riklam

سلێمانی.. یاریە كوردەواریەكان زیندوو دەكرێنەوە

هەمەرەنگ 01:37 AM - 2018-05-20
.

.

لە شاری سلێمانی بە ئامانجی زیندوو كردنەوەی یاریە كوردەواریەكان و تێكەڵكردنی كلتورە جیاوازەكانی شارەكانی هەرێم، كۆمەڵێك گەنج ناوەندێكی كلتوریان بۆ گەنجان كردۆتەوە تا لە شەوانی رەمەزاندا یاریە كلتوریەكان زیندوو بكەنەوە.

پێشكەوت عبدالله خاوەنی ناوەندی شەوانی ڕەمەزان لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ PUKmedia ئامانجی كردنەوەی ئەم ناوەندەی ڕوون كردەوە وتی: دوو جۆر یاریمان هەیە؛  یەكێكیان یاری ( كڵاو كڵاوێنە) یە كە كوردستان و كورد زیاتر پێی ناسراوە، یاریەكی تریش ( سینی و زەرفە) كە زیاتر لە شاری كەركوكی كوردستانیەوە ناسراوە و نەتەوەكانی تریش دەیكەن، ئامانجی ئێمە لە كردنەوەی ئەم ناوەندە بۆ دوو ئامانجی سەرەكیە، یەكەمیان تێكەڵكردنی ئەو كلتورەی كە هەیە لە شارەكانی هەرێمی كوردستان  بە كەركوكیشەوە،ویستمان هەردوو یاریەكە تێكەڵ بكەین،چونكە وەك هەموو لایە ئاگادارە لە ماوەكانی ڕابردوودا بارودۆخەكە گۆرانكاری بەسەردا هات، ئێمەش بە هەلمان زانی لەم كاتەدا ئەم دوو كلتورە جیاوازە كۆبكەینەوە.

 

ئامانجی دووەمیشیان ئەوەیە كە ئێمە كۆمەڵێك رۆژنامەنوس و پەیامنێری شاری سلێمانین ئەم بیرۆكەیەمان داهێنا، چونكە لە ماوەی رابردوودا بارودۆخێكی نائاسایی لە كوردستان و عێراق بەهۆی هەڵبژاردن و دەرئەنجامی هەڵبژاردن روویدا،بۆیە بە پێویستمان زانی ئێمەی رۆژنامەنوسان لەو جەنجاڵی سیساسیە دوور بكەوینەوە و بە روحێكی برایانە لێرە كۆ ببینەوە.

سەبارەت بە كلتوری جیاوازیش كە دەیانەوێت تێكەڵی بكەن و مەبەستیان لە كلتوی جیاوازی چیە، خاوەنی ناوەندی  شەوانی رەمەزان وتی: یاری سینی و زەرف  بە تەواوی كوردەواری نیە ، ئەوەی زیاتر پێی ناسراوە برا توركمانەكانی كەركوكن كە  زیاتر ئەم یاریە دەكەن، واتە  كەركوكیەكان زیاتر ئەم یاریە دەكەن، یاری كڵاو كڵاوێنەش كە لە شەوانی رەمەزاندا دەكرێت كورد پێی ناسراو بوە،ئێمە ویستمان ئەم دوو یاریە تێكەڵ بكەین و هەستێكی وا دروست بكەین كە هیچ جیاوازیەك لە نێوان پێكهاتەو شارەكانی كوردستاندا نیە.

پێشكەوت عبدالله لە كۆتایدا سەبارەت بە یاریە كوردەواریەكان وتی: ئێمە هەستمان كردووە كە یاریە كوردەوارییەكان بەرەو كاڵ بوونەوە چوون، كاتی خۆی كە من منداڵ بووم لە شەوانی رەمەزاندا پیاوە بە تەمەنەكان لە ماڵێك كۆدەبوونەوە و ئەم یاریانەیان دەكرد، وێنەكەیم هەر لەبەر چاوە، بۆیە ئێستا ویستمان ئەم وێنەیە نوێ بكەینەوە. ئێمە لێرە (دۆمینەو تاوڵەو ئۆكەی) ش پێشكەشی میوانەكان دەكەین بۆ ئەو كەسانەی كە خولیای ئەم یاریانەیان هەیە، هەروەها لەبەر ئەوەی رەمەزانە و خەڵكی بۆ ماوەیەكی زۆر بە رۆژوو دەبن، ساردەمەنی و شەربەت و ئەم جۆرانەش پێشكەشی میوانەكانمان دەكەین.

 

 

 

PUKmedia  گۆران قادر

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket