riklam

دەوڵەتە ئیسلامیەکان و بە کۆمەڵکوشتنی کورد

kurdistani 11:24 AM - 2014-07-24
نووسینی/ توران گورپنار

نووسینی/ توران گورپنار

جوگرافیای خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، ئایین و فەلسەفەو بیروباوەڕی زۆری بە شارستانیەتیەکانی جیهان بەخشیوە، بەتایبەتیش هەموو ئایینە ئاسمانیەکان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەوە سەریان هەڵداوە.

 ئایینی ئیسلام کە دوایین ئایینی ئاسمانیە، بێجگە لە ئیسڕائیل لەهەموو ووڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا پەیڕەو دەکرێ، ئە ووڵاتانە، بێجگە لە ووڵاتانی فارس و تورك ئەوانی تر هەموویان ووڵاتی عەرەبین. موسوڵمانیەتی ئەو دەوڵەتانەو ئەو جوگڕافیایە هیچ کاتێک نەیتوانیوە ڕێگر بێ لە نائارامی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەڵکو تەواو بە پێچەوانەوە ئەو نائارامیە بەهۆی شەڕو ململانێ مەزهەبیەکانەوە زیاتر بوە. ئەو جوگڕافیایە هیچ کاتێک بێ کێشە نەبوەو ئەو کێشانە لە سەدەی بیست و یەکەمیشدا هەر بەردەوامە.

لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا غەدرلێکردن و کۆمەڵکووژی زۆر ڕوویداوە، بەڵام ئەو نەتەوەیەی کە زیاتر دووچاری غەدرو کۆمەڵکووژی بوە نەتەوەی کوردە. هەرچەندە کە نەتەوەی کورد یەکێکە لە کۆنترین نەتەوەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام مافی کورد لەلایەن دەوڵەتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەوە نکووڵی لێکراوەو کۆمەڵکووژیان بەرامبەر کراوە.
 هەندێک دەوڵەت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ئەو کۆمەڵکووژیەیان ئەنجام داوە هەندێکی تریش پشتگیریان لەو تاوانانە کردوە. لە سەدەکانی پێشوودا دەوڵەتی عوسمانی و سەفەوی لەسەدەی بیستیشدا دەوڵەتیئێران و عێڕاق و تورکیاو سوریا چەندین جار کۆمەڵکووژیان دەرحەق بە کورد کردوە.کۆمەڵکووژیەکانی کە لە دەرسیم و کۆچگیری و مهابادو هەڵەبجە و قامیشلی دا کراوون هەر هەموویان لەلایەن دەوڵەتانی ئیسلامیەوە ئەنجام دراوون.

سەرەڕای ئەوەی کە کوردەکان موسوڵمانن، بەڵام کۆمەڵگای ئیسلامی بەرامبەر بەو کۆمەڵکووژیانە بێدەنگ بوونو زۆرجار پشتگیریشیان لەو کردارانە کردوە، تەنانەت کوردە ئیسلامیە رادیکاڵەکانیش بێدەنگیان هەڵبژاردوەلەبەرامبەر ئەوەدا هەمیشە بەردەوامبوون لە تاوانبار کردنی کوردەکان.
لە کۆمەڵکووژیەکەی هەڵەبجەدا هەموو دەوڵەتە ئیسلامیەکان پشگیریان لە سەددام کرد. تورکیاش ئەو کۆمەڵکووژیەی کە لە دەرسیم کردی بە بەرچاوی نەتەوەی ئیسلامیەوە بوو. دوایین کۆمەڵکووژی کە تورکیا بەرامبەر بە کورد کردی کۆمەڵکووژیەکەی ڕۆبۆسکی بوو کە لەلایەن هیچ کۆمەڵگایەکی ئیسلامیەوە ئیدانە نەکرا. بەڵام لە بەرامبەر ئەوەدا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هەر هێڕشێک کرابێتە سەر دەوڵەتێکی ئیسلامی، کوردەکان دژی وەستاوون و لایەنی دەوڵەتە ئیسلامیەکانیان گرتوە.لە کاتی شەڕی جیهانی یەکەمدا کە دژوارترین کاتی تورکیا بوو، کوردەکان بە باشترین شێوە پشتگیری تورکیایان کرد. ئەو پشتگیرییەی کە کوردەکان بۆ تورکیا کردیان، لەلایەن تورکیاوە بە کۆمەڵکووژی دەرسیم و زیلان و ئاگری و ژمارەیەک لە کۆمەڵکووژی تر و بە لە سێدارەدانی شێخ سەعیدو شێخ ڕەزا وەڵامیان درایەوە. کوردەکانی عێڕاقیش خزمەتی زۆری دەوڵەتی عێڕاقیان کرد بەڵام بە کۆمەڵکووژی هەڵەبجە پاداشتیان درایەوە.
دەوڵەتی ئێرانیش لە کوشتنی کورد درێغی نەکردوەو قازی موحەممەدو سمکۆی لە ناو برد. سوریاش بۆ کورد وەکو دۆزەخ وابوو. بەڵام لە بەرەی کوردەکاندا بارودۆخ جیاواز بوو. کوردەکان سەرەڕای کێشەکانی خۆیان، فرمێسکیان بۆ فەلەستینیەکان دەڕشت، ژمارەیەکی زۆری کورد بۆ پشتگیری کردن لە فەلەستین، دژی ئیسرائیل شەڕیان دەکردو ژمارەیەکیش بەشداریان لە ڕێکخراوە فەلەستینیەکاندا کرد. بەڵام کە سەددام هەڵەبجەی کیمیاباران کرد یەکەم ڕوونکردنەوەی پشتگیری لەلایەن یاسر عەرەفات- ی سەرۆکی فەلەستینیەوە پێگەیشت.

کە بڕوانینە مێژووی کورد دەبینین کە ئەو کۆمەڵکووژیانەی بەرامبەریان کراوە لەلایەن دەوڵەتە ئیسلامیەکان و بە شاهیدی موسوڵمانەکان کراوە. هەر کاتێک کوردەکان داوای مافە زەوتکراوەکانی خۆیان کردبێ حیسابی ناپاکییان بۆ کردوون. ئەم حاڵەتە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا لەلایەن دیموکڕات و سەکولاریست و ئیسلامیەکانەوە بەهەمان شێوە سەیری کراوە.

نووسینی/ توران گورپنار
سەرچاوە/  ڕۆژنامەی ڕادیکاڵ- ی تورکی
و/  عەبدوڵڵا بابەکر

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket