riklam

PUKmedia ده‌قی پرۆژه‌ بڕیاری به‌جینۆساید ناساندنی كۆمه‌ڵكوژی شه‌نگال بڵاوده‌كاته‌وه‌

kurdistani 12:51 PM - 2014-08-18
كورده‌ ئاواره‌ ئێزیدییه‌كان به‌ كامێرای جه‌مال پێنجوێنی

كورده‌ ئاواره‌ ئێزیدییه‌كان به‌ كامێرای جه‌مال پێنجوێنی

فراكسیۆنی سه‌وز له‌په‌رله‌مانی كوردستان یاداشتێكیان ئاڕاسته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كارانه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ كورده‌ ئێزیدییه‌كان كراوه‌ وه‌ك جینۆساید بناسێنرن.
له‌وباره‌یه‌وه‌ ته‌لار له‌تیف ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ PUKmedia وتی: ئێمه‌ به‌ كارێكی نیشتمانی خۆمان هه‌ستاوین، ئه‌و پرۆژه‌یه‌ به‌مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ زووترین كات ئه‌و كارانه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ كورده‌ ئێزیدیه‌كان كراوه‌ وه‌ك جینۆساید بناسێنرێن، چونكه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ كورده‌ ئێزیدیه‌كان كوژراون، له‌ هه‌مانكاتیشدا چه‌ندین كچی ئێزیدی له‌لایه‌ن تیرۆرستانی داعشه‌وه‌ رفێندراون، ژماره‌یكی زۆریش ئاواره‌ بوون.

ته‌لار له‌تیف وتیشی: وه‌ك په‌رله‌مانتارێك داواكارم كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و په‌رله‌مان به‌تایبه‌ت، هه‌ڵوێستیكی جدیان هه‌بێت به‌ ده‌ركردنی بڕیارێك بۆ ئ وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ته‌رخه‌م بوون له‌ پۆسته‌ سه‌ربازییه‌كانیاندا، سزای بدرێن.
ده‌قی پرۆژه‌ یاساكه‌:


 "پرۆژە بڕیاری بەفەرمی ناسینی جینۆسایدی (شەنگال)و دەوربەری"
یەکەم: ئەو تاوانانەی دەرھەق بەخەڵکی سڤیلی گەلەکەمان لە کوردانی ئێزیدی ئەنجامدراون لە شەنگال و دەوروبەری لەلایەن گروپی تێرۆریستی (داعش) دەوڵەتی بەناو ئیسلامی لەعیراق و شام تاوانی (جینۆساید)ەو مەبەست لێی لەناوبردنی جەستەیی و بیۆلۆژیی و کەلتووریی و ئابووریی کوردانی ئێزیدی بووە.
دووەم: سەرجەم قوربانیانی جینۆسایدی شەنگال و دەوروبەری بەشەھید دادەنرێن بەپێی بڕگە (ب، ج) لە خاڵی (٥) و خاڵی (٦) لە مادەی یەکەمی یاسای ماف و ئیمتیازاتی شەھیدان و قوربانیانی جینۆساید ژمارە(٩) ی ساڵی ٢٠٠٧ و مامەڵەیان بۆ دەکرێت.
سێیەم : کەسوکاری شەھیدو قوربانیانی جینۆسایدی شەنگال و دەوروبەری سودمەند دەبن لە سەرجەم ئەو ماف و ئیمتیازاتانەی لە یاسای ماف و ئیمتیازاتی شەھیدان و قوربانیانی جینۆسایدا ھاتووە.
چوارەم: رۆژی ٣/٨ ی ھەموو ساڵێک دیاریدەکرێت بەرۆژی جینۆسایدی شەنگال و دەوروبەری و کۆمەڵکوژیی خەڵکی سڤیلی کوردانی ئێزیدی و یادی قوربانیەکان دەکرێتەوە.
پێنجەم: لەسەر حکومەتی ھەرێمی کوردستان پێویستە ھەموو رێوشوێنە دەستوریی و یاساییەکان بگرێتە بەر بۆ جوڵاندنی ئەم بابەتە لای کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی بەتایبەتیش لای نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە جیھانیەکانی تر بەتایبەت یەکێتی ئەوروپاو پەرلەمانی ئەوروپی و جامیعەی عەرەبی و یەکێتی پەرلەمانەکانی جیھان و کۆنگرەی ئیسلامی و تواناکانی بەگەر بخات تاوەکو ئەم لایەنانە کەناوەندی بڕیاری نێودەوڵەتین بەفەرمی تاوانی کۆمەڵکوژیی خەڵکی مەدەنی لەکوردانی ئێزیدی دەناسێنن وەک تاوانی جینۆساید.
شەشەم: داوا بکرێت ئەنجومەنی نیشتمانی عیراق و حکومەتی ئیتحادی عیراق بەفەرمی کۆمەڵکوژیی و جینۆسایدی شەنگال و دەوروبەری بچەسپێنن و لەناوەندە نێودەوڵەتیەکان کار بۆ ناساندنی بکەن. بەتایبەتی لەنەتەوە یەگرتوەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی تری وەک یەکێتی ئەوروپاو پەرلەمانی ئەوروپی و یەکێتی پەرلەماناتی جیھان و کۆمکاریی عەرەبی و کۆنگرەی ئیسلامی جیھانی.
حەوتەم: لەسەر حکومەتی ھەرێمی کوردستان پێویستە سەرجەم رێوشوێنە گونجاوەکان پێویست بگرێتەبەر لەگەڕان بەدوای چارەنووسی ونوبوان و کار بکات بۆ دۆزینەوەو ھێنانەوەی ونبووان و ھێنانەوەی ئەو ژن و مێرد مناڵانەی دوای جیاکردنەوە براون و گەڕاندنەوەیان بۆ زێدی خۆیان.
ھەشتەم: بەدیکۆمێنتکردنی جینۆسایدی شەنگال و دەوروبەری لە رێگەی کۆکردنەوەی بەڵگەو وێنەو کەرەستە جیاجیاکانی تاوانەکە.
نۆیەم: پێویستە وەزارەتی شەھیدان و کاروباری ئەنفالکراوان رێنمایی پێویست بۆ ئاسانکاریی جێبەجێکردنی حوکمەکانی ئەم بڕیارە دەربچوێنێ.
دەیەم: دەبێ ئەنجومەنی وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەکان حوکمەکانی ئەم بڕیارە جێبەجێ بکەن.
یازدیەم : ئەم بڕیارە لە رۆژی دەرچونیەوە کاری پێدەکرێ و لە رۆژنامەی فەرمی (وەقایعی کوردستان) بڵاو دەکرێتەوە.
ھۆکارە پێویستەکان
لەبەر ئەوەی ئەو تاوانانەی دەرھەق بەکوردانی ئێزیدی لە شەنگال و دەوروبەری لە کوشتن و بە زۆر ئاوارەکردن و تۆقاندن و لێدان و بردن و لەناوبردن ئەنجامدراون. لەلایەن گروپی تیرۆریستی (داعش) بەھەزاران کەس ئاوارە بوون و سەدان کەس شەھیدکراون. ئەمانە تاوانی کۆمەڵکوژیی و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگن کەلە خانەی تاوانی ھەرە مەترسیدارن بەپێی پەیماننامەو رێکەوتننامە نێودەوڵەتیەکان و کاریگەریان لەسەر ئاشتی جیھانی و ئاسایشی مرۆڤایەتی ھەیە. بۆیە بەم بڕیارە تاوانی شەنگال بەجینۆساید ناسێنرا.

PUKmedia    هۆزان رۆسته‌م

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket