riklam

لەبارەی مافی چارەنوس و پرسی سەربەخۆییەوە

kurdistani 01:19 PM - 2014-07-05
.

.

ئەمڕۆ هەلومەرج و قۆناغێكی نوێ لەسەر ئاستی عیراق و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و دونیا، بۆ نەتەوەی كورد و گەلی كوردستان هاتۆتە ئاراوە. ئەم قۆناغە نوێیە، وادەخوازێت، گەلی كوردستان خۆی بڕیار لە مافی چارەنووسی خۆی بدات و ئێستا و ئایندەی دیاری بكات، هەر بۆیە پێویستە سەركردایەتی سیاسی كورد یەكهەڵوێست و خاوەن یەك گوتاری سیاسی و ستراتیجی و یەكگرتوو بن و هەل و دەرفەتی زێڕین لەدەست نەدەن، مێژووش رەحم بەكەس ناكات.

(سەربەخۆیی كوردستان)یش مافێكی رەوا و یاسایی و سروشتییە چ بەپێی یاسا ئاسمانی و نێودەوڵەتییەكان، چ بەپێی ئەو فەلسە و شەریعانەی ئەمڕۆ لە دونیادا حوكمڕانیان پێ دەكرێت. هەر كەس و لایەن و دەوڵەتێك دژی مافی نەتەوەكان بوەستێتەوە، شتێكی ئاشكرا و بەڵگەنەویستە كە پێچەوانەی بیروباوەڕ و فەلسەفەی حوكمڕانی خۆی و دەسەڵاتەكەشی كاردەكات.

كام دەوڵەت هەیە باسی مافەكانی مرۆڤ، ئازادیی بیروڕا، پشتیوانیكردنی نەتەوە و گەلانی چەوساوە و ژێردەست نەكات؟ بەڵام كە دێتە سەر مافی چارەی خۆنووسینی نەتەوەی كورد و سەربەخۆیی كوردستان، نەك كوێر و كەڕ دەبن، بەڵكو دژی ئەم مافە رەوا و یاسایی و دروست و سروشتییەی ئەم نەتەوەیە بەبیانووی جیاجیا دەوەستنەوە.

بەئاشكرا و بەبێ دوودڵی و سڵەمینەوە رایدەگەیەنین: مافی چارەنووس و سەربەخۆیی نەتەوە و گەلی كوردستان، تەنیا (گەل) كە سەرچاوەی دەسەڵاتە، بڕیاری لێ دەدات. ئەو كاتەش، لەپێناو جێبەجێكردن و سەرخستنی ئەو بڕیارە پیرۆزە و بەئەنجامگەیاندنیدا، هەموو نرخێك ئەدەین و پابەند ئەبین بە بڕیار و ویستی گەلەوە.

حاكم قادر حەمەجان
ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی ی.ن.ك


ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket