riklam

ئه‌نكه‌ره‌.. وه‌فده‌ باڵاكه‌ی ی.ن.ك له‌گه‌ڵ به‌ده‌په‌ كۆده‌بێته‌وه‌

kurdistani 06:38 PM - 2013-02-15
كۆبوونه‌وه‌ی نێوان هه‌ردوو وه‌فدی ی.ن.ك و به‌ده‌په‌

كۆبوونه‌وه‌ی نێوان هه‌ردوو وه‌فدی ی.ن.ك و به‌ده‌په‌

له‌ دیدارێكی نێوان وه‌فده‌ باڵاكه‌ی ی.ن.ك و وه‌فدێكی به‌ده‌په‌، جه‌ختكرایه‌وه‌ له‌سه‌ر پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ده‌وڵه‌تی توركیاو به‌ هه‌نگاوێكی باش وه‌سفكرا بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌چاره‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌ بۆ دۆزی كورد له‌و وڵاته‌.
ئه‌مڕۆ 15-2، وه‌فده‌ باڵاكه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتی و مه‌لا به‌ختیار لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی و د.نه‌جمه‌ددین كه‌ریم ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و خه‌سره‌و گوڵ محه‌مه‌د ئه‌ندامی سه‌ركرایه‌تی و به‌هرۆز گه‌ڵاڵی نوێنه‌ری یه‌كێتیی له‌ ئه‌نكه‌ره‌، له‌گه‌ڵ وه‌فدێكی پارتی ئاشتی و دیموكراسی "به‌ده‌په‌" به‌سه‌رۆكایه‌تی سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش هاوسه‌رۆكی به‌ده‌په‌ كۆبوونه‌وه‌.
له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا كه‌ له‌ ئه‌نكه‌ره‌ی پایته‌ختی توركیا به‌ڕێوه‌چوو، هه‌ریه‌ك له‌ ئه‌حمه‌د تورك هاوسه‌رۆكی پارتی كۆنگره‌ی دیموكراتی و بێریڤان بولدان جێگری سه‌رۆكی فراكسیۆنی به‌ده‌په‌ له‌ په‌رله‌مانی توركیا و سری ساكیك په‌رله‌مانتاری شاری مووش و له‌یلا زانا په‌رله‌مانتاری سه‌ربه‌خۆی پارێزگای ئامه‌د تیایدا ئاماده‌بوون.
دوابه‌دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ش، هه‌ریه‌ك له‌ كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی و سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش لێدوانیان بۆ كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن دا.
له‌وباره‌یه‌وه‌ هاوسه‌رۆكی به‌ده‌په‌ خۆشخاڵی خۆی به‌ گه‌شه‌پێدان و پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ده‌وڵه‌تی توركیا ده‌ربڕی و رایگه‌یاند: پته‌وكردنی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ كاریگه‌ری پۆزه‌تیفی له‌سه‌ر توركیا ده‌بێت له‌پێناو دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌چاره‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌ بۆ دۆزی كورد له‌ توركیا.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه‌ پارته‌كه‌ی پێشوازی له‌و هه‌نگاوه‌ ده‌كات.
له‌لایه‌ن خۆیشیه‌وه‌ جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتی ی.ن.ك رایگه‌یاند: سه‌ردانمان بۆ باره‌گای پارتی ئاشتی و دیموكراسی، ده‌ربڕینی پاڵپشتی و پشتگیریمانه‌ له‌ پرۆسه‌ی سیاسی و پڕۆژه‌ی ئاشتی له‌ توركیا.

PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket