riklam

قوباد تاڵەبانی:پێویستمان بەگەڕانەوەی شوێن پێی مام و كاكە نەوەیە

ی.ن.ک‌‌ 11:15 AM - 2018-05-19
.

.

قوباد تاڵەبانی لەساڵیادی كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفادا رایگەیاند: لەم قۆناغە هەستیارەداین لە هەمووكات زیاتر پێویستمان بەگەڕانەوە هەیە بۆ شوێن پێی مام جەلال و كاك نەوشیروان.

دەشڵێت: سەرخستنی ئامانجەكانی مام جەلال و كاك نەوشیروانیش تەنها بەدۆستایەتی و برایەتیی هەموومان و باش ئیدارەدانی ناكۆكییەكان دێت.

قوباد تاڵەبانی لەساڵیادی كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفادا لەپەیجی تایبەتی خۆی لەفەیسبوك لە نوسینێكدا بەناوی ساڵیادی كۆچی كاكە نەوە، رایگەیاند: بەهاتنەوەی ساڵیادی كۆچی دوایی كاك نەوشیروان، جارێكیتر برینەكانمان بۆ سەفەری كتوپڕی ئەو كەڵە سەركردەو روناكبیرو نووسەرەی كورد كولایەوە، رەوانشاد هاوڕێی تەمەنی مام جەلال و شەریكی سەروەرییە مێژوییەكانی بوو، هەردووكیان ئەندازیاری زۆر وێستگەی گرنگن لەخەباتی رزگاریخوازیی گەلی كوردو ئێمە بەختەوەرین لە رۆژگارێك ژیاین كە ئەوان رێبەرمان بون و لە نزیكەوە لە كانیاوی بیرو رێبازی ئەوان ئاومان خواردەوە.

قوباد تاڵەبانی دەشڵێت: لە هەموو قۆناغێكی پێكەوەبوونی مام و كاكە نەوەدا دونیای ئێمە هیوایەكی تێدا دروستبۆتەوە، بەپێچەوانەشەوە لەناكۆكییەكانیشیاندا، كۆمەڵگاكەمان دووچاری پەرتەوازەیی و دڵەخورتێ هاتووە، ئەوان خاوەنی مەشخەڵانی شۆڕشی نوێن و بە گوڵاوی سەرمۆری رێككەوتنی دەباشانیش ئێمەیان بەجێهێشت، لەپێناو گەیشتن بەحكومڕانییەكی دیموكراسییانە و وەلانانی ناكۆكییە نا پێویستەكان كە چەندین دەیەیە میللەتی ئێمەی شەكەت و ماندوو كردووە، ئێستاش كە ئێمە لەم قۆناغە هەستیارەداین لە هەمووكات زیاتر پێویستمان بەگەڕانەوە هەیە بۆ شوێن پێی ئەم دوو سەركردەیە.

ئەوەشی نوسیوە: ئەوەی جورئەت بكات بێڕێزی بەرانبەر كاك نەوشیروان و ئادگارو یادەوەریی ئەو بكات، ئەوە بێڕێزی بەمام جەلال كردووە، چونكە ئەو دووانەیە هیچ كات لەیەكتر جیا نابنەوە و من وەك كوڕی مام جەلال ئەم یادەی كاكە نەوەو ئەم كۆستكەوتن و پێشهاتانەی دوایی بەدەرفەت دەزانم تا پابەندیی خۆم بەزیندوو هێشتنەوەی هەردوو رێبازی مام و كاكە نەوە دووپات بكەمەوە. 

لەبەشێكی دیكەی پۆستەكەیدا رایگەیاندوە: سەرخستنی ئامانجەكانی مام جەلال و كاك نەوشیروانیش تەنها بەدۆستایەتیی و برایەتیی هەموومان و باش ئیدارەدانی ناكۆكییەكان دێت بەجۆرێك بەقازانجی هەموولایەك و پاراستنی نەگۆڕە مێژوییەكان بگەرێتەوەو لە هەمان كاتیشدا یادو یادەوەریی ئەم دوو رێبەرە مەزنە وەك دوو هاورێی خەباتگێڕ بۆ هەمیشە بەزیندوویی بهێڵێتەوە.

PUKmedia 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket