riklam

عادل بێگی لای مام جەلال

بیروڕا 03:49 PM - 2018-05-23
.

.

لەنێو یەكێتی و بەدیاریكراویش نزیكەكانی سەرۆك مام جەلال، مرۆڤی مەزن هەبوون، وا لەم یەك دوو ساڵەی دواییشدا بینیمان چۆن ساڵانێك پێكەوە خەباتیان بۆ میللەتەكەیان كرد، بەهەمان شێوەیش بەكاتی نزیك لە یەك مەرگ زەفەری پێبردن و ژیانئاواییان كرد.

عادل موراد كە سەرۆك مام جەلال زۆرجار بە عادل بێگ بانگی دەكرد، خاوەن شێوازێكی خەباتی تایبەت بەخۆی بوو، راستە لە چوارچێوەی یەكێتی هەم دەستەی دامەزرێنەر و هەم سەركردەیەكی مەیدانیش بوو، بەڵام دەربڕینەكانی، شێواز و گوتنی، ئەتەكێت و بیركردنەوەی، سادەیی و راستگۆییەكەی، وای كردووە ببێتە سیاسەتڤانێكی جیاواز.

تایبەتمەندیی عادل موراد بەشێوەی ئەو سەركردانە بوو كە تەنیا سیاسەتیان نەدەكرد، بەڵكو لەگەڵیشدا رۆژنامەوان و نڤیسكاربوون، لەوەشدا تایبەتمەندییەكە ئەوە بوو كە قەڵەمەكەی كردبووە پردی پەیوەندیی لەنێوان كوردستان و جیهانی دەرەوە و بەتایبەتتریش لەگەڵ جیهانی عەرەبی، ئەوەش وایكردبوو موراد وەكو فیگەرێكی گرنگی سیاسی و رۆژنامەوانی بناسرێت، ئەویش لێبڕاوانە پەیوەندیی سیاسی و رۆژنامەوانیی كورد و دنیای عەرەبی فراوانكرد. رەنگە هەر ئەوەش بووبێت كە بانگەشەی دەركردنی رۆژنامەی (الاتحاد)ی لەگەڵ سەرۆك مام جەلال كردە كردار و ساڵانێك دەنگی كوردی بەجیهانی دەرەوە ناساند.

نووسین لای سیاسییەكانی رۆژهەڵات كەمتر سەنتەرە، بەڵكو لە پەراوێزدایە، زۆرینەی ئەو سیاسییە كوردانەشی كە دەنووسن لە چوارچێوەیەكی لۆكاڵیدایە، لەو رۆژنامانەی لە كوردستانن، بەڵام موراد لەوەدا زیاتر جیاواز بوو كە پانتایی رۆژنامەوانیی عەرەبیی كردبووە جێگای بەرگریكردن و ناساندنی دۆزی كورد، ئەمە لە رۆژنامەی سەفیری لوبنانی و چەندین رۆژنامەی دیكەدا وەدیار دەكەوێت، ئەو جۆرە لە خەبات سەردەكێشێت بۆ دروستكردنی كۆمەڵەی دۆستایەتی كوردی- عەرەبی كە لەوەشیاندا كاریگەری فیكری مام جەلال-ی بەڕوونی لەسەرە.
گەڕانەوە بۆ ناو پانتایی مەحاڵ لەسەروەختی شكستی شۆڕشی ئەیلول لەگەڵ هەڤاڵەكانی دیكەی لەسەر دەستپێشخەریی سەرۆك مام جەلال كاتێك لە چایخانەی توڵەیتوڵە جاڕی دامەزراندنی یەكێتی دەدەن، هەڵوێستێكی كوردانەی پەتییە، ئەوكاتەی هەڵوێست بەدوایدا بەرژەوەندیی كەسی نەدەهات، بەڵكو هەڵوێستی كوردانە دەبووە مەترسی لەسەر كەسەكە و رووبەڕووی مەرگی دەكردەوە.

رەنگە خاڵێكی دیكەی بیركردنەوەی عادل موراد ئەوە بووبێت كە پرسی پێكەوەژیانی دەمەزەرد دەكردەوە، برایەتی كورد و عەرەب كە مامۆستا برایم ئەحمەد و مام جەلال زۆر كاریان لەسەر دەكرد، بەهەمان ئەندازە و بەشوێنپێی ئەواندا كاریگەریی لەسەر كەسێتی عادل مورادیش هەبووبێت، ئەمە سەری كێشا بۆ ئەوەی موراد لەنێوەندی عیراقی و عەرەبیشدا ببێتە فیگەرێكی سیاسی و رۆژنامەوانیی دیار، هەڵبەت كاریگەری ئەرێنیشی هەبوو.

بیركردنەوەی سەرۆك مام جەلال كە برەودان بوو بە یەكسانی و نەهێشتنی جیاوازی چینایەتی و كاڵكردنەوەی بیری عەشیرەتگەری و هێنانەكایەی دادپەروەریی كۆمەڵایەتی، نەبووە رێگر لەوەی یەكێك لە هەڤاڵە نزیكەكانی بە (بێگ) بانگ بكات. ئەو كاتەی مام جەلال بە عادل بێگ بانگی دەكرد لوتكەی خۆشەویستی و هۆكارەكەشی سەرڕاستی موراد بوو، هەر بۆیەشە بێگ بووە وێردی سەر زمانان و بۆ خۆشەویستی و مرۆڤدۆستی و كوردپەروەری عادل موراد بەكاریان دەهێنا.


خەڵەف غەفور
*گۆشەی كەمین پۆڵەتیك لە رۆژنامەی كوردستانی نوێ

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket