riklam

روونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌مه‌كته‌بی سیاسیه‌وه‌

ی.ن.ک‌‌ 11:05 PM - 2018-05-15
.

.

مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان روونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر ئه‌و پڕوپاگه‌ندانه‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌ كه‌یه‌كێتیی  به‌ ئه‌نجامدانی ساخته‌كاری و جوڵاندنی هێزی سه‌ربازی تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن.

 

روونكردنەوەی مەكتەبی سیاسی لەسەر پڕوپاگەندەی هێرشی عەسكەری و دۆخی كەركووك

 

‎جەماوەری ئازادیخوازی كوردستان

‎دوو ڕۆژە هەڵبژاردن كۆتایی هاتووەو بەرە بەرە، ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنەكە لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەوە، ڕادەگەیەنرێ.

‎یەكێتی وەكو هەمیشە، بەرپرسیارانە لەگەڵ ئەنجامی هەڵبژاردنەكە، چ لەگەڵ ئەو لایەنانەی دەنگی زۆرترو چ لەگەڵ ئەو لایەنانەی دەنگی كەمتریان لە لیستی (١٦٢)هێناوە مامەڵە دەكات.

‎ئەوەی جێی داخە لامان، نەك پڕوپاگەندە، بەڵكو نامەی ڕەسمی بۆ نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان و كونسوڵخانەكانی هەرێمی كوردستان، لە لایەن بزووتنەوەی گۆڕانەوە نێردراوە، گوایە، یەكێتی بەنیازە پەلاماری عەسكەریان بدات. لە كاتێكدا سەراپا ئەو پڕوپاگەندانە ڕەت دەكەینەوە، لە هەمان كاتدا، لە حكومەت و لەناو یەكێتی، خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین لە پاراستنی ئاسایشی كوردستان و سەروەری یاسا.

‎هەرگیز یەكێتی، بۆ چارەسەركردنی كێشە سیاسی و یاساییەكان، هانا بۆ هێز نابات. هەردەم یەكێتی لەناو شۆڕش و لەدوای ڕاپەڕینەوە، بەرگری لە خۆی كردووە. بەرگریش مافی پیرۆزە، ئەو كێشەیەی لەسەر تەتەڵەی دەنگەكانیش بە ئامێری ئەلیكتڕۆنی كەوتۆتە ئاراوە، یەكێتی هەڵوێستی ڕۆشنە.

 

‎مادام، لە سەراپای عێراقدا، گازاندەی تەزویر هەیە، یان لە سەراپای عێڕاقدا ، دادگای دەستووری بڕیاری تەتەڵەكردنەوەی دەنگەكان بدات، یان ناكرێ، ، سلێمانی یان كەركووك بكرێتە قوربانی دابەزینی ڕێژەی دەنگی چەند لایەنێكی سیاسی.

‎سەبارەت بە كەركووكیش، یەكێتی داوا دەكەین ئەنجامی هەڵبژاردن هەروەكو جارەكانی تری عێراق، قبوڵ بكرێ. سكاڵای لایەنەكانیش با كۆمسیۆنی باڵا، بەپێی یاساو ڕێسای پەسندكراو، مامەڵەیان لەگەڵدا بكات، دانیشتوان و پێكهاتەكانی كەركووك، سەرەڕای دۆخی نەخوازراوی ئاسایش لە شارەكەدا، ئەركی دیموكراسی خۆیان جێبەجێ كردووە. هەقوایە، ڕێز لە هیمەت و دڵسۆزی دانیشتوانی كەركووك بە كوردو عەرەب و توركمان و مەسیحییەكان بگیرێ، نەك بۆ ئامانجی حزبایەتی ، ڕەنج و ماندووبوونی خەڵك، فەرامۆش بكرێ.

‎ئەی جەماوەری كوردستان و عێراق

‎وا دوا ئەنجامی هەڵبژاردن ساغ دەبێتەوە. ئیتر كاتی وەلانانی ناكۆكییەكان و داخستنی دەرگای قۆناغی پێش هەڵبژاردن و كردنەوەی دەروازەی قۆناغی نوێی ئێستایە، بۆ ڕاپەڕاندنی ئەركە هاوبەشەكانمان لە عێڕاقی دوای سەركەوتن بەسەر بەسەر داعش و لە كوردستانی فیدڕاڵدا.

‎هەموو لایەكیش دەزانن، كە یەكێتی، بە نەخشە دەنگەكانی دابەزیوەو ئەندامانی پەڕلەمانیشی كەمی كردووە، بەڵام جگە لەڕێگای یاسایی و ئسوڵی، هیچ كاردانەوەیەكمان نەبووە. 

‎بەهیوای سەركەوتن

 

‎مەكتەبی سیاسی

‎یەكێتی نیشتمانی كوردستان

15-5-2018

PUKmedia تایبه‌ت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket