riklam

كۆسره‌ت ره‌سوڵ: كاك نه‌وشیروان كاراكته‌رێكی به‌هێزی گۆڕه‌پانی سیاسی بوو

ی.ن.ک‌‌ 07:11 PM - 2018-05-19
.

.

به‌ بۆنه‌ی تێپه‌ڕبوونی ساڵێك به‌سه‌ر كۆچی دوایی كاك نه‌وشیروان تێكۆشه‌رو ڕۆشنبیر كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ عه‌لی جێگری سكرتێری گشتی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان په‌یامێكی ئاڕاسته‌ی خه‌ڵكی كوردستان ده‌كات، كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

 په‌یامی كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ عه‌لی بۆ یادی ساڵڕۆژی كۆچی دوایی نه‌وشیروان مسته‌فا
بۆ خانه‌واده‌ی سه‌ربه‌رزی هه‌ڤاڵی نه‌مر نه‌وشیروان مسته‌فا
سڵاوێكی گه‌رم
به‌ بۆنه‌ی تێپه‌ڕبوونی ساڵێك به‌سه‌ر كۆچی دوایی كاكه‌ نه‌وه‌ی تێكۆشه‌ر و ڕۆشنبیر جارێكی تر له‌ ناخه‌وه‌ پرسه‌و سه‌ره‌خۆشی خۆم ئاڕاسته‌ی هه‌موو لایه‌ك ده‌كه‌م ,. كاك نه‌وشیروان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ ڕێكخه‌ری گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بوو له‌ هه‌مان كاتدا كاراكته‌رێكی به‌هێزی گۆڕه‌پانی سیاسی و كوردایه‌تیش بوو.

كاك نه‌وشیروان جیا له‌وه‌ی كه‌ له‌ ڕۆژگاره‌ سه‌خته‌كانی خه‌باتی شاخدا له‌ سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی ڕۆڵی دیارو به‌رچاوی هه‌بووه‌ ئه‌ندازیارو نه‌خشه‌ داڕێژه‌ری ڕاپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌كه‌ی به‌هاری 1991ی گه‌لی كوردستانیش بوو كه‌ بووه‌ خاڵی وه‌رچه‌رخانی شۆڕشی ڕزگاری نیشتمانی گه‌لی كوردستان . هه‌ربۆیه‌ كۆچی ناواده‌ی ئه‌و سه‌ركرده‌ خه‌باتگێڕه‌ زیانێكی گه‌وره‌بوو له‌ خه‌ڵكی كوردستان و بزاڤی ڕزگاریخوازی گه‌له‌كه‌مان كه‌وت .

ئه‌مڕۆش له‌ پاش ئه‌و هه‌موو قوربانی دانو ماندووبوونه‌ی كه‌ تێكۆشه‌ران و خه‌ڵكی سته‌م دیده‌ی گه‌لی كوردستان و له‌ پاش ئه‌و هه‌موو ماڵوێرانیه‌ی كه‌ گه‌له‌كه‌مان له‌سه‌ر ده‌ستی دوژمنان بینیویانه‌، به‌ڵام ده‌بینین كه‌وا هێشتا وه‌زعی سیاسی كوردستان به‌ پرۆسه‌یه‌كی ئاڵۆز و هه‌ستیاردا تێده‌په‌ڕێت، بۆیه‌ داواكارم له‌ هه‌موو لایه‌ك لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ له‌ په‌یوه‌ندیه‌كانمان هه‌ڵبده‌ینه‌وه‌و به‌رژه‌وه‌ندیه‌ حزبی و كه‌سیه‌كان وه‌لا بنێین و به‌ گیانی هه‌ستكردن به‌ مه‌سئولیه‌تی سه‌رشانمان و به‌ له‌به‌ر چاوگرتنی به‌رژه‌وه‌ندی باڵای گه‌له‌كه‌مان كار بۆ هێنانه‌كایه‌ی یه‌كڕیزی ناوماڵی كوردو ئاشته‌وایی نیشتمانی و یه‌ك وتاری سیاسی كوردانه‌ بكه‌ین و وه‌ك یه‌ك تیم و به‌ یه‌كگرتوویی پێكه‌وه‌مان بچینه‌ به‌غدا و كار بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌ ڕه‌واكانی گه‌له‌كه‌مان بكه‌ین , هه‌ر به‌و كاره‌ش ڕۆحی پاكی كاكه‌ نه‌وه‌ و تێكڕای شه‌هیدانی ڕێگای ڕزگاری و سه‌رفرازی گه‌له‌كه‌مان ئاسووده‌ ده‌بێت .

نه‌مری بۆ ڕۆحی به‌رزه‌فڕی كاك نه‌وشیروان مسته‌فا
هه‌زاران سڵاویش بۆ گیانی پاكی سه‌رجه‌م شه‌هیدانی كورد و كوردستان
براتان
كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ عه‌لی

19-5-2018

PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket