riklam

نوێنه‌ری یه‌كێتی له‌هۆڵه‌ندا: ئایدۆلۆژیای داعش دژی مرۆڤایه‌تییه‌

kurdistani 05:12 PM - 2014-08-20
"له‌ته‌نگانه‌ جیاوازییه‌كان به‌لاوه‌ ده‌نێین و ته‌نها بیر له‌كوردستان و خه‌ڵكه‌كه‌ی ده‌كه‌ینه‌وه‌"

"له‌ته‌نگانه‌ جیاوازییه‌كان به‌لاوه‌ ده‌نێین و ته‌نها بیر له‌كوردستان و خه‌ڵكه‌كه‌ی ده‌كه‌ینه‌وه‌"

له‌ میانی به‌شداریكردن له‌ به‌رنامه‌یه‌كی تایبه‌تی سیاسی هه‌واڵیدا بۆ كه‌ناڵی (1)ی ره‌سمی حكومه‌تی هۆڵه‌ندا كه‌ بینه‌رێكی زۆری ده‌بێت و ده‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌رێنی به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت، به‌ختیار به‌كر نوێنه‌ری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌و وڵاته‌ رایگه‌یاند: هێزی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردستان هێزێكی ره‌سمی یاسایی رێگه‌پێدراو و مه‌شقپێكراوی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌، هێزی پێشمه‌رگه‌ خاوه‌نی وره‌یه‌كی به‌رزو پۆڵایینی دوژمن ترسێنه‌ره‌و توانای روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی گروپی تیرۆرستی (داعش)ی هه‌یه‌ به‌مه‌رجێك چه‌ك و كه‌لوپه‌لی سه‌ربازی مۆدێرنی بۆ دابینبكرێت.

له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكی تردا نوێنه‌ره‌كه‌ی یه‌كێتی بۆ ئه‌و كه‌ناڵه‌ ده‌ڵێت: چه‌ته‌كانی گروپی تیرۆرستی (داعش) ده‌ستیان به‌سه‌ر به‌شێكی فراوان له‌ چه‌كه‌ قورس و كه‌لوپه‌له‌ سه‌ربازییه‌كانی عیراقدا گرتووه‌و له‌ ئێستادا شه‌ڕی كوردی پێده‌كه‌ن، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئێمه‌ ئه‌و چه‌كانه‌مان نییه‌، هه‌ربۆیه‌ داوای هاوكاری و پشتیوانیمان له‌ دۆسته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان كردووه‌، ئێمه‌ پێمانوایه‌ ئه‌م شه‌ڕه‌ ته‌نها شه‌ڕی ئێمه‌ نیه‌ وه‌كو كورد، به‌ڵكو ئه‌مه‌ شه‌ڕی گروپی تیرۆرستی (داعش)ـه‌ به‌رامبه‌ر به‌ مرۆڤایه‌تی و ئه‌زمونێكی سه‌ركه‌وتووی حكومڕانی دیموكراتخوازی ئایینده‌ به‌خش له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا.

سه‌باره‌ت به‌ ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ نوێنه‌ری یه‌كێتی وتی: ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ خه‌ون و ئاواتی هه‌موو تاكێكی كورده‌و به‌ مافێكی ره‌وای خۆمانی ده‌زانین، به‌ڵام له‌ ئێستادا بیرو هزرمان لای ئاواره‌كانه‌ به‌گشتی و له‌ خه‌می برا ئێزیدی و كریستیانه‌كانداین به‌تایبه‌تی، هه‌روه‌ها شه‌ڕكردن له‌دژی گروپی تیرۆرستی (داعش)یش له‌ ئه‌وله‌ویاتی ئه‌ركه‌ هه‌نووكه‌ییه‌كانمانه‌.

له‌ به‌شێكی تری قسه‌كانیدا به‌ختیار به‌كر نوێنه‌ری یه‌كێتی له‌ هۆڵه‌ندا ده‌ڵێت: هێزه‌ كوردییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ پارچه‌كانی تر، به‌ده‌نگ ئاواره‌كانه‌وه‌ هاتوون و ڕۆڵی ئه‌رێنیان هه‌بووه‌، به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی و ره‌سمی ئه‌ركی پاراستنی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان له‌ ئه‌ستۆی هێزی پێشمه‌رگه‌یه‌دا، هێزی پێشمه‌رگه‌ش له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ئاڕاسته‌ ده‌كرێت.

سه‌باره‌ت به‌ مه‌ترسی شه‌ڕی ناوخۆو خراپ به‌كارهێنانی چه‌كه‌ ره‌وانه‌كراوه‌كان، به‌ختیار به‌كر ڕایگه‌یاند: ئێمه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌م قۆناغه‌مان تێپه‌ڕاندووه‌، خۆشبه‌ختانه‌ ئێستا خاوه‌نی حكومه‌تی بنكه‌ فراوان و نیشتیمانین، جیاوازییه‌كانمان له‌ رێگه‌ی سندوقی ده‌نگدان یه‌كلایی ده‌كه‌ینه‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌ ته‌نگانه‌ جیاوازییه‌كان به‌لاوه‌ ده‌نێین و ته‌نها بیر له‌ كوردستان و خه‌ڵكه‌كه‌ی ده‌كه‌ینه‌وه‌.

PUKmedia تایبه‌ت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket