riklam

كڕیاری نەوتەكەی هەرێم پاشگەز بویەوە

kurdistani 04:29 PM - 2014-08-01
ئه‌و كۆمپانیایه‌ پێشتر دوو كه‌شتی نه‌وتی هه‌رێمی كڕیوه‌

ئه‌و كۆمپانیایه‌ پێشتر دوو كه‌شتی نه‌وتی هه‌رێمی كڕیوه‌

كۆمپانیایەكی كڕیاری نەوتی هەرێمی كوردستان لەكڕینی نەوتی هەرێم پاشگەزبویەوەو ئاماژە بەوەشدەكات كە تائێستا دوو كەشتی نەوتی هەرێمی كڕیوە.

كۆمپانیای لۆندلبازل بۆ ماددە كیمیاییەكان كە خاوەنەكەی لیۆنارد بلاڤاتنیكی ئۆكرانیە رایگەیاند وازی لەكڕینی نەوتی هەرێمی كوردستان هێناوە، ئەویش دوای كڕینی دوو كەشتی نەوتی هەرێم.

كۆمپانیای  لۆندلبازل لە راگەیەنراوێكیدا كە ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویكردوەتەوە  رایگەیاندوە وازی لەكڕینی نەوتی هەرێم هێناوە، هەروەها تائێستاش ئەوەش رون نەبوەتەوە كە ئەو كۆمپانیایە بڕێك لەو نەوتە دەكڕێت كە كەشتی یونایتد كالاڤرتڤا باریكردوەو بڕەكەی ملیۆنێك بەرمیلەو لەكەناراوەكانی تەكساسە، بەڵام ئەو كەشتیەش بەهۆی بوونی كێشەی یاسای لەنێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەندی لەلایەن ئەمریكاوە دەستی بەسەرداگیراوە.

بەیاننامەكە لۆندلبازل كە یەكەم كاردانەوەیەتی لەسەر كڕینی نەوتی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی راستەوخۆ ئاماژەی بەهەرێمی كوردستان نەداوەو راشیگەیاندوە كە ئەو نەوتە خاوە لەئێستادا كێشەی لەسەرە، بۆیە بڕیاریانداوە لەواز لەكڕینی نەوتی هەرێم بهێنن و رەزامەندی لەسەر كڕینی هیچ كەشتیەكی تر نەدەن تاكێشەكان لەسەر فرۆشتنی نەوتەكە بەشێوەیەكی گونجاو چارەسەر دەكرێت.

ئەمە لەكاتێكدایە بڕیارە ئەمڕۆ پێنجەمین كەشتی نەوتی هەرێم كە بڕی ملیۆنێك بەرمیل نەوتی باركردوە بەندەری جیهانی توركیا بەجێبهێڵێت.

لەماوەی چەند رۆژی رابردودا كەشتیەك كە نەوتی هەرێمی باركردبوو، دوای ئەوەی گەیشتە كەناراوەكانی ویلایەتی تەكساسی ئەمریكا، لەلایەن حكومەتی عیراقەوە لەدادگای ئەو ویلایەتە سكاڵا لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان تۆماركرا بەفرۆشتنی نەوت و لەلایەن ئەمریكاوە دەستی بەسەرداگیرا.
 
دواتریش ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتیەكانی حكومەتی هەرێم رایگەیاند: پارێزەرەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان نامەیەكیان ناردووە بۆ دادگاكە لە تەكساس بۆ روونكردنەوەی چەواشەكارییەكانی حكومەتی فیدراڵی عیراق. حكومەتی فیدراڵی عیراق سكاڵایەكی بۆ دادگایەكی تەكساس بەرزكردووەتەوە بۆ دەركردنی فەرمانێك بۆ دەستبەسەراگرتنی ئەو نەوتە خاوەی كە بەشێوەیەكی یاسایی بەرهەمهێنراوە و هەناردەكراوە و فرۆشراوە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بەپێی دەستوور و یاساكانی عیراق، نامەكە ئاماژە دەدات بە ئەگەری تۆماركردنی چەندین داوای یاسایی دژی حكومەتی فیدراڵی.

وتیشی: حكومەتی فیدراڵی عیراق لە دادگاكانی دەرەوەو دادگای باڵای عیراقدا هەوڵ دەدات ئەوە بەدەست بهێنێت كە لەلایەن دەستووری عیراقیەوە نكوڵی لێكراوە بۆ حكومەتی فیدراڵی.

حكومەتی فیدراڵی ناتوانێت بیباتەوە، چونكە نەوتی خاومان بەشێوەیەكی یاسایی بەرهەمهێنراوە و باركراوە و هەناردەكراوە و فرۆشراوە بە پێی مافەكانی هەرێمی كوردستان هەروەك لە دەستووری عیراقیدا هاتووە.

وەزیری سامانە سروشتیەكانی هەرێم ئەوەشی خستوەتەڕوو: داواكانمان بۆ قەرەبووە نەدراوەكان كە پێویستە بدرێن، بەپێی دەستوور و یاساكانی عیراق، ئامادەدەبن لەبەردەم هەر دادگایەكی دەرەكیدا كە لەوێ حكومەتی فیدراڵی دەیەوێت هێرشمان بكاتە سەر.

PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket