناوەند پابەندبن بەبڕگە دەستورییەكان؟، مەسەلەی خاك و سنووری هەرێمی كوردستان، تەوەرێكی گرنگ بێت چونكە ئێستا ناوچە جێناكۆكەكان لەڕووی سەربازی‌و پراكتیكی گەڕاوەتەوە، ناكرێت باس لەوەبكەین كورد جارێكی تر بگەڕێتەوە پێش 10ی حوزەیران. چونكە نە لەڕووی مەنتیق نە لەڕووی سیاسییەوە گونجاو نییە، ئێمە شەهیدمان لەو ناوچانە بەخشیوە هەروەها كورد نابێت ئەو هەڵەیە بكات، لەئەجێندای سیاسی‌و دانوستاندن ئەمە قسەی لەسەر نەكرێت. خاڵی لاوازی ئێمە ئەوەیە: ناوماڵی كوردییە كە لەڕووی سیاسییەوە شێواوە، كاركردن‌و مصداقیەت لەسەر بنەمای حكومەتی بنكە فراوان دەبێت هەستی پێبكرێت. ئێستاش وەك ئەوەی ساتەوەختی هەڵمەتی هەلبژاردنەكان بێت شكان و هێرش و پەلامار بۆسەر یەكتری بەردەوامە، بەتایبەتیش بۆسەر یەكێتی هەڵمەتێكی گەورە هەستی پێدەكرێت. بۆیە ئەم هێرش‌و تیشك خستنەسەر لایەنێكی سیاسی مەغزای تایبەتی خۆی هەیە، رەنگە بۆئەم دۆخە نەگونجێت، ئەگەرچی یەكێتی‌و پارتی رێكکەوتن‌و راگەیاندنی هاوبەشیان هەیە بۆئەوەی توندوتیژی لەڕاگەیاندنەكاندا نەمێنێت. لەسەر ئاستی بەغدا زۆر بەباشی دەتوانین داكۆكی لەداوا‌و دەسكەوتەكانمان بكەین، بەڵام دەبێت لەسەر ئاستی ناوخۆ هەست بەخوێندنەوە‌و سەنگی یەكتری بكرێت، بیر لەوە نەكرێتەوە سەركەوتنە سیاسییەكانی لایەنێك نادیدەبگیرێت.


پارێزەر ئەحمەد فاتیح محەمەد‌

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket