riklam

سوننه‌ش گره‌نتی ده‌وێت

kurdistani 01:33 PM - 2014-08-28
ته‌حسین ته‌ها چۆمانی

ته‌حسین ته‌ها چۆمانی

كه‌متر له‌ یه‌ك ده‌یه‌ ماوه‌ كه‌ سه‌ده‌یه‌ك به‌سه‌ر ده‌وڵه‌تبوونی عیراقدا تێپه‌ڕببێت، كه‌چی تاوه‌كو ئێستا پڕۆسه‌ی سیاسی له‌م وڵاته‌دا پێویستی به‌گره‌نتی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه‌، ئه‌مه‌ تا ئه‌وكاته‌ ده‌بێت به‌ شتێكی ئاسایی ببینین، كه‌ ده‌بینین دووبه‌ره‌كی سیاسیی و مه‌زبه‌هی شیعه‌و سوننه‌ له‌وپه‌ڕی دژایه‌تی و بێ رۆڵكردنی یه‌كتریدایه‌، ئه‌م بابه‌ته‌‌ په‌یوه‌ندیی به‌ڕه‌هه‌ندی مێژوویی هه‌یه‌و مه‌به‌ستی بابه‌ته‌كه‌ی ئێمه‌ نییه‌. به‌ڵكو ئه‌وه‌ی گرنگه‌ باسكردنی ئه‌و چركه‌ ساتا‌نه‌یه‌ كه‌ عیراق بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ پێیدا تێپه‌ڕ ده‌بێت.
به‌فه‌رمی راسپاردنی حه‌یدر عه‌بادی بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عیراق، وای له‌لایه‌نه‌ سه‌ره‌كیانی پڕۆسه‌ی سیاسی عیراق كرد، لیژنه‌كانیان بۆ مه‌رج ‌و داواكارییه‌ سه‌ره‌كیه‌كانیان ئاماده‌بكه‌ن، بۆ چۆنێتی به‌شداریكردنیان له‌حكومه‌ته‌كه‌ی عه‌بادی-دا.
ئه‌وه‌ی گرنگه‌و جێگه‌ی پرسیاره‌ ئه‌وه‌یه‌، چ لایه‌نی سوننی چ لایه‌نی كوردی، ئه‌گه‌رچی به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی رایاننه‌گه‌یاندووه‌، به‌ڵام پێده‌چێت هه‌ردوو لایه‌ن به‌گومانه‌وه‌ سه‌یری حكومه‌تی داهاتووی عیراق‌ و رۆڵ گێڕانی پڕۆسه‌ی سیاسی بكه‌ن، له‌ جێبه‌جێ نه‌كردنی داواكارییه‌كانیان. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ئه‌وه‌ی ئه‌مجاره‌ له‌ سه‌ره‌تای پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عیراقدا ده‌بینرێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ لایه‌نه‌كان، داوای گره‌نتی ده‌ره‌كی ‌و نێوده‌وڵه‌تی ده‌كه‌ن بۆ جێبه‌جێكردنی خواست‌ و داواكارییه‌كانییان.
لێدوانه‌كانی دوو سێ رۆژی رابردووی هۆشیار زێباری ئه‌ندامی لیژنه‌ی دانوستانكاری كورد له‌ به‌غداو هاوكات لێدوانی دوێنی ساڵح موتله‌گی سه‌رۆكی ئیئتیلافی سوننی، هه‌ردووكیان ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌ پێویسته‌ لایه‌نی ده‌ره‌كی‌ و نێوده‌وڵه‌تی ئاگاداری ئه‌م به‌شداریكردنه‌ بن ‌و گره‌نتی ئه‌وه‌ش له‌ حكومه‌ته‌كه‌ی عه‌بادی وه‌ربگرن كه‌ دیسانه‌وه‌ حكومه‌تی داهاتوو هاوشێوه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی مالكی نابێته‌ حكومه‌تێك كه‌ لایه‌نه‌ سه‌ره‌كیه‌كان نه‌توانین به‌شدارێكی سه‌ره‌كی بن تیایدا‌.
گومانی دوولایه‌نه‌ كه‌ (سوننه‌و كورد) له‌ حكومه‌تی ئاینده‌ی عیراقدا، له‌كاتێكدا زیاتر ره‌وایه‌تی بۆ خۆی په‌یدا ده‌كات، كاتێك ده‌بینین پڕۆژه‌ی نیشتمانی ‌و هه‌مه‌لایه‌نه‌ی لایه‌نه‌كان پێكه‌وه‌ نه‌چۆته‌ دۆخی به‌یه‌كه‌وه‌ كاركردن‌ و سه‌قامگیری وڵات له‌وپه‌ڕی بێهێزی خۆیدایه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ هیچ كاتێك وه‌ك ئێستا عیراق به‌وشێوه‌ راسته‌وخۆیه‌ نه‌كه‌وتۆته‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی گروپه‌ تیرۆریستیه‌كان، بۆیه‌ ره‌نگ بێت ‌لایه‌نی نێوده‌وڵه‌تی تاڕاده‌یه‌ك به‌خه‌م گومانی لایه‌نی كوردو سوننه‌وه‌بن‌ و‌ پشتگیری له‌ داواو داخوازییه‌كانیان بكه‌ن.
جگه‌ له‌ كێشه‌ی كورد، كێشه‌ی سوننه‌ له‌ چوار ساڵی رابردووی حكومه‌ته‌كه‌ی مالكیدا به‌تایبه‌ت گه‌شته‌ ئه‌وپه‌ڕی، به‌ڕاده‌یه‌ك تا ده‌هات رۆڵی سوننه‌كان له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی مالكیدا رووی له‌كزی ده‌كردو زه‌مینه‌ی كاری سیاسییان به‌رته‌سكرابۆوه‌. خۆپیشاندانی ساڵی رابردووی چه‌ند شارێكی سوننه‌ نشینی عیراق‌ و هه‌وڵی زۆری سه‌ركرده‌ سوننه‌كان بۆ له‌كارخستن‌ و لادانی مالكی له‌ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران ئاماژه‌گه‌لێكی روونن، كه‌ لایه‌نی سوننی له‌ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی مالكیدا، جگه‌ له‌ ئه‌دای په‌رله‌مانی نه‌یانتوانیوه‌ له‌ناو حكومه‌تدا ئه‌دایه‌كی ئه‌وتۆ پێشكه‌شبكه‌ن كه‌ واپیشانبده‌ن رۆڵێكی كاریگه‌ریان پێشكه‌شكردووه‌.
لێدوانه‌كانی ساڵح موتله‌گ ده‌رخه‌ری ئه‌و نیگه‌رانییه‌ن كه‌ لایه‌نی سوننی له‌ چه‌ند ساڵی رابردووی حكومه‌ته‌كه‌ی مالكی-دا بینیوویانه‌، به‌تایبه‌تیش دروستكردنی هێزی چه‌كداری جیاواز جیاوازو میلیشیا، كه‌ ئه‌مه‌ دیسان رێگر بووه‌ له‌وه‌ی سوننه‌كان بتوانن ده‌نگی خۆیان له‌ئاست تاكڕه‌وی مالكیدا به‌رزبكه‌نه‌وه‌.
موتله‌گ بۆ ئه‌مه‌ له‌ لێدوانه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: پڕۆژه‌ی نیشتمانی له‌ عیراقدا لاواز بووه‌، لاوازبوونی پڕۆژه‌ی نیشتمانیش هۆكارێكی گرنگه‌ بۆئه‌وه‌ی ئه‌و وڵاته‌ سه‌قامگیریی به‌خۆیه‌وه‌ نه‌بینێت، روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ ئاماده‌یه‌ به‌شداری له‌ حكومه‌تی نوێی عیراقدا بكات، به‌ڵام به‌مه‌رجێك هاوپه‌یمانی نیشتمانی ‌و حكومه‌تی ئه‌مریكا گره‌نتی بده‌ن له‌ باره‌ی نه‌هێشتنی دیارده‌ی میلیشیا له‌وڵاته‌دا.
دواجار نازانرێت دانیشتنی لایه‌نه‌كان، له‌مه‌ڕ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عیراق تاچه‌ند درێژه‌ ده‌كێشێت، چونكه‌ ئه‌مه‌ به‌نده‌ به‌و بارودۆخه‌ سیاسی‌ و ئه‌منیه‌ی كه‌ عیراق پێیدا ره‌تده‌بێت، هه‌روه‌ك هۆكاری دیكه‌ش مانه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و كێشانه‌یه‌ كه‌ له‌ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی مالكیدا به‌ هه‌ڵواسراوی ماونه‌ته‌وه‌.
ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ بڵێین ئه‌وه‌یه‌ ئایا عه‌بادی باردۆخی هه‌نوكه‌ی عیراق له‌به‌رچاو ده‌گرێت‌ و پێویستی پڕۆژه‌یه‌كی نیشتمانی هه‌مه‌لایه‌ن به‌هه‌ند وه‌رده‌گرێت، بۆ ئه‌وه‌ی عیراق له‌و دۆخه‌ی كه‌ تێیدایه‌ به‌ره‌و ئارامی خۆشگوزه‌رانی بچێت یان داواكاریی لایه‌نه‌كان بۆ ئه‌وه‌ رێگر ده‌بن؟
ئایا لایه‌نی نێوده‌وڵه‌تی تاچه‌ند پشتگیری له‌ دواكاواكارییه‌كانی كوردو سوننه‌ ده‌كه‌ن‌ و چاودێر ده‌بن له‌ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عیراقدا. كه‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان وه‌ك یه‌ك ‌و به‌پێی ئیستیحقاقاتی خۆیان به‌شداریان پێ بكرێت؟

ته‌حسین ته‌ها چۆمانی

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket