riklam

كرستیانه‌كانی فه‌ره‌نسا سه‌ردانی كه‌ركوك ده‌كه‌ن

kurdistani 05:55 PM - 2014-07-31
خواستی مه‌سیحیه‌كانی عیراق ده‌گه‌یه‌نینه‌ جیهان

خواستی مه‌سیحیه‌كانی عیراق ده‌گه‌یه‌نینه‌ جیهان

ئه‌مڕۆ 2014/7/31 وه‌فدێكی باڵای كرستیانه‌كانی فه‌ره‌نسا بۆ به‌دواداچوونی داخوازی مه‌سیحیه‌ ئاواره‌بووه‌كانی موسڵ و دۆخی مه‌سیحیه‌كانی كه‌ركوك گه‌یشتنه‌ شاری كه‌ركوك و وه‌فده‌كه‌ له‌كڵێسای سه‌ره‌كی شاره‌كه‌ له‌لایه‌ن لێپرسراوانی ئه‌نجومه‌ن و ئیداره‌ی كه‌ركوك و مه‌تران و قه‌شه‌كانی كه‌ركوك پێشوازی كران.

له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كدا فیلیپ بارباران سه‌رۆكی ئه‌ساقیفه‌ی شاری لیۆن-ی فه‌ره‌نسا كه‌سه‌رۆكایه‌تی وه‌فده‌كه‌ی ده‌كرد وته‌یه‌كی پێشكه‌شكرد، له‌وته‌كه‌یه‌دا بارباران ئاماژه‌یكرد بۆ ئامانجی سه‌ردانی وه‌فده‌كه‌یان بۆ عیراق.

وتیشی: له‌مه‌وبه‌ر چاویان به‌مه‌سیحیه‌كانی موسڵ كه‌وتووه‌ له‌ناوچه‌ رزگاركراوه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی موسڵ و له‌كێشه‌ی خێزانه‌ ئاواره‌ مه‌سیحیه‌كانی موسڵیان كۆڵیوه‌ته‌وه‌.

راشیگه‌یاند: ئه‌وه‌ی به‌دیمان كردووه‌ سه‌رباری ئاواره‌بوونی خێزانه‌ مه‌سیحیه‌كان له‌موسڵ و به‌تاڵانبردنی ماڵ و حاڵیان، ئه‌و خێزانه‌ ئاوارانه‌ به‌سه‌ربه‌رزیه‌وه‌ له‌لایه‌ن كه‌سوكاریان له‌ناوچه‌كانی تر جێكراونه‌ته‌وه‌.

وتیشی: ئه‌گه‌رچی مه‌سیحیه‌كان ئاواره‌بوون و ماڵ و موڵكیان به‌تاڵانبراوه‌ كه‌چی ئیمانیان له‌ده‌ست نه‌داوه‌.

راشیگه‌یاند: ئێمه‌ ئه‌و بڕوانامه‌یه‌ی مه‌سیحیه‌كانی موسڵ ده‌گه‌یه‌نینه‌ جیهان و نوێژ ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی مه‌سیحیه‌كان به‌مافه‌كانیان شادببنه‌وه‌.

سه‌رۆكی ئه‌ساقیفه‌ی كلدان له‌شاری لیۆن-ی فه‌ره‌نسا وتیشی: هاتنمان بۆ كه‌ركوك بۆ ده‌ربڕینی هاوپشتی كڵێسا و هه‌موو تاكێكی مه‌سیحیه‌ فه‌ره‌نسایه‌ بۆ مه‌سیحیه‌كانی عیراق.

دوابه‌دوای مه‌راسیمه‌كه‌ له‌وته‌یه‌كیدا بۆ كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن سه‌رۆكی وه‌فدی كڵێساكانی فه‌ره‌نسا رایگه‌یاند: خواستی مه‌سیحیه‌كانی عیراق ده‌گه‌یه‌نینه‌ جیهان و كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌مه‌سیحیه‌كانی عیراق به‌مافه‌كانیان شادببنه‌وه‌.

له‌باره‌ی گرنگی سه‌ردانی وه‌فده‌كه‌وه‌ بۆ كه‌ركوك عیماد یۆحنا ئه‌ندامی پێشووی په‌رله‌مانی عیراق پێی راگه‌یاندین سه‌ردانی وه‌فدی كریستیانه‌كانی فه‌ره‌نسا بۆ كه‌ركوك پاڵپشتیه‌كی مه‌عنه‌ویه‌ بۆ مه‌سیحیه‌كانی عیراق.

وتیشی: ئێمه‌ هیوادارین كه‌ وڵاتانی تری ئه‌وروپا به‌هه‌مان شێوه‌ پاڵپشتی خۆیان بۆ داخوازیه‌كانی مه‌سیحیه‌كانی عیراق ده‌رببرن و به‌فریای خێزانه‌ مه‌سیحیه‌ ئاواره‌بووه‌كانه‌وه‌ بێن.

وتیشی: ئێمه‌ داواكارین كه‌حكومه‌تی نوێی عیراق به‌زوویی پێكبێت و ئه‌م دۆخه‌ی هه‌یه‌ نه‌مێنێت و چه‌كدارانی داعش و گروپه‌ تیرۆریستیه‌كانی تر له‌موسڵ نه‌هێڵدرێن و مه‌سیحیه‌ ئاواره‌بوه‌كانی موسڵ بۆ زێدی خۆیان بگه‌رێنه‌وه‌.

جێی ئاماژه‌یه‌ سه‌ردانی ئه‌م وه‌فده‌ دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌له‌ماوه‌ی رابردوو وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا ئاماده‌یی ده‌ربڕیوه‌ كه‌مافی په‌نابه‌ری بداته‌ ئه‌و خێزانه‌ مه‌سیحیه‌كانه‌ی به‌هۆی ئاڵۆزیه‌كانی عیراقه‌وه‌ ئاواره‌بوون.

PUKmedia عومه‌ر غه‌ریب- كه‌ركوك

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket