riklam

كه‌نه‌دا..پێشانگایه‌ك بۆ ژنه‌ كوردێكی شێوه‌كار سازده‌كرێت

kurdistani 05:24 PM - 2014-08-19
ژماره‌یه‌ك تابلۆی ره‌نگینی زه‌یتی به‌قه‌باره‌ی جیاوازو كه‌لوپه‌لی ده‌ستكردی كورده‌واری نمایشكرد

ژماره‌یه‌ك تابلۆی ره‌نگینی زه‌یتی به‌قه‌باره‌ی جیاوازو كه‌لوپه‌لی ده‌ستكردی كورده‌واری نمایشكرد

له‌ شاری تورنتۆ به‌ ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك كوردانی هونه‌ردۆست و میوانانی بیانی، رۆژی 17-8-2014 پێشانگای تایبه‌تی هونه‌رمه‌ندی شێوه‌كار حاجی خانم به‌ڕێوه‌چوو.

له‌و پێشانگایه‌دا هونه‌رمه‌ند ژماره‌یه‌ك تابلۆی ره‌نگینی زه‌یتی به‌ قه‌باره‌ی جیاوازو كه‌لوپه‌لی ده‌ستكردی كورده‌واری نمایشكرد.

 هونه‌رمه‌ند حاجی خانم ساڵانێكی زۆره‌ له‌ ‌وڵاتی هۆڵه‌ندا ژیان به‌سه‌رده‌بات و توانیوێتی سوود له‌ جوانی سروشت و كاری هونه‌رمه‌ندانی ئه‌و وڵاته‌ وه‌ربگرێت، بۆیه‌ تێكه‌ڵكردنێك له‌ نێوان فۆلكلۆری كوردی و هونه‌ری مۆدێرنی ئه‌وروپی له‌ تابلۆكانیدا ده‌بینرێت.

سه‌باره‌ت به‌ دروستبوونی خولیای وێنه‌كێشان، هونه‌رمه‌ند حاجی خانم به‌ PUKmedia ی راگه‌یاند: هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌ خولیای نه‌خش و نیگارو فه‌رش چنین و به‌رگدرون بووم، به‌ڵام بارودۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی كوردستان بوارم بۆ نه‌ڕه‌خسا ته‌نانه‌ت بچمه‌ به‌ر خوێندنیش، له‌ ته‌مه‌نی 65 ساڵیدا ده‌ستم به‌ كاری شێوه‌كاری كردووه‌، بێگومان ژیانی ته‌نیایی تاراوگه‌و جوانی باخ و گه‌له‌ری ئه‌و وڵاته‌ هه‌میشه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر هزرو خه‌یاڵی مندا بووه‌، به‌رده‌وام سه‌ردانی شوێنه‌ گشتییه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ ده‌كه‌م، زۆریش خولیای گوڵ و گوڵزاری باخچه‌ گشتییه‌كانم.

هونه‌رمه‌ند حاجی خانم جگه‌ له‌ كاری شێوه‌كاری به‌رهه‌می ده‌ستیشی هه‌یه‌، ناوه‌ڕۆكی كاره‌ هونه‌رییه‌كانی ئاماژه‌ن بۆ زیندووكردنه‌وه‌ی ئه‌و داستان و چیرۆك و به‌رهه‌مه‌ ده‌ستییانه‌ی كه‌ به‌ره‌و نه‌مان ده‌چن، هونه‌رمه‌ند تائێستا شه‌ش پێشانگای تایبه‌ت و به‌شداری 20 پێشانگای هاوبه‌ش و پرۆژه‌ی هونه‌ری كردووه‌.

چرۆ زه‌ند كورته‌باسێكی ده‌رباره‌ی ژیان و چالاكییه‌كانی حاجی خانم بۆ ئاماده‌بووان خسته‌ڕوو: هونه‌رمه‌ند خانم محه‌مه‌د ئه‌مین ساڵی 1939 له‌ شاری سلێمانی له‌دایكبووه‌، هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌ خولیای نه‌خش و نیگار بووه‌، به‌ڵام باری كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌رفه‌تی نه‌داوه‌، له‌ ساڵی 1994 ـه‌وه‌ نیشته‌جێی وڵاتی هۆڵه‌ندایه‌، له‌وێش خۆی فێری خوێندن كردووه‌و له‌ ماوه‌ی ژیانی له‌ هوڵه‌ندا به‌شداری چالاكی رێكخراوه‌كانی ژنان و سه‌رپه‌رشتی چالاكی هونه‌ری منداڵانی كردووه‌، له‌ فیلمێكی دۆكیومێنتاری له‌سه‌ر ژیان و چالاكییه‌كانی هونه‌رمه‌ند نازناوی خانمی ره‌نگه‌كانی پێبه‌خشراوه‌، له‌ چه‌ندین رۆژنامه‌و ماڵپه‌رو ته‌له‌فزیۆنی هۆڵه‌ندا باسی چالاكییه‌كانی كراوه‌، حاجی خانم له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی چووه‌ته‌ ناو ته‌مه‌نه‌وه‌ پێیوایه‌ "توانای مرۆڤ له‌ داهێنان و نوێبوونه‌وه‌دا بێ كۆتایه‌".

له‌ كۆتاییدا ئاماده‌بووان به‌ چه‌پكه‌گوڵ ده‌ستخۆشیان له‌ كارو چالاكییه‌كانی هونه‌رمه‌ند حاجی خانم كردو هیوای سه‌ركه‌وتنیان بۆ خواست.

PUKmedia  عوسمان عه‌لی . كه‌نه‌دا

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket