riklam

لەشاخە سەختەکانەوە بۆ کۆشکی کۆماری! ‌

kurdistani 12:59 PM - 2014-07-22
دڵسۆز حه‌مه‌‌

دڵسۆز حه‌مه‌‌

کەم‌و دەگمەنن ئەو کەسایەتییە مێژووییانەی لەژیانی کۆمەڵگه‌یەکدا هەڵدەکەون، کەسانێک کە تەواوی وزەو ژیان‌و تەمەنی خۆیان دەبەخشنە ئامانجێکی گەورە، ئامانجی گشتی‌و مێژوویی، بەو جۆرەش کاریگەریی قووڵ‌و ریشەیی لەسەر ژیان‌و مێژوویی کۆمەڵگه‌یەک بەجێدەهێڵن، چارەنووسی نەتەوەیەک، کۆمەڵگه‌یەک، یان تەنانەت جیهانیش دەگۆڕن، سەرۆک تاڵەبانی یەکێکە لەو حاڵەتە میژوویانە، یەکێکە لەو فیگەرە بەهێزانەی مێژووی ئێمە.

ماندێێلاو فانوون‌و مارتن لوثەرو تاڵەبانی لەو فیگەرانەن کە یەکجار مێژوو بەرهەمیاندەهێنێت‌و هەرگیز دووبارە نابنەوە، هەر بۆیە ئەمانە دەبنە جێگه‌ی متمانەی مەعنەوی کۆمەڵگه‌، سەرمایەی رەمزی نەتەوەیەک، سیمبوڵی مێژوویی‌و فیگەری رۆحی کە بەدرێژایی تەمەنی نەتەوە ئەمانیش دەژین‌و دەمێننەوە.

سەرۆک تاڵەبانی لەژیاندا بێت یان نا، نەخۆش بێت یان تەندروست، دوور بێت یان نزیک، لەڕێزی پێشەوی رابەرایەتیدا بێت یان دوور کەوێتەوە لەژیانی سیاسی ئەمانە هیچ لەو پێگە مەعنەوی‌و مێژوویی‌و رەمزیەی ئەو ناگۆڕێت کە لەسایکۆلۆژیای گشتی ئینسانی کورد-دا بەگشتی بەرهەمی هێناوە.

بەدرێژایی٦٠ ساڵی سەخت‌و درێژ تاڵەبانی لەقووڵایی سەنتەری ململانێ‌و تێکۆشان‌و سەنگەری  بەرەنگاربوونەوەی سەختی ئینسانی کورد بووە لەگەڵ دڵڕەقترین دوژمنەکان‌و  خوێناویترین جەنگ‌و شۆڕشدا، ئەو بەجۆرێک تێکەڵی یادەوەریی گشتی‌و  ماناکردنەوەی شۆڕش‌و بەرەنگاریی‌و خەباتی ئینسانی کورد بووه‌ بەدرێژایی  نیو سەدەی رابردوو، ئەگەر هێزو هاوکێشەو پێدراوەکان گۆڕابن، ئەگەر قۆناغەکانی خەبات‌و شۆڕش، شێوازەکانی تێکۆشان‌و ئامرازەکانی بەرەنگاربوونەوە گۆڕابن، ئەگەر چارەنووسیش ئینسانی کوردی هەڵدابێتە ناو قورسترین‌و ئاڵۆزترین جوگرافیای سیاسی‌و تۆپۆگرافیاوە، بەڵام تاڵەبانی سەرکردەو حەکیمی  پیادەکردنی  شۆڕش بووە لەباریکەڕێ‌و تونێلی رۆژە زۆر رەشەکاندا، بۆیە لەئاستی کوردستان‌و ئاستی  عیراقیش سەرۆک‌و کارێزماو سەرکردەی بێڕکابەرە.  

لەغیابی تاڵەبانیدا یەکێتی دووچاری قەیرانی ناوخۆیی هات، لەغیابی تاڵەبانیدا  تەرازوی هێز لەکوردستاندا نا هاوسەنگ بوو، لەغیابی تاڵەبانیدا پەیوەندیی بەغداو هەولێر لەگیانەڵلادا بوو، ئەم قەیرانەش له‌لایه‌ن هه‌ندێکه‌وه‌ بۆ بەرژەوەندی سیاسی وەبەریدهێنراو بەغداش نانی خەڵکی دەبڕی، لەغیابی تاڵەبانیدا پێکهاتە جیاوازەکان کەڵبەکانیان دەرکەوت، شارەکان لەیەکتر ترازان‌و خوێنێکی زۆر رژاو برینەکان تاده‌هات  قووڵتر دەبوونەوە.

تاڵەبانی وەکو گونجاوترین سەرکردە بۆ کۆکردنەوەو ئیحتواکردنی ئاڵۆزییە  سیاسییەکانی عیراق، بەغیابی خۆی پڕۆسەی سیاسی لەعیراقدا بەتەواوی پەک خستبوو، ئەمە نیگەرانی نییە  بۆ لێکترازانی عیراق (کە من زۆر خوازیاری لێکترازانیم) ئەوەندەی نیگەرانییە بۆ چۆنێتی ئەو لێکترازانە کە بەشێكی بەشمشێری تیرۆریستان‌و بەشەکەی دی بەدیفاکتۆیەکی مەترسیدار لێکترازاوە، دۆخێک کە  رەنگە مەترسی شەڕو تراژیدیای زیاتری لێ چاوەڕوان دەکرێت!

تاڵەبانی لەبنکەو بارەگاو سەنگەرو بن بەردو کونە تەیارەو ئەشکەوتەکانی کوردستانەوە شەرعییەتی سەرۆکایەتی عیراقی وەرگرت‌و گەیشتە کۆشکی کۆماری  دەوڵەتێک کە بەدرێژایی مێژووی دروستبوونی سەرکردەو کارێزماو فیگەرێکی هەڵکەوتووی وەکو تاڵەبانی بەلووتکەی دەسەڵاتی خۆیەوە نەدیوە!!

دڵسۆز حه‌مه‌‌

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket